٢\٢\٢٠١٤
پەرلەمان؛ ئەو
شوێنەی خەریکە دەبێ بە خەونی هەمووان؟!

ستار محەمەد قادر
بە (قودرەتی قادر)، هەمووان حەزیان لەوەیە
پشکی شێریان بەربکەوێت لە پارە، ئەوانەی جاران رەخنەیان هەبوو لەسەر
ئەدای پەرلەمان و رۆڵی پەرلەمانتاران، ئێستا خۆیان لەنێو هۆڵی پەرلەمان
و ئەو ئیمتیازاتەدا دەبیننەوە کە پەرلەمان بوون پێیان دەبەخشێت، مەلا
حەزی لێیە مزگەوت بەجێ بهێڵێ و ببێت بە ئەندام پەرلەمان، بۆ چونکە
دەزانێت زامنی ئایندەی خۆی و نەوەکانی دەکات، مامۆستای زانکۆ بە هەمان
شێوە، شاعیر خۆی هەڵدەبژێرێت، یاسا ناسیش بە هەمان شێوە، تەنها
پەرلەمان شوێنی خەڵکی بەشمەینەتی ئەم کوردستانەی لێ نابێتەوە،
لەکاتێکدا ئەوان لە هەمووان زیاتر پێویستیان بەو شوێنەیە بۆ ئەوەی هیچ
نەبێت بۆ چەند ساڵێک تامی ژیان بزانن و خەمی ئەوەیان نەبێت ئەگەر رۆژێک
کار نەکەن، ماڵ و منداڵیان بێ خەرجی دەمێنێتەوە، ئێستا پەرلەمان ئەو
شوێنەیە کە هەمووان جگە لە خەڵکی هەژارو نەدار خەونی پێوە دەبینن، ئەی
ئەگەر پەرلەمانتار هیچ جۆرە ئیمتیازێکی نەبێت؟! کێ ئامادەیی ئەوەی
تێدایە نوێنەرایەتی خەڵکی بکات؟!
ئا ئەمەیە خاڵی لاوازی تاک لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا، هیچ کەسێک ناتوانێت
سەری خۆی لە بەرانبەر پارەدا نەوی نەکات، کەس ئامادەیی ئەوەی تێَدا نیە
بێ بەرانبەر کەمێک لەکاتی خۆی بۆ خزمەتکردن تەرخان بکات، ئەوەی لە
هەموو شتێک سەیرو سەمەرەترە، ئەویش ئەوەیە، لەسەر وەختی
هەڵبژاردنەکاندا کۆمەڵێک بەڵێن و پەیمان بەو خەڵکە دەدەن، وەکو ئەوەی
ئەگەر ئەوان بیانەوێت خزمەت بکەن، تا نەبن بە ئەندام پەرلەمان ئەو
کارەیان بۆ مەیسەر نابێت!
ئەمە لەکاتێکدا، هەر ئەوەندە دەنگیان هێناو ئەو شوێنەیان مسۆگەر کرد،
ئیتر لە کۆمەڵانی خەڵکی دادەبڕێن و هیچ شتێک دەربارەی ئێش و ئازاریان
نازانن، ئەگەر نا وا بۆ چوار مانگ دەڕوات هەڵبژاردن کۆتایی پێهاتووەو
تەنها ئەندام پەرلەمانە دەرچووەکان نەبێت کە سوودیان بینیوە
لەدەرنجامەکانی هەڵبژاردن، ئیتر کارنامەو وەعدو پەیمان بووە بە بڵقی
سەر ئاو و دواکەوتن و درووستکردنی حکومەت نەبووە بە پرسێکی گرنگ لەلای
ئەوان و هیچ جۆرە هەڵوێستێکمان لەوان نەبینیوە کە ئاماژە بێت بۆ دڵسۆزی
و وەفایان بۆ ئەو خەڵکانەی کە ئەوانیان گەیاندە ئەو شوێنە! من لێرەدا
دەپرسم: ئایا ئەوان بە دەربڕینی هێندێک هەڵوێستی لاواز لە هەمبەر پرسی
دواکەوتنی درووستکردنی کابینەی هەشتەم، دەیانەوێت دڵسۆزیان بۆ کۆمەڵانی
خەڵکی کوردستان بسەلمێنن؟!
ئەی بۆ کەسیان جورئەتی ئەوە ناکەن ئەندام پەرلەمان بوونیان هەڵپسێرن؟!
ئەگەر ژمارەیەکی دیارن لەنێو گۆڕەپانی سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا؟! بۆ
ئەو لەمپەرانە ناشکێنن کە حیزبەکان بۆیان درووست دەکەن؟! ئایا هەر
هەموویان بە حیزبەکانیانەوە ئەوە دووپات ناکەنەوە کە بەرژەوەندی خەڵکی
کوردستان لەسەرووی بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکانیانەوەیە؟
ئەگەر دواخستنی حکومەت ئەوەیان بۆ پشت راست نەکاتەوە کە بەرژەوەندی
گشتی هەمیشەو هەموو کاتێک کراوە بەقۆچی قوربانی لەپێناو بەرژەوەندی
حیزبەکانیاندا، ئەوە دواخستن یان دوا کەوتنی درووستکردنی کابینەی
هەشتەم، باشترین بەڵگەی سەلمێندراوەو کەسیش ناتوانێت حاشای لێ بکات؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|