په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١٨

پایزیش نەبێ، گەڵا گەڵا لە داری کورد ھەڵئەوەرێ.

هۆمەر         


ڕۆژانێکە مخابن لێرە و لەوێ ھەر ھەواڵی ناخۆشە و لە ڕێوە دەگات. لە حاڵێکدا کۆمەڵی کوردی بەدەست دەیان ئارێشە و کێشەی دەستکرد و ناوخۆوە ناڵانە،ھەڵوەرینی پەڕی ئاڵتوونیی چەندان سیما و کەسایەتیی زانستیی و ھونەریی،کۆمەڵ تووشی ھەژان و شۆکێکی دی دەکات. ھەر ئەم ماوەیە بوو کە زانستوەری کورد، دوکتۆر حەمەدەمین ھەورامانی کە سیمایەکی ھەرە دیار و ناسراوی کۆمەڵەی زانستی دێتە ئەژمار، ئۆغری خێری کرد و بۆ ھەمیشە بەرھەمەکانی بە کتێبخانەی کوردی بەخشی.

مامۆستا حەمەدەمین ھەورامانی،بە یەک لە سیما پرشنگدارەکانی نێو ڕووبەری چاندیی ئێمەی کورد دادەنرێت کە لە ڕێی پێنووسەکەیەوە کۆبەرھەمێکی زەنگین و گرانبایی بە بواری مێژوو و زمانی کوردی بەخشیوە.


دوکتۆر حەمەدەمین ھەورامانی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی نگریسی بەعسدا لە شاری بەغادا سەرچاوەی ڕاژە و خزمەتێکی بەرفرە بە سامانی فەرھەنگیی و ڕۆشنبیریی کورد دەبێت،پاش ئەوەی لە بن ھەوری ئەو دەسەڵاتە ڕەشە نامێنێت و ڕوو لە ڕۆژھەڵات دەکات، لە ڕێی گەشت و گەڕانێکی زۆر بەم بەشەی نیشتماندا و دنەدانی ڕووناکبیران بۆ گەڕانەوە سەر خۆ،دەبێتە چرایەکی گەش و پرشنگدار و دەرەنجامی خەباتە چاندییەکیشی، ھەنووکە بەرھەست و ڕوونە.

حەمەدەمین ھەورامانی ھەر لە پاوە و سنە و مەریوانەوە تا بە تاران،ئەو دەمانەی لە ڕۆژھەڵات دەبێت، تەکانێک بە بزاڤی ڕۆشنبیریی ئەم ناوەی کوردستان دەبەخشێت کە دواتر بە سەدان ڕێبواری دیکە ڕێبازە پیرۆزەکەی درێژە پێ دەدەن و ھەر کامە و لە گۆشە و سووچێکەوە دەبنە چرا بۆ نیشتمان و ھۆبەی زانستیی کوردان.

ھەر بۆیە ناوی ئەم کەسایەتییە زانستییە سەرباری ھەموو گلە و ڕەخنەکانیش،بۆ ھەمیشە ھەر گەش دەمێنێتەوە.

شیاوی ئیشارەت پێدانە کە حەمەدەمین ھەورامانی، ساڵی ١٩٢٨(١٣٠٧ی ھەتاویی) لە "ئاڵیاوا"ی سەر بە شارۆچکەی "بیارە" لەدایک دەبێت.مخابن ئەم مرۆ نازەنینەڕۆژی ھەینی، ٢ی سەرماوەزی ٢٧١٨(٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨)لە تەمەنی ٩٠ و لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی لە بیارەدا بۆ ھەمیشە لە نێو خاکی نیشتماندا ستار دەگرێت.

دوا بە دوای ئەم بویەرە تاڵە، سینەماکاری ناسراوی کورد،"ڕەحیم زەبیحی" لە ڕووداوێکی گوماناوییدا ھاوڕێی براکەی(کەیوان)،کامێرا زێڕینەکەی دەستی،لە وێنەگرتن دەکەوێت و پێمان دەڵێت،بەخت ھەر ئەوەندەم یار بوو ئەگینا پرۆژەی زۆرترم لەسەردا بوو کە بۆ کوردان جێبەجێیان بکەم.

ئەم نیشتمانە پڕیەتی لە بەھرە و توانای ئاشکرا و شاراوە و کورد دەمێکە لە سای دەیان سینەماکاری وەک یەڵماز گۆنەی،بەھمەن قوبادی،ھونەر سەلیم،جەلیل زەنگەنە، شوان عەتۆف،مەھدی ئومێد،جەمیل ڕۆستەمی، تەھا کەریمی،شەھرام عەلیدی و ... ھەست بە شانازی دەکات و ئەرچی ھێشتا خاوەنی سینەمایەک بە نێو سینەمای کوردی نیین بەڵام ئەستێرە و سیما درەوشاوەکان کەم نین.

بانە،دەمێکە بۆتە جەمسەرێکی دیار بۆ کاری سینەما و چەندان سینەماکاری ناسراوی کورد لەوێوە سەر ھەڵدەدەن و دواتر بۆ ھەر ھەموو نیشتمان دەبنە مایەی شانازیی و ئەمڕۆکە کورد فەخریان پێوە دەکات.

ڕەحیم زەبیحی ،ساڵی ١٩٧١ (١٣٥٠ی ھەتاویی)لە شاری بانە لەدایک دەبێت و سەرەنجامیش ڕۆژی ھەینی،١٦ی سەرماوەزی ٢٧١٨(٢٠١٨)لە بویەرێکی تەماوییدا خۆی و "کەیوان"ی برای گیانیان لە دەست دەدەن.

ھەزار جەخار بۆ ئەو کۆچە ناوادەیەی ڕەحیم زەبیحی کە نازانم چ دەستێکی چڵکنی ئەم ڕۆژگارە ڕەشە بەو دەردەی برد.

ھێشتا چاوی کوردان ھەر ڕۆندکی لێ دەباری کە داخەکەم ئەمجارە سیمایەکی ھەرە نیگارینی کۆمەڵەی زانستیی لە وڵاتی ئەڵمانیا،وشە و پەیڤە زەنگین و سەنگینەکانی نێو ناخ و دڵی بە نیشتمان بەخشی و بە دوا کۆچی،خەمێکی قورسی خستە دڵانەوە.

پرۆفیسۆر "جەمال نەبەز"،ئەستێرەی ھەرە دیاری بواری زمان و ھزری نەتەوەیی،کە تەمەنێکە لە پێناو زمانی زانستیی و ھزر و ئەندێشەی نەتەوەییدا تێدەکۆشێت و خەبات دەکات،بەم سەرماوەزە بەجێی ھێشتین.

جەمال نەبەز،ئەو کەسایەتییە ڕووناکبیرەی کورد دێتە ئەژمار کە ھەر لە یەکەم ھەنگاوەوە،ھەستی بە بۆشایی و کەلێنێکی بەفرەوان لە بواری زانستیی لە نێو کۆمەڵی کوردییدا دەکرد ھەر بۆیە ھەموو ھەوڵی خۆی لە پێناو پێشخستنی بواری زانستییدا خستە گەڕ و دەرەنجامی ئەو خەباتە دوور و درێژەیش،ھەنووکە دەیان کتێبی زەنگینە کە بۆ سبەی بواری زانستیی دەوری چرا دەبینن.

جەمال نەبەز، ئەو مرۆ ھزرڕوون و بیرمەندە دیارەی کوردە کە ھەموو ژیانی لە پێناو خزمەت بە وشە و پەیڤی کوردی وەپشت سەر نا و ھەمیشە بۆ کۆمەڵێکی ئازاد و سەربەست لە نێو کیانێکی سەربەخۆدا خەباتی دەکرد و بەرھەم و کتێبەکانی،باشترین بەڵگە و شایەت بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەن.

جەمال نەبەز، ئازادی تاکی کوردی لا زۆر گرینگتر لە گەلێک پرسی ھەستیاری دی بوو. لەسەر ئەو باوەڕە بوو تا کاتێک تاکی کورد ھەست بە ئازادی نەکات و تا ئێمەی کورد نەتوانین ئازادانە بیر بکەینەوە، زۆر ئەستەم دەبێت ببینە خودانی کیانێکی سەربەست.

جەمال نەبەز،ساڵی ١٩٣٣ (١٣١٢ی ھەتاویی)لە شاری سلێمانی لە دایک دەبێت و ڕۆژی ٨ی دێسەمبەری ٢٠١٨ یش لە تەمەنی ٨٥ لە شاری "بەرلین"ی وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە کوردستان و گۆڕستانی "گردی شێخ مارف"ی شاری سلێمانی و ئاخی دایک بووە دوا ھەواری ئەم ھزرمەندە کوردە.

پەرۆشەکانی لای ئەم مرۆ نازەنینانە،ھەر یەک بوو و ئەویش پەرۆشبوون بەرانبەر نیشتمان کە بەختەوەرانە ئەمڕۆکە تا دێت لای ئێمەی کورد پتر بەھەند وەردەگیردرێت و ھەر ئەمەیش ئۆخژنێ دەخاتە نێو دڵانەوە و مژدەیەکیش دەبێت بۆ ئەم کەسایەتییە تا سەر ئێسقان خەمخۆرانەی نیشتمان کە:
دە ئارام بنوون ھەڤاڵان،
ئەوەتانێ پەڕ بە پەڕ و
گرتە بە گرتەی بەرھەمتان،
دەکەینە چەتری سەر سەرمان.
 


h_noryawi@yahoo.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک