په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

پێگەی کورد و ئایندەی پرسی نەتەوەیی

لە بەرامبەر یەکگرتن و بەهێزبوونی دوژمنانی

بەچ ئاکامێک دەگات ..؟


هەورامان عه‌لی تۆفیق

 

لەگەڵ پڕۆژەی تێگەیشتنی نیشتمانی وەک هەنگاوێگ بۆ دژایەتی کردنی خواستە نەتەوەیەکانی کورد و مافەکانی ، کە بەدرێژایی مێژوو لەو پێناوەدا تێکۆشاوە و قوربانی داوە .. ستراتیجیەتی درێژخایەنی ئەو سیاسەتە شۆڤێنیەیی عەرەب لە ناوچەکەدا بە هاوکاری دوژمنانی دەوروبەرو و نێونەتەوەیش بەرامبەر بەکورد بەردەوامی هەبووە و ئەوەی ئەمڕۆ بوونی هەیە تەواوکەری ئەو پلانانەن کە پێشتر کاریان لەسەر کراوە تەنها شێوازی بە ئەنجام گەیاندنیان و چۆنیەتی مامەڵەکردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە و کێشەش لەوەدایە هەمیشە کورد بەهۆیی دڵپاکی و دەرک نەکردن بەو پلانانەو جیانەکردنەوەی دۆست و دوژمن لەیەک وهەندێ جاریش دڕندەیی دوژمنەکان و نەبوونی دۆست و هەستی تەنهایی و گۆشە گیری لەم گۆیی زەویەدا مەودای بیرکردنەوەیان لە چوار چێوەیەکدا توند کردوە ، کەڕەنگە ئەمە ڕاستیەکی بەڵگە نەویست بێت ، بەڵام دەبێ بەو پەڕی بڕواوە دان بەڕاستیەکاندا بنێین و دان بەوەدا بنێین کە ئێمەی کورد بەدەر لە گرفتی ناوخۆیی خۆمان و تێگەڵ نەبوونمان لە نێوان خۆماندا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دی ، نەبوونی بەرژەوەندیەکی یەکگرتوویی نەتەوەیی وەک بەرنامەیەکی ستراتیجی بۆ ئایندەیی نەتەوەیی کورد نەبوونی زمانێکی یەکگرتوو کە پێکەوەمان ببەستێت و ووتارێکی هاوبەشمان بۆ دروست بکات .. سەرەڕایی زاڵ بوونی بەرژەوەندیە تایبەتی و حزبیەکان وەک یەکێک لەو گرفت و کۆسپانەی کە ئەمڕۆ کاریگەری سلبی لەسەر ڕەوتی سیاسی و کێشەی نەتەوەیی هەیە و زیان بەئایندەمان دەگەیەنێ بە سستی و لاوازی و خەم ساردی و نەبوونی پلانی کار ئەگەر و بەرنامەی ئایندەیی درێژخایەن چ بۆ کاردکردن بێت یا بۆ پێشهاتەکان ...


لەسەرەتایی پڕۆسەی ئازادی عێراق و ڕۆخانی ڕژێمی بەعسی فاشی ، هیوایەک بۆ کەسایەتی کورد دروست بوو بەوەی کە بەڵێ ئەوە یەکەم ڕۆژی بەدی هێنانی ئاواتەکانی کورد ڕووی لەهەڵهاتن کرد و هەنگاو بەهەنگاو بەرەو لوتکەی خواستە نەتەوەییەکانمان دەچین .. بەڵام وەک بەردی ئەلحەد لە لوتمان با دوایی گێرمەو کێشەیەکی سیاسی و ماندووبونێکی درێژ خایەن ئەگەر بەکەموو کوڕی و گەندەڵی و بەرژەوەندی و بیرنەکردنەوە لەو سیاسەتە ستراتیجیە گشتیە نەتەوەییەی کە بەچاوی کەسایەتیەکی سادەوە بەدی دەکرێت لەچاو دەم و مێشکی بەرپرسێکی سیاسی و خاوەن دەسەڵاتدا بەدی ناکرێت ، بەخەبەر هاتینەوە و دڵناشین هەن لەوانەی هێشا لەو خەونەدان و هێشتا خەبەریان نەبۆتەوە .. ئەوا دۆستەکانی دوێنێ ئەوانەی کە ڕەنگە کورد هیوایی پێیان هەبووە هاوکارێک بن بۆ بەدەست هێنانی ئەو مافانە بەڵام ئەمڕۆ لە خۆکۆکردنەوەیەکی چەند بەرەیی دا و بەسەر پەرشتی سەرەک وەزیرانی پێشوو ( عەلاوی ) برا کوردە یەزیدیەکان و سەرەک وەزیرانی ئێستا و عەرەبی سونەوشیعەو چەندین لایەنی دی دژ بەخواستەکانی کورد ڕێککەوتنامەیەک ئیمزا دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی کە کێشەیان لەسەرە و کورد داوایان دەکات نەگەڕێنەوە سەرهەرێمی کوردستان بەو پێیەیی کە ئەو شوێنانەن بە ڕچەڵەک کوردستانی نیە ، مادەی 140 بەزۆر ناووی جۆراو جۆرەوە لە دیموکراتیەت و مافی مۆرڤ و یاسا و برایەتی ومرۆڤایەتی و پێکەوە ژیان و هێنانە ناوەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان و لایەنی دەرەکی و دروست کردنی کێشەی پەکەکە و شێواندنی سنوورەکان و دواتریش ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ئەوروپا دەست وەربدەنە بارودۆخەکان ئەو سەرکەوتنە سەرەتاییەی کە بەدەست هات لەدواخستی ئەو مادەیە بۆ شەش مانگی دی و بێ گومانی پلان بۆ دوایی ئەو شەش مانگەش داڕێژراوە، لەگەڵ دەنگۆیی ئەوەی کە داوا دەکەن بودجەی هەرێمی کوردستان لە 17 وە بۆ 12.5 کەم بکرێتەوە و ئەمەو کێشەی نەوت و دیاری کردنی سنوری هەرێم و پێشمەرگەو دەیان پرسی دی هەڵواسراو ... کاتێک لایەنی عەرەبی بە شیعەو سونەوە لە کێشەو گرفت و ئاڵۆزی دابوون بەهەموو شێوەیەک ملکەچی داواکاریەکانی کوردنەبوون بەڵام لەهەمان کات دا کێشەو کۆسپیان دەهێنایە پێش لەگەڵ ئەوەی کە لایەنی کوردی لەو حکومەتەدا بەشداربوو.. ئەی ئێستا ئێمەی کورد چی بڵێن کە لایەنی عەرەبی ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ بەهێزدەبێت و ڕای گشتی و ناوچەیی بەلایی خۆیدا ڕادەکێشێت و خۆیی ڕێک دەخات و کار لەسەر بەرنامەی دژە تیرۆر دەکات کە ئەوکات ئێمەی کورد لایەنێکی گرنگ بووین بۆ ئەو کارە بەڵام وادیارە ئەو بەڕە لەژێر پێی ئێمەی کورد لە دەرهێنان دایە کاتێک دەمان ووت هێمنی ئارامی تەنها لای ئێمە بوونی هەیە بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن ئەو ناوچانە بەرەو هێمنی و ئارامی بەرنەوە .. کاتێک دەبستین کە ئەمریکا و ووڵاتی سعودیە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەرپرسایەتیە سەرەکیەکانی عێراق لە سەرەک کۆمارو سەرەک وەزیران و سەرۆکی پەرڵەمان ئاڵۆگۆڕی تێدابکرێت وەک ڕۆژنامەیەکی سعودی نوسیویەتی تاڵەبانی بۆ سەرۆکی پەڕلەمان و هاشمی سەرەک کۆمارو عادل عەبدول مەهدی سەرەک وەزیران ،کە گومانیش لەوەدا نیە ئەمە وەک ماڵی باوکمان بەمیرات بۆمان نامێنێتەوە و ڕۆژێ دەبێ گۆڕانی بەسەردابێت واتە دەبێ حساب بۆ ئەوەش بکرێت ئەگەر ئێمەی کورد لەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ بووینەوە لە بەغدا چیمان پێدەکرێت و بەپێی ئەوەی کە لەو دەسەڵاتەداین چیمان کردووە کە ئەمەش بەخۆداچوونەوەیەکی دووردی گەرەکە....


لەلایەکی ترەوە کە گوێ بیستی بەرپرسە سیاسیەکانمان دەبین چ لە کوردستان و چ ئەو بەڕێزانەی لە بەغدا و پەڕلەمانی عێراقی دان زۆر بەشێوەیەکی ئاسایی وەک ئەو هەنگاوە هیچ گرنگیەکی نەبێت و ئەوانە هیچیان پێناکرێت و کێشە نیە .. ئەم لەخۆ ڕازیبوونە بەردەوامەی کورد و گوێنەگرتن لەکەس ئاکامی باشی نابێت چونکە تەنها ئەوانەی کە بەرپرسن لەو کارانە مافی ئەوەیان نیە لەگرنگی و ناگرنگی و مەترسیەتی ئەو کێشانە بەدیاربخەن و دانی پێدابنێن ، بێگومان هەموو تاکێک لەو کۆمەڵگایە ئەو مافەیی هەیە چونکە ئەوە بەرژەوەندی هەموو لایەکمانە کاریگەری لەسەر ئایندەمان دەبێ و زیاتر هەژاو برسی و بێ دەسەڵاتەکانی کوردستان زەرەرمەند دەبن لەوەی کە دەوڵەمەند و بەرپرسەکان ...


تا ئێستاش کورد دەپاڕێتەوە و داوا دەکات کە حزبی فەزیلە بەرەو ڕێککەوتنەکەی کورد و حزبی ئیسلامی عێراقی بێت کە حزبی فەزیلە و ئیسلامی هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ ئەوانی دیدا نیە و ئەوانیش لەسەر پەیڕەوی هەمان ستراتیجیەت هەنگاو دەنێن و خۆئەگەر بپرسین ئەی ئەو ڕێککەوتنە چوار قۆڵی و چەند قۆڵیانەی کە بەردەوام دەبەسترێن چیان لێدێت و بۆ کوێ دەچن ..؟


ئەگەر سەیری لایەنی ئەمریکیش بکەین و لە ڕێگای لێکۆڵینەوە و باس و خواستە ڕاگەێندراوەکانیان بکەین و لەو ڕێگایەوە بتوانین نیەتی ئایندەیی ئەوانیش بزانین گرنگە بە شێوەیەکی درو لە خۆشەویستی و هیواوە نەڕوانین و کەمێک بە واقعیانە و مەنتق لە مەسەلەکان بڕوانین وەک چۆن ئەوان و ئەوروپیەکان لە ئێمەو تەواوی ناوچەکەش دەڕوانن .. ئاشکرابوونی لێکۆڵینەوەیی پەیمانگایەکی سیاسی ئەمریکی کە سەرکردایەتی سیاسی ئەمڕۆیی کورد بە بڕوایی ئەوان لەو ئاستەدا نیە ئەوان بتوانن پەیوەندی و هاوپەیمانیەتی درێژخایەنی لەگەڵ مۆربکەن .. بەو شێوەی کە ئەمریکا بەدوای ( نیلسۆن ماندیلای کوردی ) دا دەگەڕێ .. بە ئەگەری ئەوەی بەهۆیەوە کورد بەرەو دەوڵەت و کوردستانی گەورەبەرێت .


ئاڵۆزی کێشەکان و گران بوونیان و کەوتنە بەردەستی ئەم و ئەو زیادبوونی ناوبژی تێیدا و بەهێزبوونی نەیارەکان و یەکگرتنەوەیان گورزێکی پۆڵاینە لەکورد دەدرێ .. ئەگەر ئێمە لەم ڕوانگەیەوە بپرسین بەرپرسەکانمان لەم ساڵدا پرۆسەی سیاسی خواستە نەتەوەیەکانی کورد بەرەو کوێ دەبەن .. ؟

 

ئەگەر مادەی 140 لەو شەش مانگەدا یەکلایی نەکرایەوە چی دەبێت و چ هەڵوێستێک وەردەگیرێ ...؟ ئایا لە ئێستاوە چەند کار بۆ ئەوە دەکرێت کە دەبێ ئەو مادەیە جێ بەجێ بکرێت ئەوەندەش کار بۆ ئەوە دەکرێت کە ئەگەر جێ بەجێ نەبوو دەبێ چی بکەین و ئامادەکاریەکان چی بن ....؟

 

چ وەڵامێک بە کەس و کاری ئەنفال کراو کیمیاباران کراوەکانمان بدەینەوە سەبارەت بە لەسێدارەنەدانی تاوان باران و بێدەنگی هەموو لایەک و بێ دەسەڵاتی کورد لێرە بەدیار دەکەوێت کە بەخۆیی بەشێکە لە ڕێگا نەدان بەئەنجام گەیاندی ئەو سزایانە ... وەک چۆن عەرەبی شیعە بۆ سەد کەسێک سەدامەیان لەسێدارەدا بەبێ ئەوەی کەس ئاگایی لێ بێت و گوێ بە هەست و نەستی کورد بدەن ، ئێستە ئەو چەند سەرە بچوکە ماون کەمێک خەمەکانی کورد کەم دەکاتەوە پێ ی ڕەوانابین و ڕێگا نادەن بەسزایی خۆیان بگەیەنرێن .. لاوازی دەسەڵاتی کوردی لەوەدایە کە ناتوانێت وەک هێزێک کاریگەری هەبێت تا ئەمریکا چۆن سەدامی دایە دەست شیعە ئاواش ئەمانە بداتە دەست کورد ..