په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٣

پەرتووک وەک نەفرەتێک!


توانا ئەمین      

ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆیەکی (هەفتەنامەی نسێ)‌یە لە بارەی پەرتووکەوە:

نسێ: بەرلە نووسین کردەی خوێدنەوە بوونی ھەیەو دەبێت ھەبێت، ھەڵبەتە بەر لەوەی نووسیار بین، خوێنەربووینە. تۆ یەکەم پەرتووک کە خوێدبێتتەوە چی پەرتووکێک بوو؟ ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە کاریگەریی بەسەر ھزر و نووسینی تۆدا چی بووە؟ تۆ لە پێناوی چیدا پەرتووک دەخوێنیتەوە؟ ئەگەر کردەی خوێندنەوە بوونی نەبێت، نووسین ماھییەتی چییە؟ بەبڕوای تۆ کەی ئەو رۆژە دێت تاکی کوردی (بەشێوەیەکی گشتی) پەرتووکی لە پارەو زێڕ و سەروەت خۆشتر بوێت؟ لەپاڵ ئەوەی کە ھەیەو دەگووترێت: " پەرتووک باشترین ھاوڕێی مرۆڤە"، پەرتووک لەدیدی زۆرێک لە بیرمەندەکان جیاواز لەوە کەوتۆتەوە، ئایا پەرتووک بەلای تۆوە چییە؟ ئەو پەرتووکەی حەز دەکرد تۆ نووسیارەکەی بوایە، چی پەرتووکێکە؟ ھەروەھا ئەو پەرتووکە چی پەرتووکێکە حەز دەکەی چەندین بارە بیخوێنیتەوە؟ ھەروەک ئاماژەمان بۆی کرد، نووسیار بەر لەوەی بنووسێت دەبێت بخوێنێتەوە، ئایا ئێستا خەریکی خوێندنەوەی چی پەرتووکێکی؟

توانا ئەمین: بە دروستی نازانم یەکەم جار چیم خوێندۆتەوە. هەرچی بووبێ، بەوەی لە زەینمدا وەک تەمێکی سپی کاڵ جێماوە، پەرتووکێک بووە سترەکتورێکی داستانیی هەبووە، بەڵام ئەوە پەرتووکێکی ئەوەندە قورس و کاریگەر نەبووە تا من لە ژێری دەرنەچم، هەرخۆی ئەوە تەلیسمی پەرتووکە، کە هەر ئەوەندەی بە پەرتووکێکی دیکەی نایاب گەیشتیت، ئەوی پێشوو جێی خۆی دەداتێ.. لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا مێنتاڵی کاغەز نییە کە دەتوانرێ بخوێنرێتەوە، تۆ کە لە سوچی گالەرییەکدا بەدیار تابلۆیەکەوە ڕادەمێنی دەخوێنیتەوە، کە فیلمێکی جوان دوور دوور لەگەڵ خۆی دەتبات دەخوێنیتەوە، کە لە باخچەیەکدا پیاسەیەک بە تەنیا دەکەیت، هەموو شتەکان وەک و خۆی نا! وەک ئەوەی چاوی تۆ دەیبینێ دەخوێنتەوە، بەم جۆرە خوێندنەوە ساتی بەرکەوتنی تۆ و دنیایە، ئەو دونیا بچووکەی منیش کە هەمیشە حەز دەکەم تیایدا بخوێنمەوە، هەر ئەو پەرتووکانەن کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سەر ئەم زەوییە حەز دەکەن بیخوێننەوە و پێیان وایە خودا نووسیونی..


تەورات و قورئان و ئینجیل‌، لە ڕیزی پێشەوەی فاڤۆرێتەکانی منن.. لەو ساڵانەی ڕابردوودا نوسخەیەکی دەستنووسی لەبەرگیراوەی (زەبور) لە مۆزەخانەی ئەسفەهان‌دا زۆر سەرنجی ڕاکێشام -کە ئۆرگیناڵەکەی کۆنترین نوسخەی زەبورە و لە پەرتووکخانەی ئایەتوڵا مورعەشی نەجەفی‌یە لە قوم- پاشتر کۆپیەکیم دەست خست و خوێندمەوە، تەواو چێژم لێ برد، یەک پارچە ستایش، یەک پارچە شیعر بوو.. مرۆڤ مینا عارفێکی پیر، هەموو جارێ دەکارێ وێنە و مانا و نەخشەی تازە بۆ ژیان، لەو پەرتووکە کۆن و کاغەزە زەردانەدا هەڵهێنجێت.. ئەمە ڕەنگە بەشێکی پەیوەندیی بەوەوە ببێ، کە من لام وایە مرۆڤی ڕۆژگاری زوو؛ پەرتووکی نەنووسیووە، پەرتووکی کۆدڕێژ کردووە.. ئەگەرنا نەمان دەتوانی تا ئێستاش دانتێ و شەکسپیر بخوێنینەوە.. نەمان دەتوانی لە کاتێکدا لەچەرخی فیزیای کوانتەمی‌ داین، ئیبن سینا بخوێنینەوە..!


دەخوێنمەوە تا بزانم من لە کوێم..؟ من چی دەکەم...؟ ئیرە کوێیە..؟ دەبێ پێت بڵێم من لە زومڕەی ئەوانەم؛ کە مرۆڤ وەک ونبویەک تەماشا دەکەم؛ وێڵێک چاوی کردۆتەوە و دەبینێ لەسەر ئەم زەویە ڕەقە بەتەنیا جێهێڵراوە، لە ساتێکی ئاوادا خوێندەوە سەرەتای سەرسامییە قورسەکەیە، ئەوانەی لەو سەرسامییەدا تەنیا بۆ کات کوشتن، پاگەندەی چێژ، حەزی زانین دەخوێننەوە، جیاوازن لە تۆ.. ئەوان دەتوانن نەخوێننەوە.. چوون بۆ هەریەکێ لە پاساوەکانیان ڕێگای تر کەم نییە، بەڵام بۆ من پرسیارەکە دەبێ بە ماهیەتم، وجودی من ڕاستە لە مندا، لەو پرۆژانەدایە کە هێشتا تەواوم نەکردوون، بەڵام کاتالۆگەکەی لەناو پەرتووکەکاندایە.. دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی بزانم من کێم...؟


لە ناو پەرتووکەکاندا بە دوای شتێکدا دەگەڕێم کە وا دێتە زەینمەوە زۆر بۆی پەرۆشم، لە هەر یەکیاندا پاژێکی دەدەۆزمەوە، لە کۆتایدا ئەگەر ڕۆژێک هەموو ئەو پارچە دۆزراوانەم نابەیەکەوە و هەستم کرد کۆی وێنەکەم تەواو کردووە، ئیتر دەنووم و ناخوێنمەوە.. بەڵام ئەوە تەنیا ڕۆژێکە کە لە کۆمەڵەی کاکێشاندا نییە، لەبەر ئەوەی ئیتالیۆ کالڤینۆ واتەنی "مرۆڤ لە دنیایەکدا خەریکە بەدوای خۆیدا دەگەڕی، کە هی ئەو نییە"!


وێناکردنی کۆمەڵگایەک کە تاک تێیدا وەک لە پرسیارەکەتاندا هاتووە؛ "پەرتووکی لە پارەو زێرو سەروەت خۆشتر بوێت"!! یۆتۆپیایەکی میسالی ترسناکە، کە تێیدا دەیەوێت ئەو دڵخوازی هەموو بەنیئادەم هەڵبژێرێت و نەخشە ڕێگاکەشی کتیب‌ـە..! وەک ئەوەی پەرتووک چەند پەڕەکاغەزێکی سیحراوی بێ، بە تۆزێک هێلمەوە، هەر ئەوەندەی کردمانەوە، دونیا بکات بە باخی بەهەشت..! من لێت ناشارمەوە لە پەرتووکی ئاوها و لەو کەسەش پەرتووکی ئاوامان پێشکەش و پێشنیار دەکات، لە دڵەوە دەترسێم.. بە درێژای مێژوو کەس وەک خاوەنی پەرتووکەکان بە هۆی زەخرەفەیەکی بەلاغییەوە سەودای زەوی و ئاسمانیشی نەکردووە.. خەونی بوونی زێڕ بۆ ناشرینە..؟ زەوی هی هەموومانە کێ حەزی لە چییە با هەڵبژێرێ، بەڵام بژاردەکەی خۆی وەک پەسەندترن نەفرۆشێتەوە بەوانی تر، تۆ کە نووسەریت و پەرتووکت هەیە، چەند لە جوتیارێکی کێڵگەی برنج لە ڤێتنام بەختەوەرتری، کە ناتوانێ بخوێنێتەوە..؟


ئازیزم.. دروستکردنی پەرتووک وەک دروستکردنی چەک پیشەسازییە، ڕاستە ڕێگایەکی ئاسان و کورتی فراوان کردنی ئەپستمی مرۆڤە، بەڵام ڕێگایەکی خاوێن نییە، ڕێگایەکە زۆر نزیکە نەگات.. پەرتووک خاچێکە دەبێ شانێکت بۆی هەبێ، من لە چاپی نوێی پەرتووکێکمدا، لەسەر بەرگەکەی نووسیومە؛ ((خوێنەری خۆشەویست.. من تۆ بم، ئەم پەرتووکە ناخوێنمەوە..!)) بەم شێوەیە چوون پاکەتی جگەرە، ڕۆژێک دادێ لەژێر کاریگەری یاسایەکدا لەسەر پەرتووکەکان دەنوسرێ؛ ڕەنگە خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە سەرت لێ تێکبدات، نەزمت هەلاهەلا بکات و ڕیتمت بشێوێنێ. بەم جۆرە ئەگەرچی کەس بەهۆی خوێندنەوەی ئەو دێڕە ئینفۆماخونەی سەر پاکەتی جگەرە، وازی لە جگەرە نەهێناوە، بەڵام تۆ وەک نوسەرێکی گومانکار لە بەرانبەر بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکەی خۆتدا وەفادار دەبیت..


ئەو پەرتووکەی من حەزم دەکرد نووسەری بام؛ (ماڵباتی باسکواڵ دوئارتێ‌‌)ی کامیلۆ خوسێ سێلایە، دروست لەو پەرتووکانەیە کە ئێستا باسمان دەکرد، ئەوەی ژیانت ژێرەوژوور هەڵدەگێڕیتەوە، ئەوەی گومان لە هەموو ئەو شتانە دەکەیت، کە بەناوی یاسا و پیرۆزیی و ترادیشیۆن و تەنانەت مۆڕاڵی گشتییەوە لە تۆ پەرژینیان کردووە.. پەرتووکێکە نازانی لایک یان ئەنلایکی بکەیت، نازانی بگریت یان پێبکەنیت.. لەو پەرتووکانەیە بە دیاریەوە دەحەجمێی، ماتریاڵەکەت هەرچییەک بێت، دوای خویندنەوەی ئەو پەرتووکە ناتوانێ بە ئاسانی بخەوێت..


ئاوها پەرتووک هەموو جارێک دەرمان نییە، پەرتووک خۆی برینەکەیە.. لەو ڕۆژانەدا کەوتم بەسەر پەیجێکی ئینگلیزیی‌دا بە ناونیشانی (من ڕقم لە خوێندنەوەیە)! دەوروبەری ٢٠٠ هەزار ئەندامی هەبوو، خۆ ناکرێت نزیکەی ئەو چارەکە میلیۆنە لە مرۆڤ، وەکو گەمژە سەیر بکەین، ئەوانیش ئارگۆمێنتی دژە خوێندنەوەیان لە خۆیاندا هەیە، بڕێکی باش لە حەقیقەتیش لای ئەوان هەیە. پەرتووک دەتوانێ حەرەم بشکێنێ، لە کەلێنی ناشوێنتەوە دزە بکات، هێدی هێدی شتەهایەک لە تۆدا بگۆڕیت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان تۆ مەبدەئت بوون، ڕاستە پەرتووک دینامیکی دژە چەقبەستنە.. ڕاستە کۆمەکێکی گەورەیە لە خۆدۆزینەوە، بەڵام ئیبلیسێکیشە کە دەتوانێ باش ونت بکات..! بۆیە پرسیارەکە وای لێدێت ئەگەر دوای هەموو پەرتووکێک بگۆڕێین، ئەگەر پەرتووک بتوانێ بمانکات بە شتێ کە ئێستا ئەوە نین، ئەی خۆمی خۆمان کواین....؟!


خوێندنەوە مرۆڤ قاژ دەکات بۆ دوو زەمەن، بۆ پێش خۆی و دوای خۆێ.. ساتی دەستبردن بۆ پەرتووک ساتێکی جەسارەتلییە، ئەو کائینە مەلعوونە سامی هەیە، تەنیا ئەوە بێ ڤیزا و بە ئاسانی تا ژووری نوستنمان دێ، ئارامگایەک کە دەتوانێ لێمان تێکبدا و تێکیشی دا..! دۆستی من.. پەرتووک هەیە فێرت دەکات لە چێشتخانەکتدا، بۆمب دروست بکەیت..! پەرتووک هەیە فێرت دەکات چۆن خوشکەکەمان بکوژین لەسەر ئەوەی لەگەڵ کوڕێکدا یەکتریان ماچ کردووە.. ئێستا سەردەمێکە ترۆریست پەرتووکی هەیە، خواپەرست پەرتووکی هەیە، شەیتانپەرست پەرتووکی هەیە، گنۆستیک پەرتووکی هەیە، ئاتیست پەرتووکی هەیە، جا کێ پەرتووکی نییە قوربان...؟!


بۆیە هەنگاوی یەکەم تێپەڕاندنی ئەو پارادایمە دیماگۆژییە کە پەرتووک وەک کەرەستەیەکی بێلایەن، وەک دنیایەکی سپی، وەک نوورێکی گەورە سەیر دەکات.. ئەو ژمارە مرۆڤە بهێنەرەوە بەرچاوت کە لەسەر دەستی پەرتووکێک خۆیان کوشتووە، ئەوانەی بەهۆی پەرتووکێکەوە خەڵکیان کوشتووە، ئەوانەی بەهۆی پەرتووکێکەوە خۆیان داوە بەکوشت.. لە شارەکەی من و تۆشدا خەڵک هەیە بە پەرتووکێکەوە گیراوە و بردویانە خنکاندویانە.. بیر لەو وشەیە بکەرەوە خــنـــکـــانـــدن.. ئەوەندە سامی هەیە نامەوێ کۆمایەک دانێم نامەوێ بووەستم لەسەری گوێم لە لرخەلرخیانە.. تۆ ئەم قوربانییە ناو دەنێی چی..؟ بەدێڕێک دەڵێی "شەهیدی نەمر"! ئەیکەیتە چوارچێوەیەکی ڕەش‌وسپیەوە..؟ بە هەزار منەت چوار دیناری شەهیدانەکەیت پێدەدەن، ئەمەیە شەرەفی گەورە..؟ ئەمە بوو بەهای مرۆڤ.. بۆ هیچ نا بۆ پەرتووک..! بۆ ئەو دەستە وەرەقە ناشرینەی کە ئێستا لە مەزادێکی سەرجادەدا، ئامادە نیت دۆلارێکی پێ بدەیت، تاقەتت نییە سەیری بکەیت.. تاقەتم نییە هیچ بڵێم، وەک ئیزاک بابێل دەمەوێ لەم چەرخی هاتوهاوارەدا من تەنها مامۆستای بێدەنگی بم.


ماڵپەڕی توانا ئەمین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک