په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠٢٢

   پێنج پارچە هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود

   ناتدرکێنم!
تار و تەم و تاریک،
چاوەکانیشم دەربکەی،
دەتوانم تۆ ببینم!
وەک دونیا کەڕوکوند...،
گوێچکەشم بگری، گوێم لێتە،
هەر دەتوانم تۆ ببیستم!
بێ زمان و زەمەن...،
زانینیشم زەوتبکەی، ونتناکەم،
دەتوانم تۆ بدوێنم!
باوەش بشکێنیت...،
ویڵیت ئەدۆزمەوە، دەتوانم
لە تۆدا خۆ بهەژێنم!
دڵـــــم گەمارۆبدەن...،
مێشکم داگیربکەن، تــۆ
لە خوێنمای، ناتدرکێنم!!
 


  
 لە ئاگر مەترسە!!
دەرگە نا، رێگە نییە،
خۆر نا، مانگ نییە، شەو نا، رۆژ نییە،
هیچ بەرەبەیانێک نییە، هیچ کاتێک گونجاو نییە،
هیچ ئاسمانێ دیار نییە، هیچ دیمەنێ زەوی نییە،
هیچ مەودایە شین نییە، هیچ شەقامێ روون نییە،
هیچ نیشانەیەک نییە نا، لە کۆتاییدا کۆتایی نییە!
تاریکی بەرەو کوێ دەڕوا، حەشارگەی
رۆناکی لە کوێیە؟!

هیچ سەرێک سەر نییە،
هیچ بەرێک بەر نییە، هیچ ناسینەوەیەک
لە کەسانی ناسراو نییە، هیچ دادگەیەک نییە،
هیچ سەفەرێک نییە، هیچ مەرەکەبێک نییە،
هیچ پۆستێک نییە، هیچ هەواڵێک لەهیچ
کەنارێکی بیابانەوە نییە!

پارک، نییە، بەرزی نییە،
هیچ کۆمپانیایەک نییە، نە گەرموگوڕی،
نە خۆشی، نە ئاسوودەیی، نە ئاسانی تەندروست.
هیچ هەستێکی نامۆیی، لە هیچ بوونەوەرێکدا نییە،
نە سێبەرو نە هەتاو، نە درەوشانەوەو نەخامۆشی،
نە پەپوولە، نە هەنگ، نە گەڵا، نە گوڵ، نە باڵندە،
نە بەفرو باران، نە دەریا، نە کەشتیوان،
نە میوە، لە مەرگدا !!

گەردوون تەنهایە،
هەست بە تەنهایی مەکە، کاتێک لە گەردوندای،
هەموو گەردون لە ناو تۆدایە، دەنگت نا، هزرت بەرزبکەوە،
چێنەر هەورە بروسکە نا، بارانە، تۆ دڵۆپێک نیت لە بارانەکە،
هەموو بارانەکە بارینێکە لە تۆدا، قومێک نیت لە زەریاکەدا،
هەموو دەریاکان قومێکن لە تۆدا، ئەوەی ئاو بێ
لە ئاگر ناترسێت!

لـەبەر سەنـگاوی زەوی نـەبوایە،
درەختەکان لەگەڵ تۆدا دەهاتنە پیاسە،
ئەوەی دەست و قاچەکانی تۆ پێوەند دەکات،
سروشت نا، سەرزەنشتە، ژیان دەقێکە کراوە،
خۆت زیندانی مەکە، زیندویەتیت نیشان بدە،
پێنوسێکبە، تێنوسێکبە لە خۆشەویستی،
باوەڕو بێباوەڕ لە باوەش دەگری!!

زیرەک نا، دانا بە،
دنیا نا، خۆت بگۆڕە،
سەیر نـا، سەما بکە،
هەڵە نا، ونی مەکە
خۆت لــە خۆدا!!

 

 

    داواکانم!!
وەرە خوارەوە،
هەموو ئەو شتانەی
داوای دەکەم،

کـەشتییەکــە
درێژ تر لە تەمەنی مرۆڤ و
ئەستێرەیەکە درەوشاوەتر
لەبەرەبەیان!

تێکڕای
ئەو رۆژانەی وەختە
بەدیار و لە تەمایاندا
بمرم،

هـەڵکردنی
باااهۆزێک نییە راهۆز،
هـاوااار و قـریشکـەی
جۆرە فڕینێکە بەسەر
سەری هەورە درۆزنە
رەش و سپییەکــان و
ئـافـاتی بێمروەتانەی
مرۆڤاکانەوە!

لەگەڵ باران
روون روون، وەرە
خواااارەوە!!

پێکـدااااا
لـەگـەڵ بـەفـر،
سپی سپی وەرە
خوارەوە!

بێرە دەی،
دەبێ جارێکی تر
چەقی دەریاکان،
سادە و قەرەجی،
تەیبکەین!

کـاتە درێـژە
خۆڵـەمێشییەکان تەواوبوون،
ماوەی خۆڵبارینە بەدەوییەکە
بەسەرچوو!

دەبێ
خـەوێکی ئاراام و
خـەونێکی شیرین
لـە دڵی چیاکاندااا
چێبکەین و بچنی
نەوە!

 

 

    سێبەرەکەم.
پــایزە
بوونەوەرێکم
سەیر!

پەلکێک گـــەڵاو
خشە خشێک لەبــا،
کەمێک ڕەنگ و تۆزە
سێبەرێکم هەیە!

سێبەرەکە،
بەرەوام بەدوامەوە و
هەردەم لە پێشمەوە،
دەر و ژوریەتی ئێستا
لــەتەکما!

ئــەوەی
دەتــوانم لــەودا بیزااانم،
زۆر زیاترە لەوەی دەتوانم
بیبینم!

لە شێوەدا،
پاژنەی هەتا سەری، لە خۆم
دەچێـت!

هەنێجار،
هەڵمی هەناسە و
بەردەوام جوڵەی
دەبینم!!

باز ئەداتە پێشمەوە،
کاتێک دەمەوێ باز بدەمە
نـاو جێگـەکەمەوە!!

زۆۆۆۆۆر
پێکـەنینـاوییە!
هەندێ جار حەزی لە مەزنایەتییە،
گەورەتر لە خۆم، خۆی نمایش دەکا و
بڕێک جاریش هێندە بچووک دەنوێنێ
وەک ئەوەی بییەوە منداڵ بێتەوە،
سەردەکەوێ،
لە ئاودا!

بیرۆکەی نییە،
وزە و هێزی دوورکەوتنەوەی نییە،
رەنگە بترسێت، بۆی هەیە شەرمن بێت،
دەشێت داهۆڵێک بێ لە مندا و نەهێڵێت
چۆلەکەی خەم باخ و بەرسیلەم
هەرزانخۆر کا!

بـەیانییەک زۆۆۆر زوو،
بەرلەوەی خۆر هەڵبێت،
لە ناو گوڵزاری حەوشەکەدا،
شەونــمی درەوشانەوەم
دۆزییەوە، دیار نەبوو!

هەر زوو زانیم،
لە شرینە خەوی خۆیدا
قوڵ کەوتووە!

سەرم
لـــە شتێکی دەرناچێ،
بە بێ ڕوناکی هەڵناکات،
کــەچی چاوی بەچاوی
هەڵنایە!

 

 

    درەنگە پیاسەیەک!!
ئێوارەیەکی باراناوییە و
بەدیار خۆمەوە، لە تۆ دەڕوانم!
مرۆڤ دەبێ ئاوێنەی خۆی بێ،
بۆ دەبێ لە خۆدا هێشتان هەر
تۆ ببینم، نـــــــازانم!!

ئێوارە و باران و خۆرەکە،
بەیەکەوە کەوتن، کەروێشکەی رۆشنایت،
ناکەوێ لە چاودا بیزانە!

بەرەو پیاسەیەک
دەمبەی، درەنگ وەخت!
ئەوەی گەمارۆم ئەدا، سەوڵەی هەناسە قوڵەکـان و
تاوە تەزوەی وردە شەپۆلی ماچە فڕیوەکانت نییە نـا،
پـژەی پژانی روو ماهی رووتە، لـە دەریای یادەکانتدا،
دەنگێکە سنەوبەری، بۆنێکە پایزی بواری ئاوڕدانەوە
لــە خۆم و پـــــــەڕینەوە
لە خۆتم نـادات!!

بە گریمانەی
ئـەم شڵێوە پێکدابارینەوەیە بێ،
دەریا، بە رووبار و، رووبار دەمباتەوە
سەر کانی!!

دەبێت
بە مەرکـانەیەک لە ئاوی سازگارەوە،
بڕۆینەوە سەر وەیس، بڕۆینە سەر ئەو هەورە
تـاریکانەی کەوتونەتە سەر لـووتکەی چیاکــە،
ئەگەرنا، چۆن بتوانم چاو لە رووناکیی
وەرگێڕم!

ئــەم مێرگە بـــادە،
بە درەخت و دارستانیەوە، کۆنی کردوە،
کەچی لە هەر پەلکە هەنگاوێکدا وشک،
لە هەر وشە گەڵایەکدا تەڕ، لە رژانی هەر
پێکێکدا سارد، برینێکی نـــوێ دەبیەوە،
زامێکی قوڵ، بێ ئەوەی بـە خۆم بزانم،
دەچزێتەوە لە دڵدا!

ئەم بنمیچە،
سەرااابێک دەرچوو، قەشەنگ،
كەس نەیزانی، چۆن بووین بە تەم و،
چۆن بووین بە غوبار و بڕاینەوە!
تـــوااینەوە!!

لە دێری
لەو بازە باڵندانە دەچین،
سەرەوژوور لە هەرەسێکدا،
لە هەر فڕینە وشەیەکدا،
فەناترن!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک