په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠١٨

پەکەکە بەرەو کوێ مل دەنێ؟


زاھیر باھیر      


پەکەکە لەوەتەی دروستبووە بە بارودۆخی یەکجار ناھەموار و سەختدا تێپەڕیوە ، بەڵام ھەرگیز وەکو ئێستای نەبووە. باشترین قۆناغی تێکۆشان و خەباتی پەکەکە ئەو سەردەمانە بووە کە ئاشتی یائاگربەستی یەکلایەنانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا، ڕاگەیاندووە. ئەمەش ئەو سەردەمە بووە کە پەکەکە کەشی داوەتەوە، کوردیش لە باکوردا ، بۆ ماوەیەک حەواوەتەوە . ھەر ئەو ماوەیەش باشترین ھەل و دەرفەتێک بووە بۆ پەکەکە کە چەق و نیشانە لەسەر شار و شارۆچکەکان بگرێت بۆ خۆڕێکخستنەوەی خۆی لە شێوەیەکی باشترا.


ئەوانەش یەکێک بوون لەو کارە باشانەی کە پەکەکە توانی لە سەردەمی ئاگربەستیدا، بیکات. لە ڕاستیدا، لەم قۆناغەدا[ قۆناغی ئاگربەستی] پەکەکە توانی پەیوەندی زیاتر بگرێت چ لە ناو خۆی تورکیادا و چ لە دەرەوەی تورکیا، کۆمەک و ھاوپشتییەکی مەزن لە لایەن زۆرێک لە چەپەکان و نقابەییەکان و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و تەنانەی ئەنارکیستەکانی دونیاوە ، دابین بکات. لەمانەش زیاتر ، پەکەکە ئەو ھەلەی قۆستەوە بۆ لێدوان و مشتومڕی نێوان ئەندام و لایەنگرانی سەبارەت بە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی / جەماوەریی و ڕەتکردنەوەی ئایدیای دەوڵەت-نەتەوە . بە کورتی پەکەکە لەناو خۆیدا لە لێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدا بوو ، لە تێپەڕاندنی قۆناخێک لە ھێزێکی سەربازییەوە بۆ ھێزێکی کۆمەڵایەتی ، لە جەنگی گەریلاوە بۆ بەرگریی یاخیانەی مەدەنیانە، لە بزوتنەوەیەکی چەکدارییەوە بۆ بزوتنەوەیەکیی جەماوەریی.


ھەموو ئەم گەشەکردن و پێشەوەچونانە زۆر بەباشی کاریان لەسەر کرا و کاریانکرد، تەنانەت ڕۆژاوای کوردستانیش لێی سودەمەند و بەھرەمەند بوو. ئەم کارە باشانە ھەتا مانگی نیسانی ٢٠١٥ ی خایاند، ئەو کاتەی کە ئەردۆگان ھەموو پەیوەندییەکانی ئۆجەلانی بە دەرەوەی خۆی بڕی . قۆناغی نێوانی نیسان و حوزەیرانی ھەمان ساڵ ، قۆناخێ دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیریی بوو، قۆناخێکی ناسک بوو نەک ھەر لە باکوردا بەڵکو لەسەرجەمی تورکیاشدا. لە ٢٠/٠٧/٢٠١٥ ھێڕشێکی تیرۆریسیانە گەنجانی باڵی چەپ و سۆشیالیستی کە لە شارۆچکەی 'سروس؛ گردبوبوونەوە سەبارەت بە پێشکەشکردنی کۆمەک و ھاوکاری بە کۆبانی ، کردە نیشانەو ٣٣ گەنج گیانیان بەختکرد و ١٠٤ ی دیکەش بریندار بوون . بە دوای ئەمەشدا تیرۆرکردنی دوو پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا، کە پەکەکەی تیادا تاوانبار کرا ، ھات. ئەردۆگان و دەزگە سیخوڕییەکەی ' میت ' بە خۆشییەوە چوون بەرەوپیری ئەم ڕووداوە و بە دەرفەتێکی باشیان زانی بۆ ناچارکردنی پەکەکە لە شەڕێکی نەخوازراوەوە و دواتریش شکاندنی ئاگربەستی.


ھەر لەو کاتەوە پەکەکە لە قەیراندایە بەتایبەت کە پێشوازیی لە بانگەوازەکەی دەوڵەتی تورکیای بە وەڵامدانەوەی شەر بە شەڕ، کرد . ئیتر ئەردۆگان ھەر جەنگی دژی پەکەکە ڕانەگەیاند بەڵکو دژی ھەموو کورد لە باکورا، بەو پەڕی دڕەندەییەوە و جەختکردنەوە لەسەر بەکارھێنانی ھەموو ئامرازێکی جەنگیی دژ بە کورد ، ئەمەش لە کاتێکدا کە ھێزەکانی دەوڵەت ڕووبەڕوی بەرگریی خەڵکی و شەڕی سەرشەقام دەبوونەوە لە زۆرێک لە شارۆچکەکانا. پەکەکەش بانگەشەی بەرگرییکردنی زیاتری دەکرد دژ بە ھێزە سەربازییەکانی دەوڵەت ، ئەم بەرگرییەشی بە " بەرگریی لەخۆی پۆزەتیڤانە" ناو دەبرد، بەلام لە ڕاستیدا ئەم بەرگرییە ، بەرگریی خۆبەزێن و خۆلەناوبردن ،بوو ، چونکە دەوڵەتی تورکیا ھەر بە شەڕکردن دژ بە پەکەکە و کورد لە تورکیادا نەوەستا ، بەڵکو جەنگەکەی بەربڵاوتر کرد و دەستدرێژیشی کردە سەر کوردستانی باشووریش، کە ڕۆژانە یا ھەفتەی چەند جارێک فڕۆکە جەنگییەکانی شاخەکانی قەندیل و دەورو بەرەکەی و گوندەکانی بناری شاخیان بۆردومان دەکرد ، کەئەمەش بووە ھۆی کوشتنی چەندەھا ھاووڵاتی گوندەکان و ئاژەڵ و گیانلەبەرەکانیان لەتەک وێرانکردنی خاک و ژینگەکەشیاندا.


ئامادەیی پەکەکە بە تێوەگلانی لەو شەڕە ناڕەوایەی دەوڵەتی تورکیا پاساو و بیانویەکی باشی دایە دەستی دەوڵەتی تورکیا کە بە تەواوی دەستی خۆیناویی ئاوەڵا بکات لە وێرانکردنی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان و کوژرانی ھەرکەسێک کە بەربەرەکانی دەسەڵاتی بکردایەتەوە، بە بەکارھێنانی ھەر ئامرازێکی بکوژ و داپڵۆسێنەر. سەرەنجامیش زۆربەی ئەنجوومەنەکانی شارەوانییەکانی باشوری ھەڵوەشاندەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ھەدەپە و خەڵکیدا بوون.

 

زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس گیانیان بەختکرد، ١١ ئەندام پەڕلەمان گیراون کە لە ناویاندا ھەردوو سەرۆکی پارتی ھەدەپەی تیادایە ، زیاتر لە ١٣٤ ئەندامی شارەوانییەکان گیراون ، ٥٠٠،٠٠٠ کەس ڕاگوێزراون یاخود ناچار بە ڕاگوێزان کراونەتەوە ، تەواوی شاری 'سور' ، شارە مێژووییە دێرینەکەی نێو ئامەد وێران کرا. لە نێو "کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی" و"ئەنجومەنی گەلان"یش، ئەمەریکا و بریتانیا و فەرەنسا وئەڵمانیا لۆمەی پەکەکەیان کرد و پێداگرییان لەسەر تیرۆریستی پەکەکە دەکرد . میدیاکەشیان سەرەڕای ھێڕشکردنە سەر پەکەکە ، زۆر بە ئاستەم تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیای ڕوماڵ دەکرد یاخود ھەر نەیان دەکرد.


ھەموو ئەمانەش لەگەڵ بۆردمانکردنی قەندیلو گوند و گوندییەکانی بناری قەدنیل و کوژرانی خەڵکە ھەژارەکە ، بەدیار چاوی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و حکومەتی ئەمەریکاوە بوون . لەگەڵ ھەموو ئەم تاوانانەشا ھێشتا ئەوە تورکیا بوو کە پشتگیریی وکۆمەکی پێدەکرا و تەنانەت حکومەتی بریتانیا بەردەوام بوو لە فرۆشتنی چەکی قورس و تەقەمەنی بە ئەردۆگان.


دوای ماوەیەک پەکەکە شەڕی شەقامی ڕاگرت بەڵام زۆر درەنگ بوو چونکە ئامانجەکەی دەوڵەتی تورکیا ھاتە دی، کە تاکتیکەکەی پەکەکە شکستی ھێنا و باجێکی یەکجار ھەر یەکجار گەورەی بە کورد دا . لەگەڵ ئەو خەسارە گەورەیە و ئەو شکستەدا جێی تێڕامانە تاکو ئەم ساتەش ئەوەندەی من بەئاگا بم کەسێک ، سەرکرەدەیەک لە پەکەکەدا بەرپرسیاریی گەڕانەوەی بارودۆخی کوردستانی بۆ ساڵانی ٨٠ سەرەتاکانی ٩٠ ھەڵنەگرت، سەبارەت بەو تاکتیکە خۆکوژییەی کە پەکەکە بەکاری ھێنا و گۆڕینی ستراتیجییەکەی لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ بزوتنەوەی چەکداریی، کەس سەرززەنشت نەکرا و سزا نەدرا . لەمەش خراپتر بۆ ئێمەیەک کە خۆمان بە ھاوپشت و کۆمەککار و دۆستی ڕۆژاوا و باکور دەزانیینجگە لە لێدانی چەپڵە و پیاھەڵدان و دەستخۆشی ، بێدەنگیمان بەرانبەر ئەم وەرچەرخانەی پەکەکە ، ھەڵبژارد.


بە بۆچونی من لەو کاتەوە پەکەکە لە قەیرانێکی گەورەدا دەژی و لە ئێستادا ڕووبەڕوی دوو ھەڵبژاردە دەبێتەوە: یەکەم : یان گەڕانەوە بۆ جەنگی تەواوی ساڵانی ٨٠ و سەرەتای ٩٠ کان، واتە لە کوێوە دەستی پێکرد بۆ ئەو شوێنە، ھەڵبژاردنی ئەمەش بەدڵنیاییەوە ھێج شتێک بەدی ناھێنێت جگە لە قوربانیدانی زیاتر و وێرانکردنی کوردستان و لاوازکردنی پرسی کورد و بەھێزکردنی دەوڵەتی تورکیا و ھاوپەیمانەکانی . دووەم: چەکدانانی بەشێکی زۆریان و کشانەوەیان بەرەو قەندیل و سەر سنور و ھاوکاتیش بانگەشەی وەستانی شەڕ دژ بە تورکیا بکەن ، ئیدی تورکیا قەبوڵی بکات یا نەکات کێشەیەک نییە. ئەمە دەکرێت بە ھەنگاوی یەکەم ناوی ببرێت تاکو گیانێک بە پەکەکەو کوردی باکوردا بێتەوە. دوای ئەمە ھاندانی لایەنگران و ھاوکارانی لە شار و شارۆجکەکانی ھەموو تورکیا تاکو ببنە ناوەندەکانی خەبات و تێکۆشان بۆ پێکھێنانی بزوتنەوەیەکی جەماوەریانە. ئەم ھەڵبژاردەیە تاکە ڕێگایەکە ئەگەر پەکەکە بیەوێت لەم قەیرانەی ئێستای دەرچێت و شتێک بۆ کوردانی باکور بکات.


من بەشبەحاڵی خۆمڕام وایە ئەم ھەنگاوە بۆ پەکەکە یەکجار گرانە چونکە لە مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٥ وە ، پەکەکە لە ڕوی ئایدۆلۆجیی و ئەوەی کە پێشتر دەیویست بەدەستی بھێنێت لە گەڕانەوەدایە و لە پرنسپەکانی ئۆجەلان ڕۆژ بە ڕۆژ دووردەکەوێتەوە کە ھەرە سەرەکییەکەیان بیناکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە . ھەروەھا لە ئێستاشدا سەکردەکانی پەکەکە ، بەتایبەت سەرکردە سەربازییەکان قسە و زمانی جیایان لە ئۆجەلان ھەیە و ڕەنگە لە کەمایەتییەکی یەکجار کەمی نێو پەکەکەش، لە کاتێکدا کە باس لە دەوڵەتی کوردی و ، یەکگرتنی ڕیزەکانی کورد و موئتەمەری گەلی کورد و زۆری تر لەم خیتابە قەومییانە،دەکەن.


لە باشوری کوردستان کە پەکەکە لە ڕوی فکریی و سەربازییەوە زۆر بەھێزە و زۆرێک لە بارگە و بنکەکانیان لەوێیە تەنانەت لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابوردودا تاکە گروپێکی لۆکاڵییان دروست نەکردووە جگە لە دروستکردنی ئەنجومەن لە خەڵکانی چەند گوندێکی بناری قەندیل و ئەوەی شەنگالیش ، کە دەتوانم بڵێـم ئەوەی شەنگال بارودۆخەکە سەپاندی بەسەریانا کاتێک کە لە بەرانبەریانا، پارتی و ھێزەکەی ھەبوون. تەنانەت ئەمان کاریان لەسەر پێناساندنی ئەزموونە گەورەکەی ڕۆژاوا و باکور، بۆ کوردی باشور نەکرد . یارمەتی و کۆمەکیان بە لایەنگران و کەسانی خۆیان لە باشور نەکرد سەبارەت بە دروستکرنی ھەمان شت کە لە ڕۆژاوا و باکور کراون، جگە لە پەروەردەکردنیان بۆ چەک ھەڵگرتن و پەیوەندی بە ڕیزەکانیانەوە وەکو شەڕکەرێک. ئەوەی کە پەکەکە لە باشوردا دەیکات لای من یا ھیچ شتێک کۆی ناکاتەوە یاخود زۆر کەم لەتەک فکریی نوێی ئۆجەلان-دا، دێتەوە.


لە ڕۆژی ٢٣/١٢/٢٠١٧ سەرکردەی پەکەکە و ھاوسەرۆکی کەجەکە ، جەمیل بایک، لە دیمانەکەی لەتەک کەناڵی ڕوناھی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای باشوری کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٥ وە لە قەیرانێکی گەورەدایە و خۆپیشاندان و ناڕەزییەکانی ئەم دواییەی بەخۆیەوە بینی ، بایک وتی تاکە ڕێگایەک لە دەرچون لەم قەیرانەی ئیستا " ..ێکھێنانی حکومەتێکی نوێی دیموکراتی دەبێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی باشوری کوردستان"* . ئەمەی لە کاتێکدا وت کە دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ ئەو کە قسە لە سەر ڕەگوڕیشەی کێشە و گرفتەکان بکات و ھەروەھا قسە لەسەر حەلی ئەو کێشانە بکات بە گرێدانەوەیان بە ھزریی نوێی ئۆجەلانەوە کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە . ئەو زۆر باش دەزانێت ئەوەی کە وتی بە ھیچ جۆرێک حەل نییە چونکە " حکومەتی نوێ" تەنھا لە پارتە سیاسییەکانی ئێستا پێک دێت کە لە کاتێکدا ھەموویان ھەتا بیناقاقایان لە گەندەڵیدا نوقم بووە و ھەر لایەکیشسیان پیاوی لایەنێکن: ئێران، تورکیا یا سعودییەو قەتەر. ئەم حیزبانەش ئەوەیان سەلماند کە پارتی سیاسی ھەرگیز ناتوانێت خۆشحاڵی و ئازادیی و یەکسانی بۆ خەڵکەکەی بھێنێت.


لە ڕۆژی ٢٨/١٢/٢٠١٧ مورات قەریلان فەرماندەی سەربازی پەکەکە لە و دیمانەیەی کە لەگەڵ کەناڵی چرا کردی وتی "... ئێمە دەڵێین لەلایەن ھەموو لایەنەکانەوە کۆمسیۆنێک دروست بکرێت، ئەم کۆمسیۆنە لە ھەموو ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و ھەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی فراوان دروست بکرێ...**.” ئەوان پێشنیاریان بۆ ئەو قەیرانە ھەیە کە کوردی باشور تێی کەوتووە. ئەو باوەڕی بە دروستبوونی کۆمیسوێنێک ھەیە کە کۆبونەوە لەگەڵ خەڵک لە ھەمو شوێنێکدا بکات تاکو بزانێ چییان ئەوێت. بەڵام لە ڕاستیدا مورات قەریلان و تەواوی حیزبەکانیش زۆر باش دەزانن کە خەڵکی چییان دەوێت ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە خەڵکی ناتوانن داخوازییەکانیان لە سای ئەو حیزبانە و حکومەتی ھەرێمدا بەدەست بھێنن. ئەم قسانەی مورات قەریلان بێ سەروبەرەیە، لەبری ئەم قسانە دەیتوانی کۆمەک و ھاوپشتیی پارتەکەی بخستایەتەبەردەستی خەڵکی لە خۆڕێکخستنیان سەربەخۆ و بەدەر لەحیزبە شکستخواردووە کان، ھەر وەکو خەڵکی لە ڕۆژاوای کوردستانا کردی کە کاری جددی بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە . گەر دیقەت لە ھەردوو دیمانەکە بدەین ئەوەش دەبینین کە ئەم دوو سەرکردەیەی پەکەکە لە نێوخۆیانا ھاوڕا نەبوون سەبارەت بە " حەلکردنی " ئەو کێشانە.


کەواتە پەکەکە بەرەو کوێ مل دەنێ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام ئاڕاستەی ئێستای پەکەکە نە سوودمەندە بۆ خۆیی و نە بۆ کوردیش . بەھەرحاڵ ، من دڵنیام زۆر ناخایەنێ ، داھاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

____________________________

* http://rojnews.net/haber/23465/.htm

** http://rojnews.net/haber/23662/.html

 

٣١\١٢\٢٠١٧ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک