په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٥\٢٠١١

کورد و تورکیا.


عارف مەعروف    

 

لەگەڵ ڕژێمی ڕابڕدوو زۆر لە یەک دەچن لەوەی ئەگەر بێتو هیچیان دەست نەکەوی کە سەروەریی خۆیانی تێدا بنوێنن ئەوە بە تەنها ئەوە بەسە کە نەتەوەکانیتری وڵاتەکەیان بچەوسێننەوە بۆ ئەوەی سەروەریی خۆیان لە ئامێزی خۆیاندا بڕوا پێ بهێنن هەست بەوە بکەن کە ئەمجارەشیان دەستیان داری گرتووە.

بەڵام زۆر جار بە خۆیاندا دەچنەوە هەست بەوە دەکەن کە چەند خزمەتی میللەتەکەی خۆیانیان کردوە لەوەی بە تەواوەیی بتوانن باری راستی خۆیان لە بەردەم و نیگای میللەتدا بەرەو چاکیی و بێ پەرتەوازەیی بڕۆن.

بەڵێ ئەو تورکیا زل و بڕوا بە خۆ بووە بەس بە تەنها لە ئەسته‌نبووڵدا هەست بکەن یاخود له‌ هەر شارێکیتری تورکی لەوەی بە زمانێکی تر - جگه‌ لە تورکی - قسە دەکەی ئەوا دوات دەکەون ئەگەر بێتو خاوەن سه‌فاره‌یەکی ئەو وڵاتە بی کە لێیه‌وه‌ هاتووی ئەوا لەوانەیە هەندیک کارەکەت مەیسەر بێ بەڵام گەر خاوەن هیچ شتێک نەبی لەو جۆرە کوردانەی خۆمان چۆن سەفەریان دەکردە تورکیا بە بێ پاسەپۆرت ئەوا هەر لە داخی ئەوەی کە بە کوردی قسەیان دەکرد بێ سێ و دوو لێ کردن سنوور داش دەکرا و بە بێ بەزییانە دەدرایەوە دەستی ئەو وڵاتە درندەیەی کە پێ دەگوترا وڵاتی بەعسی بۆگەن، بەڵێ تورکیایەکی حکومەت بەو جۆرە رەفتار دەکا.. خۆ خاوەن دەسەڵاتە ئەگەر بێتو چەند کەسێ لە ئەنقەرە و یاخود هەر شارێکی تر بە تورکی قسە نەکەن هیچ لە هه‌یبەتی تورکیا کەم ناکاتەوە. ئەی ئیتر بۆچی بەو جۆرە بیر دەکەنەوە و رەفتار دەکەن؟ خۆی لە خۆیدا گرێیەکیتر لە داوه‌ ئاڵۆسکاوەکە دەدا و هێندەیتر وامان لێ دەکا کە ئێمەی کورد بەرامبەر بەو رەفتارانەیان دۆش دابمێنین و خۆمان بخۆینەوە. کەچی ئێمەی کورد نەمانتوانیوە لە هیچ شتێکی ئەوانەی بەرامبەرمان رادەوەستن سوود وەربگرین، خۆ ئێمە هێشتا نەبووینەتە خاوەن قه‌واره‌یه‌ک.. ئێستاشی لە پاڵدابێ ئه‌و قه‌واره‌یه‌مان بە دەست چەندێکی وەک تورکیاوە لە ئەگەری بوون و نەبوونایە کەچی ئێمە بەوپەڕی رێزەوە پێشوازیی لە نامۆ دەکەین بگرە لە هاوڵاتیە کوردەکەشی زیاتر رێز لێ دەگرین کە باو و باپیر و کەسوکاری لە پێناو گەیشتن بەم سەروەرییە خوینیان رشت.. نموونەی ئەوەش زۆرە هەر لە پرسگاکانی هەولێرەوە دەست پێ بکەین تا دەگاتە بچووکترین کاری ئەم کوردستانە، بەڵێ پرسگاکانی هەولێر کە ئێستاشی لە پاڵدابێ نایەلن هاوڵاتیەکی کەرکوکی ئاودیوی هەولێر بێ بە ماشێنەکەیەوە وەک ئەوەی تیرۆر لە ماڵە کوردەکانی کەرکوکا گەورە بووه‌ و هەر لەم شارەشەوە بەرەو شارەکانیتری کوردستان بە رێ دەخرین.

ئەوان لە مێژه‌ توانیان هەل بۆ خۆیان بقۆزنەوە، مەبەستم بەرپرسە تورکەکانە توانیان لە وەختێکدا خۆیان رابگرن و دوای گیرفان پڕکردن نەکەون، چونکە دەیانزانی بە پێکەوەنانی ئەو قه‌واره‌یان ئەوا پشتاوپشت دەحەسێنەوە.. بۆیە بیریان لەوە نەکردەوە کە بە تەنیا بۆ خۆیان و نەوەی خۆیان کار بکەن وەک ئەمڕۆ لە کوردستاندا باوە هەر وەک دەڵێن من خۆم سەید بم ئیتر خوای ده‌کرد خەڵکەکە چی ده‌بوون.

بەڵێ بەرپرسانی کورد، ئەوان سوودیان لە ئایدیۆلۆژیای ئیسلام وەرگرت بۆ پێشخستنی بیری نەتەوەییان نەک وەک ئێمەمانان کە بیری نه‌تەوەییمان لە پێناوی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیدا توایەوە بە بێ ئەوەی بە خاوەنی هیچ شتێک بین.

ئێمە لەم وەختە ناسکەدا تەگبیرکەرمان نییە بۆ ئەوەی بتوانین لە سەر دوو پێ بوەستین و یەک بە کامی دڵی ئەوەیتر کار بکا.. ئێمە تا ئیستا نەمانتوانیوه‌ ئاسیا و کۆرک لە یەک بدەین، ئەی چۆنی بتوانیین دوو ئایدیۆلۆژیای دوو حیزب لە بەری تەسکی قوماشێکا کۆ بکەینەوە؟؟

بەڵێ بەرپرسانی کورد، زۆرمان پێیە و بە کەمیی زمانمان لە ترسی ئێوە دێتە گۆ.. تۆیەک ئامادەیی هەموو شێکت تێدا بێ بەس ته‌نیا لەبەرئەوەی کاری بازرگانییەکەت نەشێوێ.. ئەی چۆن هاوڵاتیەکی کڵۆل بتوانی دەنگ بەرزەوەکات و بوێرێ بەرامبەرت بکۆکی کەچی خۆت لە هەمان وەختدا بە ناوی دیموکراتییەوە بلۆف لێدەدەی و سەری زمان و بنی زمانت ئەو جۆرە دروشمانه‌یه‌ کە خۆت نازانی واتایان چییە بەڵام بە ناوی دیموکراتییەوە پێتیان راهێناوە و تۆش وەکو تووتییه‌ک لە بەرت کردووە بە بێ ئەوەی بزانی لە خزمەتدایە یاخود نا. ئێمە هەر ئەوەندە دەڵێین تا خاوەنی ئێوەمانان بین ئەوا کارمان هەر وا دەبێ و ملی رێگه‌‌ بەرەو نزمتریش دەمانبا...
 

ماڵپه‌ڕی عارف مه‌عروف

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک