په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١٢\٢٠١١

پایزی سەرۆکان*!

که‌ریم سه‌رکه‌ش    


چا نەبوو لە هەڵبژاردنی بووری** گاڵتەم کرد، خۆم کاندید نەکرد، لیستەکەی خۆم ڕانەگەیاند بۆ پۆستی سەرۆکایەتی. دەنا ئەگەر بە هەڵکەوت و بۆ نەگبەتی لەوێ هەڵبژاردنا گۆرین پشکدار بوام، لەمەش نەگبەت تر بە ڕێککەوت براوە بام. ئەمێستا منیش هاوشێوەی هەموو سەرۆکەکانی دونیای عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناڤین، ترس و دڵە ڕاوکە دەبووە میوانی شەو و ڕۆژم، ترس لە ئایندەیەکی تاریک و نووتەک، ترس لە ڕاکردن و شاربه‌دەرکران، لە هەمووی پڕ خەمتریش لەدەستدانی ئەو کورسیە نەفرەتیەی دەسەڵات و ئەم پۆستە دزێوەی سەرۆکایەتی دەبوو کە هۆکار و ئەنجامی سەرەتا و دیماهی ئەنجامەکان بوو.


خۆ کاندیدنەکردن، ڕانەگەیاندنی لیست، لە هەمووشی بەختەوەرانە تر، نەگەین بەو پۆستە وای کرد، کە سەر ساوە و ویژدان ئارام، کەس نەکارێ پێم بێژێ لەسەرچاوت برۆیە، من ئێستا وەک هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی، ساکار دەژیم، نە کورسیم هەس لێم داگیرکەن، نە پۆستم هەیە لێم بستێنن، لەبەرخۆمەوە دەڵێم ئۆخەی چا نەبوو ئەم بیرۆکە شێتانەیەم نەبوو بە ڕاستی و هەر بە گەپجاری مایەوە، دەنا لەو سەر و بەندی پیرییەم، لەم ناوەندی زستانەدا، کە سرووشت ڕووە و بەهار چوونە، پایزم لێ دەبوو بە میوانی ناوەخت و تەق تەق لە دەرگەی دەدام.


هەندێ جاریش لە بیر و ئەندێشان ڕادەچم ئێژم، ئێ ئەم پایزە پایزی سەرۆکە حەز لە خۆ و دیکتاتۆرەکانە، پایزی سەرۆکە ڕووقایمەکانە کە وەک قیرو بنێشت بە کورسی دەسەڵاتەوە دەنووسێن، لێی نابنەوە، مەگەر مەرگ دەست بەرداری دەسەڵاتیان کا، پایزی ئەو سەرۆکانەیە کە لە زۆربەی جارەکاندا لەگەڵ ملشکان و لە ناوچوونی خۆیان سەرخان و ژێرخانی ووڵاتیش وێران و خاپوور دەکەن، خۆ من وەک ئەوان نیم، وەک ئەوان نەدەبووم، وەک ئەوانم نەدەکرد! هەندێک جاریش دەڵێم نا تۆ بلێی کێشەکە بە ئاوایەکی تر نەبێ و من سەردەری لێدەرنەکەم! تۆ بڵێی ئەم کورسی و پۆستە خۆی لە خۆیدا دەرد و نەخۆشیەکی کوشندەی ئەوتۆ نەبێ کە هەر مرۆڤێکی پێگەیشت ئیتر مرۆڤەکە نەخۆشکا، لە مرۆڤایەتی داماڵێ، هەست و نەستی لە پەل و پۆخا و ... هتد!!!!
__________________________________________________________
* زۆرجار باسی بەهاری عەرەبی دەکرێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند و ئەفریقا، بەڵام کەمتر دەگوترێ خەزانی دەسەڵاتدارە ملهوڕەکانی جیهانی عەرەبی. لە ڕاستیدا هەر لەودەمەی گوڵالە سوورەی ئەم بەهارە چاوی هەڵێنا، گەردەلوولی پایزی کەوتە وەراندنی یەک بەدوای یەکی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی عەرەب.
** لە کاتی گەرمەی یەکەمین گەمەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم چەند دێرێکم نووسی بەناوی (منیش لیستەکەی خۆم ڕادەگەیەنم).
 

  ٩\١٢\٢٠١١

ماڵپه‌ڕی که‌ریم سه‌رکه‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک