په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٦\٢٠٢٠

پەنابەران لەبەردەم مەترسییەکانی ناردنەوە و دەریا و مەرگ!

 

 

مەرگی پەنابەران لە ئەستۆی دەوڵەتان و دام و دەزگا نێونەتەوەییەکانە!
بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی پەنابەرانەوە.


٢٠ی حوزەیزانی ھەموو ساڵێک ڕۆژی جیھانیی پەنابەرانە و ئەم ڕۆژە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ٦٩ ساڵە بە فەرمی دانیپێدانراوە. ڕۆژی جیھانی پەنابەران ئەمساڵ لە دۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتە مەترسییەکی گەورە بەسەر شانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە و بە ملیۆن مرۆڤ لە سەراسەری جیھان توشی ئەم پەتایە بوون و بەداخەوە تائێستا ژیانی زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤ لەسەر گۆی ئەم زەمینە سەندۆتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ھێشتا ھەواڵێک لە دۆزینەوەی پێکوتە (ڤاکسینێک) نیە بۆ بەرگرتن لە بڵاو بوونەوەی زیاتری پەتاکە و پاراستنی گیان و سەلامەتی کۆمەڵگەی بەشەری. لەکەنار ئەم دۆخەشەوە، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی پشێوی کۆمەڵایەتی، دیاردەی ھەژاری و بێکاری و گرانی و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان، دۆخێکی سەختی بەسەر کۆمەڵگەکاندا داسەپاندووە.


ھەر لەو ساتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریھەڵدا، حکومەتەکانی ئەوروپا بە پاساوی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاری داخستنی سنوورەکان و ڕاگرتنی پەنابەرانیاندا و داواشیان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد، پەیڕەوی لەو بڕیارە بکەن، ئەمە جگەلەوەی لە ناوخۆی ھەریەک لەم وڵاتانەدا سەدان پەنابەر دوای ڕەتکردنەوەی داوای پەنابەرێتییان لەگەڵ بێجێگایی و بێکاری، بێ ھیچ بیمە و خزمەتگوزارییەکی تەندروستی لە حاشییەی کۆمەڵگەکاندا جێھێڵران. ھەروەھا سەدان و دەیانی تریشیان بە زۆرەملێ دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە، وەیان لەکەمپ و گرتووخانە و زیندان و خێمە و خانووی پلاستیکیدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەلامەتی تەندروستی و گیانی ڕاگیراون.. ھەموو ئەمانە لایەنە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەم حکومەتانە بووە لەبەرامبەر پەنابەراندا.


لەگەڵ ھەڵکشانی پەتای کۆرۆنادا، حکومەتی تورکیا لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیدا، کەیسی پەنابەرانی بەدەستەوەگرت و بەمەبەستی وەرگرتنی ئیمتیازات لە دەوڵەتانی ئەوروپا، دەرگای سنوورە وشکانی و دەریاییەکانی بەڕووی پەنابەراندا کردەوە و زیاتر لە ١٤٢ ھەزار پەنابەر لە ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتەی ھاندا، تا بەرەو ئەوروپا بەڕێبکەون، کەچی دەوڵەتی یۆنان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بە توندکردنەوەی سنوورەکان و پەلکێشکردنی ھێزی سەربازی و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بۆ قەراغ دورگەکانی تورکیا و تەقەکردن و بەکارھێنانی گازی فرمێسک ڕێژ و بۆمبی دەنگی و کوشتن و ئیھانە کردنی پەنابەران و دنەدانی ڕاسیزم و نەژادپەرستی بۆ ھێرشکردنە سەر پەنابەران، لە کەمپەکاندا، وەڵامی دۆخی پەنابەرانیان دایەوە. ئەمە وێڕای چاونوقاندن لە ئاست تراژیدیای مەرگی بەکۆمەڵی دەریایی و لاشەی تێکچووی پەنابەران! وێڕای ئەوەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ڕاگرتنی، بردنی ئەو پەنابەرانەیدا کە داوای پەنابەرییان قبوڵکراوە تا بگوازرێنەوە بۆ وڵاتی سێھەم.


بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران "٧٠،٨٠٠،٠٠٠" حەفتا ملیۆن وھەشت سەد ھەزارکەس لە جیھاندا لە ماڵ و حاڵی خۆیان ھەڵکەنراون دەزگای (FRONTEX)ی ئەوروپی کە بەرپرسە لە چاودێری کردنی سنورەکانی ئەوروپا و ڕایگەیاند لەسەرەتایی ئەمساڵەوە (٣١،٦٠٠) پەنابەر گەیشتونەتە ولاتانی ئەوروپا بێ ئەوەی ڕەگەزنامەی پەنابەرەکان دیاری بکات لە ھەمانکاتیشدا ئەم ئامارە تەنھا ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە لەکاتی ھاتنیان بۆ ناو ووڵاتانی ئەوروپی یان لەسەر سنورەکانی ووڵاتانی ئەوروپی دەستگیرکراون یان خۆیان ڕادەست کردووە .سەبارەت بە ئاماری ئەو پەنابەرە عێراقیانەشی ساڵی ڕابردوو ٢٠١٩ گەیشتبونە ووڵاتانی ئەوروپا بریتیە لە (٢٦،٨٠٠)کە زورتیرینیان لە وولاتی ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەریان کردووە کە لە ڕیزبەندی ( ٥) پێنجەمدان لە کۆی گشتی پەنابەرانی جیھان. ھەروەھا بەپێی ئاماری فەرمی بەریوەبەرایەتی کۆچ وکۆچبەرانی تورکیاش پار ساڵ و پێنچ مانگی ڕابردووی ئەمساڵی پەنابەرانی عێراقی کە بەنیازبوون لە تورکیاوە بەرەو ووڵاتانی ئەوروپا برۆن بەڵام لەلایەن تورکیاوە دەستگیرکرابوون بریتیە لە ( ١٢،٠٩٧ ) دوانزە ھەزارو نەوەت و حەوت پەنابەر وە لەسەرەتای ئەم ساڵیشەوە واتا لە ماوەی پێنچ مانگی ڕابردوودا ( ١١٦٥ ) ھەزارو سەدوو شەست و پێنچ پەنابەر بووە.


بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن فیدراسیۆنەوە تۆمار کراوە تا ئیستا ٣١٤ ھاوولاتی ھەرێمی کوردستان لەدەریا خنکاو و بیسەوشۆین بوون لەوانە ١٦٣ تەرم گەراوەتەوە نیو باوەشی کەسوکاریان ١٥١ تەرم نادیارە . ھەرو ەھالە سەرەتایی ئەمسالەوە ٢١ ھاولاتی ھەرێمی کوردستان لەدەریادا خنکاون و٦ تەرم گەرێنراوەتەوە و١٥ پەنابەریش بی سەروشۆێنن.


ئەم ڕووداو و کارەساتە سامناکانەی کە پۆل پۆل پەنابەران دەبنە قوربانی دەریا و بێسەروشوێن بوون و کوشتن و تەقەکردن لە پەنابەران، ڕاگرتنیان بۆ ساڵانێکی زۆر بەبێ وەڵام لە کەمپەکان و داخستنی سنوورەکان و ئەو ھەموو بێڕێزی و ستەمکارییە بە پێش چاوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەچێتە پێش کە دەورێکیان بۆ خۆیان دانەناوە بۆ دانانی سنوورێک بۆ لێپرسینەوە و بەرگرتن بە سیاسەتی دژی پەنابەرییەی کە لەلایەن حکومەتەکانی ئیمزاکەرانی لائیحەی مافەکانی پەنابەرانەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم بێدەنگی و ھەڵسوکەوتەی حکومەتەکانی ئەوروپا مۆری شەرمەزاری دەنێت بە نێوچاوانی ئەم ڕێکخراو و حکومەتە ئەوروپییانەوە و ڤایرۆسی کۆرۆناش نیشانیدا کە مرۆڤ شایەنی داسەپاندنی ھیچ ناسنامەیەکی درۆزنانەی میللەت و نەژاد و جنسێک نیە، ئەوە ئەو سیستەم و دەسەڵاتەیە کە مرۆڤەکان و کۆمەڵگەی ھاوچەرخیان لەسەر بنەمای جیاکاری چینایەتی پلەبەند و دابەشکردووە دەمانکات بە گژی یەکتردا.


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەگەڵ ئەوەدا کە لە ڕۆژی جیھانی پەنابەراندا، چارەنووس و مەرگی پەنابەران دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتان و دام و دەزگا نێونەتەوەییەکان و ئەوان بەرپرسیار دەکات لە ژیان و سەلامەتی و تەندروستییان. ھاوکات ڕایدەگەیەنێت کە لە ئێستادا کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەنێو قوناغێکی ھەستیار و پڕمەترسی و ترسناکدایە و قەیرانی ھەمەلایەنی لە سیستەمی تەندروستی خۆی نواندووە، وە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان و ڕزگار بوون بۆتە بابەتی سەرەکی، ئەمڕۆ کۆشش و ھەوڵێکی گەورە دەخاتە ئەستۆی ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان و داکۆکیکاران لە مافەکانی پەنابەران و دنیای شارستانی، کە دەکرێت دەورەی داھاتوو قوناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان بێت لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانی پەنابەران و بەرگری لە مافی ھەڵھاتن و ئاسایش و شکۆی مرۆیی پەنابەری و ھەڵوەشاندنەوەی سنوورە دەستکردەکان. ھاوکات کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە قازانجی گێڕانەوەی پاراستنی ژیان و سەلامەتی تەندروستی و ئەمنییەت و پێکەوە ژیان و تۆلەرانس ڕێکبخاتەوە و پەرچەمی خەبات لەپێناو مافی ھاوڵاتی یەکسان و بەرگری لە مافی ھەڵھاتن و ئاسیش و شکۆی مرۆیی ڕەنگڕێژ بکەین.

 

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
حوزەیرانی ٢٠٢٠

 

 

--------------------------------------------------------------------------------------------

 


رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران
لەسەر ناردنەوەی پەنابەران داوای روونکردنەوە لە حکومەتی یۆنان دەکا.

 


ھیوا خدر: بە ناوەندی ھەواڵگری فیدراسیۆنی راگەیاند: "ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە سەر بەزۆرە ملی ناردنەوەی پەنابەران داوای ڕونکردنەوەو لێکۆڵینەوەی لە حکومەتی یۆنان کرد".


ھیوا ئەوەشی ووت" رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران تاکید لەوەش دەکات؛ بەپێی مافەکانی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەرێتی ھەر پەنابەرێک گەیشتە سنوری یۆنان نابێت دیپۆرت بکرێنەوە دەبێت لەم کاتەشدا حکومەتی یۆنان ڕوێوشوێنی تەندروستی بۆ ئەوپەنابەرانە دابین بکات بە کەرەنتینەکردنیان بۆ ماوەی ١٤ بۆ دڵنیابون لە تەندروستیان".


لە سەرەتای مانگی ٣/٢٠٢٠ ووڵاتی یۆنان ھەر پەنابەرێک لەڕێگای ئاویی و ووشکانیەوە لە تورکیاوە گەیشتبێتە یۆنان ڕاستەوخۆ دیپۆرتی کردوونەتەوە بێ گوێدانە ئەو مەترسیانەی پەنابەران ڕووبەڕووی دەبنەوە لەکاتی دیپۆرتکردنەوەیان بەتایبەتی لەدەریای ئیجەدا. بەپێی ئاماری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆکاروباری پەنابەران لە سەرەتای مانگی ٣ ئەمساڵ ٢٠٢٠ سەربازانی سنوری یۆنان لە دەریاو ووشکانیەوە ٣٠٠٠ پەنابەریان ڕاستەوخۆ دوای گەیشتینیان بەسنورەکانی یۆنان لە ووشکانی و دەریاییەوە دیپۆرتی تورکیا کردۆتەوە.

 

ناوەندی ھەواڵگری فیدراسیۆن

١٣\٦\٢٠٢٠ - تورکیا

 

 

--------------------------------------------------------------------------------------------

 


سەد و حەفتا و حەفت پەنابەر لە دەریایی ئیجەدا لە مەترسیی خنکان رزگارکران.
 


ھیوا خدر: بە ناوەندی ھەواڵگری فیدراسیۆنی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ناوچەی ئایڤاچەکی سەر بەشاری چانکاڵێ دوو چوپی پەنابەران ڕووبەڕووی نقومبون دەبنەوە کە ھەردووکیان ٨٤ پەنابەریان لەسەربووە پەیوەندی دەکەن بە پۆلیسی ئێشکگری دەریاوانی تورکیاوە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکات بەڵام لەکاتی ڕزگارکردنی پەنابەرەکاندا بەداخەوە پەنابەرێک دەخنێکێ.


ھاوکات پۆلیسی ئێشکگری دەریاوانی شاری چانکاڵێش ڕایگەیاند "ئەوپەنابەرانە گەیشتبونە دوورگەکانی یۆنان بەڵام لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری دەریاوانی یۆنانیەوە بەبێ گوێدانە مەترسی لەسەر ژیانی ئەو پەنابەرانە بەزەبری ھێز ڕەوانەی سنورە دەریایەکانی تورکیا کرابونەوە ھەتا ئێمەش گەیشتینە لایان بۆ ڕزگارکردنیان پەنابەرێک گیانی لەدەستدا"

ھەروەھا ھەر ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٣/٦/٢٠٢٠ لە دوو ناوچەی دەریایی سەر بەشاری چانکاڵێ لە دوو بەلەمی چوپدا ٩٣ پەنابەری تر ڕزگار دەکرێن.


بەپێی لێدوانی پۆلیسی ئێشکگری شاری چانکاڵێش ئەو پەنابەرانە گەیشتبونە دوورگەی لیسبوسی یۆنانی بەڵام بە ھەمان شێوە بەزەبری ھێز بێ گوێدانە ئەو مەترسیانە لەدەریادا ھەیە کە پەنابەرەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە دەگەڕێندرێنەوە سنوری دەریایی تورکیا.


شایەنی باسە لەدوای بڕیاری ھەڵگرتنی قەدەغەی ھاتوو چوو لە تورکیا شەپۆلی رووکردنە پەنابەران بەروو دورگەکانی یۆنان دەستی پێکردۆتەوەو حکومەتی یۆنانیش سەرباری توندکردنەوەی سنورەکانی سورە لەسەر دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بۆ تورکیا.
 

 

١٣\٦\٢٠٢٠ - تورکیا
 

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
 


 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک