٢\٧\٢٠١٦
پاشکۆ.*
دانییل گیرین |

و. لە عەرەبییەوە: سەلام عارف |
شۆڕشی ئایاری ١٩٦٨*
تێسرەوانێکی توندی ڕاماڵ بوو، کە گەنجان بەرپایانکرد، تەنیا گەنجانی
خوێندکار نەبوون، بەڵکو ئەوە گەنجانی کرێکاریش بوون، کە ھاتبوونە بەردەم
ھاوەڵ و ھاوڕێ خوێندکارەکانیان، ئەوان ھەردوولا، چ لە زانکۆ وچ لە
کارگە کەوڵدەکران دیکتاتۆریی گەوران و مامۆستایان و خاوەنکاران و
بەرپرسانی سەندیکاکان بە بەر ڕەخنەدرا، ئەو تەقینەوەیە بەشێوەیەکی
چاوەڕواننەکراو، تا ڕادەیەک ئازادیخوازانە بوو.
ئەو شۆڕشە تەنیا ڕەخنەگرتن نەبوو لە کۆمەڵی بۆرژوازی، ڕەخنەش بوو لە
کۆمونیزمی پاش ستالین، ساڵ دوای ساڵ لە بواری زانکۆییدا قوڵتر دەبوەوە،
بەتایبەتی پاش ئەو جەنگەی کە کۆمەڵەی سیتوانیستەکان (الوچعانیە -
SITUTIONNIST***)
دژی ھەژاری لەنێو خوێندکاران بەرپایکرد، ئەو جەنگە بوو بە بانگەواز بۆ
بزوتنەوەی خوێندکارانی زۆر وڵات، بە تایبەتی ئەڵمانیا، کاری ڕاستەوخۆ
بوو بە چەکی دەستی، بۆ ڕێگە ناڕەوا پەنایدەبرد، جێگەی کارکردنەکانی
داگیردەکرد، بە توندوتیژی شۆڕشگێڕانە وەڵامی توندوتیژی کۆنخوازیی
دەدایەوە، بەبێ ھیچ ڕاڕایی و سڵکردنەوەیەک بە ھەموو بیروباوەڕ و
پێکھاتەیەکی پێشودا پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی دەکرد، مۆنۆلۆجیی
مامۆستایی**** ڕەتکردەوە،
ھەروەھا ڕەتکردنەوەی دارایی خاوەنکار، ڕادەیەکیشی بۆ لەخۆباییبوون و
شەیدایی لووتبەرزانە دانا، بۆ گفتوگۆی دەنگە جیاوازەکان و
پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک چەند حەفتەیەک تاقیکردنەوەیەکی درەوشاوە
دیموکراتی بەرقەرارکرد، کۆبوونەوە و یەکتردیتنەکان ھێندە زۆر بوون لە
ژماردن نەدەھاتن، شۆڕش بە کەیفێکی زۆرەوە لەو کۆبوونەوە و
یەکتردیتنانەدا لە گۆزەی ئازادی دەخواردەوە، لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا
ھەموو کەس بە ئازادی بیرۆکە و بۆچوونەکانی خۆی دەردەبڕین، گۆڕەپانەکان
بووبوون بە پۆلی ڕاستەقینەی خوێندن، ھاتوچۆ وەستابوو، یاخیبووان و
ڕەتکەرەوەکان لە قەراخی شەقامەکاندا بە قوڵی و بە ئاشکرا سەرقاڵی
باسکردنی ستراتیجی جەنگی داھاتوو بوون، گۆڕەپانەکان و ڕاڕەوەکانی "سۆربۆن"
بووبوون بە شانەکانی شۆڕش، ھەموو کەس دەیتوانی سەربکێشێتە ئەو شوێنانە،
تەوژم و ئاراستە شۆڕشگێڕەکان مینبەری خۆیان ھەبوو، دەیانتوانی بە
ئازادی بانگەواز و ئەدەبیاتی خۆیان بڵاوبکەتەوە.
لەو کەشە ئازادییە سەپێندراوەدا ئازادیخوازەکان توانیان لە قاوغە
کۆنەکەی خۆیان بێنە دەرەوە و شانبەشانی مارکسیستەکان بجەنگن، ھەرچەندە
مارکسیستەکان دەسەڵاتخواز بوون، بەڵام ئازادیخوازەکان ئەوەیان
پشتگوێخست، دوور لە ئاوەزی دوژمنایەتی لە شانی ئەوان دەجەنگان، لەو
قۆناخەدا جیاوازییەکانی ڕابوردوو پشتگۆێخرابوون، لەو قۆناخەدا دوور لە
گیانی کێبڕکێ و پێشڕەوخوازیی ھەموو شتێک ملکەچی یەلگرتن و پشتگیری و
برایەتی بوو دژی دوژمنی ھاوبەش، دوور لە گیانی کێبڕکێکاری و
پێشڕەوخوازیی، ئاڵا سوورو ڕەشەکان و ئاڵا سوورەکان لە شانی یەکدی
ھەڵکرا بوون و دەشەکانەوە.
ھەموو دەسەڵاتێک لەژێر خاکنراو کرایە نیشانەی تیروتوانج و گاڵتەجاڕی،
ئەفسانەی "پیری ئەلیزە" ھەڵوەشێنرایەوە، سەرۆککۆماری فەرەنسی، واتە "دیگۆل"
کە بەڕێز و مایەی گرنگییپێدان بوو، کرایە کاریکاتۆر و قەشمەری، "دیگۆلی
فەوزا" بە ئەو دەگوترا ***** بە
ھەمان ئاواز بە بێدەنگی و نەدیدەگرتنێکی کوشندە ئاشی جەنەبازیی
پەرلەمانی "پەرلەمانی فەڕەنسی" سوک و قێزەون و ئینکارکرا ؛ درێژتریین
ڕێپێوانی خوێنکاران بەنێو پاریس ئەنجامدرا، کاتێک ئەو ڕێپێوانە گەیشتە
بەردەمی کۆشکی "بۆربۆن" واتە بارەگای "پەرلەمان" ئاوڕی لە ئەو
نەدرایەوە، وەکو ئەوەی بوونی نەبێت، ھیچ و ھیچ بەھایەکی نەبێت.
ئایاری ١٩٦٨ی مەزن بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک، واژەیەکی دڵڕفێنی جادوویی
لە بەشەکانی خوێندن و کارگەکان دەنگیدایەوە، دەربارەی ئەو واژەیە
گفتوگۆیەکی بەردەوام دەکرا و دەگەڕێندرایەوە بۆ ساڵانی ڕابوردوو و
لەتەک شیکارییەکان و تاقیکردنەوەکانی سەردەم گرێدەدرا، ئەو واژەیە "خۆبەڕێوەبەری"
بوو، دەربارەی ئەزموونی ھەرەوەزییەکانی ئیسپانیای ١٩٣٦ گفتوگۆیەکی زۆر
دەکرا، ئێواران کارگەران دەھاتن بۆ زانکۆی "سۆربۆن"، تا ئەو چارەسەرییە
فێربن و بۆ جێگەی کار و پیشەکانیان بیگۆێزنەوە، ھەرچەندە مانگرتنەکان
ئامێرەکانی کەفتەکار کردبوو، بەڵام شۆڕشی ١٩٦٨ نەیتوانی "خۆبەڕێوەبەری"
کردەییبکاتەوە و لە لێواری کاردا وەستا، سەرەڕای ئەوەش کە "خۆبەڕێوەبەری"
ناحەزی زۆربوو، ڕەخنەیەکی زۆری لە ئەو دەگیرا، بەڵام توانی لەنێو ھۆشی
خەڵکی جێگەی خۆی بکاتەوە، جارێکی دیکە درەنگ یا زوو سەرھەڵدەداتەوە.
____________________________
*
وەرگیراو لە پەڕتووکی (التحرریە من العقیدە الی الممارسە) دانییل
گیرین.
**
مەبەست ڕووداوەکانی شۆڕشی ١٩٦٨ی فەرەنسەیە، شۆڕشی خوێنکاران، چەپڕەو،
ئازادیخواز، بە ئاڕاستەیەکی پێشکەورنخواز، کاریگەریەکی مەزنی لەسەر بیر
و باوەڕی باو، کە لە کۆمەڵی فەرەنسی ئەستوور ڕەگیداکوتیبوو، بیر و
باوەڕەکانی مارکس و باکۆنین بزوێنەری سەرەکیبوون، بەبێ گومان لەتەک
ئەوانیشدا شۆڕشگێڕەکانی دیکە - گیڤارا- ماو - لینین. و.ع.
***
الوچعانیە(؛ بزوتنەوەیەکی چەپڕەوی پەڕگیر بوو، دژی بنەمای پێکھاتەکانی
کۆمەڵی باو بوو، لەسەر ئەوە جەختیدەکردەوە، کە کۆی دامەزراوەکان لە
جێبەجێکردنی سەرمایەداری بەشدارن ، داوای ژیانەوەی بەھاکانی شیعر و
سەفاھەت و برایەتی و سۆسیالیزمی دەکرد. و.ع.
****
لێرەدا مەبەست لە گوتنەوەی وانەکانە، یان خوێندن و فێرکارییە، بەبێ
بەشداری خوێندکاران. و.ع.
*****
گەمەکردنە بە وشە، چونکە "دیگۆڵ" وشەی ئاژاوەی بەکاربردووە و گوتویەتی
"بەڵێ چاکسازی، نەک بێسەرەوبەرەیی، بەرانبەر بە ئەو شۆڕشی ١٩٦٨ وەڵامی
بە ئەو داوەتەوە " بەڵێ بێسەرەوبەرەییە، لەبەرئەوەی کە نوێنەرایەتی
سمبۆلەکانی سیستمی بۆرژوازی سەرمایەداری ناکات " و.ع.
ماڵپهڕی سهلام عارف
|