١٠\١٠\٢٠١٣
پاشەکشەی
ئیسلامییەکانی کوردستان
لە شکستی ئیخوانەوە بۆ شکستی ھەڵبژاردنی پەرلەمان.

شیکاریی: شاخەوان برایم عەبدوڵا
لەگەڵ ئەوەی سەرکردە ئیسلامییەکان دەیانزانی پاشەکشەی جەماوەرییان
یەکێکە لە ئەگەرە ھەرە دیارەکان و بەڵام بازاڕی میدیای ئیسلامییەکان
گەرم بوو بە بانگەشەی نا تەندروست، ھەم لە بە کارھێنانی ئایین وەک
کەرەستەیەکی دەنگ کۆکردنەوەو ھەمیش دروستکردنی فەزایەک کە ئەوان لەم
ھەڵبژاردنەدا براوە دەبن و دەتوانن حکومەت پێکبھێنن.
ئیسلامییەکان ھەموو رێگەکانی بانگەشەیان تاقیکردەوە بۆ ئەوەی سۆزی
زۆرینەی موسڵمانان بەرەو خۆیان کیش بکەن و چەند ھەفتەیەکیش پێش بانگەشە
ویستیان بە داکۆکی کردن لە مورسی و ئیخوانەکان بچنە نێو دڵی
موسڵمانەکان و دواتریش لە سەروبەندی بانگەشەدا بیریان چۆیەوە خەڵکی
کوردستان لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی موسڵمانن، بەڵام ئیسلامی سیاسی نین،
ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ھێزە ئیسلامییەکان بەردەوام ئیش لەسەر بە
ئیسلامی کردنی کوردستان دەکەن تا بە جیاواز لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی تر
وەک تاکە ھێزی خەمخۆری ئیسلام خۆیان بناسێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە
ئیسلام وەک ئایین پێویستی بە پاسەوان و حیزبی سیاسی نییە بیپارێزێت
یاخود بیخاتە ناو ململانێ سیاسییەکانەوە، دواتر ئەمە بە زیانی ئایین
دەکەوێتەوەو لەسەر ئاستی سیاسی دەکەوێتە بەر نەشتەری رەخنەی
سیاسەتوانان و رۆشنبیران لەوەی ئایین ناتوانێت وەڵامگۆی پرسە سیاسی و
ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی پێ بێت کە لە سیستەمی حوکمڕانێتی
تازەدا خودی مرۆڤ سەنتەری شتەکانە و کارو بارەکانی بە یاسای دنیایی
رێکدەخرێت تا لەگەڵ بارودۆخ و جوگرافی و بەھا مرۆییەکان بگونجێت، ئاخر
ھێزێکی ئیسلامی سیاسی کاتێک ئیش دەکات بۆ زیندووکردنەوەی خەلافەتی
ئیسلامی ئەمە راستەوخۆ ئاماژەیەکی روون بە دەستەوە دەدات ئەو ھێزە
ناتوانێت نموونەیەکی جوانی حوکمڕانێتی پێشکەش بکات.
لە ئێستاکەدا ئایینی ئیسلام لە باشووری کوردستاندا بە ھیچ شێوەیەک لە
لایەن ھێزە غەیرە ئیسلامییەکانەوە لە ژێر مەترسیدانییە، بگرە ئەو ھێزە
غەیرە ئیسلامییانە بوونەتە ھۆکارێکیش لە برەودان بە گروپگەلی ئیسلامی
سیاسی، چونکە فەزایەکی ئایینی وایان دروستکردووە تەنیا سوود بە ئیسلامی
سیاسی دەگەیەنێت، ھەڵبەت ئەمەش بۆ رازیکردنی جەماوەرەکەیان وەک
ئیسلامییەکان بانگەشەی ئایینی دەکەن و ئەمەش بە زیانی پرۆسەی سیاسی
تەندروست دەکەوێتەوەو ھێزە ئیسلامییەکانیش بەردەوام بانگەشەی ئەوە
دەکەن گوایە ئیسلام لە مەترسیدایەو عەلمانی و ناسیۆنالیستە کوردەکانیش
نەیانتوانیوە ئەو چەواشەکارییە پوچەل بکەنەوە، ئیدی وەڵام نەدانەوەی
ئەمەش لە لایەن ھێزە نەتەوەیی و عەلمانییەکانەوە وای کردووە سوودمەندی
یەکەم ئیسلامییەکان بن لەوەی ئایین بکەنە یەکەم پردی پەڕینەوەیان لە
بانگخوازییەوە بۆ دەسەڵات.
ئیسلامییەکان لەم ھەڵبژاردنەدا لەگەڵ ئەوەی چەند کورسییەکیان زیادی
کردووە، بەڵام لەرووی پێگەی جەماوەرییانەوە پاشەکشەیان کردووە، چونکە
بە پێی رێژەی دەنگەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێت کە لەرووی
سنووری جوگرافییەوە فراوانتربوو بە بەراورد بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان، ئەوا ئیسلامییەکان دەنگیان کەمی کردووە، لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٠
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان نزیکەی ٢١٤٢٢٢ ھەزار دەنگی بەدەست ھێناوە و
لەسەر ئاستی عێراقیش ٤ کورسی مسۆگەر کرد، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٣ لە
کۆی ٩٥%ی دەنگە جیاکراوەکان نزیکەی ١٧٨٦٨١ دەنگی بەدەست ھێناوە، واتە
نزیکەی ٣٥٥٤١ دەنگی کەمی کردووە، بە ھەمان شێوەش کۆمەڵی ئیسلامی
کوردستان ئەویش بەدەر نییە لە کەم بوونەوەی رێژەی دەنگەکانی و لە
ھەڵبژاردنی ٢٠١٠ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ١٤٤٩٨٧ دەنگی بەدەست
ھێناوە، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٣ ی پەرلەمانی کوردستاندا رێژەی
دەنگەکانی کەمی کردووەو بۆ ١١٣٢٦٠ دەنگ دابەزیوە، واتە ٣١٧٢٧ دەنگ کەمی
کردووە، بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش لە ئێستاکەدا بە لاوازترین ھێزی
ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستاندا ھەژمار دەکرێت و ئەویش رێژەی
دەنگەکانی لە چاو خۆیدا کەمی کردووە و بە پێی دەرئەنجامە بەراییەکان
بێت نزیکەی ٢٠٧٩٥ دەنگی بەدەست ھێناوە و دەبێتە خاوەن یەک کورسی
پەرلەمانی، واتە بە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامییەوە لە کۆی
٣٥٩٢٠٩ دەنگ ٦٧٢٦٨ دەنگیان کەمی کردووە، ھەڵبەت ئەمەش بۆ سێ ساڵ
رێژەیەکی یەکجار زۆرە لە دابەزینی کێرفی جەماوەرییان و ئاماژەیەکی
روونە لەوەی ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان پاشەکشەدان.
فاکتەرگەلێک لە پشت پاشەکشەی کێرفی جەماوەری ئەو سێ رێکخراوە
ئیسلامییەدان و سەرەکیترینیان بایەخ پێدانی یەکجار زۆری ئیسلامیەکانی
کوردستان بە شکستی ئیخوانەکان لە میسر و ئەمەش ئاماژەیەکی لای تاکی
کوردستانی بەجێ ھێشت بۆچی ئەم ھێزانە بەم شێوە زەقە بووبوون بە پاشکۆی
ئیخوانەکان لە کاتێکیشدا کورد لە رۆژھەڵاتدا بەدەست ئیسلامییە
توندڕۆکانەوە بە ناشیرینترین شێوە دەکوژران و کەچی ئەمان بێ
ھەڵوێستترین حیزبی سیاسی باشووربوون لە ئاست ئەو کوشتارە قێزەوەنەی برا
موسڵمانەکانیان دەرھەق بە کوردیان دەکرد.
لەگەڵ ئەوەی ئیسلامییەکان بانگەشەی برایەتی نێوان موسڵمانان دەکەن و
ئەمەش وەک کارتی زیادکردنی نفوز بەکاردێنن، بەڵام ئەوان خۆیان خاوەنی
سێ حیزبی سیاسی جیاوازن و بەردەوامیش یەکتری رەخنەباران دەکەن و
بەرنامەو کاری یەکتری رەت دەکەنەوە ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ھەر سێ
لایەنی ئیسلامی بانگەشەی دروستی ئیسلامێتی خۆیان دەکەن و یەکدیان
بەلاوە پەسەند نییە، ئەمەش وایکردووە تاکی کورد لەمەودا نەتوانێت چیتر
باوەڕیان پێ بکات کە بەراستی کامیان داکۆکی لە ئایین دەکەن لەگەڵ ئەوەی
ئایین پێویستی بە داکۆکی ئەوان نییەو ئەو داکۆکییەش تەنیا مەبەست لێی
کۆکردنەوەی دەنگ و نزیک بوونەوەیانە لە دەسەڵات. ئەگینا خودی حیزبی
ئیسلامی بۆتە ئاماژەیەکی ترسناک لەوەی ئایینیان خستۆتە ناو شەڕێکی
شکستخواردووی خۆیانەوە و بە ھۆیەوە فەوزایان لەسەر ئاستی سیاسی و
رۆشنبیری دروستکردووە، ئاخر کێ ھەیە درک بەوە نەکات ئیسلامییەکان وەک
ڤایرۆس وان دەچنە ناو سیستەمی بیرکردنەوەی رۆشنبیرانەوەو بەربەست بۆ
ئازادییەکانی مرۆڤ دادەنێن و مرۆڤ لای ئەوان سەنتەری ھەموو شتەکان نییە،
تەنیا لەوکاتانە مرۆڤیان بیر دەکەوێتەوە کە پێویستیان پێیەتی و ئەمەش
ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی لە دونیای پێشکەوتووی ئەمرۆکەدا مرۆڤ لەسەرووی
ھەموو شتێکەوە دادەنرێت، ھەڵبەت بۆ خۆشبەختکردنی مرۆڤەکان و لە پێناو
مرۆڤبووندا خەبات دەکرێت نەک بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگەو گەڕانەوەی تاکەکان
بۆ سەردەمی ناکۆکییە مەزھەبی و خێڵەکییەکان.
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|