په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠١١

کورد و شەره‌مولشێخ.


عارف مەعروف    

 

ئەگەر شەره‌مولشێخ پێش ئێستا لە لایەن گەلی کوردمانەوە هێندە ئاشنا نەبووبێ.. بەڵام دوای روخانی رژێمی به‌عس، بە شێوەیەکی بەرچاو ناسرا و بگرە وای لێهات وەکو شارێکیتری ئاشنا بە بەرپرسەکانمان باس بکرێ و ناوی بێتە ئاراوە. ئەوەش لە بەر دوو هۆ: یەکەمیان لە بەر ئەوەی دەکەوێتە وڵاتێکی عەرەبییه‌وە. دووومیان دوورەپەرێزیی خەڵکە ساکارەکەی کوردە. یانی باشتر بڵێین لە چاوی کوردەکانی ئەوروپامانەوە دوورە یاخود وەکو شارێکی ئەوروپایی نییە کە کوردێکی زۆری لێبێ. هەر بەرپرسێک رووی لێبکا ببێتە جێگه‌ی تێروانینی ئەو خەڵکەی لە ترسی هەمان بەرپرس ولاتی بە جێهێشتبێ. بۆ زانیاریی ئەم شارە شارێکە لە شارە گەشتیارییه‌کانی وڵاتی میسر. جێگه‌ی حەوانەوەی خه‌ڵکه‌ و زۆربەی به‌رپرسەکانی وڵاتە عەرەبییه‌ دکتاتۆریەکان رووی لێدەکەن بۆ حەوانەوە و بەسەربردنی کاتێکی دیارکراو لە بەدیهێنانی ئامانجە بۆگەنەکانیان. هەر بۆیەش بەم دواییە زۆربەی زۆری بەرپرسە ئێراقییەکان و بە تایبەت کوردەکان کردوویانەتە مۆڵگه‌ی حەوانەوەی خۆیان. وەک لاساییکردنەوەیەکی رێورێچکەی گەورەکانیان. هەروەک چۆن حوکمی دکتاتۆریی میسر لە دوای لابردنیشی هەر ئەو جێگه‌یەی پێ باشترە لە جێگه‌کانی تری میسر. تێیدا هەموو شتەکان لە بارودۆخێکی تردا دەبیننەوە مەبەستم بەرپرسەکانە.. گرنگ نییە چی بکرێ، گرنگ ئەوەیە هەموو شتێک بە گوێرەی دڵی ئەوان به‌ڕێوه‌ ده‌ڕوا. بۆیەش ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەن کە لە پاڵ دوژمنەکانیاندا بژێن و هەر ئەوانیش بە پارێزراوتر بزانن لە هەڵگرتنی پارەو و سامانه‌کانیان. لەوانەیە بەرپرسێکی زۆری عەرەبیش روو لەوێ بکه‌ن بۆ ئەوەی بتوانن هەندێک لە بارودۆخەکە بە لای خۆیاندا کۆنترۆڵ بکه‌ن. ئەمەیان پێم وابێت هەندێک کاری سەیر و  سەمەره‌ نادات بە دەستەوە. چونکە ئەوان مەبەستم هەردوو لایەنە چی بەرپرسی عەرەبەکەیە یاخود بەرێوەبەرانی شەره‌مولشێخ هەردووکیان هەڵقوڵاوی یەک سەرچاوەن و یەک ئایدولۆژیا و یەک ئاین و یەک رەگەزی نەتەوەیی کۆیان دەکاتەوە هەرچۆنێ بێ هزر و مێشکیان بە لای یەکدا دەجووڵێ و شتێک هەیە کە دەیانبەستێت بە یەکەوە، ئەویش رەسەنایەتی یەک نەتەوەیە کە نەتەوەی عەرەبییە.


بەڵام ئەی ئێوە بەرپرسانی کورد. خۆ میللەتەکەتان هەر بە دەست به‌رپرسانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ لە هەموو وڵاتەکانیاندا دەناڵێنن و شەری مان و نەمان دەکەن. بگرە لە هەندێک وڵاتی ئەواندا تاوەکو ئێستاش شوناسنامەی ئەو وڵاتەی پێ رەوا نابینن. ئێمەی کڵوڵ لە دەست ئێوە بەرەو ئەوروپا رەو دەکەین. ئێوەش لە دەست کردەوەکانی ئێستای خۆتان و ترستان لە داهاتوو بەرەوە لای ئەوانە دەڕۆن کە دەستیان هەبوو لە دانانتان. ئەم هەموو ڕەوکردنە بۆ پاڵ ئەوان. مەبەستم شەره‌مولشێخ و شارە عەرەبیەکانی تری وڵاتە عەربییه‌کانە.. بۆچی؟ لە پای چی؟ مەگەر بە تەواویی کەرکووکتان رزگار کردووە و کوردستانتان خستوەتە سەر رێچکەی خۆی و ئاوەدانتان کردوەتەوە؟ توانیتان تێهەڵکێشێکی دبلۆماسی لە نێوان ئێوە و میسردا بکەنەوە، لەوەی بچن لەو شارە میسرییه‌ خانووبەرە و کۆشک و تەلار بکڕن. مەگەر ئەوەتان لە بیر چوو کە هەر رژێمی رابردوو بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە. و ئێستاشی لە پاڵدا بێ زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتەیە لایەنگیری بیر و بیرۆچکەکانی ئەوی گۆڕبەگۆڕن و بە هیچ شێوەیەک رازی نیین کە ئێمە لەم شارەی خۆماندا بە کوردی بدوێین. ئیتر چۆنی بهێڵن کە ئێمەمانان بە ئاره‌زووی خۆمان لەم وڵاتەی خۆماندا کارەکانمان مەیسەر بکەین. چی وات لێدەکا کە ئەم پارە جوانەی کوردستان بەری و لە بانکە نیو دەوڵەتیەکەی ئەودا دایبنێی؟ بۆ؟ مەگەر پرۆژەکانت لە وڵاتانی دەرەوە نەبێ ناچێتە سەر؟ یاخود باش دەزانی کە رۆژێک دێ ئەو میللەتە ئەوەت لە گەڵدا دەکا و بەرەوڕووی هەموو ئەو پرسیارانەت دەکاتەوە و سەرەتا ئەوەت لێدەپرسێ ((ئەمەت لە کوێ بوو یاخود لە کوێوەت هێنا؟)).


چی وات لێ دەکا کە کارگەی چنین و جلوبەرگ و جۆرەها کارگه‌ی تر لەو وڵاتە بکەیتەوە؟ بۆ نه‌ده‌کرا لەم وڵاتەی خۆماندا بیکەیتەوە گەر پارە و موڵکەکەت بە شێوەیه‌کی دروست پێکەوە نابێ؟ و لە رێگه‌ی ئەو کارگه‌یانەوە بتوانی چەندەها ژنە ئەنفال یاخود داماو و هەژاری وڵاتەکەت بخه‌یته‌ سه‌ر کار؟ یان ئێستاش پێت باشە بفرۆشرێنە ئەو وڵاتەی کە جەنابت بۆ ئاسووده‌یی خۆت رووت لێکردووە.


هەندێک بەرپرس بەوەشەوە نەوەستاون. کە بە تەنیا لە یەک شاری عەرەبیی خانووبەرە و کۆشک و تەلار بکڕن. بگەرە روویان کردوەتە چەند شارێکی تری عەرەبیی لەوانە (دوبەی). کە ئێستا بووەتە مۆڵگه‌ی هەندیێک بەرپرسی کەرکوک و کوردستان. ئەمە ئەگەر شتێک بدا بە دەستەوە ئەوە لە لای خەڵکە ساکارەکە لەوانەیە بە تەواویی روون نەبێ، بەڵام پێویست دەکا ئێمەش لێرەدا بیخەینەڕوو.. ئێوە گەر لە دوای رووخانی رژێمی سه‌دام تاوەکو ئێستا ئەو بڕوایەتان لە لا دروست نەبووبێ، کە ئاسایشی وڵات پارێزراوە.. کە خۆتان خاوەن دەسەڵاتن و هەموو شتێک بە دەستی خۆتانە و هەر خۆتان بە جێی بهێڵن بەس بە ته‌نیا لەبەر ئەوەی جارێکی تر گیرفان خاڵیی خۆتان نەبیننەوە. ئەی یەکێکی وەکو من بڵێ چی!؟ کە بستە زەوییه‌کم لەم وڵاتە نییە و لە هەموو هەڵبژاردنێکدا لە پێش تۆوە رووم کردووەتە سندوقەکانی دەنگدان. نەک لە بەر تۆ. چونکە ئەو بڕوایەم لە لا پەیدا بووە کە تۆ لە هەر زرم و کوتێکدا بە جێی دەهێڵی. بەڵکو بۆ شوناسنامەی خۆم. کە بە دەستی تۆوە خەریکە لە شەره‌مولشێخ دەنووسرێتەوە نەک لە کەرکوک.. تۆ تەماشاکە یەک کۆمەڵ بەرپرسم لێ پەیدا بووە لە کەرکوکدا. هیچی رازی نییە کە ماڵ و منداڵەکەی بێنێتەوە ناو کەرکوک.. کە دەمی دەکەیتەوە بارە ئاسایش بە بیانوو دێنێتەوە. ئەی پێم ناڵێن کەی شەڕی مان و نەمان دەکەن؟ کەی بیری ئەوە دەکەنەوە کە ئەمەش شارێکی کوردستانییە؟ گەر ئێوە بەو جۆرە هەوڵی بۆ بدەن.. ئەی خەڵکە ساکارەکە بڵێ چی؟ ناهه‌قیانە بیر لەوە بکەنەوە کە بیکەن بە هەرێمێکی سەربەخۆ و جارێکی تر خۆیان بە تۆی دزەوە نەبەستنەوە تا جارێکی تر سەروەت و سامانی نه‌به‌ی و به‌فیڕۆی نه‌ده‌ی.


دەی بە هەر حاڵ، دوا داوامان ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەیان کەسوکارەکانتان لە ناو کەرکوکدا ببینین. چونکە وەک خۆتان دەڵێن ئەم جارەیان یان هەڕە یان وەرە. با بۆ ئەو ماوە کەمە ئەوانەی شەره‌مولشێخ مەبەستم کۆشک و تەلارەکانە بدرێ بە کرێ. خۆتانی تێدا دانه‌نیشتبن. ئێوەش ئارەزووی خۆتانە. بەڵام میللەتیش هاوکات ئارەزووی خۆیەتی. چونکە دەزانێ کێ دزی لێدەکا و کێش رێگه‌ی بۆ خۆش دەکا بۆ ئەوەی دزی بکا.. بڕوا بکە بەم جۆرە هەرێمی کەرکوک بە شوناسنامەی کوردی بەڕێوەیە. چونکە زۆرمان دیت و زۆرشمان بەڕێکرد.. ئیتر بەسە لەوەی جارێکی تر بە خۆمان به‌ دزه‌وه‌ گرێبدەین...
 

ماڵپه‌ڕی عارف مه‌عروف

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک