په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٥\٢٠٢٦

پەراوێزخستنی فیدراڵیزم و قەیرانی نوێنەرایەتی.


ئەرسەلان مەحمود      


٧ی ئایاری ٢٠٢٦، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق، کارنامەکەی ڕادەستی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد. کارنامەیەکە چواردە خاڵە و چوارچێوەی سیاسەتی حکومەتی نوێی عیراق بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەکات. ئەوەی لێرەدا پێویستە بە دەنگی بەرز بگوترێت، ئەوەیە ئەم چواردە خاڵە لە ڕاستیدا چواردە خاڵی بەغدا و دۆزە سیاسییەکەی شیعەن، نەک کۆمەڵگەی فیدراڵیی عیراق. کوردستان، بە هەموو پرسە دەستوورییەکانییەوە، لەو کارنامەیەدا تەنها لە یەک بڕگەی کارگێڕیدا ئاماژەی پێکراوە، ئەویش وەک هەرێمێک، نەک وەک هاوبەشێکی فیدراڵی.

ئەمە کۆتاییهاتنی ئەو دەنگەیە ساڵانێکی زۆرە لە سیاسەتی عراقدا گوێی لێدەگیرێت؛ ئەو دەنگەی دەیوت کوردستان لە بنەمای فیدراڵیی عیراقدا هاوبەشە، نەک تەنها ناوچەو پارێزگایەکی فراوانکراو. کارنامەکەی زەیدی نیشانی دەدات حکومەتی نوێی عیراق نایەوێت ئەو دەنگە بەردەوام بێت، یان لانی کەم نایەوێت لە ڕووی فەرمی و یاساییەوە دان بەو ڕاستییەدا بنێت. با لێرەدا، دوور لە سۆز و بێ هیچ پێچوپەنایەک، چەند ڕاستییەکی بنەڕەتی بخەینە ڕوو:
 
ماددەی ١٤٠ی دەستوور بوونی نییە: ئەو ماددەیەی تایبەتە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکانی وەک کەرکوک، خانەقین، شنگال و مەخموور، ئەگەرچی دەبوو لە ٢٠٠٧ەوە جێبەجێ بکرایە، چونکە پابەندیی دەستووری هەیە، نەک پێشنیازێکی سیاسی. کەچی حکومەتەکانی پێشوو ئەگەر لە کاتی پێکهێنانیاندا شەرمنانە ئاماژەیان بەو ماددەیە کردبێت، ئەوا حکومەتەکەی زەیدی بەتەواوی پشتگوێی خستووە. ئەمە تەنها پاشەکشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو ڕاگەیاندنێکی نوێی هزرییە و پێمان دەڵێت: پرسی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە، چیتر لە بەغدا پرسێکی نیشتمانی نین.
 
یاسای نەوت و غاز بوونی نییە: ئەم یاسایە لە ٢٠٠٧ەوە سەرچاوەی سەرەکیی کێشمەکێشی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە. ماددەی ١١٢ی دەستوور بە ڕوونی دەڵێت دەبێت بە یاسایەکی فیدراڵی ڕێکبخرێت؛ یاسایەک چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتی نەوت و سیاسەتی نیشتمانیی نەوت دیاری بکات. حکومەتی زەیدی، لە جیاتی پێشکەشکردنی پلانێکی دیاریکراو بۆ ئەم یاسایە، تەنها ئاماژەیەکی گشتی بە چاکسازیی کەرتی وزە کردووە و لە ناوەڕۆکی کارنامەکەدا هیچ ماف و بەرپرسیارێتییەکی فیدراڵی بە هەرێم نادات.
 
پرسی مووچە: سەرچاوەی سەرەکیی نەهامەتی و قەیرانی بژێویی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، تەنها لە لێدوانە میدیاییەکانی زەیدیدا هاتووە، بەڵام لە کارنامە فەرمییەکەدا هیچ بوونێکی نییە و جێی نەکراوەتەوە. ئەمە جیاوازییەکی جەوهەری و هەستیارە و نابێ لێمان ون بێت. لێدوانی میدیایی پێگەی یاسایی نییە، بەڵام دەقی کارنامەکە، دواتر دەبێتە بنەمای کاری ئەنجومەنی وەزیران و یاسای بودجە. کاتێک پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کارنامە فەرمییەکەدا نییە، ئەمە مانای ئەوەیە حکومەتی نوێ لە ڕووی یاساییەوە نایەوێت خۆی بە جۆرە چارەسەرێکەوە پابەند بکات. بەڵێنی میدیایی قسەی سەر زارە، بەڵام دەقی کارنامە بەڵێنی ڕەسمیی دەوڵەتە.
 
پرسی پێشمەرگە: بەپێی دەستوور، پێشمەرگە هێزێکی فیدراڵییە و دەبێت لە بودجەی نیشتمانیدا مووچە و پڕچەککردنی بۆ دابین بکرێت، بەڵام لە کارنامەکەدا بوونی نییە. لە بەرامبەردا، تەوەری یەکەمی کارنامەکە سنووردارکردنی چەکە لە دەستی دەوڵەتدا، ئەمە دەستەواژەیەکی لاستیکییە. چونکە لەلایەکەوە دەکرێت دژی گرووپە چەکدارە لاوەکییە شیعییەکان بەکار بهێنرێت، بەڵام لەلایەکی تریشەوە دەکرێت دژی هێزی پێشمەرگەش بەکار بهێنرێت، کارنامەکە هیچ جیاوازییەکی نەخستووەتە نێوان چەکی دەوڵەت و چەکی پێکهاتە دەستوورییەکان. ئەمە پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لە پێگەی پێشمەرگە وەک هێزێکی دەستووری.

هەروەها، بەپێی ماددەی ١٢١ی دەستوور، نوێنەرایەتیی هەرێم لە دەرەوە، نوێنەرایەتیی شایستە لە دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی عیراق و هاوسەنگیی پلە سەربازییە کوردییەکان لە دامەزراوە ئەمنییەکانی فیدراڵیدا بوونیان نییە. لە کاتێکدا ئەمانە تەنها چەند داواکارییەکی سیاسی نین، بەڵکوو ماددەگەلێکی دەستوورین و تا ئێستا جێبەجێ نەکراون، حکومەتی نوێش خۆی بە جێبەجێ کردنیان پابەند ناکات.

بەرپرسیارێتیی نوێنەرانی کورد
لێرەدا پێویستە ئاوڕێک لە خۆمان بدەینەوە. کێ مۆڵەتیداوە کارنامەیەک بەبێ کوردستان بنووسرێ؟ پێش ئەوەی وڵامی ڕەفتاری بەغدا بدەینەوە، با لەسەر ڕەفتاری خۆبون بوەستین. ئێمە ٤٤ نوێنەری کوردمان لە پەرلەمانی عیراقدا هەیە. پرسیارەکە ئەمەیە: کاتێک ئەم کارنامەیە ڕادەستی پەرلەمان کرا و کۆپییەکانی بەسەر نوێنەراندا دابەشکرا، چەند نوێنەری کورد دانیشتن و وردبینانە دەقەکەیان خوێندەوە؟ چەند کەسیان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانیاندا گوتیان: ئەم کارنامەیە کوردستانی تێدا نییە، بۆیە ئێمە دەنگی پێ نادەین؟ چەند کەسیان داوایان لە شیکەرەوە یان شارەزایەکی یاسایی کرد بۆ ئەوەی شیکارییەکی وردی ناوەڕۆکەکەیان بۆ بکات؟ لە بنەڕەتدا، ئەرکی ڕاستەقینەی پەرلەمانتار تەنها ئامادەبوون نییە لە دانیشتنی دەنگداندا، بەڵکوو هەبوونی شارەزایی و تێگەیشتنێکی قووڵە لەسەر ئەو دەقانەی دەنگیان لەسەر دەدرێت.

کاتێک نوێنەرانی کورد دەنگ بە کارنامەیەکی وا دەدەن مافی نەتەوەکەیانی تێدا نییە، یان نازانن تێیدا نییە (ئەمە لاوازییە)، یان دەزانن و سەرەڕاش دەنگی پێدەدەن (ئەمە سەرپێچییە). جیاوازیی نێوان ئەم دوو ئەگەرە لە ڕووی لۆژیکییەوە گەورەیە، بەڵام لە ڕووی ئەنجامەوە یەک شتە؛ چونکە ئەنجامەکەی ئەوەیە کوردستان نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتییەکی ڕووکەشی هەیە لە کۆبوونەوە و بانگەشەکاندا دەنگی بەرزە، بەڵام لە کاتی پێویست و یەکلاکەرەوەدا بێدەنگ دەبێت.

ئەرکی ڕاستەقینەی نوێنەرایەتی
کاتی ئەوە هاتووە ئەرکی نوێنەرایەتیی پەرلەمانی کوردی پێناسە بکەینەوە؛ نەک وەک پۆستێکی ڕووکەش، بەڵکوو وەک ئەرکێکی نیشتمانی، یاسایی و فکری. بۆ ئەم مەبەستەش ئەم هەنگاوانە پێویستن:

١. بەرپرسیارێتیی هزری و یاسایی: نوێنەرانی کورد دەبێت ببنە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی دۆسیەی فیدراڵیزم. ئەمەش بەوە دەبێ تیمێکی پسپۆڕی یاسایی و سیاسیی بەردەوام لە بەردەستی فراکسیۆنە کوردییەکاندا بێت لە بەغدا. کارنامەکانی حکومەت، یاساکانی پەرلەمان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی، دەبێت لە سۆنگەی پاراستنی فیدراڵیزمەوە شیکارییان بۆ بکرێ، نەک لە سۆنگەی پۆستی وەزارییەوە. ئەم تیمە دەبێت سەربەخۆ بێت و لەسەر بنەمای پسپۆڕی کار بکات، نەک ئینتیمای حزبی.

٢. دیاریکردنی هێڵی سوور: فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عیراقدا دەبێت هێڵی سووریان هەبێت. واتە داواکاریی دیاریکراوی وا هەبێت بەبێ ڕەزامەندی لەسەریان، دەنگ بە کارنامە و یاسا گرنگەکان نەدەن. ئەم هێڵە سوورانە دەبێ پێش وادەی دەنگدان دیاری بکرێن و بە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوبکرێنەوە، نەک لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا. بۆ نموونە، دەبوو ڕایانبگەیاندایە: بەبێ جێکردنەوەی ماددەی ١٤٠، یاسای نەوت و غاز و مووچەی پێشمەرگە، دەنگ بە کارنامەکەی زەیدی نادەین. ئەمە پێی دەوترێت دەنگدانی بنەمايی، نەک بێهەڵوێستی.

٣. شەفافیەت و هەڵسەنگاندن: نوێنەرانی کورد دەبێت ڕاپۆرتی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە کوردستان پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردی بکەن. ئەم ڕاپۆرتە دەبێت بە زمانێکی ڕوون و دوور لە دەمارگیریی حزبی بنووسرێ و بڵاوبکرێتەوە. هاووڵاتیانی کوردستان مافی خۆیانە بزانن لە بەغدا چ بڕیارێک دەدرێت و چۆن کاریگەریی لەسەر ژیانیان دەبێت. نوێنەرایەتییەک شەفاف نەبێت، بێتوانایە لە گەیاندنی ڕاستییەکان.

٤. هاوپەیمانێتیی ستراتیژی: فراکسیۆنەکانی کورد دەبێت پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ هێزە سیاسییە عەرەبییەکان لە پەرلەماندا دروستبکەن. ئەمە کارێکی قورس نییە، چونکە زۆربەی ئەو هێزانە خۆیان دژبەری سیاسەتەکانی یەکترن. بەڵام ئەمە دەبێت ئەرکێکی ستراتیژی بێت، نەک هاوپەیمانێتییەکی کاتی. کوردستان دەبێت ببێتە ئاسۆیەک بۆ ئەو هێزانە، نەک تەنها هاوپەیمانێک بۆ دابەشکردنی پۆست.

٥. چاودێریی ڕای گشتی: گرنگترین ئەرک ئەوەیە ئێمە، وەک ڕای گشتی و دەستەبژێر، چاودێریی ئەو نوێنەرانە بکەین. ئەرکی نووسەران، شیکەرەوان و ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە ببنە چاودێرێکی ڕاستەقینە بەسەر ڕەفتاری پەرلەمانتارانەوە. کاتێک ڕای گشتی نەبێت، نوێنەرایەتیش بوونی نابێت. کاتێکیش ڕای گشتی هەبێت بەڵام بێ شیکاریی وردبێت، نوێنەرایەتییەکە بەرهەمدار نابێت.

پوختەی باس
دواجار، ئەو شتانەی لە کارنامەکەی زەیدیدا بوونیان نییە، خۆیان لە خۆیاندا پەیامێکی گەورەن. هەستکردن بە نەبوونی ئەو بابەتانەی ساڵانێکی زۆرە بانگەشەیان بۆ دەکرێت، ئەو ماددانەی لە دەستووردا هاتوون بەڵام لە کارنامەدا دەرهێنراون، ئەو بەڵێنانەی لە لێدوانەکاندا دەدرێن بەڵام لە یاسادا جێگەیان نابێتەوە؛ ئەمانە هەموویان بە دەنگی بەرز پێمان دەڵێن: ئەو سیستەمەی لە ساڵی ٢٠٠٥دا دانرا، ئەمڕۆ بوونی نەماوە. هیچ هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە نێوان بەغدا و هەولێردا نەماوە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە سروشتی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمایەکی نوێ دابڕێژینەوە.

ڕەنگە ئەو بنەما نوێیە هێشتا ڕوون نەبێت، بەڵام شتێکی زۆر ڕوونە: نمایشی نوێنەرایەتی، بەڵێنی میدیایی و گەڕانەوە بۆ پەرلەمان لە بەرامبەر مسۆگەرکردنی چەند پۆستێکی وەزاریدا، چیتر بەس نییە. کوردستان شایستەی نوێنەرایەتییەکی هۆشیار، شارەزا و خاوەن پرەنسیپە. ئەگەر نوێنەرانی ئێستامان ناتوانن ئەم بارە هەڵبگرن، ئەوا کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی کوردستان نوێنەری نوێ و شایستەتر هەڵبژێرێت. تا ئەو کاتەش، ئەو چواردە خاڵەی زەیدی، لە دیدی ئێمەوە، تەنها چواردە بەڵگەنامەی پەراوێزخستن و سەرکوتکردنن.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود