په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پەنابەران بە پروپاگەندەی چەواشەکارانەی نوێنه‌ری حکومەتی هەرێم بڕوا ناکەن!


- وەڵام بە بەیان سامی عه‌بدوڕەحمان نۆینەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا -


دەشتی جەمال  


ڕۆژی 3-10-2009 لە ماڵپەری ڕووداو نێت دا ، هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە شاندێکی پارت و هێزە سیاسیەکانی عێراق و کوردستانی سەردانی باڵەخانەی نۆینەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە لەو کۆبوونەوەیەدا، بەیان سامی عه‌بدورەحمان نۆینەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردۆتەوە کە"حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردەم دژی ناردنەوەی پەنابەرانە بەزۆرملێ و ئەو هەڵویستەش هیچ گۆانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە" .


ئەم پروپاگەندانەى نۆینەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەوەى قسەیەکى بڕواپێکراو نیە بگرە هەوڵێکى تری فیروکارانەو چەواشەکەرانەیە بۆ دامرکانەوەی ناڕەزایەتی پەنابەران و بزووتنەوەکەیان کە لەهەموو کۆروکۆبوونەوەیەکدا ِراشکاوانە یەخەیان دەگرێت. ئەم جۆرە لێدوانانە چیتر ناتوانرێت جێگای بروا بێت کاتێک هەموو ئەو ڕاستیانە بۆ ڕای گشتی وپەنابەران و خەڵکی کوردستان و پارت و رێکخراوە مرۆیی و چەپەکانی ئەوروپاش ئاشکرا بووە کە چۆن حکومەتی هەرێمی کوردستان فڕۆکەخانەکانی لەماوەی 4ساڵی ڕابردووا بە (کەمالی ئیسراحەت) خستۆتە ئیختیاری ووڵاتە ئەوروپایەکان پیشوازیان لە وەرگرتنەوەی هاوڵاتیانی خۆیانکردوە ، گەر نارەزایەتیشیان نیشاندابێت سەروگوێلاکیان شکێنراوە.

بەیانی سامی عه‌بدورەحمان و حکومەتەکەی چۆن وەڵامی کەسوکاری ئەو پەنابەرانە ئەدەنەوە کە ڕوولەکانیان نائۆمید کردون؟ چۆن وەڵامی کەسوکاری (حسین عەلی،میوان عومه‌ر، بەهرۆز و بەلێن،..)کان ئەدەنەوە کە دوای ساڵانێک ژیانکردن لە ووڵاتانی ئەورویا ، بەزۆرەملێ گەڕینراونەتەوە وەیان لەترسی سیاسەتی بەزۆرە ناردنەوە خۆیان کوشت و کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە؟ ئێوە چۆن جورئەت دەکەن بەووتنەوەی قەوانی سواوی خۆتان بەوەی لەگەل بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران نیین ، لەکاتێکدا زیاتر لە 3 هەزار پەنابەری کورد لەلایەن ووڵاتانی بەریتانیاو سویدو هۆڵنداو سویسراو بەلجیکا و دانیمارک..بەزۆرەملێ بەشێوازی ئەوپەری نائینسانی دیپۆرتی کوردستانکراونەتەوە، بچوکترین ناڕەزایەتی لەدەمی ئەم حکومەتە بێ دەسەڵاتە نەهاتۆتە دەرەوە بگرە پێش وەخت ئیتیفاقتان کردوە ولیستی پەنابەران خڕاوەتە بەردەستیان تا ڕەزامەندی خۆتانی لەسەر نیشان بدەن .

بەڵام مەسەلەیەک کەلەبنەوە ئەم جۆرە هەڵویستە چەواشەکاریانەى بەیان وحکومەتەکەى کەلەسەر ناردنەوەى پەنابەران ڕایدەگەیەنن، هەڵدەتەکێنێ، واقعیەتى ئەو پەنابەرانەیە کە نێردراونەتەوە وە تا ئێستا هیچیان لەلایەن ئەم حکومەتەوە بۆنەکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کەچەندین جار خواستى چوونەسەرکار و دابینکردنى پەناو بژیویەک وپیداویستى دووبارە ژیانکردنەوە خڕاوەتە بەردەم عالیجەنابەکانى حکومەتى هەرێم کەچى ئەوان بێدەربەستانە جگە لەخۆدزینەوە وەڵامێکى تریان پێنەبووە. بەڕاستى ئەگەر بەیانى سامى عەبدورەحمان و حکومەتەکەى دەربەستى دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانن بۆچى بەقەد سەرە دەرزیەک بەرپرسیاریتىیان لەئاست ئەو سەدان پەنابەرە دیپۆرتکراوە نیشان نەداوە و بۆ گێرانەوەى ژیانیان کۆمەکى یان پىنەکردون؟ ئەمە ئیتر هەموو ئەو قسانە بەدرۆدەخاتەوە کە گوایە حکومەتى هەرێم لەگەل ناردنەوەى بەزۆرى پەنابەراندا نییە!!


ئەگەر بەڕاستیش بەیان و حکومەتەکەى جدین لەسەر قسەى خۆیان ئەوا با ڕەسمەن ڕای بگەیەنن ئێوە لەگەڵ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران نین.،ئەوا پەنابەرنی بەزۆر نێراوە وەرمەگرنەوە ودەرگای فرۆکەخانەکانی هەولێرو سلیمانی بەڕووی پەنابەرانی بەزۆر نێراوە دابخەن. ئەو بەندو بەستە نهینییەیە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر حسابى پەنابەران و خواستەکانیان دەستى بۆبردوە دەستبەجێ ڕابگرن.

پەنابەران چیدیکە لێتان قه‌بوڵ ناکەن مەسەلەى پەنابەران و خواستەکانیان بکەنە بابەتێک بۆ بەریوەبردنى سیاسەتى بازرگانی و بە فه‌رمیی ناسینی دەسەڵاتەکەتان لەسەر حسابی بەشێکی خەڵکی کوردستان.

بۆیە ئەم جۆرە لێدوانانە جگە لە وەی بتانەوێت پەنابەران چاوبەست بکەن هیچیتر نیە، پەنابەران ئەو ڕاستیە باش دەزانن سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانى کورد لە گۆشەیەکیدا بەرئەنجامى سیاسەتى سات وسەوداى یەکیتى وپارتى و حکومەتەکانیان بووە لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپادا، ئەوە هەرئێوە بوون لەدیدار چاوپێکەوتنەکانتان لەگەڵ نۆینەران وسەرانی ئەم حکومەتانەی ئەوروپا دا، کوردستان بە ناوچەى" ئەمن وئازاد" ناوزەدکردووە و بەردەوامیش کۆمەک وکارئاساییتان بۆ دەوڵەتانى ئەوروپا کردووە تابتوانن دەست ببەن بۆسیاسەتى دیپۆرتکردنەوەى پەنابەران. ئەوەتا لەکاتی دیپۆرتیشیاندا بێ دەربەستن وبەگیرفانى بەتاڵەوە ڕاوانەی بازاڕى شاریان دەکەن خواستیان خستۆتە بەردەمتان تەنها وەڵامێکتان پێ نەداونەتەوە.

دڵنیاتان دەکەینەوە ئایندە نە کەسوکاری پەنابەران نە کەسوکاری ئەوانەی لەڕێگای هاتو نەهاتی پەنابەریدا گیانیان لەدەستدا ،نە پەنابەران نە ئێمە نە ڕێکخراوە مرۆیی و پەنابەری و پارت و ڕێکخراوەکانیان ئاسان لێتان نابوورین.

 

d.jamal@ntlworld.com