په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠١٧

پەرتووک ترسناکترە لە تلیاک.

فه‌رشید شه‌ریفی    

ئەمساڵ کە فەرهاد پیرباڵیان دایە بەر شەق، بۆ پۆستی برادەرێکم ئەم کۆمێنتەم نووسی:
هیچ دوور نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموومان بدرێینە بەر شەق. ئنجا شەقەکان جۆراوجۆرن و بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێن.
*****
لەم ماوەیەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان منیشیان لەو شەقانە بێبەش نەکرد.(ئیتر جیاوازیی نییە کام حیزب و کام زۆنە شەقەکان دەوەشێنێت، جاری وا هەیە زەردە و جاری وا هەیە سەوزە و...).


ئەم دەسەڵاتە بێ پلانەی حکومەتی هەرێم کە تا دێت دیوە جوانەکانی!!! دەردەکەون، ئەمجارەش ڕووی شەقەکانیان لە بەندە کرد! لە ڕێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە!!
سەرتان نەیەشێنم:


سێ مانگ بەر لە ئێستا بە سەردانێک گەیشتمە سلێمانی و چەند پەرتووکێکی وەرگێڕدراوم هەبوون کە هەندێکیان ساڵێک و هەندێکیان دوو ساڵ و هەندێکیان سێ و تەنانەت چوار ساڵ دەبوو ڕوخساریانم نەبینیبوو. بەس نووسەر و وەرگێڕەکان لەوە تێدەگەن کە چەند بە ئازارە چەند ساڵ پەرتووکێکت چاپ بکرێت و بە چاوی خۆت نەیبینیت بە چاپکراویی. پەرتووکەکانیان لەناو مقەبا و کارتۆن بۆ پێچابوومەوە و خۆشم بە فرسەتم زانی لە پەرتووکفرۆشییەکاندا هەندێک پەرتووکی باشم دەسچن کردن و ویستم لە ڕێگەی سنوورەکانی پارێزگای هەڵەبجەوە ئاودیویان بکەم کە هێزەکانی ئاسایش وەک بڵێی مادەی هۆشبەر و تلیاک و شتی وایان دەست کەوتبێت، دەستیان بەسەرا گرتن. دیارە پشکنین و هەندێک شتیتر مافی خۆیانە.


دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر کە زانییان پەرتووکەکان هیچ کێشەیان نییە و هەموویان مۆڵەتپێدراون و هیچ پەرتووکێکی(قاچاخ و قەدەغە!!!)یان تێدا نییە، ماوەی مانگێک ئێمەیان دەسخەڕۆ کرد و هەر ڕۆژەو بەزمێکیان دەنایەوە. ڕۆژێک وتیان کاکە پەرتووکەکان کێشەیان نییە و بنێرە بە دوایانا و بیانبەرەوە! ڕۆژێک وتیان ئەو کەسەی بەرپرسی ڕادەستکردنەوەی پەرتووکەکانە لە تەعزیەیە و هەرکە هاتەوە وەرن پەرتووکەکان ببەنەوە! ڕۆژێک وتیان برووسکەمان ناردووە بۆ سەرووی خۆمان و ئەبێ وەڵاممان لێ بگێڕنەوە ئنجا وەرن بیانبەن! ئیتر ئەم بەزم و سینەمایە هەر بەردەوام بوو تا ئەوەی کە دواجار دوای مانگێک وتیان کاکە! ئەو پەرتووکانەی تۆ باسیان دەکەیت، هەمووی دەستیان بەسەرا گیراوە و وەک هەدیە و خەڵات دراون بە پەرتووکخانەی گشتیی هەڵەبجە!!


جا ئەمە بەپێی کام یاسا؟ بەپێی کامە ئەخلاق؟ کێ، چ وڵاتێکی دواکەوتووی جیهان شک دەبات شتی وای تێدا بقەومێت؟ ئاخر ماڵتان ئاوەدان بێت، هەموو شتێک ڕێوشوێنی خۆی هەیە. هەموو شتێک ئەساس و ڕێڕەوی خۆی هەیە. خۆ من ئەو پەرتووکانەم چی لێدەکرد؟ جگە لەوە کە نوسخەی ئەرشیڤی خۆمم هەڵدەگرت و ئەوانی دیکەم بە هەدیە بە دۆست و هاوڕێکانم دەبەخشی؟ وەک چۆن بۆ هەموو پەرتووکەکانی پێشووتریشم هەر وام کردووە. دیارە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاری منتان ئاسان دەکرد و ئەو پەرتووکانە دواجار هەر دەگەیشتنە دەست خوێنەری خۆیان، بەڵام ئاخر قەیناکات بتانبەخشیایە بەڵام هەر هیچ نەبوایە بەشی خۆشمتان بهێشتایەتەوە!! یان بتانوتایە کاکه ئەوە هەندێکیان بۆ خۆت و هەندێکیشیان بۆ پەرتووکخانەی گشتیی. ئاخر ماڵتان ئاوەدان بێت پەرتووکم هەبووە ٥٠ و ٢٥ و ٣٠ نوسخە بووە، هەر هەموویتان بردووە.


من لە هێزەکانی ئاسایش دەپرسم:
ئاخر ماڵتان ئاوەدان بێت، ٤٥٠ نوسخە پەرتووکتان بۆچی بوو؟
ئایا ئێوە دەزانن ئەو پەرتووکانە بەری ڕەنجی شەش ساڵ وەرگێڕانی من بوون؟
ئایا ئێوە دەزانن جگە لە پەرتووکەکانی خۆم ئەوانیترم بە پارەی قەرز کڕیبوون؟


ئایا ئێوە دەزانن تەنانەت لەو سات و کاتەدا پارەم لێبڕابوو و لە ناوەندی ئەندێشە پارەی پەرتووک کڕینم پێ نەبوو و ئەوانیش وتیان قەیناکات بە قەرز دەتدەینێ و ماڵیان ئاوەدان بێت و سپاسیان دەکەم، بەڵام ماڵی ئێوە ئاوەدان بێت تەنانەت بەزەییتان بەوانیشدا نەهاتەوە و ئەوانیشتان بەخشییەوە!! پێشینان بەمە دەڵێن: خێر کردن بە ئاوی حەمام!!!!


ئایا ئێوە دەزانن ئەو پەرتووکانە جگە لەوەی کە خۆیان نزیکەی 3 ملوێن دینار دەبوون، نزیکەی یەک ملوێن تمەنیشم خەرج کرد تا بگەمە سلێمانی و کۆم کردنەوە و کرێی تەکسی و هوتێل و...کەچی ئێوە بە خێری ئاوی حەمام ویستتان ئەوانیش بە هەدیە ببەخشن!!! من ئەو پەرتووکانەم بۆ خوێندنەوە کڕیبوون نەک بۆ هیچ مەبەستێکیتر.


ئاخر ماڵتان ئاوەدان بێت، پێتان وا نییە ئەوە لە شەق خراپتر و ناخۆشترە؟
گوا شانازیی بە خۆتانەوە دەکەن بارە پەرتووکتان گرتووە؟
ئەوە لەبری ڕێزگرتنتانە لە ٢٠ ساڵ شەونخوونی و سەرئێشە و چاوکزیی و ئازاری ئەعساب و کەئابە و چەندین نەخۆشیی ورد و درشتی دیکە کە هۆکاری زۆربەیان خۆخەریک کردن بەو پەرتووکانەوە بووە؟


٢٠ ساڵە نازانم ژیان و ئیسراحەت چییە! ٢٠ ساڵە وەک خەڵکی دیکە نەژیاوم و تامی ڕۆژێک ژیانی ئیسراحەت نازانم چییە! ڕۆژانی لاوێتی و هەموو شتێکم لە پێناوی پەرتووک و نووسین و وەرگێڕاندا بردە سەر و تەمەنێکم لەو پێناوەدا بردە سەر. هەرگیزیش منەتم بەسەر کەسدا نەکردووە و ناشیکەم. هەر چییەکم کردووە پێش هەموو شتێک حەزی خۆم بووە و دواتریش بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانیوە بەرامبەر بە زمان و ئەدەب و کلتووری وڵاتە بەشمەینەتەکەم.


من بەس یەک شت دەڵێم. ئەگەر ڕێز لە ئێمەمانان نەگیردرێت لانیکەم با بێڕێزیمان پێ نەکرێت. یان ئەوەتا ئێوە پەرتووک بە شتێکی ترسناک دەزانن بۆیە دەستیان بەسەرا دەگرن؟؟


بە درێژایی ژیانم دەیان جار غەدرم لێکراوە بەڵام هەر بە خەیاڵما نەهاتووە، بەڵام دوو سێ جار پەرتووکم گیراون و هەر جارەو بە قەدەر پەنجا ساڵ سەردڵم گیراوە و بێهیوایی باڵی بەسەرا کێشاوم. دەیان جار غەدرم لێکراوە بەڵام بە قەدەر دەستبەسەرا گرتنی ئەم پەرتووکانە خەمباریان نەکردووم. کە پاسەوانە ئێرانییەکان دەستیان بەسەر پەرتووکما گرتبێت بەلامەوە زۆر ناخۆش نەبووە بەڵام کە پاسەوانەکانی هەرێمی کوردستان ئەوە دەکەن ئازاری زۆر جەرگبڕترە. بتشیش ئەوە دەزانم فەرهەنگ و زانین و ئەدەب و هەندێ شتیتریش لەم هەرێمەی ئێمەدا (بە چوار دەورەکەشمانەوە) هیچ ڕێزی نییە.
بە داخەوە کوردیش بەم ئەقڵییەتەوە هەرگیز هیچی بە هیچ نابێت.
*****
تێبینی: ئەم دەقە ماوەیەک بەر لە ئێستا نووسراوە بەڵام ئەگەر بڵاوم نەکردایەتەوە دڵم دەتەقی. دیارە دوای نزیکەی سێ مانگ چاوەڕوانی دواجار بە هەوڵ و ماندووبوونی دوو برای ئازیز و خۆشەویستم ڕزگارمان کردن.


بۆیە لێرەوە زۆر سپاسی بەڕێز کاک ئازاد بەرزنجی دەکەم کە تەواو هیلاکم کرد و وەک خۆی و وەک دەزگای سەردەم فریام کەوت و هەروەها زۆر سپاسی کاک ڕێبوار هەڵەبجەیی دەکەم کە بەڕاستیی پێمەوە ماندوو بوو و ئەم ماوەیە شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک لە پێناوی ئەو پەرتووکانەدا. نموونەیان زۆر بێت. هەرچۆنێک بێت بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەم بەڕێزانە هەندێک لەو پەرتووکانەمان دەست کەوتەوە، دیارە لە نیوە کەمتریان، بگرە کەمتریش.
*****
لە کۆتاییدا تەنیا یەک شتم هەیە بیڵێم:


هێزەکانی ئاسایش!! ئەگەر لە هەموو شتێکتان خۆش بم، لەبەر چاوەڕوانییەکانی کچە ٨ ساڵانەکەم لێتان خۆش نابم کە پێش سەفەرەکەم وتی باوکە حەتمەن لە سلێمانییەوە پەرتووکم بۆ بێنیتەوە. منیش هەندێک پەرتووک و گۆڤارم بۆ کڕیبو و ئەوە سێ مانگە جەرگی کون کردووم و هەر دەڵێت باوکە ئەی پەرتووکەکانی من کوان؟ هەر دەڵێت گوا سلێمانی ئەوەندە دوورە ئەم پەرتووکانە هەر ناگەنە بەرەوە؟؟؟؟؟؟؟


نازانم بە چ زمانێک تێیبگەینم کە گیانی بابە، پەرتووکەکان گیراون...کە ڕێگەیان نەدا پەرتووکەکان بهێنینەوە... نازانم بە چ زمانێک!! ئەو لە دنیای منداڵانەی خۆیدا دەژی و چووزانێت ئێمە چۆن ئەم کەند و کۆسپانە بەڕێ دەکەین!


ئەو هەمیشە وا دەزانێت سلێمانی بەشێکە لە شارەکەی خۆمان!!


هەمیشە وا دەزانێت تەنانەت هەولێریش تۆزێک لە خۆمانەوە دوورە!!!


لە بەرزاییەکانی لای خۆمانەوە(واتە شاخەکانی هەورامان) دەیان جار هەڵەبجەی بینیوە و پێی وایە هەر بەشێکە لە شارەکەی خۆمان!!! ئاخ سنوورەکان...ئاخ!


هێزەکانی ئاسایش و، پاسەوانانی سەرسنوور!! لەمەیاندا هەرگیز لێتان خۆش نابم. هەرگیز، هەرگیز...بەڵام دواجار هەر لێتان خۆش دەبم چوونکە ئێوەش قوربانین...چونکە ئێوەش گوناحن...چونکە لە بنەڕەتدا خەتای ئێوە نییە...خەتای ئەو سیستمەیە ئێوەی وا ڕاهێناوە...خەتای ئەو دەسەڵاتەیە ئێوەی وای پێگەیاندووە.

 

١٢\٧\٢٠١٧
ماڵپه‌ڕی فه‌رشید شه‌ریفی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک