٤\٩\٢٠٢٤
پەراوێزی
پێنجەمینی تێکست.
نەژاد عەزیز سورمێ
لە ڕووپێوی گشتیدا (کات) لە ڕۆژهەڵاتدا بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی بە
دونیای سێیەم، یا وەختێک بەخاترانە بە وڵاتانی تازە گەشەکردوو
ناوزەدکرابوون، شتێکی بێ ئەرزش و بێ بەهایە…
بەپێچەوانەی وڵاتانی پێشکەوتوو، لەوێدا کات بەحسابێک و بۆ کارێک
دابەش بووە کە هیچ دەقیقە و سەعاتێکی بەفیڕۆ نادرێ و پڕ بە پێویست
پێی دەژین و بۆی دەژین…
بێگومان ئەوان لەوە حاڵی بوون تەمەن یەکجارە و دووبارە نابێتەوە ،
ئەوەیشی تێدەپەڕێ دەخوازێ بەخۆڕایی نەڕوا، بەڵکو تاقیکردنەوە و
ئەزموونی لێ هەڵدبهێنجرێ…
کات بەفیڕۆنەدان لەڕووی سایکۆلۆژیشەوە کاریگەریی پۆزەتیڤی بەڕووکاری
بەئومێد ژیان و هیوابینینەوە هەیە ، بۆیە دەبینی لەو کۆمەڵگەیەی ڕێزی
کات ناگیرێ و لەهیچ حسابان داناندرێ، هەمیشە دەستبەتاڵیەکی کوشندە
جێی دەگرێتەوە کە لەبێئومێدی و هیوابڕاویی و ماندووبوون هەڵکێشراوە…
هەر ئەو دەستبەتاڵیەشە ، ئینجا لە هەرچەشنێکیدا بێ لە بێکارییەوە
هاتبێ، یا لە بەگلەری و ئاغاسیفەتی؛ کاریگەری پاشڤەبڕی بەلای کۆمەڵگە
و ڕەگاژوویی دواکەوتن دەکشێنێ…
زۆرجار دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی تاوانیش لەو کۆمەڵگەیەدا… ئەگەر
باسی ڕەهەندەکانی دیکەیشی نەکەین…
دیارە کات و ڕەگەزی (کات)یش لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا ڕەنگدانەوەی ئەو
بارودۆخەیە ، کە لە بناغەدا لەکولتوور و ئاستی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێ،
بەڕادەیەک (کات) لای ڕۆژنامەنووسانیش کە بە دڵیخۆ بەشێک لە دەستەی
ئەنتلێجستا پێک دێنن، تووشی هەمان پاشگەردانی بووە.
بۆیە دەبینی ئەو مەسەلەیە، کە بەڕاستیش مەسەلەیەکی گرینگە لەچۆنیەتی
چارەسەرکردن و مامەڵە لەگەڵ کردندا بەهەند نەگیراوە ، بەتایبەتی لەڕووی
گەیاندنی دەستبەجێی هەواڵ و دەرهاوردەکانی لەچەشنی ڕاپۆرت و
ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامەنووسی و بەدواداچوونی پێشهاتەکانەوە…
ئەم حاڵەتەیش ئەگەر لە هەفتەنامەکان بەشێوەیەک قبووڵ بێت (هەرچەندە
ئەوانیش دەتوانن ڕێوڕەسم و پلانی خۆیان هەبێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ
کاتدا).
بەڵام بەهیچ جۆرێک لە ڕۆژنامەی ڕۆژانە و
تیڤی و ماڵپەڕەکانی هەواڵدا قبووڵ نییە و یەکێکە لە سیما
پاشڤەبڕەکانی، کە لەتەمەڵی و بێموبالاتی و بەهەند نەگرتنی خوێنەر و
گوێگر و بینەر زیاتر هیچ پاساوێکی دیکەی نییە…
لێرەوە دەخوازێ ئەم مەسەلەیە کە دەقەبەری میدیا بە گشتی دەکرێ، بەتایبەتی
میدیای کوردی نزیکتر لێی بڕوانرێ…
ئێستا هۆیەکانی پێکگەیشتن بەئاستێک پێشکەوتوون و لەبەرەوپێشچووندان
بڕوا نەکردە… لەهۆی عادەتی بگرە تا هۆی پێشکەوتووی تۆڕە جیا
جیاکانی ئەنتەرنێت…
ئەوە بێجگە لە ئامێری پەرەسەندووی وەرگرتن و ناردنی تێکست و وێنە بۆ
میدیای نووسراو وبیستراو وبینراو…
ڕەگەزی کات لە میدیای کوردیدا سەرەڕای ئاسانکاریی بەرچاو، دەزگا
ڕۆژنامەنوسیەکان وەک پێویست، بەو ڕەنگە لەگەڵیدا نەهاتوونەتەوە ، خواستی
خوێنەر و گوێگر و بینەری بەو ڕادە و ئاستە دابین کردبێت، ناچار نەبێت
پەنا بۆ هۆی ڕاگەیاندنی بێگانە ببا…کە لێرەشدا گرفتی ڕاستگۆیی و
پیشەیی و بێلایەنیش لەولا دادەنێین کە باسێکی سەربەخۆی دەوێ، ئەمەش بە
تایبەتی لەو هەواڵانەدا نموونەیان دەردەکەوێ کە بە خێراییەکی
لەڕادەبەدەر لە ماڵپەڕێکی (فەیک) دا بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام چونکە
بەرپرسیاریەتی تێدا هەڵناگیرێ، کەواتە هەر چەندی لە ڕووی (کات) ەوە
خێراتر بگا، هەمیشە جێی گومان دەبێ.. لەبەرچاو گرتنی ئەم خاڵەیش لە
میدیای ناسراو و تۆمار کراوەوە گرینگە لە ڕەچاو کردنی مامەڵە لەگەڵ
کاتدا.
هەر ئەو بەهەند نەگرتنی (کات)یشە کە سەرباری چۆنیەتی مامەڵەکردن
لەگەڵ هەواڵ و دەرهاوردەکانی، زۆر جار (بەرامبەر)ی لە میدیای کوردی
تۆراندووە…
بەنموونە تەلەفزیۆنەکانمان، ڕادیۆکان،
ماڵپەڕەکان کە دەستبەجێترن لە ڕۆژنامە ، کەم وارێک کەوتووە
مامەڵەیەکی دەمودەستیان لەگەڵ هەواڵدا کردبێ، ئەگەر چۆنیەتی مامەڵەکردنەکەیش
لەولا دابنێین کە قسەی تر هەڵدەگرێ…
لە میدیای نووسراویشدا وێرانتر نەبێ باشتر نییە ، لاپەڕەی یەکەم
کەوا پێویست دەکا سەعاتی دوو تا چواری پاش نیوەشەو دابخرێ، هەندێ جار
دەرەنگتریش بەتایبەتی ئەگەر بارێکی نائاسایی لە گۆڕێ بێ…
خوێنەر ئەوەی لە ڕۆژنامەی ڕۆژانە دەوێ، کە بەیانی لەخەو هەڵدەستێ
بزانێ کاتێ ئەو لەخەودا بووە چی ڕوویداوە…
(کات) لەڕووی گەیاندن و بڵاوکردنەوە و دابەشکردنیش کاریگەریی خۆی هەیە…
ڕۆژنامە پێویستە تاریک و ڕوونی سپێدە لە بازاڕ بێت، بۆ شوێنەکانی دووریش
نابێ لە سەعاتی ٨ هەشت تا هەشت و نیوی بەیانی دەرنگتر بگا، ئەوکاتەی
هێشتا فەرمانبەر و کارمەندان لە ڕێگادان بەرەو ئیشوکارەکانیان، بۆیە
سەیر دەکەی لەوڵاتە پێشکەوتووەکان ڕۆژنامە لە دووچاپدا دەردەچن…
چاپی یەکەم بۆ دەرەوەی شار دەنێردرێ، بۆ شوێنە دوورەکان… بۆ شارەکانی
دی… چاپی دووەم لەناوەنددا، لەو شوێنەی ڕۆژنامەکەی لێ دەردەچێ، بڵاودەکرێتەوە…
بەکورتی: ڕەگەزی کات لە میدیادا دوا هەواڵ، گەرماو گەرم لەشێوەی پێویست
بگاتە بەرامبەر…ئەمەش بێگومان بەوە دەکرێ (کات) لە خودی دەزگا
ڕۆژنامەنووسیەکاندا بەها و نرخی خۆی هەبێ و پێ درابێ و لەو قەیرانە
دەرباز بکرێت تێی کەوتووە کە لەدواکەوتن و پێڕانەگەیشتن بەدەر چیدی
بەرهەم ناهێنێ…
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|