په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\۴\٢٠١٠

پاش پڕۆسەی هەڵبژاردن،
پێشنیازێک بۆ راستکردنەوەی باری لاسەنگی کێشەی کورد لە باشووردا.


جەمال نەبەز   

 

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق، وادەرنەچوون وەک حیزبە کوردییەکان چاوەڕوانیاندەکرد. پاش ئەو شکستەی، کە بەتایبەتی لە کەرکووک ودیالەدا روویدا، ئێستە گەلێک لە لایەنگرانی "هاوپەیمانیی کوردستان" ئۆباڵەکەی دەنێن بە مل ئەوەدا کە کۆمەڵە و رێکخراوە رامیارییەکانی کورد، وەک تاکە دەستەیەک نەچوونە هەڵبژاردنەوە. هێندێکیش هەن، ئاشکراتر دەبێژن، کە خۆجیاکردنەوەی "بزووتنەوەی گۆڕان" و چەند "کۆمەڵێکی گچگە"، لە "هاوپەیمانیی کوردستان"، بوو بە هۆی ئەوەی کە کورد 7 تا 10 کورسی پارلەمانی لەدەستبچێ. هەرچەندە ئەم ژمارە و تۆمەتەش راست نین، بەڵام با وادابنێین کە راستن و بڵێین، ئەگەر وا نەبووایە، ئەوا ژمارەی کورسییەکانی کورد، لە پەنجاوهەفتەوە دەبوو بە شەستوهەفت، تەنانەت، با لەبەر خاتری وان بیکەین بە هەفتا کورسی. بەڵام هەفتا کورسی هێشتا زۆرینە نییە و کەمینەیە لە چاو 325 کورسیی پارلەماندا، دێمۆکراسیش مانای ژمارەی دەنگەکانە. جا لەبەر ئەوەى، کورد لە عێراقدا بە ژمارە کەمینەیە، ئەوا هیچ کاتێک بە دەنگ نایباتەوە. خۆ دەستەی کورد لە پارلەمانی پێشوودا، بەڕێژە لاواز نەبوو. بێجگە لەوەش، سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکڤەژیران و ڤەژیری دەرەوە و چەند ڤەژیرێکی دیش کورد بوون، لەگەڵ ئەوەشدا، تاکە یەک داخوازیی بنەڕەتیی کورد جێبەجێنەکرا، نە کێشەی سنووری هەرێم (نێوچە داگیرکراوەکان)، نە کێشەی پێشمەرگە، نە کێشەی نەوت و گاز، نە کێشەی بودجە، نە..، نە..، نە… باشە، ئەودەمە کورد، خوا نەیبڕێ، یەک بوون، ئەدی ئۆباڵی ئەو سەرنەکەوتنانە بە ئەستۆی کێ بوو؟


مەبەستم لێرەدا، نە لەسەرکردنەوەی هیچ لایەکە و، نە سەرکۆنەکردن و توانج گرتنە لە هیچ لایەکی دی، بەلکو مەبەستم خستنەبەرچاوی بۆچوونێکی راست و ژیربێژانەیە کە مخابن، لە رامیاریی کورددا بەدیناکرێ. خۆ ئەگەر بەدیبکرابایە، دەبوو ئۆباڵەکەی بخرایە ئەستۆی ئەوەی کە کاتێک ئەمریکا لە نیسانی 2003 دا پەلاماری رژێمی سەددامی دا و لەبنەڕەتەوە هەرەسی بە دەوڵەتی عێراق هێناو بەوە، بوارێکی فراوان لەبەردەم رامیارانی کورددا کرایەوە، ئەوە کاربەدەستەکانی دوو حیزبە کوردییە سەرەکییەکە (پارتی و یەکێتی) بوون، کە هاوکێشە (معادلە) ی چارەسەرکردنی دۆزی کوردیان، هەر لەیەکەمین هەنگاوەوە، بەهەڵە دانا. کورت و کرمانجی، نەچوون بڵێن، "بابە ئێمە کورد و کوردستانیین و بەزۆر کراوین بە عێراقی و، ئەنفال و گەلکوژی کراوە لێمان و، بەچەکی کیمیایی لێماندراوە و، نامانەوێ بچینەوە ژێر رکێفی ئەم دەوڵەتە، خۆ ئەگەر هەر ناچارماندەکەن ببینەوە بە عێراقی، ئەوا دەبێ مەرجەکانمان بە واژۆ و بە پەیمان و بە گەرەنتیی نێونەتەوەیی پەسەند بکرێن". لەباتی ئەوە، کەوتنە حیزبحیزبێنە وپێش ئەوەش، شەڕی "براکوژی" و پاراستنی بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و پشتکردنە نێوچە داگیرکراوەکان و کردنی خەڵکی هەرێم بە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمنەهێنەری مووچە خۆری مشەخۆر. لەهەمان کاتدا، خۆیان خستە خزمەت ئامانجەکانی ئەمریکاوە، بێ هەلومەرج، و کەوتنە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق، بە خۆی و حکوومەت و لەشکر و پۆلیس و دەسەڵاتەوە. مەترسیی ئەم کارە نالەبارە، بۆ هۆشیارکردنەوەی سەرکردەکان، پێش پەلاماری ئەمریکا و رۆژی پەلاماردان و پاش ئەوەش، چەند جار و چەند جار خستومەتە بەرچاویان، بەڵام بێ کەڵک بوو.


ئەوجا دیارە کە مرۆڤ هاوکێشەیەکی ماتماتیکی هەر لە یەکەمین هەنگاوەوە بە هەڵە دانا، هەموو هەنگاوەکانی دوای هەنگاوی یەکەم، ئەگەر لە خۆشیاندا راست بن، ئەوا هەر هەڵەن. رامیاریش هەروایە، کە تۆ لە یەکەم هەنگاوەوە هەڵەتکرد، هەنگاوەکانی دیکەش، پێبەپێی ئەوە، هەر هەڵە دەردەچن. لەبەر ئەوە دەبێ لەسەرەتاوە، جارەکی دی دەستپێبکەیتەوە، بەڵام ئەو دەرفەتەی کە لە 10/4/2003 دا هەتبوو، تێپەڕی و و ناگەڕێتەوە بۆت.


ئێستە با بێینە سەر بارودۆخی ئەوڕۆ:


گۆڕەپانی گەمەی رامیاریی عێراق، پاش ئەم هەڵبژاردنەی دوایی، جۆرێکی بەسەرهاتووە، کە چەند لایەنێکی دژ بەیەک کەوتوونەتە پارلەمانەوە، بەڵام هیچ لایەنێک زۆربەیەتیی نییە و ناتوانێ بەتەنێ حکوومەت دروستبکا و دەسەڵات بگرێتە دەست. خۆ ئەگەر دوو لایەنیش رێکبکەون، بۆ نموونە، لیستەی مالیکی و حەکیم، یان عەللاوی و حەکیم، ئەوا دەبێتە حکوومەتێکی زۆر بێهێز و بە کشانەوەی چەند پارلەمانتارێکی کەم لێیان، حکوومەتەکەیان هەرەسدەهێنێ. لەبەرئەوە، پێویستییان بە کورد دەبێ. ئەمە بێجگە لەوەی مالیکی و حەکیم، زۆر زەحمەتە بەتەنێ بچنە ژێر ئەو بارەوە، چونکە ئەو دەمە، تۆمەتی "حکوومەتی شیعەگەری" دەخرێتە ئەستۆیان، ئەوەش دەبێ بزانین، کە مالیکی و موقتەدا سەدر، دانەکرۆژێ لە بەرەی عەللاوی دەکەن. مالیکی دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا نانێ و هەڕەشەش دەکات. عەللاوی دەڵێ "دەبێ مالیکی خۆی بدابەدەستەوە و واز لە دەسەڵات بهێنێ"، موقتەدا سەدر، کە جاران دژی سیستەمی فیدرالی بوو و، دەیگوت دەبێ عێراق دەوڵەتێکی سەنترالیستی بێ و، دەیگوت کەرکووک "عەرەبی"یە، ئێستا دەفەرموێ "ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە بەرژەوەندیی بەڕێزی و دارودەستەی وی نەبێ، ئەوا باشووری عێراق لە عێراق "جیادەکاتەوە". راستییەکەی، جاران وامدەزانی کە هەر بەندە "ئینفیسالی"م، بەڵام وادیارە، جەنابی موقتەداش "رەسمەن" بووە بە "هاوبیر"م. ئەمریکای، لە رامیاریدا کۆڵەوار و، لە کورد نەبێ، لە هەموولایەک زللە لێدراو و چەمۆڵە لێنراو، شان بەشانی بەریتانیا و رژێمی ترک و بنەماڵە فەرمانڕەواکانی سعوود و ئەسەد و موبارەک و بەعسییەکان، پشتگیریی عەللاوی دەکا. عەللاویش، پێویستی بە کورد دەبێ، ئەوەتە هەر لە ئێستەوە دەبێژێ کە سەردانی کاک مەسعوود بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی کردووە و "هیچ ناکۆکی"یەکی لەگەڵ "هاوپەیمانیی کوردستان" هەستپێنەکردووە. بۆ هێورکردنەوەی کوردیش، دەفەرموێ "رێنادا بە سەددامییەکان بێنەوە سەرکار، بەڵام ئەو بەعسییانەی سەددامی نەبوون، مافی خۆیانە بێنەوە پێشێ"، ئەمەش خاڵانەی ئەوەیە، یەکێک بێ و حیزبی نازی لە هیتلەر جیابکاتەوە. شایانی باسە، دوکتۆر مەحموود سۆرانی و مام جەلال تاڵەبانیش، ماوەیەک لەمەوبەر، هەر ئەو بیروڕایەیان بەرامبەر بەعسییەکان هەبوو، واتە، ئەوانیش بەعسییەکانیان لە سەددامییەکان جیادەکردەوە. دیارە، هەر لەسەر بنچینەی ئەم "فەلسەفەیەش" بوو کە مام جەلال، وەفیق سامەڕایی کردبوو، بە راوێژکاری خۆی. پێویستە ئەوەش بێژم، وەفیقیش و عەللاویش، هەردووکیان دوو ئەندامی گەورەی حیزبی بەعس بوون، بەڵام لەسەر ناکۆکیی تایبەتیی خۆیان، لە سەددام جیابوونەوە، نەک لە حیزبی بەعس و بیری بەعسێتی. عەللاوی، کە جاران وەک مالیکی، دەیویست ئەمریکاییەکان عێراق بەجێبهێڵن، ئێستە، بە پێچەوانەی مالیکییەوە، دەیەوێ پەیماننامەی زێرەڤانیی نێوان ئەمریکا و عێراق بە جۆرێک هەموار بکرێ، کە ئەمریکا دەستەبەرببێ عێراق، واتە عەللاوی و بەعسییەکانی هاوڕێی، بپارێزێ، چۆنکە ئەوەتە بەئاشکرا دەفەرمووێ "عێراق پاش رۆیشتنی ئەمریکاییەکان، ناتوانێ خۆی بپارێزێ"، بەمەدا دیارە کە کورد دەبێ چاوەڕوانی "بەرەی یەکگرتووی" ئەمریکا و بەعسییەکان بکەن. لە رامیاریدا هیچ شتێک نەبوو نەکراو نییە.


ئێران، بەپێچەوانەی ئەمریکا و هاودەستەکانییەوە، دژی عەللاوی و، پشتیوانی مالیکی و موقتەدا سەدرە و، زۆر هەوڵیش دەدا کە حیزبەکەی عەممار حەکیم و هاوپەیمانیی کوردستانیش لەگەڵ مالیکی و موقتەدا سەدر رێکبخا دژ بە ئەمەریکا و عەللاوی. ئەم بانگێشتنەی مام جەلال بۆ تاران، بۆ پێکەوە "نۆشگیانکردنی چلۆکەباب"ی ئاهەنگی نەورۆز وپەسندانی مام جەلال لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە، وەک باشترین کەس بۆ سەرۆککۆماریتی عێراق، هەوڵێکە بۆ ئەو ئامانجە. ئەگەرنا، رژێمی ئێرانی ئیسلامی، دژی نەورۆز و چوارشەممە سۆرە و، هەموو ئەو بۆنە نائاینییانەیە کە پێوەندییان بەکوردەوە هەیە، ئەگەرچی نەورۆز، کە تاکە بۆنەیەکی گشتیی هەزاران ساڵەی کوردبوو، لە ناهۆشیاری و دەستەو ستانیی کاربەدەستانی کوردەوە، کرا بە جێژنی ترک و فارس و عەرەب و ئەفغانی و تاجیک و، بەرگی کوردیی لەبەر داکەندرا.


ئاشکرایە، کورد، چ لەگەڵ مالیکی و، چ لەگەڵ عەللاوی، تاقیکردنەوەیەکی دوورودرێژی زۆر تاڵ وناخۆشی هەیە و، دەزانێ هەردووکیان لەکاتی دەسەڵاتیاندا وەک سەرۆکڤەژیر، دەستیبەدەستییان پێکردو، یەک دڕکیان لە پێی کورد دەرنەهێنا. تاقیکردنەوەی بابەتێک کە تاقیکرابێتەوە، لە گەمژەیەتی بەولاوە، شتێکی دی نییە. لەبەر ئەوە تێهەڵچوونەوە لەگەڵ ئەم دووانە، لە خۆ هەڵخەلەَتاندن بەولاوە شتێکی دی نییە. ئێی، خۆ پارلەمانتارە کوردەکان و، پارلەمانتارەکانی سەر بە عەممار حەکیم، کە ئەو بەتەنێ دژی بیری فیدرالیزم نییە و، هێندەی ئەوانی دی دژ بە کورد نییە، ناتوانن پێکەوە حکوومەت دروستبکەن. لەبەر ئەوە، بە بیروڕای من، تاکە رێیەک کە بۆ کورد مابێتەوە ئەوەیە کە کورد لە حکوومەتی عێراقدا بەشداری نەکا. بەڵکو، بەشێوەی "چاودێر" لە پارلەماندا، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بابەتە جیاجیاکانەوە، هەرجارە و بەپێی بەرژەوەندیی کورد دەستنیشانبکا. ئەودەمە دەبینیین، هیچ دەستەیەک ناتوانێ فەرمانڕەوایی عێراق بگرێتە دەست، خۆ ئەگەر گرتییە دەست، ئەوا تەمەنی مانەوەی لەسەرکار درێژ نابێ. چۆنکە بەرژەوەندیی ئەو لایەنە دەرەکییانەی کە چاویانبڕیوەتە عێراق، وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ترکیا و سعوود و سووریای لایەنگری عەللاوی کە سعوودییەکان مالیکی بە مەترسییەکی گەورە دادەنێن، لەگەڵ بەرژەوەندیی ئێران، کە لایەنگریی مالیکی و موقتەدا سەدر دەکا، زۆر دوورن لەیەک و، چاوەڕوانیی بەیەکدادانیش دەکرێ لێیان. کورد نابێ خۆی بکا بە لایەنێکی ئەم شەڕە. بەشدارینە کردنی کورد لە حکوومەتدا رێزێکی زۆر بۆ کورد پەیدادەکات.


دیارە، یەکێک لەو باسانەی کە دێتە پێشەوە لە پارلەمان، هەموارکردنی دەستوور دەبێ، بۆ هێنانە دەرەوەی ئەو بڕگانەی کە گوایە بۆ بەرژەوەندیی کوردن. کورد دەتوانێ بێژێ " ئێمەی کورد، لەمەولا خۆمان بە پێوەندی دەستوور و مادەی (140) نازانین. چۆنکە بەبەڵگە ئیسپات بوو، کە لە کورد خۆی بەولاوە تا ئێستا، هیچ لایەک دەستەبەری بەجێهێنانی دەستوور نەبووە، ئەگەرنا تا ئێستە کێشەی کەرکووک و خاکە داگیرکراوەکانی دیکە یەکلایی دەبوونەوە. لەبەر ئەوە ئێمە لە تەواوی ئەو دەستوورە دەکشێینەوە و کەرکووک و مووسڵ و چەند نێوچەیەکی دیالە و کووت و سەلاحەدین و عەمارە بەشێکی جیانەکراوەن لە خاکی داگیرکراوی کوردستان و، هیچ گەلێکیش رازینابێ خاکی خۆی بخاتە دەنگدان و هەڕاجەوە. ئێمە ئەو کاتە لەژێر گوشاری ئەمریکا و دڵپاکی خۆمان ئەوەمانکرد و، ئێوەش رێزتان نەگرت، ئێستەش دەبێژن کاتی بەسەرچووە. دەوا لای ئێمەش هەر کاتی بەسەرچووە و ئەو شوێنانە کوردستانن بتانەوێ و نەتانەوێ. ئەوەتا مالیکی دەبێژێ، ئەگەر کورد باسی مادەی 140 بکەن، لەحکوومەت دوور دەخرێنەوە". کاتی خۆی گوتم دەستوور بۆ گەلێک دەبێ کە رێزی دەستوور بگرێ.


ئەمە هەنگاوێکە، بەلای منەوە، زۆر بەجەرگانە و پڕسووتە، چۆنکە، کێ دەتوانێ بێژێ، ئەگەر رۆژێک دەنگ وەرگیرا لەسەر ئەو خاکە داگیرکراوانە، ساختەکارێتی و فێڵ و تەلەکەبازی و بەرتیل و ترساندن کارێکی واناکەن، کە پرۆسەی دەنگدان بە پێچەوانەی سووتی کوردەوە نەبێ وەک ئەم هەڵبژاردنەی دوایی، کە کەرکووک بە دیاریی درا بە عەللاوی ونیوەی دەنگدەرانی کوردیش وەک بیزاریدە ڕبڕینێک دژ بە حیزبە کوردییەکان، نەچوون بۆ دەنگدان، ئەو دەمە ناتوانین قسەبکەین، چۆنکە، دەڵێن "ئەوە دێمۆکراتییە و دۆڕاندووتانە"، ئەو دێمۆکراتییەی کە ئەوان هیچ کاتێک، باوەڕیان پێ نەبووە و نییە.


هەرچی پلە و پایەشە، بە ڕاستی ئەو پلەوپایە تەشریفاتییانە، هێندە ناهێنن کورد سنگی خۆی بکوتێ بۆیان. چۆنکە کێشەی کورد لەبنەڕەتەوە، کێشەی خاکە، نەک کێشەی دەستکەوتنی پلەوپایە و پارە لە دەوڵەتێکدا کە دەوڵەتی کورد نەبێ. کە کورد بە دوای ئەوانەدا نەگەڕا، ئەو دەمە هیچ کەسێک ناتوانێ بێژێ: ئەرێ ئێوەی کورد چیتان دەوێ لەوە زێتر؟ ئەوەتا سەرۆککۆمار و فیسارە وەژێر و فیسارە ڤەژیر لە خۆتانە، ئێدی بۆچی تێرناخۆن؟


ئەو دەمە، ئەمریکاش ناتوانێ روو هەڵماڵراوانە، چی دی گوشار بخاتە سەر کورد، و کوردیش ئامادە نابێ و روونایگرێ، سەر بۆ داخوازییەکان و بەرژەوەندیی داگیرکەرانی کوردستان شۆڕبکا، بەڵام دەبێ شان بەشانی ئەم هەڵوێستە بوێرانەیە، چالاکییەکی فراوان و ماندوونەناسانە بخرێتەکار، بۆ ئاشتییەکی نەتەوەیی و، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان، بە نێوچە داگیرکراوەکانیشەوە، بۆ هێنانەکایەی پیشەسازیی کشتوکاڵی و تەکنیکی و، بەر لەهەموو شتێک، ئاواکردنەوەی گوندەکان و رێکخستنی هێزە چەکدارەکان لە لەشکرێکی سەربەخۆی ناحیزبی کوردستانی دا و، کردنی هەرێمی کوردستان بە نێوچەیەکی دامەزراوەیی دێمۆکراسی و، پێش هەموو شتێک "دادوەرییەکی سەربەخۆ" بێتە کایەوە، ئەمەش کاتێک لەکردن دێ کە رەگی گەندەڵی و دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی وکەڵەگایی چینایەتی وژندوژمنی، لەبنەوە هەڵگێشرابێ. ئەو حەلە دەتوانین بێ لەڕوودامان، بکەوینە دەمەدەمێ لەگەڵ بەرەی نەیاران و بە بەڵێنە درۆکانی تەفرە نەخۆین. پێشینان گوتوویانە "ئەم جیهانە، یان زۆردار دەیبا، یان بێ ئار دەیخوا"، ئێمە هیچ کاتێک زۆردارەکە نەبووین و، ناشمانەوێ ببین، لێ لە سادەدڵیی خۆمانەوە، هەر پێخوستی زۆردار بووین، دەبا لەمەولا، رێی دووەمیان "رێی بێ ئاری" بگرینە بەر و، شەرم و شکۆ یی ناشییانە لەخۆمان لادەین، بەڵکو لەڕێی "بێ ئاری"یەوە شتێکمان دەستکەوێ.


هیوام وایە، ئەزموونی ژیانی بندەستی و فێڵ و تەڵەکەی نەیاران بەدرێژایی هەزاران ساڵان، هیچ نەبێ، ئەوەی فێری مە کردبێ، کە راستی و دروستی و دڵپاکی، لەگەڵ کەسانی ناڕاست و درۆزن و دڵگەمار، وەک ناڕاستی و درۆ و دڵگەمارییە، لەگەڵ کەسانی راست و دروست و دڵپاک. ئەوی کوردستانی بەئازایەتیی رۆستەمانە داگیر نەکردبێ، بۆی نییە چاوەڕوانی ئازایەتیی رۆستەمانە بێ لەکورد، ئەوی بە درۆ و دەلەسە، کوردی خاپاندبێ، مافی ئەوەی نییە گوێبیستی راستیی بێ لەکورد.


ئەلمانیا - بەرلین

 31/3/2010