٢٩\١١\٢٠١٧
پێکهێنانی شورای دیموکراسیخوازنی ئێران لە
پێناوی چیدا؟
- دەرفەت یان پێشێلکردنی
مافی نەتەوەیی؟ -

د. کامەران ئەمین ئاوە
ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاویی واتە ١٨\١١\٢٠١٧ی
زایینی لە شاری کۆڵنی ئەڵمان بە میوانداری حیزبی دێموکراتی کوردستان و
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی ئێران، هەروەها چەند حیزبی نەتەوەیی و
سەرانسەری وەکوبەرەی دێموکراتیکی ئێران دەستپێکی کاری "شوڕای دێمۆکراسیخوازانی
ئێران" وەکو مزگێنیپێکهاتنی ئەلترناتیڤێکی بەهێز لەبەرانبەر حکوومەتی
ئیسڵامی ئێران لە٨ خاڵدا ڕاگەیەنرا. بێگومانئەلترناتیڤ بوون
دەگەرێتەوە سەر قورسایی و نفووزی جەماوەریی ئەو ڕێکخراوانە لە گۆڕەپانی
خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێو وڵاتیاننەک ڕیزکردنی دروشم و نیوی
حیزبەکان. بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو، چەندین بەرەی وەک شوڕای
میللی و بەڕگری ئێران بە سەرۆکایەتی ڕێکخراوەی موجاهیدینی ئێران (کە
تەنانەت سەرەک کۆمار و کابینەی تێدادیارییکراوە)، کۆماریخوازان
وکۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ پێکهاتوون.
هەر کام لەوانەئیدیعایئەلترناتیڤ بوونیان بووە و هەیە! بەڵام حکومەتی
ئیسڵامی هەر لە جێی خۆیەتی و چاڵاکی ئەم ڕێکخراوانەش نەک سەرنجی خەڵکی
ئێران، بەڵکوو هێزە پرژوبڵاوەکانی دەرەوی وڵاتیشی بەرەو خۆ رانەکێشاوە
تەنانەتنەیانتوانیوە هیچ چەشنە ڕێکخستن و جوڵانەوەیەکی بە هێزلە نێوخۆی
وڵاتوەرێبخەن. بەم پێیە بڵێیشوڕای دێمۆکراسیخوازانی ئێرانبتوانێ
قەرەبووی سەرکەوتوو نەبوونی بەرەکانی پێشتر بکاتەوە و
ببێتەئەلترناتیڤکی جێمتمانە بۆ تەواوی خەلکی ئێران؟ ئەویش لە حاڵێکدا
کە زۆرینەی دامەزرێنەرانی ئەم شوڕایە هاوکات ئەندام و دامەزرێنەری
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرالێشن!
بڵێی ئەم ڕێکخراوانەی کە ئەم شوڕایەیان پێکهێناوە بتوانن ئیدیعای
نوێنەرایەتی نەک تەواوی ئێران بەڵکوو بەشێ ئەتنیکی خۆشیان بکەن؟ بۆ
وێنە ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشان
دەتوانن خۆیان وەکو تەنیانوێنەر و ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی گەڵی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە بکەن، ئەویش لە کاتێکدا قەوارەی کۆمەڵگای
کوردستان لە بەراورد لەگەڵ سەرەتای شۆڕشی ٥٧ی هەتاویی ئێران، گەلێک
گۆڕاوە و بۆتە کۆمەڵگایەکی فرە حیزبی و تەنانەت چوار کۆمەڵە و دوو
حیزبی دێموکراتیش بە هۆی دابڕانی ئەندامەکانیانەوەپێکهاتوون؟ بێگومان
هیچ حیزب و رێکخراوەیەکی کوردستانی و سەرانسەری بە تەنیایی ناتوانێ ئەم
ئیدیعایە بکات و ئەگەریش بیکات بە دوور لە ڕاستی، و تەنیا
پرۆپاگەندەیەکی بێ کەڵک و بێ سوود و سەمەرە دەبێت.
بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ بڕیارنامەی شوڕای دێمۆکراسیخوازەکانی ئێران
دەکرێ ئاماژە بکرێت کە خاڵی ٦ و ٧ی بڕیارنامەکە لە هیچ حاڵەتێکدا
تەبایی لەگەڵ بەرژەوەندی درێژخایەن و پرنسیپی خەباتی هێزێکی نەتەوەیی،
بە تایبەتی کورددانییە.
لە خاڵی ٦ لە پێوەندی لەگەڵ زمانی فارسیدا هاتووە:
"کەڵک وەرگرتن لە زمانی فارسی وەکو زمانی سەرانسەری و پێوەندی لە نیوان
تەواوی زمانە جۆراوجۆرەکانی وڵات وێرای بە فەرمی ناسینی زمانی
میللیەتەکان لە ئاستی وڵات و ناوچەکانی.".
هەڵبژاردنی زمانی فارسی وەکو زمانی فەرمی یان سەرانسەری لە وڵاتێک بە
ناوی ئێران نەک بە ویست و هەڵبژاردنێکی ئازاد لە لایەن نەتەوەکانی
ئێران بەڵکوو بە هۆی داسپاندنی ئیرادەی شوینیستەکانی ئێرانی لە
پێناویدامەزراندنی "یەک وڵات، یەک نەتەوە و یەک زمان" بووە، ئەمەش
دژایەتی لەگەڵ تەواوی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤدا هەیە. بەم پێیە پیویست
نەبوو لە بڕیارنامەیەکی وەهادا کە زۆربەی ئەندام و دامەزرێنەرانی لە
نەتەوەکانی نافارسن هەر لە ئێستاوە و بێ گشتپرسی و بیرو ڕای خەڵک لە
کۆمەڵگایەکی ئازاد و فیدڕاڵدا زمانێکی فەرمی دیاریی بکەن! پیویست بوو
نوێنەرانی حدک لانیکەم پابەند بە پەسەندکراوی کۆنگرەکەی ١٦ی خۆیان لە
پیوەندی لەگەڵ زمانی رەسمی لە فەسڵی چوارەم، خاڵی دووی ماددەی
دەهەمبوایەن کە دەڵێ:
"ئەو زمان یا زمانە ڕەسمییانەی بۆ نامەنووسین و پێوەندییە
ئیدارییەکانی نێوان هەرێمەکان و دەوڵەتی فیدڕال بەکار دەبرێن و هەروەها
سیاسەتی زمانی لە ئاستی دەوڵەتی فیدڕاڵدا بە ڕێککەوتنی گشتیی
پێکهاتەکانی نێوفێدراسیۆن بڕیاری لەسەر دەدرێ.".
لە خراپترین حاڵەتیشدا دەکرا ئەم بڕیارە دابنێن بۆ سەردەمی پاش رووخانی
حکوومەتی ئیسڵامی ئێران. بێگومان دەکرێ لە دادێدا لە ئەزموونی
وڵاتەکانی فرە نەتەوەیی فیدڕاڵ کەڵک وەربگیری،بۆ وێنە خەڵکی هەر
ئەیالەتێکی فیدڕاڵ بێجگە لە زمانی زگماکی خۆیان فێری یەکێک لە
زمانەکانی دیکەی ئێران بن، هەروەهاکەسێک کە بۆ کار و ژیان بۆ ناوچەیەکی
دیکە ئێران دەچێ فێری زمانی فەرمی ئەو وڵاتە بێ و هتد ...!نابێ
لەبیربچێتەوە کە گەشەکردنی زمانی فارسی بە حیسابی وەپاشخستن و
لەناوبردنی زمان و فەرهەنگی گەڵانی نافارس لە ئێران بەڕێوەچووە.بە
درێژایی دەستەڵاتداری پەهلەوی و مەڵاکانی ئێران، نووسەر و شاعیرانی
نافارس بە ئیجبار فێری زمانی فارسی بوون و زۆرتر خزمەتیان بە زمانی
نەتەوەی چەوسێنەر و داگیرکەر کردوە هەتا زمان و فەرهەنگی نەتەوی خۆیان.
منداڵی کورد لە ڕۆژی هەوەڵی مەدرەسەوە مەجبور بە فێربوونی زمانی بێگانە
بووە و ئەمە لەباری ڕەوانییەوە کاریگەریەکی نەرێنی لە ژیانی منداڵی و
سەردەمی دواتریدا بووە. بێ هۆ نییە کە زۆرینەی خەڵکانی نافارس توانای
نووسین و خوێندنیان بە زمانی زگماکی نییە و نەیانتوانیوە بە زمانی
خۆیان بخوێنن و پەرە بە گەشەکردنی زمانەکەیان بدەن.
لە خاڵی ٧ هاتووە:
"باوەڕ بە پاراستنی تەواوییەتی ئەرزی و یەکپارچەیی وڵاتی ئێران و
پابەندبوون بە بنچینەی بەرامبەری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی میللییەتەکان
و گرووپە ئەتنیکییەکانی ئێران.".
ئەم خاڵە دژایەتی لەگەڵ بنەواشەی(پرنسیب) مافی چارەنووسی گەڵان هەتا
ئاستی جیایی و پێکەوەژیانی دڵخوازانەینەتەوەکانلە چوارچێوەی وڵاتێکدا
هەیە. چ پێویست دەکات ئێمەی کورد کە بڕوامان بە مافی چارەی خۆنووسین و
پێکهێنانی کۆماری کوردستان هەتا ماڤی جیابوونەوە هەیە، بۆ دڵخۆشی هیزە
سەرانسەرییەکان لە ئێستاوە پابەندیی خۆمان بە پاراستنی سنوورەکانی
ئێران بسەلمێنین و بەڵێنیمانەوە وەک"مرزداران غیور و دلیر" ئێرانبدەین!
هەتا کەی بەشێک لە حیزبە کوردییەکان بۆ کار و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە
ناکوردەکان دەبێ پرنسیبی گشتی خەبات و تەنانەت خاڵەکانی بەرنامەی
پەسەندکراوی کۆنگرەکانی خۆشیان پێشێل بکەن؟ بۆ نابێ هەر لە ئێستاوە
لەسەر مافەکانی خۆمان سوور بین و بە پێی جاڕی ماڤی مرۆڤ ڕاشکاوانە باس
لە مافی چارەی خۆنووسینهەتا ئاستی جیایی بکەین؟ بێ گومان هەبوونی ئەم
مافە بەو مانایە نییە کە ئیستا کورد دەیەوێ جیا بێتەوە، بەڵام پیویستە
ئەم خاڵە گرنگە وەکو مافێکی ئینسانی و نەتەوەیی لە هەموو ڕێکەوتنێک
لەگەڵ هیزە سەرانسەرییەکان بە رەسمییەت بناسێنرێت. حیزبێکی کوردستانی
پێویستە لە ڕوانگەی بەرگڕی لە ماڤی نەتەەوییەوە بچێتە بازنەی ماملە
لەگەڵ هێزەکانی دیکەوە، دەنا چ جیاوازیەک لە نێوان حیزبێکی کوردستانی و
سەرانسەریداهەیە!
بێجگە لە سەرانسەری ناساندن زمانی فارسی و پابەندی بە تەمامییەتی ئەرزی
ئێران، خاڵەکانی بڕیارنامەی شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران لە بەراورد
لەگەڵ ویستی بەشێکی بەرچاو لە حیزبە سەرانسەرییەکان یاخود کۆنگرەی
نەتەوەکانی ئێرانی، فیدراڵ شتێکی وەها تازە و سەرنجراکێشی تێدانییە و
هەروکو پێشتر ئاماژەیپێکرا،بە پێچەوانەی بەرنامەی خودی ئەم حیزبانەشە!
بۆ وێنە لە بەرنامەی پەسندکراوی حدک لە کۆنگرەی شازدەدا باس
لە"وەدیهێننانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی
کوردستان، دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی
دێموکراتیکی فیدڕاڵ و یەکیەتی داخوازانە و دادپەروەرانەی نێوان
نەتەوەکانی ئێران" دەکرێت نەک باوەڕ بە پاراستنی یەکیەتی و یەکپارچەیی
خاکی ئێران(بڕوانە خاڵی١ تا ٣، ماددەی یەکەم: ئامانج و پرەنسیپە
بنەرەتییەکان).
مافی دیاریکردنی چارەنووس و یەکیەتی داخوازانە بەمانای ڕێژەیی بوونی
سنوورەکانی ئێرانە و ئەم مافە بە کورد دەدات ئەگەر پێویست بێت بە پێی
ڕاگەیەنراوی مافی مرۆف و ڕای خەڵکی خۆی،جیابێتەوە و کیان و دەوڵەتی
سەربەخۆی کوردستان پێک بێنێ.
هەروەها، لە فەسڵى دووهەمی ئامانج و ستراتیژىکۆمەڵەی شؤڕشگێرانی
کوردستان لە بزووتنەوەى کوردستان،پەسەندکراوى کۆنگرەى نۆهەمى کۆمەڵە،
پووشپەڕ - گەلاوێژى ١٣٨٠، ماددەی شەشدا هاتووە:
"..... ئێمە بە پێى جیهان بینى و بەرنامەى سۆسیالیستیى خۆمان، مافى
هەموو میللەتانى دانیشتووى ئێران بۆ دیاریکردنى چارەنووسى خۆیان، یانى
ئازادى ئەو نەتەوانە لە جیابوونەوە و پێکهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆدا بە
رەسمى دەناسین. لە هەمان کاتدا ئێمە خوازیارى یەکگرتنى ئازادانە و
برایانەى نەتەوەکانى دانیشتووى ئێران لە پێکهاتەیەکى سیاسیى فیدراتیڤ
داین و لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەم یەکگرتنە بە قازانجى دێمۆکراسى و بە
قازانجى جەماوەرى زەحمەتکێشە".
ئەم بۆچوونەی کۆمەڵە تەبایی لەگەڵ دەقی واژۆکراو لە شوڕای دێمۆکراسیخوازانی
ئێران نییە. نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی
زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە واژۆکردنی ئەم بڕیارنامەیە نەک هەر
دەستکەوتێکی وەهایان بۆ گەڵی کورد لە ڕێککەوتنیان لەگەڵ هێزەکانی بێ
ناو و نیشانی سەرانسەری و ناوچەیی دەستەبەر نەکردوە بەڵکوو بەرنامەی
پەسەندکراوی کۆنگرەکانی خۆیشیان پێشێلکردوە.
لەکۆتاییدا، پێویستە باس لە خاڵی دووهەمیش بکرێت کە جەخت لە "تێپەرینی
ئاشتیخوازنە لە کۆماری ئیسڵامی بە پێی خەباتی دێمۆکراتیکی شارستانیانە"
لە ئێران دەکات. بێگومان هیچ حیزب و نەتەوەیەک پێیناخۆش نییە بتوانێ
بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە دەستەڵات بگۆڕێت.کەمتر دەستەڵاتدارێکیش هەیە
کە بە خۆشی و رزامەندی خۆیحکوومەتڕادەستی ئۆپۆزیسیۆن بکات.هێزێکی سیاسی
سەرەرای ئەوەی کە هەوڵی خۆی دەدات لە تەواوی شێوەکانی شارستانیانە بۆ
گەیشتن بە ئامانجەکانی کەڵک وەربگرێت هاوکات خۆیشی ئامادە دەکات لە
ڕۆژی پێویستدا لە شێوەکانی دیکەی خەبات وەکو شەری چەکدارانە کەڵک
وەربگرێت. حیزبێکی سیاسی بە پێی بارودۆخ و گۆڕانکاریی و لاسەنگی هێز،
شێوەی خەباتی خۆی هەڵدەبژێرێت و خۆی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا قەتیس
ناهێڵێتەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران باوەریان بە خاڵی دووهەمی ئەم بڕیارنامەیە
هەیە، جێی خۆیەتی تێبکۆشن هەرچی زووتر خۆیان لە چوارچێوەی حیزبێکی
سیاسی - نیزامی دەرباز بکەن و ببنە هێزێکی سیاسی – مەدەنی!
بریا حیزبە کوردستانییەکانمان، کە ئاوا لەبەرامبەر ڕێکخراوەکانی
سەرانسەری و هتدی ناکورددا پاشەکشە لە بەرنامەکانی پەسەندکراوی
کۆنگرەکانیان دەکەن، بیانتوانیایە بە دوور لە پاوانخوازیی و بەرژەوەندی
تاکەکەسی و ...، لەسەر چەند خاڵێکیش پێکەوە ڕیکەوتبان و سەرەتا بە
پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی بەرەو پیری هاوکاری و دانوستان لەگەڵ
هێزەکانی سەرانسەری و ناکورد ڕۆیشتبان. کورد دەڵێ: "تا ماڵ گەرەكی بێ
لە مزگەوت حەرامە".
ماڵپەڕی
کامەران ئەمین ئاوە
|