په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١١\٢٠١١

پایزە ئەحمەد:
نازانم لە چ چرکەساتێک دەبمە شیعر یان وشە و گوزارشتەکان وەک شیعر دامدەڕێژن.

 

سازدانی: ھەورین نەجات

* زۆر بە کورتی لە بارەی ئەزموونی نووسینتەوە بدوێ؟


پایزه‌ ئه‌حمه‌د: من لە سەرەتا زۆر خولیای خوێندنەوەی شیعر بووم بە تایبەتیی بە شیعرەکانی مامۆستا ھێمن و عەبدوڵا پەشێو و لەتیف ھەڵمەت دەستم پێکرد، ئیدی پاشان وردە وردە ھەستێک لە لام دروست بوو کە دەکرێ شیعر ئەو پانتاییە بێ ھەست و نەستەکانی خۆمی تێدا دەرببڕم.
لە ساڵی ١٩٩٥ دەستم بە شیعرنووسین کرد، بەڵا‌م بە ھۆی بارودۆخی سەختی ژیان زۆر نەدەپڕژامە سەری.‌ لە ساڵی ٢٠٠٣ دەرفەتی باشتری نووسینم بۆ رەخسا، ئەو کات کێشەی چەوسانەوەی ژنان بە گشتیی ژنانی کوردستان بە تایبەتیی کار تێکردنێکی زۆری لە سەرم دانا. ئەوە بوو لە پاڵ خەباتکردن لە پێناو رزگاریی ژنان وەک چالاکوانێکی ژنان ناوە ناوە دەستم دایە نووسین. ئیدی لەو کاتەوە نووسینە ئەدبییەکانیشم وەک شیعر ئاوێتەی ئەو بوارانە بووە بەڵام لای خۆم وایە ھەرگیز نەمھێشتوە لایەنە ‌ھونەرییەکانی شیعرەکانم کاڵ بێتەوە. تا ئێستا کۆمەڵێک شیعرم لە گۆڤار و ماڵپەڕەکانی ناوەوە و دەرەوە بڵاووبوونەتەوە.

* تۆ لە پرۆسەی شیعرییەتدا، چۆن ئاوێزانی دونیای شیعر دەبیت، ئایا شیعر دەتنووسێتەوە، یاخود تۆ شیعر دەنووسییەوە؟
پایزه‌ ئه‌حمه‌د: ھەر پیشەیەک پێویستی بە خۆئامادەکردنێکی فیزیکیی یان رۆحیی یان ھەردووکیان بە یەکەوە ‌ھەیە، بەڵا‌م ھەر وەک ئا‌شکرایە شیعرنووسین پیشە نییە، ھەر بۆیە پرۆسەی شیعر لای من جگە لەوەی دەبێ بەھرەمەند بی لە با‌گراوەندێکی رۆشنبیریی فرە رەھەند دەبێ ھەست و نەستەکانیشت خۆبەخۆ بتنووسنەوە، وا ھەست دەکەم من ھەر بەو جۆرە ئاوێزانی نووسین دەبم.. نازانم لە چ چرکەساتێک دەبمە شیعر یان وشە و گوزارشتەکان وەک شیعر دامدەڕێژن.

* ئایا پەیوەندییە ئیستاتیکییەکانی زمان لەپرۆسەی شیعردا چییە و ئەرکە سەرەکییەکانی کامانەن؟
پایزه‌ ئه‌حمه‌د: زمان لای من ئەگەر ھەموو پانتایەکانی پرۆسەی شیعرنووسینی داگیر نەکردبێ ئەوە زۆربەی ھەرە زۆری بۆ خۆی بردووە، بۆیە پەیوەندییەکانی زمان بە تایبەتیش پەیوەندییە ئیستاتیکییەکانی بۆ شیعر وەک پەیوەندیی نێوان جەستە و رۆحی بوونەوەرێکی ئەفسانەییە. ئەگەر بە ھەڵەدا نەچووبم و بە شێوەیەکی گشتگیرتر تەماشای ئەو پەیوەندییە ئیستاتیکییانەی زمان بە شیعرەوە بکەین و کەتەلۆکییانە یان ماتماتیکییانە لێی نەڕوانین ئەوە ناتوانین بڵێین (کۆمەڵێک ئەرک) ھەن لەو نێوەدا.. بەڵکە تەنیا یەک ئەرک ھەیە ئەویش بیناکردنی گەوھەری تێروتەسەلی جوانیی دا‌ھێنانە لە تێکڕای رەھەندەکانی ئەوەی پێی دەگوترێ شیعر.

* ئایا لەشیعرەکانتدا تا چەند ئاوڕت لە منداڵی داوەتەوە، گەڕانەوە بۆ منداڵی چۆن دەبینی لە نێو نووسیندا؟
پایزه‌ ئه‌حمه‌د: من حەز دەکەم لە ھەموو کۆپڵە شیعرێکم ئاورێک لە منداڵییم بدەمەوە چونکە گەڕانەوە بۆ جیھانی منداڵیی پیسیەکانی تەمەنی گەورەیمان خاوێن دەکاتەوە.. جا نازانم چەند بۆم چۆتەسەر.. ئەوە خوێنەران دەتوانن بریاری لە سەر بدەن. ھەر بەو بۆنەوە حەز دەکەم لێرەدا ئەو کۆپڵە شیعرەم بخەمەڕوو کە وا ھەست دەکەم تا رادەیەک منداڵیی خۆمم تێدا بەرجەستە کردووە:
کە منداڵ بووم
چاوەڕوانی رۆژێکی بەفرینم دەکرد ..
تا بتوانم پەیکەرێکت
لە بەفر بۆ دروستکەم ..
شێوەی لە تۆ بچێ و
ھەتا ھەتایێ نەتوێتەوە.
ھەندێ جار یاری بەفرینەمان دەکرد ..
تاکو جەستەمان بەر جەستەی یەکتر کەوێ.
ھەندێ جاریش دەستمان سر دەبوو و
جێژوانێک نەبوو
بیکەین بە ‌حەشارگەیەکی گەرم ..
لەوکاتەدا پەنامان بۆ ئآگر دەبرد و
دەبووین بە ھاودەمی ئاگر،
لەو کاتە رقمان لە بەفر بوو
بەفریش خۆشی دەویستین...


گەڕانەوە بۆ منداڵیی لە ناو شیعرنووسین دا کا‌رێکی فرە ئەرێنیی و پێویستە، چونکە ئەو گەڕانەوەیە ئەگەر بە پوختیی بەرجەستە بکرێ ئەوە ھەمان ئەو خەسلەتە جوان و ناسکانە بە شیعر دەبەخشێ کە بە خۆڕسک لە منداڵییدا ھەن. بەڵا‌م ئەوەش لە بیر نەکەین کە گەورەییمان ئەگەر بە لاڕێدا نەبردرابێ ھەر لە منداڵییماندا ئا‌فەریدە بووە و بە تێکرای مرۆڤبوونمان پێکدەھێنن.

* بۆ ئەوەی خوێنەری تۆ زیاتر لە کۆد و نھێنیی و تەکنیکەکانت نزیک ببێتەوە، چی کۆمەکی دەکات و لە چییەوە دەست پێبکات ؟
پایزه‌ ئه‌حمه‌د: وای نابینم کەسێک ھەبی بتوانێ دڵی خوێنەر بخوێنێتەوە. لە راستیش دا، ئەوە کاری من نییە یان ھەر کاری کردەنی نییە!

* ئایا گرفتی ڕەخنەی کوردی نەبوونی میتۆد و تیۆری ئەدەبییە؟
پایزه‌ ئه‌حمه‌د: من وای نابینم کە گرفتی رەخنەی کوردی پەیوەندیی بە نەبوونی رێبازی ئەدەبی خۆمانەوە ھەبێ، چونکە وەک دەیبینین چەندین میللەت ھەن ھیچ رێبازێکی ئەدەبی دیاریکراوی سەر بە خۆشیان نییە کەچی لە لایەنی رەخنەوە دەوڵەمەندن یان بە پێی پێویستی بەرھەمە ئەدبییەکانی خۆیان رێچکەیەکی رەخنەییان گرتۆتەبەر، من پێم وایە گرفتی نەبوون یان لا‌وازی رەخنەیی ئێمە پەیوەندیی بە بە لاوازیی و دواکەوتنی کلتوور و زمانەکمانەوە ھەیە - کە ھۆکاری سیاسی لە پشتە - ئەوەش خۆبەخۆ دەبێتە ھۆی نەبوونی ئاستێکی بەرزی دەقە ئەدەبییەکانمان و دروستبوونی گرفتی رەخنەیی ئەدەبییمان.

* نووسین رێگایە و نووسەر سەفەریی، ئایا تۆ دەتەوێت چۆنچۆنی ئەم ڕێگەیە ببڕیت، ھەنووکە لە کوێی ئەو رێگایەدا ھەنگاو دەنێیت؟

پایزه‌ ئه‌حمه‌د: نووسین رێگایەکی ئارام و پڕ چێژە بۆیە ئەو رێگایە چەندەی درێژتر دەبێتەوە لای نووسەر شیرینتر دەبێ، من دەمەو‌ێت بە پێی توانای خۆم ئەو ڕێگایە ببرم. ساڵانێکە دەنووسم بەڵام ھێشتا وا ھەست دەکەم لە سەرەتای نووسین دام چونکە کاتێک دەکەویە سەر رێ ئەنجا ھەست دەکەی کە رێگایەکی چەند بێ کۆتاییە.

* ئایا قەد تووشی ئەوە بوویتە لە دوایی نووسینی دەقێک بۆ ماوەیەک لە نووسیندا، بێدەنگ بووبیت و کەوتبیتە ڕاڕاییەوە لە خۆت، دەکرێت باسی حاڵەتەکانی نووسینت بکەیت؟
پایزه‌ ئه‌حمه‌د: بەڵێ.. ھەڵبەتە نووسین بێ بیرکردنەوە و رۆچوون نابێ، بەڵام ھەر شتێک کە دەستی پێ دەکەی ئەگەر کاتی پێویستی بۆ تەرخان بکەی و بە شێوەیەکی فراوان و ھەمەلایەنە بیری لێ بکەیەوە بەو رادەیە تووشی راڕایی و دڵەڕاوکێت ناکا کە کارەکەت مایەپووچ بکا، من لە شیعرنووسین زۆر لەسەرخۆ کاردەکەم.. زۆر جار کۆپڵە شیعرێک دەنووسم کاتێکی زۆر بێ دەنگ دەبم و بیری لێ دەکەمەوە بۆ ئەوەی بە تەواویی بچمە ناخی دەقەکە بێ ئەوەی پاشان بکەومە دڵەراوکێ.

* ئێستا لە نووسیندا خەریکی چیت و چیت لە ھەگبەدایە ؟

پایزه‌ ئه‌حمه‌د: پتر خەریکی نووسینی شیعرم و لە پڕۆژەشمدا ھەیە نامیلکە شیعرێک بە چاپ بگەیەنم.. ھەندێک جاریش لە بواری کێشەکانی ژنان دەنووسم، بەو ھیوایەشم بوارم ھەبێ لەو کارانەی ھەڵمبژاردوون بەردەوام بم.
لە کۆتاییدا سوپاسی ئەرک و ماندووبوونتان و دەکەم ھەر شاد و بەختەوەر بن.


لەندەن
ماڵپه‌ڕی پایزه‌ ئه‌حمه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک