په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٣\٢٠١٠
           
 پێڵاوەکانم دەگەن خۆم نا.

بەشدار سامى

1

نووسینەوەى ژێرپێیەکانى کۆڵانێک لەکه‌وتنەخوارەوەى نیگەرانیدا.
0
سنگم پڕبووە لە نیگەرانی
تەڕایى جەستەم لە جۆگەکانى مندالیدا جێماوە
بە حاڵ گەیشتومەتە ئێرە
بە حاڵ پیاوێکم کۆکردەوە بۆ گەیشتن بە ئێرە
پیاوێک لە پاشماوەى تەنیایی
پیاوێک لە ڕژانى ژێرپێیەکانى تەنیایی
تا گەیشتن بە ئێرە،
پارچە پارچە.

ڕەنگە لە ئەساسەوە بۆ ئەوە هاتبم تا تەنیابم
ئەگینا ئەوهەموو تەنیاییە بۆ لە من دا کرمۆڵەى کردووە؟
دەم کوتێ ئەم ئاژاوەیە
ئەم ئاژاوەیە لەسنگم دا نیگەرانى دەکوتێ
ئینسانبوونم دەکوتێ.
ڕەنگە ئەم پیاوە بەگالیسکەى ءەرزەکاندا تێپەڕێت و نەگات بە هیچ کوێ
جەنگى جگەرەى لێ دەرکەى.

من چۆڕاوم
هیچم نیە بۆ گمەى ئاوەدانى
ئاسمان لە من دا جۆرێکیتر دەبارێ
من جۆرێکتر دەڕوانم
تەنیاییم بە پڕبوونى کۆڵانەکان لە پێڵاو کۆتایى نایە
ئەمە سەرەتای شپڕزەییمە
تەنیاییم لەوشوێنە دەست پێدەکا
کە وەڕس دەبم لە تەنیایی و
بڕیارى ڕاکردنى لێ دەدەم.

من لە زەویدا کوژاومەتەوە، هەڵم لە قاقام بەرزنابێتەوە
ڕستەیەکى تەزیوم
یانى پەککەوتە
دروستر بڵێم: زەوى لە لورەى من بسمیلکراوە و
تۆئەمەت نەزانیوە
نەتزانیوە
تەنیایی لە من دا پیتەکانى لێ بەربەوە...
لە من دا بە هێڵەکان دادەڕوات...
لە من دا حیکایەتەکانى وشک بوونەوە هەڵدەخات...
لە من دایە موسیبەتى تەنیایی.

من وەها پیاوێکم چۆڕاو لە تەنیایی
چۆڕاو بۆ تەنیایی
بەهۆى تەنیایی مەوە
هێندەى باران تەڕیى بەرکەوتووە چاوەکانى دایکم هێندەى بێ تاقەتى ژوورێکى تەنراو بە دووکەڵى جگەرەیش
بێ دەنگی لە جەستەم دا کۆبۆتەوە.

من پیاوێکم عاجز لە هەمووشت
لە خۆیشم
بە منداڵیش بیرم نایەت تامى ژیانم کردبێ
ئێستایش ئەوەتام
لە بەردەم سادەترین گوزەران دا
سەرم سووڕدەخوا ڕەنگە وادەى تۆرانم بێ
لە هەموو شت
لە خۆیشم.

درەختێک شک نابەم لە جگەرەم بستێَََنێ و
بەو عەترەى کە ئێواران خۆم پەرش دەکردە
کۆڵانەکانى یار
کۆمکاتەوە.

دوور نییە دوا قومى ژیانم میراتى جگەرەیەک بێ
جگەرەى لێوی نیشتیمان
نیشتیمانێک لە من دا مەنفا
من لەئەو دا تەنیا
پەراوێز.

من لە نیشتیمان دا
بێ نیشتیمانیم بەرکەوتووە
هیچم نیە هیچ
زۆرجار نووسیومە: نیشتیمان تا ئەو شوێنە جوانە کە نیمە
لێ ئەوە ڕستەیەکە
دەشێ دواى مردنم پیاسەبکا
دەشێ وانەبێ
ئەمەیش بەشێکیتربێت لە نیگەرانیم.

من پیاوێکم نیگەران
نیگەران لە هەموو شت
لە خۆیشم
هەموو سەعاتێک شێست دەقیقە لە تەنیاییدا ژیاوم
شەقامەکانم بەخشیوە بە پیاسەکانم
پیاسەکانم بە تەنیایی
تەنیایی بە ژورێک
ژورێک لە من دا کرێچى
من لە ئەودا تەنیا.

لەوە نیگەرانتر قەت خۆم پیشانى ماڵەوە نەداوە
سوڕ دەزانم
ئەو نیگەرانییەى من کارەساتێکى لە دواوەیە
هێواش هێواش لە تەماشاکردنى جگەرەدا کاڵ دەبمەوە
هیچم نەماوە بۆ تەماشاکردن
بۆ چاوەڕوانى!
کۆمکەرەوە ئەى زەوى
ژیان لە نێو پێلاوەکەمدا بۆنى گۆرەویی گرتووە و
قرچەم دێت.

ژیان لە مندا ناگوزەرێ
من لە ئەودا بیر چوومەتەوە
بیرەوەرى دەم نوسێتەوە
بیرەوەرى تەنیایی
تەنیایی لە نهێنى زەمەنێکیتردا تا گەیشتن بە ئێرە
نهێنى ماوەتەوە.

بم جەربێنە ئەى خاک
ئەى عەدەم
لەوانەیە مەرگى من پەرشکردنى تاریکبێت
ئەگەر تەنیا جێهێشتنى ژورەکەیشم بێت.

تاقەتى تەماشاکردنى باخچەکانى نیشتمانم نەماوە
باخچەکانى نیشتیمانێک لە من دا پەڕپووت ....ڕووت لەگەڵا
قەرەباڵغ لە هیچ...لە بۆشایی
چى لێ چاوەڕوان دەکرێ؟
چیم لیێ چاوەڕوان دەکا؟
بونم لە تەپەى پێى مێرولەیەک خاڵیترە بۆ ژیان
لە نیشتیمانێکى نێو قەفەزى حزب شیاوترم بۆ مردن
ئێرە ئەو جێگایەیە کە من تیایدا دەبێ بنووسم کۆتایی
ئێرە کۆتایی ژوورەکەمە!
خەمێک لە باوەشم دەخولێتەوە
خەمێک سەرقاڵ
بە نووسینەوەى دوایین نەهامەتى سەر تەوێڵم
ڕووناکییەک شک نابەم نیگەرانیم لە خۆیدا کۆکاتەوە
جگەرە بە جگەرە شێدار دەکەم
بە نیگاى هەمیشە بێدەنگى ئینجانە دەڵێم:
ئێمە چین هاوڕێم
ئەو هەموو سەفەرەمان کرد
ئاسمانمان هەر شینە
چنگێک سێبەرماننیە لە (با).

بە من چى شەقامێک دروستکراوە بۆ پیاسە
کە ماڵێکم نەبێ دواى جووتبوونى خۆم و ژنەکەم
لە ژیان بڕوانێ.

من وەڕسم لە بەخشینى تاڵەکانى تەمەنم
بە حیلەى ئەو ڕەنگانەى وایانکرد
با بمبات لە درەخت بزربم
ڕەنگە لات کوفر بێ
کە نامەوێ بگەڕێمەوە نێو کۆڵانەکانى خودا
ئاخر ئەوە گوناهی من نییە
کە نەتوانم لەوە زیاتر یاریى لەگەڵدا بکەم
ئەوە گوناهى خۆیەتى کەنەیتوانى وام لێ بکا
بۆ هەمیشە ترپەکانى دڵمى پێ ببەخشم،
دواتر من لەو جێگایە دا دەمرم
کە خودا قوڵانێک بۆشایی نەهێشتۆتەوە بۆ ژیان
بۆ ئاشت بوونەوەى سەرکێشیم لەگەڵ ئارامى.

ئێستا هەرخۆم
خۆم بە چرکەکانى بێتاقەتى بە ستاوەتەوە
قوڵانجێک خاکم بەرنەکەوتوە
ئاوەدانى چۆن بەرپاکەم؟
تۆ ژمارەى هیلاکى جادەکانتم بۆمەخەرە سەر لەپ،
ژیان لە تۆدا جگەرەکەى کەى دادەگیرسێ؟
چۆن دادەگیرسێ؟
ژیان لە ژوورەکەى من دا لە هیچى تێپەڕنەکردووە
هیچ واتا بۆشایی.

من دەرفەتێکم نەماوە بۆ سڵاو
تا جارێکیتر سەرێک هەڵکێشم لە کۆڵان
تەنیایی نەبێت بە کەلکى شتێکیترنایەم
تەنیایی نەبێت بۆ نى شتێکیترم لێ نایەت
ئەو قەرەباڵغیە لە من دا ئاژاوەیە
ئاژاوە لە داگیرسانى تەنیایی دا جەنگە جەنگ
من هیچ نیم تەنیایی نەبێت
خۆم نیم تەنیایی نەبێت
تێگەیشتى موسیبەتم؟
من وەهام
کاتم نیە بۆ کردنەوەى دەرگا
خۆم داوەتە بەر بێدەنگى ژورەکەم و
بێ ویستى خۆم جگەرەیەکى زۆرم کێشاوە
ڤۆدگایەکم خواردۆتەوە
سەرمەستیش نیم بە تووڕەیى
هەر هیچ نەبێ پەنجەرەیەکم هەیە بۆ خۆکوشتن
بۆ دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەى
سیماى تەڵخى شار
لەخۆم
خۆمى بەردەم ئاوێنە
ئاوێنەى گومان
لە باوکم کە زۆرجار دێتە ژوورەکەم و دەڵێ:
نووسینەوەى ژیان مردنێکى جوانە
کە من لە مەبەستەکەى تێگەیشتم نیە
ئەویش ڕونی ناکاتەوە و
دەڕوا
بێئەوەى ئاوڕ لە هیلاکیم بداتەوە
دەڕوا و لە من وندەبێ
لە من دا تەنیا دەبێ
تەنیا دەمێنێتەوە.

من هیچم نەماوە تا هاوڕێیەتى باخچە
لە من دا بمێنێتەوە
لە من دابچێتەوە نێو ڕستەکانى شیعر
هیچم نەماوە بۆهاوڕێیەتى تۆ ئەى باخچە
ئەى بیرەوەرى
تۆیش لە من دا تەنیاى
تۆیش لە من دا تەنیا دەبى
تەنیا دەمێنیتەوە.

لەوە دەچێ کەمێکی ترلە نێو تاتاى ڕاڕاییدا پەرشببم و
وەک دلۆپێک ئاوى خەست بڕژێم
ڕەنگە نەتوانم لەوە زیاترچنگت پڕکەم لە بۆنى پەنجەکانم
نووسینى نامەیەکی تر بە خەتى ژیان
بۆ من سەختترە لە دەستپێکردنەوە
دڵم دەڵێ ئەو تەنیاییە چەندە سادەیە
هێندەش کاریگەر
کاریگەر بە خودى تەنیایی.

ڕەنگە لەقەدەرى من تێنەگەیشتبى
من لە تەنیاییدا خۆم کۆکردەوە
جگە لە تەنیایش بیرم نایەت شتێکم کۆکردبێتەوە
هەمووسامانى ژوورەکەم
لە بۆشایی و
پیاوێکى تەنیا و
ژنێکى نیگەران تێپەڕناکات
ئەوجەنگە دەمێکە داگیرساوە
دەمێکە پەرەى سەندوە
هێواش هێواش لە ژیان تۆراوتر دەبم
مالەکەم لە ژورێک دایە
ژورەکەم لە جادەکان دەڕوانێ
نازانم چۆن بە ژنەکەم بڵێم دەبێ نەتبینمەوە
ئاخر ئەویش گوناحە
گوناحێک خۆى بە من بەستابێتەوە
چۆن دەکرێ بە جێى بێڵم
ئاخرچۆن؟
لەو جەنگەدا کەس براوەنیە تەنیایی نەبێ
هیچ شتێک دۆڕاونیە ئینسان نەبێت.

هێندە نیگەرانم دەڵێى قەت ناگەمە سەرى کۆڵان
ئەم ئێوارەیە کە دوا ئاوڕدانەوەى خۆرنشینم لە پەنجەرەکەمەوە بینى
تێگەیشتم کە من تەنیا خۆم دیوە
بۆیە نەمزانیوە کەسانێک هەن
بەهۆى منەوە تەنیان
بە هۆى منەوە ئازار دەچێژن
ئێستا دەزانم بێدەنگى چەندە ترسناکە
گەر نەمەوێ قسەبکەم
دەبێ خۆم کۆکەمەوە
دەبێ خواحافیزی بکەم
پیاسەیەک سەرقاڵی کردووم
ڕەنگە ببێ بە سەفەر.


2009
bashdarsami@yahoo.com