په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠٢٠

پەرتووکی ژانرە ئەدەبییەکانی سمکۆ محەمەد لە بازاڕە.

 

 

پەرتووکی ژانرە ئەدەبییەکانی سمکۆ محەمەد کە بریتیە لە ١٠٤ لاپەڕەو بە قەبارە مام ناوەندی لەسەر ئەرکی خۆی بەچاپی گەیاندووە کەوتە بەردەستی خوێنەران. نووسەر لەم پەرتووکەیەدا باس لەو چەمکانە دەکات کە پەیوەندی بە ئەدەب و فکرەوە ھەیە و لە ساڵانی ھەشتاکانەوە ھاتووتە نێو دونیای ئەدەبی کوردی، بەڵام وەکو نووسەر لە پێشەکی پەرتووکەکەیدا نووسیویەتی ( بەھۆی ئەوەی ئەو چەمکانە درووستکراوی ئێمە نیین و کارمان پێیان نەکردووە وەکو بەشێک لە شۆڕشی فەرھەنگی، بۆیە بەھەڵە کاریان پێکراوە و بەھەڵە لەنێو توێژینەوەی ئەدەبیدا کاریان پێکراوە، بۆیە منیش جارێکی تر بەپێی ئەو لۆژیکەی کە نوێخوازی بە گرینگی دەزانێ جارێکی تر پێناسە و شیکردنەوەم بۆ کردووە، یان باشتر بڵێم لەسەریانم نووسیوە).


نووسەر لە پێشەکی پەرتووکەکەیدا دەڵێ "قسەکردن لەسەر دەقی دەربار و دەقنووسی کورد، وەکو جۆرێک لەتابۆ دیاریکراوە و بووەتە ھێڵی سوور، ئەوەش کەجار بەجار رچەشکێنی کردووە و لەسەر شاعیری دەربار شتی نوسیووە، ھێندەی لەژێر کاریگەری سیاسەت و ئیدیۆلۆژی بووە، یان سەرچاوەکەی لەکۆنە قینەوە بووە، ھێندە مەبەستی خزمەتکردن نەبووە بەئەدەبیات و دەرھاویشتەکانی دیکەی، ئەمە لەحاڵێکدا شاعیری دەربار لەدەروەی دونیای ئەدەبی کوردی، مێژوویەکی ھەیە و لەوانەش نمونەی بەشێک لەشاعیرەکانمان ھێناوەتەوە".


ھەروەھا کە باس لەو چەمکانە دەکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "بەشێکی دیکەی ئەو چەمک و دەستەواژانەی کەلەدونیای فکری ئەدەبیدا بەکاردێت، لێرەدا تێشکمان خستۆتە سەری، لەوانەش (دەقاوێزان و دەقی فۆرمالیستی و ھایکۆیی و ھتد بوو، مەبەستەکەش ئەوەیە کەھەریەک لەو چەمکە فکریانە لەفۆرَمی دەقەکاندا بەکارھاتووە، بەڵام پێناسە نەکراوە تاکو خوێنەر بتوانێ پۆلێنیان بکات و مەعریفەیەکی لەبارەوە بزانێ.


ئەخلاقیاتی خوێندنەوە، یەکێک لەو وتارانەیە کە قسەی زۆری لەسەر کراوە، بەتایبەت بۆئەو کەسانەی بەناوی خوێندنەوەی دەقەوە، بەستایلێکی کلاسیکیانە مامەڵە لەتەک دەقدا دەکات، بۆنمونە ئێستاش ھەندێ خوێنەر ھەن کەھێندەی باس لەدەقنووس و ژیانی تایبەتی و مەبەستگەرایی دەنووسن، ھێندە باس لەجەوھەری دەقەکە و تەکنیک و نوسین ناکەن، لەحاڵێکدا ئەم ستایلە لەدونیادا نەماوە و ناخوێنرێتەوە، تائەو رادەیەی وەکو کۆمیدیایەک تەماشا دەکرێت".


لەکۆتاییدا دەبێ با لەوە بکەین کە نووسەر سمکۆ محەمەد ئەمە ١٨ ھەمین پەرتووکیەتی و ٣ پەرتووکی دیکەی لەبارەی سیاسەت و رەخنەی ئەدەبی و چاوپێکەوتنەکانی لەژێر چاپدان و لەماوەیەکی کورتدا دەکەونە بەردەستی خوێنەران.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک