په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٠\٢٠١١

پەرتبوونى روح لە شیعرى (سەفەر دەمبا)ی خولیا حوسێندا.

سەدیق سەعید    


لە نێوان سەفەر وەک رووداوێکى کردەیی لە ژیانى مرۆڤدا، کەتیایدا ژینگەى شوێنێک جێدێڵێت وهاوکات خۆشەویستى وەک پەیوەندیەکى روحى کە مرۆڤ دەبەستێتەوە بە رەگەزى دووەم، رایەڵێکى هاوبەش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە خودى ئەو رووداوانە، لە دەرەوەى ئیرادەى ئێمەن. واتە چ سەفەر، چ خۆشەویستى وەک رووداوێکی تراژیدى لە دەرەوەى خواست و ئارەزووى ئێمەیە، هەردووکیان ئەو چارەنووسن کە خۆشمان نازانین بەرەو کوێمان دەبەن.بەدەربرینێکى تر لە بەرامبەر ئەو دوو رووداوەدا، کەکەم تازۆر لە ژیانى هەموومان روودەدەن، ئێمە بوێکى بێ دەسەڵات و لاواز و بگرە هەندێ جار دۆراویشین.چونکە ناتوانین، لە روودان و روونەدانیاندا دەسەڵاتێکمان هەبێت. ئەو دوو رووداوە لە هەندێ کاتدا، بە ئەندازەیەک ژیانى مرۆڤ دەگۆرن،کە بەرەو خۆشنوودى، یانیش مەرگەسات دەیبات. رەنگە لە ژیانى مرۆڤدا هیچ شتێک بەقەدەر سەفەر سەخت نەبێت. بە تایبەتیش سەفەرێک دوور لەویست و خواستى مرۆڤ. سەفەرێک کە لە ناچارییەوە دەبێ بیکەین. هەڵکەندنى مرۆڤ لە شوێن و زێدى راستە قینەى خۆی، یاخود ئەو شوێنەی بوەتە. بەشێک لە سایکۆلۆژیای، تراژیدیایەکى گەورەیە بۆ مرۆڤ و کاریگەریەتى دەروونى گەورەى لە سەر جێدێڵێت. بە رادەیەک کە زۆر جار بەرەو نائومێدی دەبات. دیارە پەیوەندیەکى هەمیشەیی و پتەو هەیە، لە نێوان شوێن و مرۆڤدا. بە تایبەتیش ئەمە یە کێکە لەو خەسڵەتانەى، سایکۆلۆژیاى مرۆڤى کورد پێکدێنێت. رەنگە هیچ کە سێکیش هێندەى ئێمە، بە هۆى هەڵومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی، رووبەروى قەدەرى سەفەرکردن نە بووبێتەوە. بۆیە کاتێ مرۆڤ، بە ناچارى سەفەر دەکات و ئەو شوێنەى تیایدا دەژیت، جێدێلێت و روو دەکاتە شوێنێکى دیکەى نامۆ بە ژیانى ئەو، هەست بە نائومێدى و خەفەتێکى قوڵ و گەورەدەکات. هەمیشە واهەست دەکات شتێکى ونکردوەو، تاسەى گەرانەوەیەتى، بۆ شوێن و زێدى رەسەن. ئەم هەموو خۆشەویستیەى مرۆڤى کورد بۆ خاکەکەى. رەنگە دەرەنجامى ئەو هەستە دەروونیە بێت، کە ئێمە بە درێژایی مێژوو، لە بێ خاکى و نیشتمانى ژیاوین و هەریەکەمان پەراگەندەى شوێنێک بووین.بێگومان شوێنیش یەکێکە لەو رەگەزانەى، لە ئاستى دەروونى و روحیدا کاریگەریەتى خۆی هەیە . بە سەر مرۆڤەوە. ئەگەرچى شوێن وەک زەمینەیەک رەنگە لە ئاستى سروشتیدا، ئەو کاریگەریەتى و رەهەندەى نەبێت. وەلێ دواجار ئەوەى مانایەک ورەهەندێک بەو شوێنە دەدات، ئەو پەیوەندیە یە کە لە نێوان شوێن و خودی مرۆڤدا دروست دەبێت. بەومانایەى کاتێ شوێنێک بۆ ئێمە، دەبێتە جێگەى تێرامان ولە دنیابینیمان دەمینێتەوە،رەنگە پەیوەست بێت، بە خودى ئەو پەیوەندیە،نەک شوێنەکە بە تەنیا.لێرەوش ئێمە کاتێ شوێنێکمان لەلا خۆشەویست دەبێت وناتوانین لێی دوورکەوینەوە، لە بەر ئەو یادەوەرى وبیرەوەریانەیە کە لەو شوێنەدا هەمانە.کاتێکیش بیر لەو شوێنە دەکەینەوە، لە بنەرەتدا بیرلە یادەوەریەکان دەکەینەوە، کەلەو شوێنەدا هەمانە. هەر ئەمەشە وادەکات یادى ئەو شوێنەش بکەینەوە بۆ چەند ساتێک بگەرێینەوە رابردوو. لە شیعرى ( سەفەر دەمبا) ئێمە چارەنووسى مرۆڤێک دەبینین، کە لە نێوان سەفەرو مانەوە لەو شوێنەى بۆتە بەشێک لەروحى،لە بەردەم قەدەرێکى سەخت دایە. قە دەرێک لە نێوان جێهێشتن و مانەوەو ودابران ودوورکەوتنەوە، خەریکە روحى پەرت دەبێت و نازانێت، چ بریارێک بدات. شاعیر لە لایەکەوە ئارەزوى ئەو سەفەرە ناکات و لە لایەکى تریشەوە، دوور لەویست وخواستى خۆى ناچارە سەفەر بکات. بەدەربرینێکى تر، شاعیر لە نێوان،هێزى شوێن و هێزى خۆشەویستیدا، روحى پەرتبوەو لە لایەکەوە، ناتوانێ ئەو شوێنە جێبێڵێت،لەلایەکى تریشەوە، دەبێ بروات.بێگومان کاتێکیش مرۆڤ دەکەوێتە بەردەم هەڵبژاردنێکى لەو شێوەیە، نەک هەر دژوار وسەختە، تەنانەت گەورەترین نەهامەتى و تراژیدیاشە. چونکە دەبێ مرۆڤ بە ناچارى بریارێک بدات، کەلەدەرەوەى دەسەڵات و خواستى خۆیەتى، ئایا هیچ شتێکیش بە قەد ئەوە سەختە؟بێگومان نەخێر. چونکە لەو ساتانەدا، هەموو سەربەستى و ئازادییەکانى مرۆڤ،بوونیان نامێنێت و، مرۆڤ دەکەوێتە ژێر واقیعێکى تر. بۆیە شاعیر لە شیعرى سەفەر دەمبا، لە بەردەم ئەو چارەنووسە سەختە دایەو نازانێ چ بریارێک بدات، بریارى مانەوە یا سەفەر بەناچارى.تا لە کۆتاییدا سەفەر دەیبات و ئەو شوێنە و خۆشەویستەکەشى جێدێڵێت، کە بۆتە بە شێک لەروح و ژیانى.شاعیر دەزانى، بەو سەفەرە دواجار دادەبرێت، لەو شوێنەو لەو کەسەشى کە بۆتە بە شێک لە روحى. هەربۆیە سەفەر وەک تەوقێکى مردن دەبینێت، کە کەوتۆتە ملى.لای وایە خودى ئەو سەفەرە روحى وێران دەکات ودواجار دایدەبرێت،لەو شوێنەولەوکەسەشى کە لەنێو دڵ و دەروونى ئەودا دەژیت.بۆیە سەفەر لەروانگەی شاعیردا، گەشت نییە بەمەبەستى خۆشنوودى وئارامى وگۆرینى فەزایەک بە فەزایەکى تر بۆ نموونە وەک ئەوەى گۆرانی شاعیر بۆ هەورامان کردوویەتى وسروشتى ئەو ناوچەیەی لە شیعردا کێشاوە، بە پێچەوانەوە بەلکودابرانیەتى لەو ژینگەو شوێنەى بۆتە بەشێک لە ژیان وبوونى ئەو. لێرەوش شاعیر خودى سەفەر وەک کردارێکى ناچارى دەبینێت، کە قەدەرێک بێت و لە بەرامبەریدا مرۆڤ دەستەوەستان بێت.واتە خۆ دانە دەست چارەنووسێک کە دواجار نازانێت، بۆ کوێی دەبات. بەمەش سەرەنجام دوور دەکەوێتەوە، لە هەموو ئەوانەى شاعیر خۆشى دەوێن. لەو روانگەیەشەوە شاعیر دەڵێ:

سەفەر دەستم رادەکێشێ و
دەستەکەى ترم دەرنایە..
لەناو دەستى ئەوینى تۆ...
سەفەر گۆرانیم بۆ دەڵێ و
دڵی منیش لێوان لێوە
لە سەردوولکەى نائومێدى و
لە برینى دابران و لە خەمى تۆ...


شاعیر لەنێوان دوو چارەنووسدا نازانێ کامیان هەڵبژێرێت. بە تایبەتیش کە بوونى ئەو لە نێوان ئەو دوو قەدەرەدا بوونێکى ونە. بەو مانایەى شاعیر وەک مرۆڤ، لە نێوان هەردوو چارە نووسدا دەستەوەستانەو، هەریەک لەو کردارانەش لەدەرەوەى بریاروخواستى شاعیرن. لە نێوان سەفەر و مانەوە لە باوەشى ئەو شوێنەى پڕە لە یادەوەرى و خۆشەویستى شاعیر،بریارێکى سەخت ودژوار هەیە، کە ئاسان نییە بدرێت. گەرچى شاعیر سەفەر بە کردارێکى جوان و گەشتێکى خۆش دەزانێت، چونکە لاى وایە خودى ئەو سەفەرە بە گۆرانیەوە، وەک هێمایەک بۆ بەختەوەرى پێشوازى لێدەکات. وەلێ چونکە شاعیردەستەکەى ترى لە نێو ئەوینێک دایە، بۆیە نەک بەلایەوە ئاسایی نییە ئەو سەفەرە بکات، بگرە بە وێران بوونى ژیانی خۆشى دەزانێت،لەدەرەنجامى خودى ئەو دابرانەوە. کەواتە لێرەدا ئەوەى مانایەک بەخودى شاعیر و ئەو شوێنەش دەدات، کە شاعیر تیایدا دەژیت و نایەوێت، لێی دوور بکەوێتەوە،ئەو هێزە شاراوەیە کە لەدوو توێی ئەو ئەوینەى شاعیر دایە. ئەوینێک کە مانایەک وناسنامەیەکە بۆ بوونى ئەو. کەواتە لێرەوە شوێن بۆیە جێگەى مانەوەى شاعیرە، چونکە ئەوینێکى تیایە. واتە شوێن بە بوونى سر وشتیانەى خۆى، ئەو مان وجوانیەى نییە،کە لە هەموو شوێنێکەوە، رەنگە بوونى هەبێت.بەدەربرینێکى تر پەیوەندى نێوان شوێن ومرۆڤ لەزۆر کاتدا، پەیوەستە بە خودى ئەو یادەوەرى وکردارە خودیانەى کە مرۆڤ لەو شوێنەدا ئەنجامى دەدات. هەر ئەمەش وادەکات، کەدواجار شوێن ئەو کاریگەریەتیە لە دنیابینى مرۆڤ وژیانى تایبەتى ئەو جێبێڵێت. لەو سۆنگەیەشەوە، کە شاعیر ناتوانێ بەدواى ئەو سەفەرە دابچێت،کە وەک چارەنووسێکى نادیار رووى لە ژیانى ئەو کردوە، چونکە دەرەنجامى ئەو سەفەرە ئەوینێک جێدە هێڵێت،کە بۆتە هەناسەى ژیانى وبوونى خۆى لە بوونى ئەودا دەبینێتەوە. بێگومان ئەمە بەشێکە لە تایبەتمەندى مرۆڤى عاشق. بەو مانایەى لە نێوان هەردوو کارەکتەرى خۆشەویستیدا،حالەتى دۆنا دۆن بوون روودەدەات،واتە توانەوەى روحى لە نێوان یەکتردا. لەو روانگەیەشەوە، کە شاعیر ئارەزووى ئەو سەفەرە ناکات،چونکە دواجار دەستى لە نێو دەستى ئەو ئەوینە دەردێت کە تیایەتى.بۆیەشە شاعیر ئەوەى بەلاوە گرنگ نییە، کە ئاخۆ ئەو سەفەرە خۆشبەخت وئاسوودەی دەکات،یا رووبەروى چارەنووسێکى شوم وسەخت ونادیارى دەکاتەوە.بەلکو خەمى گەورەى ئەو، تەنها لەوەدایە،دەستى لە نێو دەستى ئەوینێک دەردێت،کەرەنگە دواى ئەو سەفەرە وەک یادەرەوریەک بمێنێتەوەو کاڵبێتەوە لای شاعیر.لێرەوەش ئەو هێزەى خودى شاعیرى، بە ستۆتەوە بەو شوێنە، ئەوینەکەیە نەک شتێکى تر.کاتێکیش بەهۆى سەفەرەوە ترسى ئەوە دایدەگرێت ئەو ئەوینە جێبێلێت،ئیدى واهەست دەکات ژیانى ئەویش کۆتایی دێت. هەروەک خۆشى دەڵێ:

لە شوێن پێی هەر هەنگاوێکم..
لافاوێک فرمێسک دەرژێ...
لە روانگەى هەر نیگایەکم..
هەزارەها خەون دەمرێ...


شاعیر سەفەر وەک کردارێک دەبینێت، کە تیایدا هەموو خەونەکانى لە ژیان دەکوژێت.بۆیەشە لە روانگەى شاعیر ئەو سەفەر بۆئەو، هێمایە بۆ مەرگێکى لە سەرخۆوکۆتایی هێنان بە ژیانی. بەتایبەتیش کە دڵنیایە لەوەى، دەستى لە دەستى ئەو ئەوینە بەردەبێت، کە لە نێو دڵی ئەو دایە.لێرەوەش نازانێ چۆن خۆى رزگار کات لەو سەفەرە.لەو کۆپلە شیعریەدا ئێمە کاریگەریەتى ئەو سەفەرە دەبینین،کە وەک چارەنووسێکی نادیار رووى کردۆتە شاعیر و نازانێ،بەرەو کام مەنزلگاى دەبات.خەمى گەورەى شاعیر ئەوەیە،کە سەفەر ناچارى دەکات داببرێت، لەو ئەوینەى کە شاعیر بوونى خۆى لە بوونى ئەودا دەبینێتەوە. نەک هەر ئەمە تەنانەت لای شاعیر،خودى زەمەن وکاتیش پەیوەستن، بەبوونى ئەو ئەوینەوە. لاى شاعیر زەمەن ئەوە نییە کە لە شوێنى سەفەردایە، یاشوێنێکى تر.بەلکو زەمەن لەو چرکەساتانەدایە،کە خودى ئەو عشقە تیایدا هەناسەدەدات.واتە کات لای ئەو کاتێکى دەروونیە نەک فیزیکى.بەو مانایەى لەگەڵ ئەو ینێک دەژیت، کە دواى ئەو سەفەرە نایبینێتەوە.کەواتە شوێن و زەمەنیش لای شاعیر، پەیوەست بەو ئەوینەو یادەوەریەکانیەوە. بۆیە شاعیر دەڵێت:

من و تۆ..
گشت ساڵ و مانگ و
شەو و رۆژ و چرکە ساتە درێژەکانیش..
لامان روونە.


ئێمە وتمان کە بوونى مرۆڤ لەشوێنێکدا،پەیوەستە، بەو کردارو یادەوەریانەى خودى مرۆڤ لەو شوێنەدا ئەنجامى دەدات. بەومانایەى ئێمە کاتێ شوێنێکمان لا جوان وخۆشەویست دەبێت،رەنگە لەبەر خودى شوێنەکە خۆى نەبێت.بەلکو پەیوەستە بەهەموو ئەو کردارو یادەوەریانەى ئێمە لە خودى ئەو شوێنە هەمانە.واتە کاریگەریەتى شوێنەکەیە لە سەرمان.کاتێکیش ناتوانین لەو شوێنە دووربکەوینەوەو سەفەربکەین، لەبەر ئەوەیە کەهەمووئەو کەس و یادەوەریانە جێدێلین،کەلەو شوێنەدا لە تەکمانن.لێرەوەش ماناو رەهەندى شوێن، پەیوەستە بە بوونى مرۆڤ خۆی. بۆیە کاتێ شاعیر ناتوانێت، سەفەر بکات  و سەفەر وەک کوشتنى روح و خەونەکانى خۆی دەبینێت،لەبەر ئەوەیە کە دادەبرێت،لە ئەوینێک ولەو یادەوەریانەشى کەپڕن لە یاداشتى منداڵی.ئەو سەردەمەى بۆ هەریەکەکمان،سەردەمێک بوە تە ژی لە جوانى و میهرەبانى و خۆشەویستى.بۆیە ترسى گەورەى شاعیر لە سەفەرکردنى لەوەدایە،کەدەچێتە شوێنێکى تر، نە چرایەک لە عشقى تێدایەونە یادەوەریەکى منداڵیش. هەروەک شاعیر خۆشى بە خەفەتێکى قوڵەوە دەڵێت:

سەفەر دەمبا بۆ هەوارێک..
نە چراى عشقی تێدایە و نە یاداشتێکى منداڵیم..
سەفەر دەمبا.. روحم دەکوژێ.. خەندەم دەمرێ..
دەست دادەگرێ بە سەر هەتاوى رەهاییم...


لە نێوان سەفەرومانەوە لە شوێنێک،کە دەستی لەنێو ئەوینێک دایە،شاعیر روحی پەرتبوەو دواجار نازانێ چ بریارێک بدات.ئەو دەزانێت سەفەر بۆئەو سەرەتاو هەنگاوى یەکەمى دابرانیەتى،لەو عەشقەى بۆتە بەشێک لە ژیان وبوونى ئەو. سەفەر دەیبات بەرەو شوێنێک،کە خاَلیە لە چرای عشقێک و یادەوەرى منداڵی.بۆیە نەک هەر ترسى لەو سەفەرە هەیە، بگرە بە مەرگى خۆشى دەزانێت.لەلایەکەوە سەفەر رایدەکێشێت ولەلایەکى تریشەوە،دەستى لە ئەوینێک بەرنابێت.بۆیە شاعیر نازانێت، لەو چرکە ساتانە چ بریارێک بدات. تا سەرەنجام لە نێوان سەفەروئەویندا، روحى پەرت دەبێت.

 


sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک