٢٤\١١\٢٠١٠
پاشکۆ ئەدەبی و
هونەرییەکان لە رۆژنامەگەریی کوردیدا.

فەرەیدون سامان
ئەمڕۆ لەباشوری کوردستاندا چەندان بڵاوکراوەی فەرهەنگی و ئەدەبی و
هونەری هەن وەک پاشکۆی رۆژنامەو گۆڤارەکان دێنە وەشاندن، چ
حیزبی و حکومی، بەدەگمەنیش ئەهلی ، هەندێک لەو بڵاوکراوانە لاپەرەی
ئەدەبی وهونەرییان هەیە کە هەفتانە یان مانگانە دەردەچن ، ئەم پاشکۆ
ئەدەبی وهونەرییانە تارادەیەک توانیویانە وروژاندنێک لەنێو گۆمی مەندی
بزاڤی رووناکبیریی کوردی بهێننە ئاراوە ، لێ بێگومان ئەم بڵاوکراوانەش
لە کێشە و کەم وکوڕی بێ بەش نین ... لەوانەش لەهەموویان زەقتر گرفتی
وەلانانی زمانی ستاندارد و بەکارهێنانی شێوەزاری لۆکالی یان ناوچەیی و
سەپاندنی بەسەر زمانی نووسین و داڕشتنی بابەتە ئەدەبیەکاندا ، بە
رادەیەک ئەگەر بەمەبەستیش نەبێ ، بەڵام جۆرێک لەشۆڤینیەتی ناوچەگەرێیتی
بەسەر هەندێکیانەوە دیارە ، لەبەرهەمە ئەدەبییەکاندا ئەم شێوەزارە
ناوچەییانە بە ئاشکرا رەنگییان داوەتەوەو داهێنانە ئەدەبیەکان
لەچوارچێوەیەکی داخراودا جێهێشتووە ، چونکە ئەدەب ئەفراندنی زمانە ،
بەڵام هەندێک نووسەر هەن کە ماوەى 30 ساڵ زێترە دەنووسن کەچی بەرهەمێک
پێشکەش بە خوێنەران دەکەن لەرووى زمانەوانییەوە خەراپ و تەنانەت
هەندێجار وێرانیشە ، بۆیەش ئەوە گومان دروست دەکات کە ئەو دەقە ئەدەبیە
بەرهەمى هزرو خەیاڵی ئەو بێت".
بۆیەش دەبێت ئێمە لەو دیاردەیە بکۆڵینەوەو و نەهێڵین لەو زیاتر دیاردەی
بەکارهێنانی زمانی ناوچەیی تەشەنە بسێنی َ، کە مەرجە لەو پاشکۆ
فەرهەنگیانەدا زمانى نووسین زمانێکى ستانداردی نەتەوەیی بێت، لەکاتێکدا
لەگەڵیدا ئاساییە وشە و زاراوەى لۆکاڵى بەکار بێت، بەڵام لەداڕشتن و
گرامەردا گەرەکە ستاندارد بێت، وێڕای هەبوونی هەڵەی چاپ و زمانەوانی و
دروست بەکارنەهێنانی خاڵبەندی پەتایەکی دیکەی کوشندەی ناو ئەو پاشکۆ
فەرهەنگیانەن ، کە بە هەڵە گەیاندنى بۆ خوێنەران دیوە راستەقینە و
داهێنانەکەی نیشان دەدات، هەبوونی کەسانی پرۆفیشناڵ و شارەزا لەو
رۆژنامە و گۆڤارانەدا وەک فلتەری زمانەوانی و هەڵەچنی پێویستیەکی
حەتمییە ، مخابن سەبارەت بەوەی کە ئێمە سەدان ساڵە هەست وهزرمان
لەلایەن داگیرکەرانەوە غەزووکراوە، بۆیە رۆشنبیریەکەشمان بە خۆمان نامۆ
بووەو داگیرکراوە و لەژێر کاریگەری ئەواندا بۆتە رۆشنبیریی پیلانگێران
نەک پلاندانان ، وەک کێشەی جیاوازی رەگەزیی ( نووسەرێکی مێ لەگەڵ
نووسەرێکی نێردا) هەروەها لەنێوان نووسەری حیزبێک بۆ حیزبێکی تر و
نووسەری شارێک لەگەڵ یەکێکی تر ، جگە لەبایەخدان بە نووسەرێکی نۆرماڵ و
ناساندنی بەخوێنەران وەک داهێنەرێک و تەرخانکردن و پڕکردنەوەی چەندان
لاپەڕە بۆی، لەهەمانکاتدا پەراوێزخستنی نووسەرێکی داهێنەری راستینە ،
کە مخابن هەندێ جار ئەم سەوداکردنە لەگەڵ نووسەران دەچێتە خانەی
بازرگانی کردن بە دەقی ئەدەبی شاعیران و نووسەران بۆ بەرژەوەندییەکی
ماددی رووتدا ، گرفتێکی دیکەی ئەم پاشکۆ فەرهەنگیانە خراپی لایەنی
هونەری و دیزاینە، ئەوەش هۆکارەکەى ئەوەیە کە هونەرکارانی ئێمە زۆر
شارەزاییان لەو بوارە تەکنیکییە گرنگەدا نییە و کە سەرەنجام بۆ
نیشاندانی دەقێکی ئەدەبی یان هونەری کاریگەرى بەسەر گەیاندن و
چڕکردنەوەی واتاکان هەیە ، پەیوەستن بە ئەفراندنی دەقەکانەوە،
هەڵوەستەکردن لەبارەى خراپی لایەنى هونەرى ( دیزاین ) وەک گەورەو
بچووکى فۆنت و خەراپی دانانى تایتلەسەرەکی و فەرعییەکان و موتیڤ و
باکگراوەندەکانیش. لەلایەنى هونەرى و دیزاینەوە ئەو پاشکۆیانە کە
پێویستە مامەڵەیەکی هونەری و تەکنیکی لەرووى فۆنتەوە لەگەڵدا بکرێ ، کە
سەرنجام چارەسەرنىکردنی ئەم کێشانە رەنگە ببێتە هۆی بێزار بوونى
خوێنەران و وەلانانی ئەم بڵاوکراوانەو کاریگەری خراپیشی دەبێ لەسەر
نەگەیاندنی پەیامی ئەفراندنی نووسەران".
ماڵپهڕی فهرهیدون سامان
|