٣٠\٣\٢٠١٣
پایزۆک.
ئومێد قەرەنی
کاتێ دەمرم
بۆ دواجار گوێ لە پایزۆکێک دەگرم.
دواین نامە
لاى باسەرە جێدەهێڵم.
دەنووسم:
هیچ رووبارێک
نەڕژایە ژوورەکەم
تا گوێ بگرێ
تابووتە سەهۆڵییەکە چى دەڵێ؟
-
بمبوورە
توانام خۆی ناشت
ئیدى چۆن جەستەى دۆلابار کۆکەمەوە؟
چۆن ئەودیوى پەنجەرەکەت
پرکەمەوە؟
چۆن بەر لەو هەموو هەڵخڵیسکانەى قەڵا بگرم؟
دەنوسم:
هەر چیم کرد
نە لە سەرابێک پەڕیمەوە و
نە لەم زەویەش دابەزیم.
_______________________________
پایزۆک:
ئەو گۆرانییە کە منداڵە قەرەجەکان دەیڵێن لە کاتى گواستنەوەى
هەواریاندا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر.
دۆلابار:
مێردمنداڵێک بوو لە ساڵى (١٧٦٦) بە تاوانى شکاندنى پەیکەرێکى بچکۆلانەى
مەسیح لە لایەن مەسیحیە توندرەوەکانى فەرەنسا سزادرا بە بڕینى هەر چوار
پەل و زمانى.
باسەرە:
مەبەست لێى ئەو
بەرزاییانەیە کە با لێوەیانەوە هەڵدەکا.
ماڵپەڕی
ئومێد قەرەنی
|