١٨\٦\٢٠١٠
رۆنکردنهوهیهکی پێویست.
دینهکان ههرههموویان لهسهر بنچینهی فهلسهفهی ئایدیالیستی و
میتافیزیک ئاواکراون، له رووی میتۆلۆژییهوه پشت به هزر و
ئهندێشهی ئهفسوونیی دهبهستن و مرۆڤهکان وا رادههێنن که خاوهنی
خودی خۆیان نهبن و بههۆی کۆمهڵێک بهندو مهرجی ئهندێشهئامێز شتێک
به نێوی خودا - وهک ئهفرێنهری ههموو بوون - له سهروو خۆیانهوه
ببینن. دیاره ئهوهش ههمووی لهپێناو بهرژهوهندیی تهسکی خهون و
خولیاکانی ئهو پیاوسالارانهیه که که دینهکانیان دروست کردوون و
پاشانیش جێگرهوهکانیان به ههمان شێوه درێژهیان پێداون.
دینهکان له باری ئێستایاندا بوونهته بههێزترین هۆ بۆ مانهوهی
کۆنهپهرستیی و پارێزگاریکردن له دهسهڵاته دژهگهلییهکان لهنێو
تێکڕای کۆمهڵی مرۆڤ، کوردستانیش بۆ خۆی که یهکێکه لهو
مهڵبهندانهی زۆرترین دینهکانی تێدا دروستبووه لهبهر
ئهوهی دانیشتوانهکهی تا ئێستاکهشی لهگهڵدا بێ زۆر به توندیی و
کلاسیکییانه پهیڕهوی کۆمهڵێک لهو دین و مهزههبانه دهکا تا
رادهیهکی زۆر له کاروانی پێشکهوتنی گهلان دواکهوتووه و
تهنانهت به هۆی وابهستهبوونی به ئهندێشهی بهههشت و دۆزهخ
که وهک ڤایرۆسێک ههموو گیان و جهستهی ههڵتهکاندووه
نهپڕژاوهته سهر ئهوهی پارێزگاریی له مافه نهتهوهیی
مرۆییهکانی خۆشی بکا و وهک گهلان نیشتمانێکی سهربهخۆ بۆ خۆی پێک
بهێنێ.
ئهو
بابهتهی خوارهوه که له ئامادهکردنی (شێرزاد عومهر مهحمود)ه و
(عهلی مهحمود) بۆ ئێمهی ناردووه بۆ بڵاوکردنهوه، باسێکه
دهربارهی یهکێک له دینه کۆنهکانی کوردی بهناوی (ئێزیدی) و به
مهزهنده له نێو ملیۆنێک له خهڵکی کورد پهیڕهو دهکرێ،
ههرچهنده ئهویش وهک ههر یهکێک له دینهکانه و ههمان پێناسهی
سهرهوه دهیگرێتهوه و وهک دینهکانیتر ئهفیونێکه بۆ گهلی
کورد، بهڵام لهبهر ئهوهی کوردان به شێوهیهکی گشتیی به هۆی
سهرکوتگهرییهکانی دینی ئیسلام ئهو دینه باش ناناسن و ئهو
بابهتهش کۆمهڵێک زانیاریی ههمهچهشنی تێدایه لهو ڕووهوه -
دهستخۆشیی له ئامادهکارهکهی دهکهین - دهیخهینه بهر دیدهی
خوێنهران.
-
ئهمڕۆ -
------------------------------------------------------------------------------------------------------------
پهنجا
پرسیار و هەموو شتێک دەربارەى ئایینى ئێزیدى.
ئا: شێرزاد عومەر
مەحمود
هەموو ساڵێک لەیەکەمین چوارشەممەی مانگی نیساندا کە هاوکاتە لەگەڵ
مانگی ئەپریل، پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی لەدۆڵی لالەش لە
کوردستانی باشوور لەدەوری یەک کۆدەبنەوەو یەکێک لەمەراسیمە
سەرەکییەکانی ئایینی خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان،
ئێزدییەکان میراتی شارستانییەتی مێژوویی میزۆپۆتامیان و هەر لەو خاکەش
نیشتەجێ بوون شان بەشانی گەلانی ئێران و هیندوئێرانییەکان. ئایینی
ئێزدی هەر وەک لەسەرچاوە ئێزدییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە، کۆنترین
ئایینە لەناو گەلی کورددا. زۆرجار بەهەڵە یاخود بەهۆی لێکدانەوەی چەوت
یان بەئەنقەست بەئێزدییەکان دەوترێت "شەیتان پەرست" یان "پەیڕەوانی
یەزید کوڕی معاویە"، بەڵام سەرجەم ئیماندارانی ئەم ئایینە هەر دوو
پێناسەکە ڕەت دەکەنەوە و تەنانەت تۆمەتی پەیڕەویی لەیەزیدی کوڕی
مەعاویە دەگەڕێننەوە بۆ پڕوپاگەندەی سەردەمی سەفەوییەکان. هەروەها
رژێمی بەعس و شیعە توندڕەوەکانیش لەهەوڵێکی بەردەوام دان بۆ ئەوەی
ئایینی ئێزدی وەک میراتێکی "یەزید" بەخەڵک بناسێنن و لەکوردەکانیان جیا
بکەنەوە. یزیدیەکان یەکتاپەرستن و "مەلەک تاوس" هێمای پیرۆزیی ئەوانە
کە لەڕوانگەی خۆیانەوە، لەسەرووی هەموو فریشتەکانەوەیە. ئێزدییەکان
بڕوایان بەهێزی ئیلاهی هەیە و دەڵێن پەروەردگار، خۆی بەشێوازی
جۆراوجۆری مرۆیی پێشان دەدات کە هەر کامیان بەرپرسیارێتی بەشێک
لەکاروبارەکانی دنیا دەگرنە ئەستۆ. ئەوەش چەندین لایەنێکی وێکچووی هەیە
لەگەڵ ئایینەکانی ئاسیای دووردا. یەکێک لەو تاک و هێما ئیلاهییانەی
کۆمەڵگای ئێزدی شێخ هادییە کە گۆڕەکەی لەپەرستگای ئێزدییەکانە لەگوندی
لالەشی کوردستانی عێراق. مەلەک شێخ حەسەن، مەلەک شێخ فەخرەدین، شێخ
شەمس، پیر حەسەن و مەلەک نەسرەدین چەندین نمونەی ترن. ئایینی ئێزدی
یەکێکە لەکۆنترین ئایینەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کرۆکی دەرکەوتنی
دەگەڕێتەوە بۆ 2000 ساڵ پێش زایینی مەسیح. ئایینی ئێزیدی لەناو ئایینە
جیهانییەکاندا دانی پێدا نەنراوە، چونکە بەجۆرێک لەجۆرەکان نکۆڵی
لەبوونی تاکخوایی دەکات و زیاتر گرنگی دەدات بەسروشت.
ئێزیدییەکان خۆیان بەسەرەکیترین ئایینە تەوحیدییەکان دەزانن، ئێزیدی
بڕوایان بەتەکخوایی هەیە و خۆیان بەیەکەمین خواپەرستانی جیهان دەزانن.
پێیان وایە لەجیهاندا خودایەکی خێر و خودایەکی شەڕ بوونی نییە، بەڵکە
تەنها یەک خودا بوونی هەیە کە هەم خێرە و هەم شەڕ. دوو جەمسەربوونی
سرووشت، چاکە و خراپە، نور و تاریکی لەسروشتی مرۆڤیشدا هەیە. کەواتە
هەر ئێزدییەک هەڵگری هەر دوو لایەنەکەیە، کە رەنگدانەوەی دوو
جەمسەربوونی سروشتە وەک رۆژ و شەو، مانگ و خۆر. کەواتە ئێمە دەڵێن هیچ
خوایەکی خراپ یان بوونەوەرێکی نگریس بوونی نییە کە مرۆڤ بەرەو خراپە
رێنوێنی بکات و هەموو شتێک پەیوەندیی بەخودی مرۆڤەوە هەیە."
ئەمجۆرە تێڕوانینە نکۆڵیکردن ناگەیەنێ لەبوونی خودا، بەڵکو جۆرێکە
لەتێڕوانینی پڵۆرالیزمانە کە بوونی خوا لەجیهان و شتەکانی ناو سرووشتدا
دەسەلمێنێ. هەروەها دەرباەرەی پیرۆزبوونی خۆر لەناو ئێزیدییەکاندا "دەڵێن
هێمای پیرۆزی خوا خۆرە. خۆر بۆ ئەو کەسانەی پەیڕەوی لەمەلەک تاوس دەکەن،
نیشانەی نورە و ئەگەر سەرپێچیشی لێ بکرێت ئەوا ئاگرێک دەیانسوتێنێ".
سەبارەت بەمەلەک تاوس دەڵێن "تاوس مەلەک یەکێکە لەناوەکانی خودا. بەر
لەدەرکەوتنی ئایینەکانی جیهان، خۆر سیمبۆلی خوا بوو و هێماکەشی تاوس
بووە. ئەم بڕوایە هێشتا لەناو ئێزدییەکاندا ماوەتەوە." هەندێک کەس
ئێزیدییەکان بەشەیتان پەرست دەزانن، بەوتەی شارەزایانی ئایینی، هۆکاری
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ مەلەک تاوس کە شەیتانە. بەڵام بەوتەی جەمال نەبەز
نوسەر و زمانناسی کورد، رای وایە کە وشەی تاوس ریشەیەکی یۆنانی هەیە کە
ئەو وشەیەش واتە زئۆس یان نئۆس کە مانای خودا دەگەیەنێ.
مامۆ عوسمانی ئەندام پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "ئەم بانگەشە و پێناسە
نێگەتیڤانە لەسەر ئێزیدییەکان هەیە کە دوورن لەڕاستییەوە. ئێمە شەیتان
پەرست نین. ئێمە تەنها دەڵێین خوداییەک نییە کە بەرپرسی خراپە بێت.
ئایینەکانی تر دەڵێن هەم خوا هەیە و هەم شەیتان و ئەگەر مرۆڤ کارێکی
خراپ بکات ئەوا بەرپرسیارەکەی شەیتانە. ئێمە بڕوامان بەمە نییە."
ئایینی ئێزدێتی، ئاینێکی تەبشیری نییە، بۆیەش هیچ کەسێکی نوێ وەرناگرێت
کە بێتە سەر دینەکەیان واتە هەموو ئێزیدییەکان پێویستە ئێزیدییانە
لەدایک بن. لەوانەشە هەر بەهۆی ئەم داخران و سنورداربونەی کۆمەڵگای
ئێزدیتی بێ کە بۆچوونی هەڵەی وەک "شەیتان پەرست"یان دراوەتە پاڵ.
لەم ئایینەدا کوشتن قەدەغەیە. ئێزدییەکان رێز لەسروشت دەگرن. زیانی پێ
ناگەیەنن و دەیپارێزن. یەکێک لەمانگە پیرۆزەکانیان نیسانە کە هاوکاتە
لەگەڵ دەسپێکی بەهار. مامۆ عوسمان لەمبارەوە دەڵێت "لەمانگی نیساندا
زەواج ناکرێت، نابێ ژینگە پیس بکرێت یان دارو درەخت ببڕدرێت و زەوی
بکێڵدرێ. لەم مانگەدا، زەوی و سرووشت بەگشتی ئاوسە. ناکرێ دەستکاری
بکرێت و پێویستە رێزی لێ بگیرێت و بپارێزرێ.".
مامۆ عوسمان دەڵێت لەئایینی ئێزیدیدا مرۆڤ ناوەندی سەرنج و تەرکیزە و
هەر مرۆڤێک لەناخی خۆیدا، پەرستگایەکی پیرۆزە. لەناو ئێزیدییەکاندا
مرۆڤ هەرەمە، هەرەمێکە و دەتوانێ لەنێوان چاکە و خراپەدا هاوسەنگی
دروست بکات. مرۆڤ وەک کۆلکەزێڕینەیەک وایە لەنێوان ئاسمان و زەویدا.
بۆیەش مرۆڤ زۆر گرنگە."
پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی بەسەر سێ دەستەدا دابەش دەکرێن: مورید، شێخ و
پیر. دکتۆر خەلیلی جیندی یەکێکە لەشێخەکانی ئێزیدی. ناوبراو دەربارەی
ئێزیدی و مەراسیمەکانیان لێکۆڵینەوەیەکی زۆری کردوە و چەندین کتێبی
لەمبارەوە بەزمانی کوردی چاپ و بڵاو کردۆتەوە، دەربارەی خاڵە
هاوبەشەکانی ئایینی ئێزدی لەگەڵ ئایینەکانی تردا دەڵێت "بەبەراورد
لەگەڵ ئایینەکانی تردا خاڵی هاوبەشی زۆرە. بۆ نمونە پەرستنی خۆر، خاڵی
هاوبەشە لەنێوان ئایینەکانی بوداییزم، میتراییزم و زەردەشتییەکاندا."
ئەو دەڵێت "ئێزیدییەکان لەکاتێکدا کە روو بەخۆر دەوستن دوعایەکی تایبەت
دەخوێننەوە یان بەپیرۆز زانینی خۆر وەکچۆن لەئایینی زەردەشتدا هەیە،
لەم ئایینەشدا هەیە: بەتایبەت پیر و شێخەکانی ئێزدی رۆژانی چوارشەممە و
هەینی ئاگری پیرۆز لەماڵەکان و پەرستگا و شوێنەکانی تردا دەکەنەوە."
خەلیل جیندی زیاتر دەدوێت "یەکێکی تر لەخاڵە هاوبەشەکانی ئێزدییەکان
لەگەڵ موسڵمانان، مەسیحییەکان و یەهودییەکان ئەوەیە کە باوەڕیان حەوت
مەلائیکە هەیە. بەبۆچوونی ئێزیدییەکان، باڵاترین مەلائیک کە هەمان
مەلەک تاوسە، پێگەیەکی تایبەتی هەیە.".
بەوتەی ناوبراو، بڕوا بەسەروەریی مەلەک تاوس لەئایین و مەزهەبە
سامییەکاندا بوونی نییە و تەنها لەناو ئایینە هیند و ئێرانی و
ئێزیدییەکاندا بوونی هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا، هەندێک ناوی پیرۆز لەدەقە
پیرۆزەکانی ئێزدییەکان و ئایینەکانی غەیرەسامیشدا هەیە: وەک ماسی و
مانگا. وەکچۆن لەهەندێک ناوچەی هیندستان مانگا بەپیرۆز دەزانرێت و کەس
بۆی نییە بێ رێزی لەبەرامبەری بکات. دەربارەی ژمارەی ئێزیدییەکان دکتۆر
خەلیل دەڵێت "ژمارەی ئێزیدییەکان نزیکەی 500 هەزار کەسە لەعێراقدا و
لەجیهانیشدا بەگشتی ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس. دوای پرۆسەی
ئازادی عێراق، ئێمەی ئێزدی لەعێراق دانمان پێدا نراوە و توانیومانە
لەرەوتی بونیادنانەوەی عێراقدا بەشداری بکەین. لەکوردستانی عێراق
ئایینی ئێمە لەروانگەی ژمارەوە دەکەوێتە پلەی دوهەم پاش ئیسلام."
لەدکتۆر خەلیل جیندی رەشۆ دەپرسم ئێستا پاش ئازادی عێراق چ
چاوەڕوانییەکتان لەدەوڵەت هەیە سەبارەت بەئایینی ئێزدی؟ ناوبراو
لەوەڵامدا دەڵێ "راستە ئاسایشی کوردستان لەچاو ناوچەکانی تری عێراق زۆر
پارێزراوە، بەڵام هێشتا هەندێک یاسا و بەند لەم ناوچانەدا پەیڕەو
نەکراون وەک یاسای پەیوەندیدار بەکەمینە ئاینییەکان.
ئەو بەردەوام دەبێت "ئەگەر لەیاسای عێراق و تەنانەت کوردستاندا، ئایینی
ئیسلام وەک گەورەترین و باڵاترین ئایین پێناسە دەکەین، ئەمە خۆی
راستەوخۆ و ناراستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ ئایینەکانی تر وەک مەسیحیەت و
یەهودی و ئێزدی. بەبڕوای جوندی رەشۆ "ئێمەی ئێزدی هیوادارین ئایین
لەدەوڵەت جیا بێتەوە و ئایین هیچ کاریگەرییەکی نەبێت لەسەر یاسا و
هەروەها حکومەتێکی عیلمانی لەکوردستاندا سەقامگیر بێت" بەوتەی دکتۆر
خەلیل جوندی رەشۆ، لەرۆژئاوای کوردستانی سوریا نزیکەی 30 تا 40 هە زار
ئێزدی دەژین و "ئێزدییەکانی تورکیا لەشەستەکان و هەفتاکانی سەدەی
رابردوودا لەئەنجامی گوشاری دەوڵەتدا کۆچیان کردوە بۆ ئەوروپا و
لەئێرانیش نزیکەی 6 گوند لەویلایەتی کرماشان سەر بەئایینی
ئێزدین".مامۆستا هەژارى موکریانى لە پەرتووکەکەى خۆیدا(چێشتى مجێور)
پێی وایە کە باشترین کەسێک بەشێوەیەکى راستگۆیانە و دروست لەبارەى
ئاینى ئێزیدى نووسیبێتى(مەلا خەلیل مشەختى)بووە.
ئێزدى و ئێزدیاتى ..
ئازاد ئێزیدى نووسەر وا دەڵێت:
تێبینیێەکى کورت و پێویست:
لە سەرەتا دا دەمەوێت ئاماژە بە دوو خاڵ بدەم وەکو دەروازەیەک بۆ چوونە
ناو بابەتەکەم، یەکەم" راستە من دان بەو راستیە دائەنێم ئەم زانیارى
ولێکۆڵینەوەى بەردەستتان زیاتر نییە لە پێناسە ودەستپێکردنێک بۆ
بابەتێکى زۆر دوور ودرێژ لەوانەیە بگرە بە دەیان و سەدان پەرتووک
ونامیلکە هەموو ئەو کەلتوور ومێژوو وچاندى ئەدەبى دینى ئێزدیان وداب
ونەریت وجەژن وهەڵکەوت و میتۆلۆژیا وهتد.. لە خۆ دا نەگرێت کە چى ئێمە
بە چەند لاپەڕێک دێین وتەنیا وەکو پێناسە بۆ ئەوانەى زنیاریان نەبێت
دەربارەى ئایینى ئێزدیان یاخود زانیارى هەڵەو تێگەیشتنى وچەوتیان
دەربارەیان هەیە، خاڵى دووەم" ئەوى هانیدام بەم شێوەیە بێمە ناو
بابەتەکەدا ئەوەیە بەراستى ئەمە بۆ ماوەى چوار ساڵە لە هەولێرى پایتەخت
دا دەوامى حکومى لە دەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا دەکەم، کەم لە
کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینار هەیە من بەشداریم تیا نەکردووە کە لێرە (لە
هەولێر) دەبەسترێن وسازئەدرێن، راستە زۆر رۆشەنبیر ونووسەر
ومێژوونووسمان هەیە، ئێمە وەکو میللەتى کورد، ئەو بەرێزانە زۆر زانیارى
ودێکۆمێنت وبەڵگەى مێژووییان پێیە دەربارەى ئاییناسى و دێرینە بیر
وباوەڕکانى گەلى کوردستان لە دێر زەمانەوە، بەڵام لە هەمان دەمدا زۆر
خەڵک وهاوڵاتى هەیە لە شار وگوند ودێهاتەکانى کوردستاندا دەژین یان
زنیارى تەواویان دەربارەى ئێزدیان وئایینەکەیان نییە یان ئەوەى هەیانە
زۆر کورت وکێماسى وجاران هەڵەى مێژووى گەورەن، لە بەر رۆشنایى ئەم
تێبینیانەدا وبۆ ئەوەى بتوانین هەر هیچ نەبێت هەندێ زانین وزانیارى
دەربارەى ئێزدیان کە هاوڵاتى دێرینى ئەم نشتیمانەن، وبیر وباوەڕ و
فەلسەفەى پەیڕەویش دەکەن ئێستا کە پاشماوەى ئەو بیر وباوەڕ و فەلسەفەیە
کە میللەتانى سەر دەمى کۆن لە سەر زەوى میزۆپۆتامیادا دەژیان وەکو
سۆمەرى و بابلى ومیدى وهۆرى و هتد.. باوەڕیان پێبو و پەیڕەویان دەکرد..
ئێزدى (ئێزدیاتى).
ئایینێکى کۆن ودێرینە زۆربەى ئەو پاشماوەیانەى کە میللەتانى دێرین
لەسەر خاکى کوردستان دەژیان وبیر وباوەرى ئایینەکانى پابەند بە پیرۆز
راگرتنى دیاردەى سروشتى (وەکو خۆرپەرستى، ستێر وبا وبارن.. )، دیسان
زۆر لەو باوەر وپیرۆزیەکانى ئایینەکانى کۆن ودێرین کە دێر زەمانەوە لە
سەر خاکى پیرۆزى کوردستان و لە میسۆپۆتامیاى کۆن وزۆربەى شوێنى
میللەتانى هیندۆ ئیرانى پەیرەویان دەکرا ( وەکو میترای، زەردەشتى،
مانوى، مزدکى، ئەزدایى..)، بە واتایێک دەتوانین بلێین ئایینى
ئێزدى-ئێزدیاتى کۆنتر ودێرینترین پاشمەوى ئایینەکانى کە میللەتى کورد
لە دێر زەمانەوە پەیرەویان کردبێت، ئایینێکى (تەوحیدى) باوەر بە
خودایێکى تاک وتەنیا هەیە، ئەو بیرۆکەى هەیە دەربارەى ئێزدیان گوایە
هێزى شەر دەپەستن وپیرۆز رائەگرن هیچ بنیات وئەساسێک نییە لە متۆلۆچى
ئێزدیان دا دیسان بە دوور ونێزیک ئەم بیرۆکەیە بوونى نییە لە ناو داب
ونەریت ورێ ورەسمە ئایینەکەیان دا، ئەوەى ئێزدى-ئێزدیاتى جیادەکاتەوە
لە ئایینەکانى تر ئەوەیە فەلسەفەکەیان لە دەربارەى خێر وشەر ئەوەیە، بە
باوەریان تەنیا یە سەرچاوە هەیە خێر وشەر وهەردووکیش لە دەرگاى خودا وە
دێن بۆ سەر ژیانى مرۆڤ، ئێزدییەکان وا باروەر دەکەن کە ناسینەوەیان
لەسەر ناوى ئێزدان کە یەکێک لە ناوەکانى خودایە دێت، ئەمە بەلگەیە بۆ
بیر تەوحید ویەک خودایى لایان، دیسان ئێزدییەکان رێز وپیرۆزیێکى
تایبەتى دە دەن بە ملیاکەتەکان ولە سەرووى هەمووشیان سەرۆکى
ملیاکەتەکان کە ناو دەنێن (تاووس مەلەک) دیسان رێز وپیرۆزى دە دەنە
زۆربەى پێخەمبەر وخاس وبابچاکەکان وبەتایبەتیش (شیخادى)، ئایینێکە
باوەریان بەوە نییە کە کەسانێک هەبێت وەکو هاوکار یان یارمەتیدەر لە
ناو بەینى ئادەمیزادەکان وخودا دا بەلکو بە بیر وباوەریان پەیوەندییەکە
راستەوخۆیە وهیچ یارمەتیدەرێک بۆ ئەم مەبەستە پێویست ناکات، لە بەر ئەم
هۆیانە دەرێشایەتى وبیرى سۆفیگەرى بەلاوە لە ناو جڤاکى ئێزدیان دا،
رۆژ(خۆر) لە هەرە گرنگترین هێزە لایان، هەلبەت رۆژ سەرچاوەى هەموو ژیان
ومانەوەیە لە سەر رووى ئەم گەردوونەدا، بە بوچوونى ئێزدیان خۆر(رۆژ)
گەورەیى وتوانایى خودا دەنوێنت، ئێزدییەکان باوەریان هەیە بە رۆژى
ئاخرەت وکراس گهۆرین یەکێکە لە دیاردەکانى کە تا ئێستاش مرۆڤى ئێزدى
باوەرى پێیە ئەویش کە راستە لەشى مرۆڤ لە مادە ئەساسییەکان پێکدێت (ئاخ-ئاڤ-با-ئاگر)
ودووبارە کە ئەمرێت ئەم جەستەیە دەگەرێتە شێوەى جارنى خۆى بەڵام هەرگیز
(روح) گیان زێندووە ونامرێت بەلکو چەند جارێک لە جەستەیێک دەچێتە ناو
جەستەیێکى تر بە پێى ئەو پێگە ودەرەجەى کە خاوەن ئەو گیانە لە ژیان دا
کردیتى، بە واتیێکى تر هەکە هات خاوەن گیانەکە لە ژیان دا مرۆڤێکى باش
وخاوێن بت، هەموو ژیانى بە دوعا ونوێژ وخێر بێت، دوور لە هەر کار
ورەوشتێکى نامرۆڤانە ئەو کات کە خاوەنى ئەو گیانە دەمرێت (کراس
دەگوهێرت) گیانەکەى بە ئەمرى خودا دە رۆتە ناو ئادەمیزادیێکى پایە بەرز
ورەوشت جوان ترولە ژیان دا ئاسوودە دەبێت، پێچەوانەش کە خاوەن گیانەکە
مرۆڤێکى رەوشت پیس وکرێت بێت یاخود هیچ پێگریێک نەبێت لە ناو بەینى ئەو
ئاییەنەکەى دا، بێ دوعا ونوێژ، هەموو فەرزەکانى حقیقەت ومەعریفەت کە
گەرەکە پیاوى ئێزدى پەیرەو وجێبەجێبکات کە چى ئەو نەیکات، بەلکو هەموو
خرابى ورەوشتەکانى دوور لە مرۆڤایەتى وەکو(دزى، زینا، دەرەو..) ئەو
کاتە گیانى لە دووایى مردن وکۆچکردنى دەچێتە ناو ئاژەلیێک یان
ئادەمیزادیێکى تاوانبار وهەرگیزنەفرەت لێکراو پر مەینەتى لە ژیانى خۆ
دا، ئایینێکى داخراوە کە واتا مرۆڤى ئێزدى کە دایک دەبێت ئەبێ لە دایک
وباوکێکى ئێزدى بێت، پەسەندناکرێت کەسى بێنێتە ناو رێزەکانى خۆیدا،
دیسان کە مرۆڤێک چ مێر بت یان ژن کە لە بنەماو ورەوشت وپیرۆزییەکانى
ئێزدیاتى لاى دا ئەبێ لە ناو رێزەکانى ئێزدیان دا نەمێنت، کوشتن، زینا،
سەلەف(ریبا) لایان حەرامە وبەهیچ جۆرێک خاوەنەکەیان پاک ناکرێت ودۆزەخ
چارەنووسییێتى رۆژى قیامەت..
ئێزدى رامان و واتا :
ئێزدى وەکو ووشە وئیدیەم واتاى (یەزدان-خودا) دەگەینێت، لە پەرتۆکى
پیرۆزى (ئاڤێستا) ى زەردەشت پێخەمبەر دا (یەزتا) وەکو کرنۆشى وعیبادەت
دێت، دیسان لە زمانەکانى بەهلەوى، سەنسکریتى ئێزدى دێت بەماناى
ئۆلپەرست وئاییندار، لە زمانى سۆمەرى دا (ئێ-زى-دى) بە ماناى ئەوانەى
پاک وخاوێن وپارێزراو یان ئەوانەى لە سەر رێگاى راست دەرۆن دێت.. شوێنى
نیشتەجێبوونیان هەر لە دێر زەمانەوە خاکى پیرۆزى کوردستان
ومیزۆپۆتامیاى کۆن بووە، دیسان لە رۆژهەلات (ئێران وهیند..) ژیاون وەکو
مێژوو وسەرچاوەکان ئاماژە پێددەن..
ژمارە و شوێنى
نیشتەجێبوونى ئێزدیان:
ئێستا زۆربەى زۆرى ئێزدیان لە باشوورى کوردستان دەژین ژمارەیان لە
شەشسەد هەزار بترە وقیبلەکەیان کە پەرستگاى پیرۆزى لالشە لە نێزیک
قەزاى شێخانە، لە باکووریش ژمارەیێکى ئێکجار زۆر ئێزدى لێبووە(پەنجا
هەزار کەس) بەڵام لە چەرخەکانى بۆرین بە دەیان فەرمان وکوشت وکوشتار بە
سەریان دا هاتووە، ئێستا زۆربەى خەلکە ئێزدى لە دێهات وشارەکانیان لە
باکوور لە ئەوروپا وبەتایبەتیش لە وەلاتى ئەلمانیا نیشتەجێن
ورەڤەندیێکى زیاتر لە 000 150 کەس لێ دەژین، لە رۆژئاڤاش (سوریا)
ژمارەکا باش ژ ئێزدیان لێ هەنە نێزیکى (پەنجا هەزار کەس)، لە
ئەرمەنستان وگورجستان وروسیا دیسان رەڤەندێن ئێزدى لێ نیشتەجێبوونە هەر
چەند ئامارى فەرمى ژمارەیان نییە بەڵام بە هەر حال زیاتر لە (دووسەد
هەزار ئێزدى بترە) هەوە ژ کاودان وبارودۆخێن پێش وپاش شەرێ جیهانێ یێ
ئێکەم ئێزدى تووشبوونیێ، کێم وەلات ل سەانسەرى جیهانێ نەمانە ئێزدى نە
گەهاینێ، هۆسانێ هەژمارا ئێزدیان ل سەرانسەرى جیهانێ ئێک ملیۆن
تێپەراندیە وبترە..
چین و توێژەى ئێزدیان:
جڤاکى ئێزدیان لە سستمى چین وتوێژەى جیاجیا پێکهاتووە هەلبەت ئەمەش
باوک بۆ باوک بەجێماوە، ئایینى ئێزدى لەم چەند چینانە پێک تێن (شێخ،
پیر ، مرید) نابت ژنئینان دناڤبەرا وان دا، وجارانیش لە ناوبەینى یەک
چین دا ژنینان ناکرێت، ئێزدییەکان جڤاتێکى روحانى بالا هەیە کە بە
ئەرکى رێوەبردن ورێکوپێک کردنى رەوشى ژیان وپێشهاتەکانى تایبەت بە
ئێزدیان، ئەم جڤاتەش لە (میروباباشێخ وشێخێ وەزیر وپێشیمام وسەرۆکێ
قەوالان)، ئێزدیان لە مێژووى پر کارەسات وفەرمان ونەهامەتى دا زۆر لە
دیکۆمێنت ونوسراوى سەر پێست وبەرینى لە دەست داینە وەکو زۆربەى
شوێنەکانى ترى کوردستان، بەڵام ئەوەى بە جێماوە هەردوو پەرتۆکى (مسحەفا
رەش وجیلوە) کو هەردوو لە دانانى شێخ حەسەنى کورى شێخ ئەبوئەلمەفاخر
موسافرى هەکارى نە لە سالەکانى (1184-1246ز) .
کەسایەتى و ناودارانى
ئێزدى:
لە مێژووى ئێزدیان دا کەسایەتى ناودار هەبووینە، دەتوانین ئاماژە بە
رۆلى شەرفەدین ومیر جەعفەرى داسنى ومیر ئامادین ومیر هەسلمەمان وپیر
رەشى حەیران ئێزدى میرزا بدەین کە هەرموویان میریاتى وبەرپرسیارەتى لە
شوێنەکانى کوردستان دا کردوونە لە سەر دەمى چەرخەکانى دە و یازدە
وپازدە وشازدەى زایینى دا ژیاون، دیسان بابێ شێخ ناسر کە لە سالەکانى
1810-1880 ژیاوە وزۆربەى ئەو مێژووناسانە ورۆژهەلاتناسانە کە رووى
کوردستان کردوونە سەرەدانى ئەم شێخ پر توانا وزانستە ئایینە کراینە،
دیسان رۆلى ژنانى ئێزدیش گەشاوە دەبینین لە مێژووى ئێزدیان دا، نموونەى
هەر بەرز وبلند (خاتوونا فەخرا یە کە وەکو خاس لە لایەن ئێزدیان
ناسراوە، خانزادى پیر مام ومەیان خاتوون)..
(72) فەرمان:
وەکو ئێزدییەکان دەلێن زیاتر لە (72) فەرمان وهێرشى جینۆسایدى لە
سەریان کراون، لە شنگال بۆ چەندین جار هێرش وپەلامار، لە شێخان
وباعەدرێ، لە خەتارێ..باشیک وبەحزانێ وهەموو شوێنەکانى تر، ئێزدى ئەلێن
چیایى مەقلوب دەکەوتە ناوەراست ومەلبەندى ئێزیدخان کە ئێستا جگە لە
باشیک وبەحزان نەبێت هیچ گوند ودیێکى ئێزدى لاى نەماون، کوشندەترین ئەو
حەملە وفەرمانانە (فەرمانى میرى کۆرە، فەرمانى فریق پاشا، فەرمانى حافز
پاشا....) کە بە سەدان هەزاران نەوەى ئێزدى، کور وکیژ ومنال وکالى
ئێزدى تێیدا نەماون، هەلبەت بە بیانوى توند تیژى وبیرى تەسک ونەزانین،
ئەوانە ئێزیدیان بە کافر ولەرێ دەرچوون لە قەلەم دەدان، ئەوەى جێگاى
داخە ئەوەیە کە زۆر لەو هێرش وفەرمانانە لەسەر دەستى هاونەتەوەیان (کوردى
موسلمان) بووە، هەلبەت ئەم چەندەش بەشێک بوون لە دوژمنکارى وپیلان دژى
میللەتى کورد ودۆزى پیرۆزى ئەوان بۆ ئەوەى بەردەوام ناوچەکەیان گرژ
وئالۆز بێت وچارەنووسیان دیار ویەکلانەبێت، پاشەرۆژیان هەر پرت پرت
بوون وناکۆکى وشەر وشۆربیت وبە ئامانجەکانیان نەگەن کە ئازادى
وسەرخوەبوون بووە..
جەژن و بۆنەکانى
ئێزدیان:
ئێزدیان زۆر بۆنە وجەژن ورێ ورەسمیان هەیە، لێرە تەنیا ئاماژە بە
هەندێکیان ئەدەین، سەرسالى ئێزدیان کە بە چوار شەممەى سۆر ناسراوە
بۆنەى سالى تازەیانە دەکەوێتە چوارشەممەى یەکەمى نیسانى رۆژهەلات،
رۆژیێن ئێزدى دیسان بۆنە وجەژنێکى زۆر کۆنى ئێزدیانە، جەژنى چلەى
زستانان وهاوینان کە پیاوانى ئایینى وئیماندارانى ئێزدى چل رۆژ لە
هەموو زستانێک وچل رۆژیش لە هاوینى هەموو سالێک بە رووژو دەبن، جەژنا
قوربانێ، خدرلیاس وگورگەگا وبێلندە، توافێن ئێزدیان وتاووس گێران
وجەژنا جەمایێ وقەباغ، سەما ، چرا وچەقلتوو، بەرات، تۆک وکراس، سمبێل،
سەفرا نان وماستى، رست وقۆلکێشان، خەولێر وخانا ئێزى، کانیاسپى ومۆرکرن
وبەرێ شبایکێ وشاز وقدوم وهتد... زاراوە وئیدیەمى تایبەت بە ئێزدیانن
کە هەر یەک وبابەتێکە وکەسانى پسپۆر وپەیوەندیدار لە بوارى کەلتوور
وکەلەپوور دەتوانن زیاتر وقوولتر دەربارەیان لێکۆلینەوە بکەن کە
هەموویان رەسەنایەتى کورد وەکو نەتەوە دەنوێنن وئێزدیاتیش وەکو ئایینى
کۆن ودێرینى ئەم نەتەوە زێندووە...
قول و بەیت ودعاى ئێزدیان کە بە حەدوسەد
ناسراون سەرچاوەى دەستوور وپاراستنى ئایینى ئێزدیانن، ئەم حەدوسەدەش کە
لە سەر دەمى شیخادى تازەکراونەتەوە، کەواتا ئێزدیاتى پێش هاتنى شیخادى
هەبووە بەڵام زۆر لەو رێ ورەسم وداب ونەریتانە گۆراون وئێستا
پەیرەوناکرێن بەڵام زۆر شتى تر کە تازەنە هاتۆنەتە ناو ئایینى ئێزدیان،
ئەم قەول وبەیت ودوعا ودرۆزانە خاس وبابچاکى ئێزدیان لە دێر زەمانەوە
نەوە بۆ نەوەى تر بە جێشتووە وبەردەوام رێزلێوەردەگرن وپەیرەو
دەکن وپێگیرى پێوەدەکەن..
بۆ وەڵامى کۆمەڵێک پرسیار و سەردانى ناو برایانى ئێزیدیمان کرد و لە
شارۆچکەى ئیسفنێ شێخان ئەو دیاردە جوانە و ئەو کلتورە رەسەنەى
کوردانمان بینى کە ئێزیدى و موسڵمان و فەلە بەیەکەوە دەژیان لەو پەڕی
ئاشتى و ئارامى و تەبایی، وەک بیستمان کە پەیوەندیەکى پتەوى
کۆمەڵایەتیان هەیە و تا ئێستا بێ کێشە و گرفت لەو دەڤەرە ژیان
دەگوزەرێنن، ئەگەرچی هەردوو حکومەتى بەغدا و هەرێم ئاوڕێکى ئەوتۆی لەو
دەڤەرە ئێزیدى نشینانەوە نەداوەتەوە، بەڵام ئەوان هێشتا هەر لە
پارێزگارى کردنى خۆیانن لە مانەوەى خۆیان لە هەموو رووەکانەوە، سەردانى
گەلى لالەشمان کرد، وەکو نەریت پێویستە لە سەرەتاى چوونت بۆ نێو ئەو
پەرستگایە پێیەکانت خواس بکەیت و پابەندى پاک و خواێنى ئەو شوێنە بیت
پابەندى ئەو رێنمایانە بیت کە پێویستە بۆ شوێنە پیرۆز و پەرستگاکان
هەبێت، لە دەروازەى لالەشەوە لەلایەن دوو پیاوى ئایینى زۆر هێمن و
بەڕێز پێشوازیمان لێکرا، یەکێکیان بە پیر سەعید وز ئەوەى تریان بە
بابەچاویش دەناسرا، کە هەردووکیان پلەیەکى بەرزن لەنێو ئەم ئایینە،
بابەچاویش دوایین پلەى ئەم ئایینەیە:
1- پێناسەیەکى کورتى ئایینى ئێزیدیمان بۆ
بکە..؟
ـــ ئێزیدى کۆنترین ئایینى جیهانە، چونکە ئادەم لە لالەش هاتۆتە بوون،
لە رۆژى یەکەمەوە ئێزیدى خودا پەرستن تاوەکو ئەمڕۆ و تا ئێستا ئەم
رێبازەیان بەرنەداوە، داب و نەریتى خۆشیان بەرنەداوە، ئێزیدیاتى لە
کوردستانى عێراقی سەریهەڵداوە و پاشان بڵاوبوەتەوە بۆ ئیران و تورکیا و
سوریا، چونکە لالەش حەجە و سەنتەرى ئێزدیان لالەشە، لە سەرەتاوە
ئێزیدیاتى لەناو کوردا هەبووە و ئایینێکى رەسەنى کوردییە و تەنها
ئێزیدى کوردییە، تا ئێستاش بە هیچ شێوەیەک زمانى خۆیان نەگۆڕیوە،
ئایینى ئێزیدى.
2- بە کێ دەڵێن ئێزدى..؟
ـــ ئێزیدى بریتییە لە برایەتى و راستگۆیی و جوامێری و چاک رەفتارى و
بێ جیاوازى و فیداکار بۆ دراوسێی خۆی، ئێزیدیاتى سمێڵ و ریش و
گریڤان(کراسێکى سپییە و بەدەستى خۆیان دەدروون)، ئێزیدیاتى کوشت و بڕی
تێدا نییە و تاوانێکى گەورەیە و لە ئاییندا زۆر حەرامە، ئێزیدیاتى
ئابڕوومەندییە.
3- ئێوە چی دەپەرستن..؟
ـــ خودا و تاوسی مەلەک(سەرۆکى هەموو فریشتەکان).
4- پەرتووکى پیرۆزى ئێوە چییە..؟
ـــ مەسحەفى رەش و جەلوە.
5- بڕواتان بە ئایینەکانى تر و پەرتووکە
پیرۆزەکانى تر هەیە..؟
ـــ بەڵێ...ئەوانیش ئایینن و پەرتووکى ئاسمانیینە و ئەوانیش رێز و
بەهاى خۆیان هەیە و تەواوى گووتەکان گووتەى خوداییە وەک پەرتووکى ئێمە.
6- نوێژکردنتان کەیە و چۆنە..؟
ـــ بەیانى پێش رۆژهەڵات روومان دەکەینە هەتاو و ئێوارەش پێش
رۆژئاوابوون رووى خۆمان دەخەینە رۆژئاوا، پێش خەوتنیش بۆ ئەوەى مرۆڤ
حەلال بێت شەهادەى دینیمان دەڵێین، هاوکات نزاش دەکەین بۆ هەموو خەڵکى
ئینجا بۆ خۆمان، تا بۆ خەڵکى دوعا نەکەین بۆ خۆمان ناکەین بۆ نموونە
دەڵێین(یا خودێ تو ڤێ دنیایێ بسترینى، میللەتێ مە، گوندێ مە، جینارێ مە
پشتى خۆ دبێژین).
7- مردو ناشتنتان چۆنە..؟
ـــ مردوو دەشۆین، جل و بەرگى لەبەر دەکەینەوە و قەرقارە(رووبێکى
گەورەیە) و کفنى لەبەر دەکەین، پاشان دەیبەین بۆ گۆڕستان، یەک مەتر و
نیو گۆڕێک دەکۆڵین و گرێی کفنەکە دەکەینەوە و ئینجا مردووەکە دەنێژین و
پێویستە بۆ شووشتن و ناشتن شێخ و پیر و براى ئاخرەتێ ئامادەى بن(براى
ئاخرەتێ: رۆژی پێش زەواجى ئەو کەسە کەسێکى تر دەکاتە براى ئاخرەتى خۆی
بەهۆی بەردێکى خاکى لالەش و دەیخەنە ناو ئاوێک و دەیدەنە کەسێکى تر تا
ببێتە براى ئاخرەتێ). پاشان دوعاى سەرەمەرگێ بۆ دەکەن، پاشان تەلقین
دەدرێ و هێدى هێدى گۆڕەکە پڕ دەکرێتەوە و کێڵی بۆ دادەنرێن مردووش سەرى
لە رۆژئاوا دەبێت و قاچی لە رۆژهەڵات، تەلقین بە وەزن و قافیەیە و نابێ
بگووترێ تەنها لەسەر گۆڕی مردوو چونکە گوناهە.
8- نەریتى ژنهێنانتان چۆنە..؟
ــــ کوڕ بۆ خۆی لەگەڵ کچێک دادەنیشێت و تەفاهوم لەگەڵ یەکتر دەکەن و
پاشان دەچنە خوازبێنى کچەکە، کاتێ چوونە ماڵى کچە هەموو خێزانەکە بە
یەکەوە دادەنیشن و ئەگەر کوڕە و کچە بە یەکتر رازیبوون ئینجا زیاتر
لەیەکتر دەچنە پێش. دواى خواستن کوڕەکە و کچەکە دەبەنە ماڵى شێخى گوندە
کە پێى دەگووترێ(شێخى شێخ هەسن) لەیەکتریان مارە دەکەن.
9- کەسێک لە ئایینەکەتان بچێتە نێو ئاینێکى
تر و بە پێچەوانەوەش ئێوە هەڵوێستتان چۆنە..؟
ـــ ئێمە قەبوڵمان نییە کەس بێتە سەر ئایینى ئێمە و بە پێچەوانەش چونکە
ئەوەى بە کەڵک ئایینى خۆی نێت بەکەڵک هیچ ئایینى تر نایەت.
10- راستە دەڵێن ئێوە زۆر درەنگ خۆتان دەشۆن
و گرنگى بە پاک و تەمیزى خۆتان نادەن..؟
ـــ ئەوە بە هیچ شێوەیەک راست نییە.
11- خۆشەویستى بە هەموو شێوازەکانیەوە لەنێو
کوڕان و کچانى ئێوە ئازادە..؟
ــــ پەیوەندى خۆشەویستى ئاساییە و زۆر ئازادە، بەڵام نابێت سنورى
ئەخلاقی تێدا ببەزێرێت و زیادەڕۆیی نابێت لێ بکرێت.
12- کەسێک لە ئاینێکى ترەوە دەتوانێت
هاوسەرگیری لەگەڵ ئێزیدیەک بکات..؟
ــــ ئەوە لاى ئێمە نییە.
13- پارەى مارەیی(شیربایی) وەردەگرن..؟
ــــ 75 گم زێڕە.
14- مەى خواردنەوە لاى ئێوە سزاى لەسەرە..؟
ـــ وەڵامى ئەم پرسیارە لاى هەموومانە.
15- گوناهترین شت لاى ئێوە چییە..؟
- کوشتن و زینا و درۆ.
16- چ جیاوازیەک هەیە لەنێوان ئێزیدیەت و
زەردەشتیەت..؟
ـــ زەردەشتیەت لە ئێمە دابڕاون و جیاوازیەکى زۆرى تێدا نییە.
17- چ خواردنێک لاى ئێوە خواردنى گوناهە..؟
ـــ گۆشتى بەراز، خاس و قەڕنابیت و لەهانە.
18- ئێوە بە رۆژوو دەبن...؟ رۆژووەکە کەیە و
چۆنە..؟
ـــ بەڵێ، لە کاتژمێر پێنجى بەیانى تاوەکو 5 و دە یان پانزەى ئێوارێ،
لە 12/12 کە سێ رۆژە و فەرزە، پیاوانى ئایینى کە چەند کەسێکن لە 40ى
هاوینێ و 40ى زستانێ هەر 40 رۆژ بەرۆژوو دەبن و رۆژی پاشانیش جەژنە.
19-پلەى ئایینى ناو ئێزیدیان چۆنە..؟
ـــ مورید، پیر، شێخ.
20-چ پرسیارێک هەیە حەزناکەیت لێتى بکەین..؟
ـــ نەخێر ئێوە ئازادن چ پرسیار دەکەن بیکەن چونکە ئایینەکەمان دەڵێت
پرسیار بەخێرن.
21- لەکاتى خۆپاککردنەوە لەلەش پیسی چی
دەڵێن..؟
ـــ بۆ هەموو کاتەکان خۆشوشتنمان هەیە و هەر کاتێک پێویست بکات بە
خۆشووشتن ئەوا خۆمان دەشۆین.
22- بەلاى ئێوەوە شەیتان چییە و بەکێ
دەگووترێ..؟
ـــ ئەوانەى بە فریشتەکانى خودا دەڵێن شەیتان گوناهبار دەبن چونکە
نابێت قسەى خراپ لەخۆت گەورەتر بڵێیت و قسەى ناشیرینیش هەر ناشیرینە،
چونکە ئەوکەسانە بەناوى(تاوسی مەلەک) وا دەڵێن(تاوسی مەلەک)یش سەرۆکى
هەموو فریشتەکانى خودایە بۆیە قسە پێگووتن گوناهبار دەبن.
23- گەنجانى ئێوە لە ئێستادا تا چەند
پابەندن بە ئایینەکەیانەوە..؟
ـــ هەر کە دەستى راست و چەپی خۆی ناسی ئینجا دەزانێ خێر و گوناه هەیە،
ئینجا رێنمایی دینى دەکەوێتە سەر و پێویستە پابەندى رێنماییەکانى
ئایینەکە بێت، ئێستاش لە هەموو ئاینەکان وا دیارە پابەند بوون کە بووە.
24- ریش و سمێڵ نەتاشین لاى ئێوە ماناى چییە..؟
ـــ ریش واتا رێگاى ئایین، هەموو پیاوێک پێویستە ریش و سمێڵی هەبێت.
25- شەهادەى دینى ئێوە چۆنە..؟
ـــ شەهادەى دینى من یەک الله، مەلیک شێخسن حەق حبیب الله، هەر ئەوە
هەر ئەوە نە خوارن دکەت نە خەوە، شەهادە دینێ من ناڤێ تاوسی مەلەک
دێبیت رەوا....هتد).
26- بۆچی بە ئێوە دەگوترێ کوردى رەسەن..؟
- چونکە ئێمە ئایین و زمانى کوردیمان
پاراستووە.
27- کێن ئەو ئێزیدیانەى کە خۆیان بە کورد
نازانن..؟
ـــ کەسی وا نییە، ئەگەر هەشبێت ئەوا نوێژ و دوعا و شاهادەى دینییەکەى
کوردییە.
28- مۆسیقا و گۆرانى و وێنەکێشان لاى ئێوە
گوناه نییە..؟
- نەخێر.
29-نەریتەکانى حەج کردن لاى ئێوە چۆنە..؟
ـــ یەکەمجار خۆى تەواو بشوات و سێجار بچێتە پردى سراتێ و پاشان لە
کانى سپی خۆی پاک بکاتەوە، دواتر دەچێتە کانى زمزم و ببێتە حاجى و
پاشان دەچێتە سەر کێوى عەرەفاتێ(لە لالەش سێ چیاى پیرۆز هەیە
بەناوەکانى-عەرەفەت، مشەت، عەزرەت) دواتر دەبێت بچێتە سەردانى هەموو
مەزارگەکان.
30- سونەتکردن و خەتەنە کردن لاى ئێوە هەیە..؟
سوونەتکردن لاى ئێمە هەیە، بەڵام خەتەنە حەرامە لاى ئێمە.
31-فرەژنى و تەڵاق لاى ئێوە هەیە..؟
ـــ لە ئایینى ئێمە نەگووتراوە یەک یان دە ژن بینە، ئەگەرچی شەرمە،
بەڵام بەهۆکار هەیە و ژنەکەش دەتوانى دواتر شوو بکاتەوە و پیاوەکەش
دەتوانێ ژنێکى تر بهێنێتەوە.
32- فاڵ و نوشتە و دوعاکردن بۆ کارى باش و
خراپ و بۆ نەخۆشی و...هتد لاى ئێوە هەیە..؟
ـــ هەموو دوعاکانى خێر و چاکەمان هەیە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دوعایەکى
شەڕ و تەفریقە و تێکدان و....هتد لاى ئێمە نیە و لە ئاینەکەشمان گوناهە
و حەرامە.
33- کەسی ئێزیدى بە چ رەفتارێک لە ئاینەکەى
دوور دەخرێتەوە..؟
ـــ ئەگەر مورید و پیر و شێخ لەیەکتر بخوازن دەبێت لەناو ئێمە دەرچن
یاخود لە ئاینێکى تر بخوازێت، ئەگەر مرۆڤى ئاینێ بکوژێت،.
34- کریڤ ماناى چییە..؟ بۆچی ئێوە ئەم
وشەیەتان پێ خۆش نییە..؟
ـــ کریڤ واتا تۆ لە شیرینى نێوان دووکەس پێتان دەگووترێ کریڤ و واتا
کریڤ براى گیانى بە گیانى، هەندێ کەس وەکو ئیهانە بە ئێزیدیان دەڵێن
نەک لە شیرینى.
34- بۆچی ناوەکانى ئێوە لەگەڵ ناوەکانى
موسڵمانان وەک یەکن و عەرەبین..؟
ـــ لەبەر ئەوەى سەدان ساڵە لەگەڵ عەرەب و موسڵمانان دراوسێی یەکتر
بووینە.
35- نەریتەکانى هاتنى خەڵک بۆ پەرستگاى
لالەش چۆنە..؟
ـــ پێش هەر شتێ دەبێ پێی خۆی خواس بکات وەک رێزگرتنێک لەو شوێنە،
شوێنى تەواولێت لە لالەش تایبەتە، تف رووکردنە زەوى نابێت لە هەموو
شوێنێ و بە تایبەت لە لالەش، ئافرەت و کچان دەبێ خۆیان داپۆشن، ئەو
کەسەى دێتە لالەش نابێت مەى خواردبێتەوە و ریزگرتن لەو پەرستگایە.
36- چ کاتێک لە شەو رۆژ و چ رۆژێک لە هەفتە
و چ رۆژێک لە مانگ و ساڵ لاى ئێوە پیرۆزە..؟
ـــ رۆژهەڵات، چوارشەمە، حیسابی ئێمە کوردیە و ساڵی رۆژهەڵاتییە، نیسان
چونکە لە مانگى نیسان گەردوون و زەوى و ئاسمان دروست بووە و سەرى ساڵی
ئێمەش لە مانگى نیسان.
37- پیرۆزترین شت لاى ئێوە چییە..؟
ـــ پیرۆزترین شت لاى ئێمە ئاگرە، چونکە ئاگر رووناکییە لەلایەن خوداوە.
38- چەند جەژنتان هەیە و ناویان چییە و لە چ
کات و ساتێکى ساڵدان..؟
ــ لە هەر وەرزێک جەژنى خۆمان هەیە وەک کەرنەڤاڵ کەناویان(جەژنى سەرى
ساڵ لە مانگى نیسانە، جەژنى حەجیان، شەڤ بەرات(لیلە قدر)، رۆژیێت
ئێزیدیان لە مانگى 12، جەژنى جەما لە مانگى 10 ، جەژنا بێلەندا جەژنى
جووتیاران و ئاگر لە مانگى 20/12 ، جەژنى چلەى هاوین، جەژنى چلەى زستان،
جەژنى خدر و ئەلیاس و زۆر جەژنى تر).
39- پەیوەندیتان لەگەڵ ئایینەکانى تر چۆنە..؟
ئایا سەردانى یەکتر دەکەن..؟ دەچنە پرسە و ئاهەنگ و بۆنە و داوەتى
یەکتر..؟
ـــ بەڵێ زۆر بە ئاسایی سەردان و میواندارى یەکتر دەکەین و بە
شانازیەوە دەچینە پرسە و بۆنە و ئاهەنگى یەکتر بەبێ جیاوازى.
40- خێر و قوربانى و سەربڕینى ئاژەڵ لاى
ئێوە هەیە و چۆنە و چی دەڵێن..؟
ـــ لە قوڕگیدا سەریدەبڕن و دەڵێین: دەستورى ژ خودێ وى مێری ئێ کوشتنا
وى حەیوانى حەلال کرى)
41- سزاى سێکسی نا شەرعى(زینا) لاى ئێوە
چییە..؟
ـــ حەرامە و نابێت ئەوکەسە لەناو ئێمەدا بمێنێت.
42- کارکردنى ئافرەت لە دەرەوەى ماڵ ئاساییە..؟
ــــ ئاساییە و مامۆستا و دکتۆر و فەرمانبەرى ئافرەتى ئێزیدیمان زۆرە.
43- خوداوەند لە روانگەى ئێوەوە کێیە و چۆنە
و لە کوێیە..؟
ـــ خودا نە دەنگە نە رەنگە و یارەبی کەس نازانى تۆ چۆنى
44- لە روانگەى ئێوە مرۆڤ دواى مردن چی
بەسەر دێت..؟بڕواتان بە زیندوو بوونەوە هەیە..؟
ـــ مادام خێر و شەڕ هەیە بەهەشت و جەهەنەمیش هەیە کەواتە مرۆڤ دواى
مردن بۆ حیسابات زیندوو دەبێتەوە.
45- ناوەکانى ئێوە لەگەڵ ناوەکانى موسڵمانان زۆر لەیەکتر نزیکە بۆ..؟
-خودا پەرستى و خوداناسی بەناو نییە بە کار و رەفتارە.
46- تا چەند خۆتان نزیک دەبینن لەگەڵ ئاینى
ئیسلام و کریستیان و جوو واتا چیتان لەیەکتر نزیکە..؟
ـــ زۆر شتمان لەیەکترى نزیکە لەگەڵ هەرسێ ئایینەکە، بە تایبەتى هەموو
ئاینەکان تەنها یەک خودا دەپەرستین.
47- لە پرسەى مردوو چی دەڵێن..؟ پرسەتان
چۆنە و چەند رۆژە..؟ چی بۆ خاوەن پرسە دەکەن..؟
ـــ دەڵێین: خودێ بڕەحمێنت، لە خودا دەپاڕێمەوە کە هەموو لایەکتان ساغ
و سەلامەت بن و ئیمانتان لە جێی بێت و ئەوانەى ماون ساغ بن... حەوت
رۆژە و چلەى ماتەمینى و مردوو و ساڵەى مردووش دەکەین، خێر بۆ خاوەن
پرسە دەکەین و شتى بۆ دەبەین وەکو شەکر و ئارد و رۆن و..هتد.
48- ئایا راستە ئێوە زۆر رقتان لە پیتى(ش)ە..؟
ـــ هیچ راست نییە و وا نییە ئەگەر وابێ دەبێ ئێمە نەڵێین لالەش
چونکە(ش) تێدایە، بەڵام ئەم قسەیە هیچ راستى نییە..
49- کێن ئەوانەى لە لالەش نێژراون..؟
ـــ (366) پیاو چاکى تێدایە، بەڵام لەهەموو پیاوچاکەکان گەورەتر(شێخ
هادى)ە.
50- دەکرێ دەقێکى کورتى پەرتووکە
پیرۆزەکەتانمان بۆ بخوێنیەوە..؟
ـــ ئێمە دەمانەوێت بەبێ جیاوازى نێوان ئایینەکان بژین چونکە هەموو
مرۆڤین و خوداوەند ئێمەى دروست کردووە، هەرکەس لە ئێمە چەند ساڵێک
لەسەر ئەم زەوییە دەژیین پێویست ناکات دڵی یەکتر بشکێنین و دونیا بە
برایەتى و تەبایی خۆشە و هیوادارم لە خودا نەخۆشی لە زەوى نەمێنێت و
خێر و خۆشی بێتە زەمینى خودا و هەموو بە برایەتى و ساغ و سەلامەتى لە
کوردستانێکى ئارامدا بژین.
- لە کۆتاییدا ئێمە زۆر سوپاسی بەڕێزتان
دەکەین کە ئەو دەرفەتە گەورەى خۆت بە ئێمەدا.
- بابەچاویش: منیش زۆر بەخێرهاتنى ئێوە دەکەم و سوپاستان دەکەم بۆ ئەو
پەیامە پیرۆزەتان کە بڵاوکردنەوەى پەیامى راستییە بۆ میللەت و هەر
سەرکەوتوو بن.
s4632628@gmail.com
|