١٨\١١\٢٠١٨
پازلی کوردبوونی
کورد
لە ناو ئەدەبیات و
سیاسەت.

برایم فەڕشی
خۆناسین،
جیهان ناسین و مانا بۆ ژیان پەیداکردن و کەسایەتی چێکردن لە پرسیارە
ساکارەکانەوە دەست پێدەکا. ئەوەی هەر مندالێک ئیمکان پەیدا دەکات
پرسیارەکانی لە ناو بنەماڵە، باخچەی منداڵان، مەدرەسە و شوێنی تر
بهێنێتە زمان، دەگەڕێتەوە بۆ چەشنی بنەماڵە، کۆمەڵگا و ئەو وڵاتەی کە
منداڵ تێیدا گەورە دەبێ.
گەورەترین گرفتی هەر مندالێکی کورد ئەوەیە، کە لە سیستەمێکی دژ بەخۆیدا
باردەهێندرێ. کورد کە کیانی خۆی نییە، سیستەمی کۆمەڵایەتی ئیداریی،
فەرهەنگی و پەروەردەی خۆی نییە، هەر لە منداڵییەوە، ناسنامە و کەسایەتی
نامۆ، زمانی نامۆ، فەرهەنگ و هەستی نامۆ کە دوورە لە زمان و فەرهەنگ و
هەستی خۆی، وەردەگرێ. ئەو منداڵە کە گەورە بوو، هەموو ناکۆکییەکانی لە
گەڵ خۆی گەورە کردووە، ڕەنگە ئیمکانی خۆدیتنەوە پەیدا بکات و ڕەنگە
هەتا کۆتایی ژیان نامۆ لە گەڵ پێکاتەکانی خۆی بمێنێتەوە و هەست بەوە
نەکا کە ئەو خۆی نەبووە!
من، نووسەری ئەم دێڕانە، لە شارێکی گچکەی کوردستان لە دایک بووم، لە
ناو شار و گوندەکانی خۆمان و لە ناو ئازەری و فارس گەورە بووم، ژیانم
لە ناو و دەرەوەی وڵات لە گەڵ منداڵ و لاو و خەڵکانی شوێن شوێنی جیهان
وەک شانۆگێڕ، شانۆپێداگۆگ و داڕێژەری سیستەمی فێربوون تێپەڕ بووە. لە
شارەکانی کوردستان وەک شانۆگێڕ پێوەندیم لە گەڵ خەڵک و بینەر هەبووە،
گوێم بۆ بەسەرهاتی تاک تاکەکانی خەڵک، هونەرمەند و بیرمەندانی وڵاتەکەم
شل کردووە. لە بیرم نەچۆتەوە کە بینەرانی شانۆکانی مانگرتن و
خودموختاری یانی چی لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، بۆکان، سەقز، سنە چ
هەستێکیان بۆ زمانی دایکی خۆیان دەربڕیوە. قسەی مامۆستایەکی سەقزیی لە
هاوینی ساڵی ١٣٥٨ پاش چل ساڵ لە گوێچکەمدا دەزرینگێتەوە کە گووتی"
یەکەم جارە لە ژیانمدا شانۆ بە زمانی کوردی دەبینم و دەژنەوەم". ئەوەشم
لە بیر نەچۆتەوە، کاتێک کە ویستم "انشا" لە سەر شارەکەم بنووسم هیچ
سەرچاوەیەک وەک کتێب، گۆوار لە بەر دەستدا نەبوو. ئەوەشم لە
بیرنەچۆتەوە کە چۆن لە تەورێز و تاران لە تەمەنی مێرمنداڵیدا سوننی
بوون و کوردبوون و وەک ئەوان نەبوون و جیاوازبوون، گرفت بوو. هەمووی
ئەم شتە ساکارانە پرسیار دەخوڵقێنن. تۆ کێی، ئەوان کێن، بۆ ئەوان وەک
تۆ نیین و بۆ تۆ وەک ئەوان نی؟ هەرکام لە ئێمە بە پێی پلان و بەرنامە
نامۆ لە گەڵ خۆمان بارهێندراوین و بنەماڵەکانمان خۆیان بەرهەمی هەمان
کۆمەڵگا و سیستەم بوون و ئەوانیش وەک ئێمە لە ناو ناکۆکییەکاندا
کەسایەتیان خۆی گرتووە.
من کە خۆم کۆی پرسیار بووم، نەدەکرا لە سەر سەکۆی شانۆ درۆ بە بینەر
بڵێم، دەبوو بە شوێن ڕاستییەکاندا بگەڕێم و بیخەمە بەر چاوی بینەر بۆ
ئەوەی پرسیار لایان درووست بکرێ. کار لە گەڵ منداڵ و لاوان لە کوردستان
و ئێران و بە دڕێژایی سی ساڵ لە مەدرەسە و ئاموزشگا و زیندان و لێرە و
لەوێی ئاڵمان، خوودی ئینسانی لە لام کرد بە پرسیار.
لێرەوە تۆ چ بتەوێ و چ نەتەوێ بەرەو فەلسەفە هاندەدرێی بۆ ئەوەی لە
ئینسان، لە بوون، لە نەبوون، لە ژیان، لە خۆت، لە نەتەوەکەت لە کورد
تێبگەی، لە چارەنووسی پڕ لە ئازاری خەڵکەکەت تێبگەی و پرسیار بکەی بۆ و
بۆچی زیادە لە هەموو نەتەوەکانی جیهان تۆ وڵات و کیانت نییە، بۆچی ئەم
پرسیارە لە ناو نەتەوەکەی تۆدا نەبۆتە بیر و هزر، بۆچی نووسەران،
شاعیران و نوخبەکانی سیاسی لە جەغزیی دیاریکراویی فکریی، ئایینی،
ناوچەیی تێنەپەڕیون و بۆچی ئازار لە ناو کورد کۆتایی پێنەهاتووە، بۆچی
سیاسی کورد بەردەوام خۆیان لە کارەساتەکاندا دیتۆتەوە؟
هەموو ئەو پرسیارانە و پرسیاری تر، ئەمجارە نەک لە ڕێگای شانۆنامە
بەڵکوو لە رێگای ئەم کتێبەوە ڕووبەڕووتان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دیالۆگ و
دانووستان لە نێوانمدا پێک بێ.
کتێبەکە بۆ هەر کەس و هەموو کەس نووسراوە و باسە ڕەق و قوورس و
کلاسییەکان خزێندراونەتە تۆی زمانی ئاسایی. بابەتەکان وا داڕێژراون کە
دەکرێ جیاواز بەکاربهێندرێن.
کتێبەکە لەم بەشانە پێکهاتووە: "چوونە ناو باس، ئەدەبیات، پیرۆزی و
شانازی، کەسەری شاعیران، خانی و حاجی و هێمن، ڕۆشەنگەر ڕۆشەنگەریی
نوخبە، ڕۆشەنگەر و ڕۆشەنگەریی، ئایین و پێناسەی ڕۆشەنگەر، خۆیی بوون،
کورد- پارس، ڕۆشەنگەر و مێژوو، ڕۆشەنگەرکوژیی سانترالیزەکردن، حاجی،
خانی و خودا، ڕۆشەنگەری ناو ئەفسانەکان، ڕۆشەنگەری سیما خۆشکێن ،
ڕۆشەنگەر و ناسنامەی ونبوو، جەغزەکان، بیرەوەرییەکان، کەسایەتی چەند
پارچە، کوردستان و دەریا!، ژێرخانی بنکۆڵکراو، خوداکان، پارسەکان،
فەلسەفە، فەلسەفەبافی، دین، دیکتاتوری نەرم، دین دەوڵەت، سیاسەست،
سیاسەت و ئێرانی تۆتالیتێر، سیاسەت و ئایین و دیکتاتۆری ئێران، دایک و
بابی سیاسەت، کۆمەڵگای ئایینی و سیاسەت، کەسایەتی، کورد و سیاسەتی
گەڕانەوە، پرسیاری گرنگ".
کتێبەکە دەکرێ لە ڕێگای ئەم ئادرەسەوە داوا بکرێ
colognelife@arcor.de
. ٣٠٪ سی لە سەدی فرۆشی کتێبەکە بۆ منداڵانی بێ
سەرپەرەستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەرخان دەکرێ و سی لە سەد دەدرێتە ئەو
ناوەندانەی کتێبەکە دەفرۆشن. کتێبەکە لە ڕێگای پۆستەوە بۆ داواکار
دەنێدرێ و بایی ١٠ ئۆیڕۆیە.
ماڵپەڕی
برایم فەڕشی
|