٢٩\١١\٢٠١٤
پێگەکانی بوون بە
عێراقێکی دیموکراسی و ئالتەرناتیڤەکان.

د. سالار باسیرە
بۆ بوون بە عێراقێکی دیموکراسی پێویستە
سیستەمەکە چەند پێگەیەکی سەرەکی ھەبێت: دەبێت عێراقێکی دەستوری و
ھەروەھا کۆمەلگایەکی جێگیر بێت. سەبارەت بە عێراقێکی کۆمەلگایی
(ھاولاتی بوون / ئینتیما بۆ دەولەت و عێراقی بوون) دەبێت جەخت لەسەر
ئەو ڕاستیە بکرێت ئەویش ھەبوونی (جیاوازی) یە لە عێراقدا (جیاوازیە
ئێتنیکی و نەتەوەییەکان). بەلام کۆمەلگایی بوون و دداننان بە
جیاوازیەکاندا لەم دەولەتەدا جێگیر نیەو بەدەستنەھاتوەو پێنەگەیشتووە.
ئەو جیاوازیە لە دەستوردا بوونی ھەیە بۆ ئەوەی یەکێک لە مەرجەکانی
دیموکراسیەت تەواو بکات بەلام بۆ ئەوەی عێراق ببێت بە عێراقێکی
دیموکراسی لەسەر لایەنە جیاوازەکان پێویستە ددان بەڕاستی چەسپاندنی
دەستورو چەسپاندنی کۆمەلگایی بوون و جیاوازیەکان بنێن و بیچەسپێنن ،
شتێک کە وەک پێویست نەکراوە. ھەتا ئێستە شتێک نیە پێی بوترێ گەلی
عێراق. ئەو لایەنە جیاوازانە لە رێگای دامەزراوە ھاوچەرخەکانەوە
بەرژەوەندی و ئامانج و خواستەکانیان دەربڕن وەک رێکخراوەکانی کۆمەلگای
مەدەنی و حیزبە سیاسیەکان و دامەزراوە دەولەتی و حکومیەکانەوە… نەوەک
خێل و عەشیرەت و مەزھەب.
پەرینەوەی عێراق بۆ کۆمەلگایەکی مەدەنی دیموکراتی ئاسان نیە.
لەعێراقدا ھەروەک سەرجەم ناوچەکانی رۆژھەلاتی ناوەڕاست پەرینەوە بۆ
کۆمەلگایەکی مەدەنی دیموکراتی کارێکی ئاسان نیە بەتایبەت ئەو ولاتانەی
کە پێشینەی دیموکراسییان نیە. بەواتا گۆڕانی کۆمەلایەتی بۆ دیموکراسیەت
پڕۆسەیەکی قورسە. تەنھا پێنج یەکی ئەو سەد ولاتەی کە لە قۆناغی
گواستنەوە بۆ دیموکراسی دادەنران بە ئاڕاستەیەکی دروستدا رۆیشتوون.
زۆربەی زۆری ئەو ولاتانە یان بۆ ھەمان ئاستی پێشووی سەرکوتکاری
گەڕاونەتەوە یان وا دەردەکەوون کە لە ھەرێمێکی خۆلەمێشیدا کەوتونەتە
نێوان دیموکراسی و سەرکوتکاریەوەو چەقیوون و بە خێرایی بە ھیچ لایەکدا
ناکەوون. پڕۆسەی بونیاتنانی دیموکراسیەت و تازەگەری و چاکسازی لە
کۆمەلگا خۆرھەلاتیەکاندا پڕۆسەیەکە لەچینی سەرەوە دەستپێدەکات نەک لە
خوارەوە. لێرەدا پێویست بوون بە بناغەیەکی فکریی ھەیە کە لە
ئەقلانیەتەوە سەرچاوەی گرتبێت و پشت بە عەلمانیەت ببەستێت بەلام
تائێستە ئەم بناغە فکریە ئەقلانیە لە عێراق وەک پێویست بەردەست نیە.
ھەندێک مەرجی سیاسی بوونی ھەیە لە عێراقدا وەک ئەنجامدانی ھەلبژاردن ،
دەستورێک ھاتە ئاراوە ، فرەیی حیزبە سیاسیەکان بەرچاو دەکەون ،
بەشێوەیەکی رێژەییش ڕاگەیاندنی سەربەخۆ بوونی ھەیە. ئەمانە مەرجە
سیاسیەکانن بەلام ئایا دەتوانرێت لە عێراقدا بناغەیەکی کۆمەلایەتی بۆ
دیموکراسیەت بدۆزرێتەوە؟ وەلامەکەی نەخێر.
بەلام ھەتا ڕادەیەک دەتوانریت پشت بەم مەرجە سیاسیانە ببەستریت بۆ
بونیاتنانی دیموکراسیەت ، وەکو ئەوەی لە ئەوروپا رویدا. ھەندێک لەو
ئاستەنگانەی کە ڕوبەڕووی دیموکراسی دەبنەوە ئەوەیە دیموکراسی بەرقەرار
نابێت ئەگەر خەلک باوەڕی پێ نەبێت بەلام بە تەنھاش باوەڕبوون بە
شەرعیەتی دیموکراسی بەس نیە بۆ مسۆگەر کردنی دیموکراسی پایەوپتەو.
دیموکراسی لەسەر بنەمای دامەزراوەکان پتەو دەبێت (دەستورەکان ، سیستەمی
ھەلبژاردن ، پارتە سیاسیەکان و ھاوشێوەکانیان) ھەروەھا دروستبوونی
پێکھاتەی کۆمەلایەتی خۆڕسک (گروپەکانی بەرژەوەندی ، میدیای سەربەخۆ ،
گروپەکانی مافە مەدەنیەکان ، مافی مرۆڤ ، ئازادی تاک وەک یەکێک لە
خەسلەتەکانی کۆمەلگای مەدەنی) کە لە دەرەوەی کایەی کۆنترۆلی دەولەتدا
ھەن و ئەرکی کارلێککردنی دەولەت و تاکەکان دەبینن. دواجار مەرجێکی تر
کە ئاستیکی قولی ھەیە ھەندێک دیاردە دەگرێتەوە لەوانەش پێکھاتەی
خێزانیی وەک کۆلەکەیەکی گرنگی کۆمەلگا ، ئاین ، بنەما مۆرالیەکان ،
ھوشیاری ئێتنیکی ، ھاولاتیبوون و ھەندێک دابونەریتی مێژویی تایبەت.
بەمەش ناوەندی کەلتوری سیاسیی و دیموکراسی تەواویش بەرقەرار نابێت
ئەگەر لەناو کەلتوری سیاسیدا ڕەگی دانەکوتابێت. لێرەدا دەکرێ بگەمە ئەو
تێڕوانینەی گۆڕانکاری لەم جۆرە کۆمەلگایانەدا زۆر ھێواشەو بەدیھاتنی
ئاسان نیە. گۆرینی دامەزراوەکان زۆر لە گۆرینی کەلتوور ئاسانترە.
کورد ھەست بە عێراقی بوونی خۆی ناکات.
کورد لە عێراق ھەست بە عێراقی بوونی خۆی ناکات بەلکو خۆی بە بەشێک لە
گەلی کورد دەبینێت کە ولاتەکەی لە لایەن ھێزە کۆلۆنیالیستەکانەوە دوای
جەنگی یەکەمی جیھانی دژ بەخواستی ئەم دابەش و کۆلۆنیزە کراوەو بە زۆر
لکێندراوە بە دەولەتی تازە دروستکراوی عێراقەوە. ئەم ھەلوێستەی کورد لە
عێراق ھۆکارو دەرئەنجامی خۆی ھەیە. لە ٩٠ سالی ڕابوردودا ، لەو کاتەوەی
دەولەتی عێراق دروستکراوە ڕژێمە یەکبەدوای یەکەکانی عێراق کوردیان لەم
دەولەتە دەستکردەدا ھەمیشە وەک مرۆڤی پلە دوو مامەلە کردوە کە لە پڕۆسە
سیاسیەکاندا پەراوێز خراوە. ڕوبەڕوی دەربەدەری و لەناوبردن و
جینۆسایدکردن کراوە. ئەم سیاسەتە بوە ھۆی ئەوەی کورد کە بەپێی ئامارە
گشتیەکان ٪٢٠ی دانیشتوانی عێراق پێکدێنێت نەبێتە خاوەن ناسنامەیەکی
ڕاستەقینەی عێراقی وە نە لەم بارودۆخەدا ئەم ناسنامەیەی قبول بووە. ئەم
ڕاستیە ئەوە دەگەیەنێت کە دیموکراسیەت و سەقامگیری و ئاسایشی نیشتیمانی
بێ بەرقەرار بوونی بە کۆمەلگایی بوون و پێکەوە ژیانی ئارەزومەندانەی
نەتەوەو ئێتنیکەکان و بێ ددان پێدانان بە جیاوازیەکان و مافەکانیان
مەحالەو کۆمەلگایەکی ناجێگیر دەبێت. عەرەبە ناسیۆنالیستەکان و ھەروەھا
لایەنە ئیسلامیە توندڕەوەکان بە ئەقلیەتی دەسەلاتی مەرکەزیەت و
دەمارگیریی نەتەوەیی و ئاینیی بیردەکەنەوەو ڕەفتار دەکەن.
دەسەلاتدارانی عێراق بە سونەو شێعەشەوە بە ئەقلی مەرکەزییەت و
خۆسەپاندن بیردەکەنەوە. کەمایەتیەکی سوننە لە سەردەمی دەولەتی بەعسیشدا
پیادەی دیکتاتۆریەتی کەمینەیەکی دەکرد بەسەر زۆرینەدا. ئێستە زۆرێک لە
لایەنە شێعەکان دەیانەوێ پیادەی دیکتاتۆریەتی زۆرینە بکەن بەسەر
کەمینەدا. ڕوانینە دیموکراسیەت وەک زۆرینەو کەمینە دیدێکی ھەلەیە ئەگەر
عێراق بەنمونە بھێنمەوە. ململانێ بە شێوە نادیموکراتیەکەی تا ئێستا لە
عێراقدا ھەر بەردەوامە. کەلتوری بەعسی کە لەسەر سرینەوەو ڕەد کردنەوەی
ئەوی دی دامەزرابوو ھەر ھێشتا کەلتورێکی زیندووە.
دەولەت و کۆمەلگا عەرەبی و ئیسلامیەکان.
ئەوەی لە نێوان کۆمەلگای عێراقی و دەولەتدا دەگوزەرێت لە دەولەتە
عەرەبی و ئیسلامیەکانی کەشدا بەدی دەکرێ و ھۆکاری ئەوەش بۆ چەند
فاکتەرێک دەگەرێنمەوە:
١) نامۆبوونی سیاسەت لەم جۆرە کۆمەلگایانەو کەمیی یان نەبوونی بەشداریی
سیاسی جەماوەر لە پڕۆسە سیاسیەکاندا.
٢) کەلتوری سیاسی سیستەمە رۆژھەلاتیەکان رێگرن لە بەشداریی ئازادانەی
جەماوەر.
٣) چەوساندنەوەی رێکخراوە سەربەخۆکان لە لایەن سوپاو دەزگا
موخابەرایەتیەکانەوە.
٤) لەناوبردنی کۆمەلگای مەدەنی یەکێکە لە فاکتەرە بریاردەرەکان بۆ
مەبەستی ڕاگرتنی.
سەقامگیریی دەسەلاتدارانی دەولەت.
٥) ھەولی نەھێشتنی ئۆپۆزیسۆن و ئەو رێکخراوانەی سەربەخۆن لە
فەرمانڕەواکان و لێسەندنەوەی.
توانای بەشداریکردن و گوزارشت کردنیان لە ناڕەزایەتیەکانیاندا. بە
شەخسەنە کردنی سیاسەت.
و دەولەت ، لێرەدا بەواتای بە دەولەت کردنی کۆمەلگا دەبەخشێت.
ئەزمونی سویسرا.
ئەگەر سەرنجێک بدەینە باری ئاین و زمان لە سویسرا دەبینین لە ٤١٪
کاسۆلیک ، ٤٠٪ ئێفێنجیلی (پرۆتێستانت) پێکھاتوە. دوو مەزھەبی جیاواز
سەر بە یەک ئاین کە مەسیحیە. ٥.٥٪ سەر بە مەزھەبی جیاواز ، ١١٪ سەر
بەھیچ ئاینێک نین. لە سویسرا ھەروەک لە زۆربەی ولاتانی ڕۆژئاوا ، بە
پێچەوانەی عێراق لە نێوان ئاین و مەزھەبەکان لێک تێگەیشتن ھەیەو ئاین
بە تەقدیس نەکراوە جگە لەوە ھاولاتی سویسری ھەست بە ناسنامەی سویسری
بوونی خۆی دەکات. لە عێراق ٦٠٪ شێعە، ٣٥٪ سونە کە ھەردوو لایەن
موسلمانە ، ٢٪ مەسیحی ، تورکومان… بەلام جەنگێکی خوێناوی ڕق و کینە
ھەیە لە نێوان شێعەو سونەی عەرەبیدا ئیتر ھۆکارەکانی ھەرچیەک بن ، ئەم
دیاردەیەو بوونی فەناتیزمی ئاینی و مەزھەبیی و ئەقلی تایەفی و نەبوونی
ھوشیاری بۆ دیموکراسیەت رێگرن لەبەردەم پڕۆسەی سەقامگیری و دیموکراسیەت
و لێکتێنەگەیشتن. دیاردەیەکی رێگر لەبەردەم فکری لامەرکەزی و
فیدرالیەتیشدا.
ئالتەرناتیڤەکان.
مرۆڤایەتی لەگەل گەشەکردنی مێژووی ژیانیدا بەکۆمەلێک لە سیستەمی
سیاسیدا ڕۆیشتوە بەلام کۆپی کردنی سیستەمی سیاسی ولاتێک بۆ یەکێکی تر
دەقاودەق نەگونجاوەو پێویستە لەگەل بارودۆخی سیاسی و کۆمەلایەتی و
ئابوری و کەلتوری و سایکۆلۆجی ئەو ولاتە خۆیدا گونجاوبێت و گەشە بکات.
ھەتا ئێستە ھیچ سیستەمێکی سیاسی لەنێو ئەم دەولەتی عێراقی
پلورالیستیەدا دروستنەبووە کە وەک سیستەمێکی سیاسی گونجاو گوزارشت
بکرێت.
لەبەر ڕۆشنایی واقعی عێراق و قەیرانە مەزھەبی و تایەفی و ئێتنیکیە
قولەکانی ئەم دەولەتە دەستکردە دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی کە دیموکراسیەت
و سەقامگیریی و دادپەروەری لە عێراقدا بەدەست نایەت ئەگەر دەسەلات
خاوەن بناغەیەکی فکری نەبێت کە لە ئەقلانیەتەوە سەرچاوەی نەگرتبێت و
خۆی لە فکرو ئەقلی مەرکەزیەت بە دوور نەگرێت. مەرکەزیەت نەک تەنھا کۆی
ئەقلی سیاسی و سیستەمی سیاسی دەولەتی عێراقی تەنیوە بەلکو لە ھەرێمی
کوردستانیشدا ھێشتا لە ژیانی حوکمرانی و سیاسی و حیزبیشدا ئەقلیەت و
سیستەمی مەرکەزی و کەلتوری مەرکەزی زالە. سیستەمە مەرکەزیەکان ناکرێ
لەگەل دیموکراسیەتدا کۆک بن چونکە خاوەن دوو جیھانبینی جیاوازن. تەنیا
دەسەلاتی لامەرکەزی خەسلەتی دیموکراسی پێوە دیارە. گونجاوترین ریگاش بۆ
سیستەمی لامەرکەزی لەم جۆرە کۆمەلگایانەدا بریتیە لە فیدرالیزمێکی
ڕاستەقینە جونکە فیدرالیەت دەبیتە ھۆی دابەشکردنی دەسەلاتەکان و
کەمکردنەوەی دەسەلاتی ناوەند. کورد لە مێژووی دەولەتی عێراقداو لە نێو
ھەموو گەلانی تری نێو عێراق گرفتاری سیاسەتی مەرکەزیەت و ڕوبەڕووی زیان
بۆتەوە. ھەربۆیە مەرکەزیەت لە بەرژەوەندی کورددا نیە. فکری مەرکەزیەت
لە عێراق بەتەنھا بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەکی دیاری دەسەلات بووە. لەبەر
ڕۆشنایی واقعی مێژووی سیاسی عێراق و پێکھاتە کۆمەلایەتی و ئەتنیکی و
مەزھەبیەکەیەوە دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم دەولەتە ھێشتا دوورە
لەوەی ببێتە خاوەن سیستەمێکی سیاسی ئەقلانی و ناشبێتە سویسرا چونکە
ئەقل نایەوێت تێیدا کار بکات. نوسەر لە توێژینەوەیەکیدا باسی لە ھەشت
ئالتەرناتیڤی سیاسی کردوە بۆ عێراقی ئایندە بەلام گرنگترین دەرئەنجام
بریتیە لەوەی خوارەوە:
عێراق / سێ دەولەتی شێعەو سونەو کورد.
ئەگەر شێعەو سونە مەزھەبی عەرەبیی عێراق لەگەل یەکتردا تەبا بوونایە
ئەوا دەکرا دوو دەولەتی کۆنفیدرالی کوردستان و دەولەتێکی عێراقی عەرەبی
پێکبھاتایە بە گرێدانی چەندین بواری وەک بەرگری و کەلتوری و
بازرگانی…تاد. دەکرێ بەم رێگایە کێشەکانی نێوان کوردو دەسەلاتی عەرەبی
سەبارەت بە دۆزی کورد چارەسەر بکرێت. بەلام چارەسەری بنەڕەتی بۆ عێراق
بریتیە لەوەی دەولەتی ئێستەی عێراق بکرێتە سێ دەولەتی کوردی و عەرەبی
شێعەو عەرەبی سوننەو دەشکرێ بکرێتە سێ دەولەتی کۆنفیدرالی (سەبارەت بە
دەولەتی کوردی لە باشوری کوردستان ئەم باسە قسە زۆر ھەلدەگرێ بۆنمونە
مەسەلەی کۆدەنگی و ستراتیژی سیاسی و نەتەوەیی). بەلام لێرەدا دەولەتە
سوننەکە کێشەی ئابوری دەبێت بە بەراورد لەگەل ناوچە کوردی و شێعە
نشینەکان چونکە سەرچاوە نەوتیەکان کەوتونەتە دوو ناوچەکەی ترەوە.
لێرەدا گرنگە کار بۆ رێکەوتنێکی نێودەولەتی بکرێت کە دوو دەولەتەکەی
تری کوردو شێعە بۆ مەودایەکی پێویست ھاوکاری ئەم دەولەتە سوننە نوێیە
بکەن ھەتا دێتە سەرپێی خۆی. ئەوە ڕاستە تورکیا و ئێران بە شوێن نفوزو
بەرژەوەندی خۆیانەوە دەبن لەو دەولەتە نوێیانەدا بەلام ئەوەش بەندە بە
ڕەفتارو فکر و سروشتی سیاسی ئەو دەولەتە نوێیانە خۆیانەوە. ڕاستە ئێران
کاریگەریی لەسەر دەولەتە شێعەکە دەبێت بەلام مەرج نیە ئەم دەولەتە
شێعەیە ببێتە بوکەڵەیەکی دەستی ئێران ، ھەردولا خاوەن دوو ناسنامەی
ئێتنیکی تایبەت بە خۆیانن و جەنگی عێراق / ئێران ئەم بۆچونەی سەلماند.
ھەندێک لە لایەنە شێعەکانی عێراق عێراقی و قەومیش بیر دەکەنەوە.
مەرج نیە بە دروستبوونی ئەم سێ دەولەتە گشت کێشەکان چارەسەر ببن بەلام
بۆ ئەم پڕۆسەو قۆناغە مێژوییە سیاسیە کۆمەلایەتیە کێشە سیاسی و مەزھەبی
و ئەتنیکیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە. ئەوەی ماوەتەوە بوترێت
ئەوەیە کە دەبێت سنورێکی جدی بۆ داعش دابنرێت و زێدە ڕەوی نەکات. من
لەو باوەڕەدام ئەگەر باری ئابوری و کۆمەلایەتی خەلکیی باش بکرێت،
خزمەتگوزاری و ماف و یاسای تەندروست بەرقەرار بێت ئەوا ئەم لایەنە
ئاینیە دەمارگیرە تۆتالیتاریزمە نوێیانە وەک داعش و ھاوشێوەکانی چانسی
گەشە کردنیان نەمێنێت. مەرجیش نیە ئەم سێ دەولەتە نوێیە دەولەتی
دیموکرات بن بەلام بۆ بوون بە دەولەتی دیموکراسی ئەوەش بەندە بە خەباتی
چین و توێژە کۆمەلایەتیەکانی نێو ئەو دەولەتە خۆیەوە.
_____________________________
سەرنج:
•
کۆنفیدرالی بریتیە لە یەکێتیەکی پەیماننامەیی نێوان دوو دەولەت یان
زیاتر. لە پێناوی چەند بەرژەوەندیەکی ھاوبەشدا بۆ ماوەیەک کە ڕەنگە
کاتی بێت ، دادەمەزرێت. ھەر دەولەتێک لە یەکێتیەکەدا پایتەختی سەربەخۆی
خۆی و ئالای تایبەت بۆ خۆی دەبێت. ھەر دەولەتێک لەوانە ھەر سێ دەسەلاتە
تایبەت بە خۆکەی لەسەر ئاستی یەک لایەنە دەبێت (پەرلەمان ، حکومەت و
دادوەری). دراوی تایبەت بە خۆی دەبێت و دەشکرێ لەسەر یەکخستنی دراو
رێکبکەون. ھەر دەولەتێک لەوانە مافی نوێنەرایەتی کردنی بە شێوەیەکی
سەربەخۆ ھەیە. ھەروەھا دەکرێ لە قۆناغێکی داھاتودا بە حوکمی رێککەوتن و
گونجان بگۆڕدرێ بۆ یەکێتیەکی فیدرالی.
•
ھەندێک ناوچە ھەن لە عێراقدا وەک مێژوو ، یان جوگرافیا دەگەرێتەوە بۆ
ناوچەکانی یەکێک لەو دوو مەزھەبە سونە ، یان شێعە بەلام ئەمڕۆکە بەھۆی
چەندین فاکتەرەوە بوونەتە تێکەلەیەک لە ھەردوو مەزھەبەکە بۆ نمونە
بەغدا ، ھەربۆیە پێویستە بۆ ئەم دیاردەیەش چارەسەری گونجاو و
دادپەروەرانە بدۆزرێتەوە ، ھەر بەم شێوەیە کەرکوک وەک مێژوو کوردستانیە
بەلام لە چەند ئێتنیکێک پێکھاتوە. لێرەدا لێکۆلینەوە لە دەولەت و
سیستەمە سیاسیە فیدرالیە پلورالیستەکان بە گرنگ دەبینم ، بۆ نمونە
سویسرا.
dr.salarbasira@hotmail.com
|