١٢\١\٢٠١١
پێگەی ساڵ، لە
نێوان هاتن و چووندا؟!

ستار محەمەد قادر
جێژن و ئاهەنگ گێڕان بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، دوور لە سرووشە
ئاینییەکەی، بە واتاو مانای ماڵ ئاوایی کردن لە ساڵی رابردوو و
پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ دێت. ساڵ لێرەدا دوور لە چەمک و تێگەیشتن لە
ماهییەت، هیچ واتایەک نابەخشێت. ئاهەنگ گێڕانیش لە دەرەوەی چەمک و
چییەتی ساڵ، دەچێتە خانەیەکەوە، دەتوانین بە چاولێکەری وەسفی بکەین!
شتێکی ئاشکرایە ئەگەر ئاهەنگ گێڕان و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، لە نێو
ئەو میللەتانەدا وا خاوەنی ئەو فەرهەنگ و کلتوورەن، شتێکی نۆرماڵ بێت،
چونکە ئەوان هەموو ژیانی خۆیانیان بەرنامەڕێژ کردووەو بە پلان کار بۆ
ئەو شتانە دەکەن، پێش وەخت دەبێت بە خەون و ئەندێشەیان، بەڵام ئاهەنگ
گێڕان بۆ شتێکی لەو شێوەیە لە ژینگەی ئێمەدا، ساڵانێکی دەوێت تا
مامەڵەی تەندرووست لەگەڵ چرکە ساتە هەستییارەکانی ژیانماندا بکەین،
ئەوجار لەسەر وەختی دووا هەناسەی ساڵی رابردوو و پێشوازیکردن لە ساڵی
نوێ، ئەگەر خۆمان بە ئاهەنگ گێڕانەوە سەر قاڵ بکەین، دەبێت بە شتێکی
نۆرماڵ، چونکە ئەگەر کات و رۆژ، تا حاڵی حازر، هیچ ئەرزشێکیان لەلامان
نەبووبێت، زۆر ئاساییە مانگ و ساڵیش نایانبێت!
ئاخر تاک لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا بەبێ هۆشیاریی، چی لە ساڵ بکات، ئەڕوات
و دێت، لە کاتێکدا تەنها هەست بەوە دەکات، لە تەمەنیان دەباو لەم قۆناغ
رادەستی ئەوی دیکەیان دەکات، تا دەردی پیریی و نەخۆشی یەخەیان دەگرێ و
وایان لێدەکات خوازیاری ئەوە ببن، بۆ ئەوەی لەنێو نوێندا زەلیل نەبن،
رۆژێ زووتر پەروەردگار بە مەرگ ئاشنایان بکات. کاتێک مرۆڤ بێ خەون و
ئەندێشە تەمەنی بەڕێ دەخات، دەبێت لەسەر وەختی پێشوازیکردن لەساڵی
نوێدا، خوازیاری چی شتێک ببێت؟!
من کاتێک لەشاشەی کەناڵە ئاسمانییەکانەوە، دیمەنی ئاهەنگ گێڕان و
پێشوازیکردن لەساڵی نوێ دەبینم، هەست بەوە دەکەم، تەنانەت ئێمە
موجامەلەی خۆمانیش دەکەین، ئەمە لەدەرەنجامی رەشنبینییەوە نییە، بەڵکو
کاتێک کات کووشتن لەلای هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت بە نۆرم و بەشێوەیەک
لەنێو زیهینماندا جێگیر دەبێت، دەبێت لەوە زویر نەبین ئەگەر بە
ئینسافەوە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە بێ حیشمەتترین شت لەلای ئێمە، کات
بێت، بە شانی کێ ئەوە رەوایە، لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکدا، کات هیچ جۆرە
ئەرزشێکی نەبێت، ساڵ بیبێت، یان ئەگەر کات لەساڵ بگرین و لێی دەربکەین،
دەتوانین بە چ پێوەرێک ساڵ هەژمار بکەین؟!
ئایا کام لۆژیک ئەوەی پێ هەزم دەکرێت، میللەتێک جەللادێکی باش و
راستەقینەی کاتەکانی بێ و هەموو کاتێک بەبێ لەبەر دیدگرتنی
بەدیسپلینکردنی ژیان و هەوڵدان بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر، ئامادەیی
ئەوەی تێدا بێت لەسەر فۆرمێکی کلاسیکی کۆن، هەمیشە کات بکەن بە قۆچی
قووربانی و ئاهەنگ بۆ ئەو شتەش بگێڕن، کە لە مناڵدانی کاتەوە بەرجەستە
دەبێت؟!
ساڵ و کات، لەم مەملەکەتەی ئێمە، لە مێش دەچن، ئەگەر بەسەر
روومەتمانەوە نەنیشێتەوە، دڵنیام هەست بە بوونیشی ناکەین، هەر چەندە لە
تووانای کەمماندایە، ئەو مێشانەی وا بێزارمان دەکەن، قەڵاچۆیان بکەین،
بەڵام بۆ کووشتنی ساڵ، لە سەربڕینی کاتەکانمانەوە مەرگی دەبینین!
بۆیە لە کۆتایی ئەم وتارەمدا خوازیارم، لەمەو دووا ئێمەی کوردیش، وەکو
گەلانی خۆشنوود، بەشێوەیەک رۆڵەکانمان پەروەردە بکەین، چێژ لەهەموو
قۆناغەکانی ژیانییان ببینن، بۆ ئەوەی ببن بە مرۆڤگەلێک، خەون و
خەیاڵیان هەبێ و تەنها خەون بەشتی لاوەکییەوە نەبینن، هیوادارم هەوڵ
بدەین لە چەمک و ماهییەتی ماتماتیکییانەی کات و ساڵ بگەین، ئەوجار بە
جۆش و خرۆشەوە، لە قووڵایی ناخمانەوە پێشوازیی لێ بکەین و بیکەین بە
بۆنەو ئاهەنگی بۆ بگێڕین، سەرەڕای هەموو کەم و کوڕییەک، ئومێدەورام،
ساڵی نوێ، ساڵی شین بوونی تۆوی خەون و ئەندێشەو خەیاڵ بێت لەنێو ناخ و
زیهنی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگەیەدا، ساڵی وەرچەرخان بێت لە شێوەی
تێڕوانین و بیرکردنەوەو تێڕامان، نەک ئەمیش بەدەردی ئەو گۆڕانکارییە
رووکەشییانە بچێت، وا بووە بە دیاردەو، بووە بە هۆکاری ئەوەی، هەموو
کاتێک ئەوە لەزاری زۆرێکەوە ببیستین، ساڵ بە ساڵ، خۆزگەمان بە پار؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|