په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٦\٢٠١١

کورد و کاوە.


عارف مەعروف    

 

کێ بێ لە ئێمەمانان کە ناوی کاوەی ئاسنگەر بهێنین نەزانێ کێیە؟. یاخود ئەگەر بۆ جارێکش بێ گوێی لە داستانەکەی نەگرتبێ. کە چۆن جۆش دەیگرێ و هێرش دەباتە سەر زوحاک و لە ناوی دەبا. خەڵکەکە لە ستەم و جەوری ئەو پاشایە رزگار دەکا. نامەوێ لێرەدا دەست بکەمە باسکردنی کاوە. چونکە باسێکی دوورودرێژە. ئارەزووی ئەوەش ناکەم گۆشەکەم بە باسی کاوەوە دریژ بکەمەوە. بەڵام ئەوەی منی ڕاگرت لە خوێندنەوەی داستانەکەی کاوە، کۆتایی داستانەکەیە کە گوایە کاوە دوای ئەوەی شەش کوڕی دەکوژن و دێن بۆ کوری حەوتەمی جۆش دەیگرێ و دەستدەداتە چەکوشەکەی شۆرشێک بەرپا دەکا. دەنگی نەعرەتەی بەرز دەبێتەوە و هاواری لێهەڵدەستێ.. ئەگەر بە من بێ و بڕێک بەرەو مێژوو بگەڕِێمەوە، ئەوە تەنیا پرسیارم لە کاوەی ئاسنگەر ئەوە دەبێ. (بۆچی لە کوڕی یەکمت یاخود دووومت یا...... شەشەمت هەڵنەستای و نەعرەتەت نەکێشا و شۆرشت بەرپا نەکرد؟؟ یاخود حیکمەتەکە چی بوو لە دوای کوشتنی کوڕی شەشەمت و کاتی هاتنیان بۆ کوڕی حەوتەمت شۆرش بەرپا دەکەی؟؟).

ئەم پرسیارانە لە دڵمدا ببوون بە گرێیەک. چونکە خۆم لە هەموو کەسم باشتر دەزانی کە وەڵامی ئەو پرسیارانه‌م بەس بە تەنیا ترسنۆکی کاوە بووە و هیچی تر. کاتێک درکی بەوە کردووە کە هیچی بۆ نەماوە، ئەو جار ژیانی خۆی خستووەتە سەر لەپی و بەرەو مردن هەنگاوی ناوە. ئەگەر بە ووردیی تێیبڕوانی ئەوا هەست دەکەی سەرەتای شۆرشەکەشی بەوە دەستی پێنەکردووە کە بڕِوای بە سەرکەوتن هەبووبێ. بگرە ئەو هەڵستانەی یاخود بەرپیه‌چدانەوەی بەس بە تەنیا لە پێناوی پارستنی گیانی کوڕی حەوتەمی بووە. یانی بە شێوەیەکی باشتر بڵێن ئەگەر بێتو ئەو پاشایە بۆ کوڕی حەوتەمی نەهاتبایە و لە کاوە بگەڕبایە و لێی نەپرسیباتەوە ئەوە بێگومان بن لەوەی کاوە شۆڕشی نەدەکرد و ئەو داستانەش بۆ ئێمەی کوردی کڵۆل نه‌دەمایەوە. ئینجا ئەگەر بڕِێکیتر بە داستانەکەیدا بچیتە خوارەوە، ئەوە شتی سەیر و سەمەرەترت بۆ دەردەکەوێ. ئەوەش دوای ئەو شۆرشە گەورەیە دێ (فەریدون) بە پاشا دادەنێ. لە بەرەتی خۆێ. واته‌ لە دوای شەش کوڕکوشتن دێ کورسی حوکمڕانیی دەدا بە دەست یەکێکیتری فارسەوە، کە گوایە ئەمیان لەویتریان چاکترە. تۆ تەماشا ئەو خەڵک هەڵخەڵەتاندنە. تۆ تەماشای ئەو کارەساتەی کە لەو سه‌رده‌مه‌شدا کراوە. واته‌ کاکی کاوە خەڵکەکە چاویان فەره‌یدونی نەبینیبوو کە دوای بکەون؟ چی پێویست دەکا دوای ئەوەی ئەو هەموو خەڵکە دوات دەکەون تۆ بێی و سەرکەوتنی شۆرشێکی کوردی بە هەموو کەرەسەی سەرکەوتنیەوە پێشکەش بە میللەتێکی تر بکەی.

(کورد زۆر جار دەڵێ گەورە ئاو دەرژێنێ و گچکە پێی لێدەخشێنێ)، خەمت نەبێ کاکە کاوە. بەرپرسانی ئێستا و بگرە لە مێژووشدا. هەر وەک خۆت ئاسا هەڵسوکەوتیان کردووە و دەیکەن و یەک موویەکیان لە خۆت لانەداوە...

بەڵێ بەرپرسانی کورد. ئەو هەموو شۆرشە، ئەو هەموو دەربەدەریی و ماڵوێرانییه‌ی که‌ گەلی کورد بە دوای ئێوەوە کێشای. کەچی لە بەغدا بوو بە قوربانی قۆستنەوەی کورسیەکی بۆگەن. کورسیەک مۆرانە لە قاچەکانی داوە لە هەر کات و ساتیکدا بێ بە لادا دێی و ئەوەی سەریشی سەر نگوون دەکا. دەیانگوت مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەڵام لە لای گەلی کوردی ئێمە دەبارە و بیست بارە دەبێتەوە.

لەم سەردەمەی ئێمەشدا هەروەکو سەردەمەکەی کاوە، ماڵ نەبوو چوار کوڕ و چەند کچ و بگرە کار گەیشتە کۆرپەی ناو بێشکەش شەهید نەکری لە لایەن دکتاتۆری بەدناوەوە. کە بە زوحاکی ئەم سەردەمە ناو دەبرا، کوردە حەیاتەکەی خۆمان ئەوجا بەرپرسەکانیان بە دیبلۆماسیانە کاریان کرد و توانیان ئەو هەموو خەڵکە لە کۆچڕەوەکەی نەوه‌ت و یەک دوای خۆیان بخەن. کە لە ڕێگه‌یانەوە هەستی گێتیان بە لای خۆیاندا ڕاکێشا.

هەموو خەڵکی ئەم جیهانه‌ دەیویست کار بۆ گەلی کورد بکا. بەس بە تەنیا بۆ ئەوەی جارێکیتر هیچ هێزێک لە سەر رووی زەوی نەتوانێ دەستدرێژی بکاتە سەر گەلی کورد. ئەوە بوو لە پاین ئەو کارەوە هێڵە ئەمنییەکان دامەزرا. بۆ هیچ لایەنێک نەبوو تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێی ئێراقیش ئەو هێڵانە ببزێنێ. بۆ ماوەیه‌کی چاک زیاد لە دە ساڵ به‌ بێ شه‌ڕ و به‌ ئاسایی ژیان، بەڵام هەر ئەوەندە خۆش بوو کە مارێنز ئێراقی رزگار کرد، ئیتر بەرپرسە بەرمەکییەکانی کوردی خۆمان سنووری جوگرافیایی کوردستانیان لە بیر نەما، بەغدا خۆت بگرە هاتم. (بۆ پڕ کردنی گیرفان هاتم) وئەو شۆرشە مەزنەی خۆمانمان کرده‌ دیارییەک بۆ رێکخستنەوەی ماڵی عەرەبی، فەرموویان لەو کەسانە کرد کە لە ژیانیاندا نەیاندەزانی دەربەدەریی و ماڵوێرانی چییە. لە هاوشانی خۆیانیان دانان و بگرە وا ئیشیان بۆ کرد گەر بۆ خۆیان ئیشیان بکرادیە زۆر لە زوو بوو کە ببوینە خاوەن مافی سەربەخۆیی نەک فیدراڵیەت. کە ئێستا ئەوانەی داتانناون و کردتان بە خاوەن پایە پێمانی ڕەوا نابینن.. هەر ئێوە نەبوون - مەبەستم بەرپرسانی کوردە حەیاتەکەیە - دوای پرۆسەی به‌ناو ئازادیی هەڵه‌بجەتان ڕەوانەی بەغدا کرد. لەوێ لە چایخانەکەی عەجمی شەکری تاڵتان دەرخواردی دا؟ ئایا کاکی بەرپرس کاتی ئەوە نەهاتووە کە بگەڕێیته‌وە جێ و شوێنی خۆت. بتوانێت دەستێک بەسەر کوردە کڵۆڵ و داماوەکەدا بهێنێ؟ بەڵام زەمانەیە و دەبێ کاوەمان لێنەبڕێ، دەبێ هەردەم خۆبەخشمان هەبێ، تا ئەوەی گەل بە دەستی دەهێنێ ئەو - مەبەستم بەرپرسەکانە - بە سنگفرەوانییەوە بیبەخشێتە دوژمنەکانمان. ئەوا دیسان سەروەریی خۆمان لەم سه‌رده‌مه‌شدا کاوە ئاسا دایە دەست شکست، کردمان بە قوربانی رێکخستنەوەی ماڵی عەرەبی، ئاشتکردنەوەی عەرەبی سونە و شیعە و لەبیرکردنی کارە بنچینه‌ییه‌کانمان کە بە بۆنەی ئەوەوە روومان کردە بەغدا. بەوەش رازی نین کە کارەکەی کاوە دووبارە بکەنەوە، ئێستا بەرپرسانی کورد دەیانەوێ پێ لە ئاوەکەی سەلاحەدین ئەیوبی بخه‌ین. ئەوجا نازانم چی بنووسم و چۆن بێمە گۆ؟؟

 

ماڵپه‌ڕی عارف مه‌عروف

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک