په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠٢١

پەروەردەی منـداڵان بە جوانییخـوازیی.


رەزا ساڵح         


دەشێ پێناسەکردنی جوانیی زۆر ئاسان نەبێ، چونکە ئەم زاراوەیە پێویستی بە پێناسەی جـیاواز هەیە. بۆ روونکردنەوە بە شێوەیەکی ساکار، جوانیی بریتییە لە خۆشەویستی و لە کۆششکردن بە دوای جوانییدا. هەروەکو لە هونەر و جووڵە و موزیک وژیاندا هەیە.

جوانیی هەستکـردن و پێزانینی تاقـیکردنەوە هەستییە خۆشـەکانە. دەشوتـرێت جوانیی توانـای تێگەیـشتنی کـارە هـونەرییـەکـانە لە شـێوەی رەخـنەدا، بەپـێی پێـوەرەکـانی کە رۆشنبیری دیاریی دەکات. جوانیی چەمکـێکە کە لە کولتوورە جـیاوازەکانی جیهاندا، لە زانیارییە رەوشتییەکان و کۆمەڵایەتییەکـن و دەروونناسی کۆمەڵایـەتیـدا، لیکـۆڵینەوەی لەسەر دەکەن. چەندین زانـا و پەروەردەکاری شارەزا سەرقـاڵی لێکۆڵینەوەی جوانیین.

هەمـوو مرۆڤـێک ناتوانێت ببێت بە هونەرمەندێکی ئاوازدانەری موزیکی و گـۆرانی یا ببێت بە شاعـیر و نووسەرێکی بلیمەت، یا شێوەکارێکی بیرفـراوان، یا وەرزشکارێکی هەڵکەوتـوو. بەڵام دەتـوانن لە جوانیی تێبگەن و چـێژ و خـۆشی لـێوەربگـرن. تـوانـای هەستکردن بە جوانیی، رۆحی مرۆڤ دەوڵەمەنتر و دڵی پاکتر و دەروونی باشتر دەکات.


کێ هەیە لە ئێمە کە رۆژی چەنـد ـارێک نەـێتە بەردەم ئاوێنـە و سەیـری خـۆی نەکات و سەری بە شانە نەکات و سەیـری جلوبەرگە جوانەکانی نەکات. یا بەبێ ئوتـووکـردنی جلەکانی بچێتە دەرەوە. ئەمەیان جوانیی دەرەوەمـانە و بە چـاو دەیبینین. بەڵام پێویستە بایەخ بە جوانیی ناخی ناوەوەمان بدەین، کە هـەستـێکی دەروونیـیە و بە چـاو نابینرێت. پێویستە بە رەواڵەـت و رووکەشـش نەخەڵەتێـین. زۆر کـەس هـەن، لە دەرەوە جـوانن، بەڵام لە نـاوەوە ناشـیرینن. هـەر شتـێک ببریسکـێتەوە ئـەوە ناگەیـەنێـت کە زێـڕ بێـت. یا تەنیا بـڕیار لەسەر بەرگی پەرتـووک بدەین، بەبێ ئەوەی کە نـاوەڕۆکی پەرتووکەکە بیخـوێنینەوە کە چـی بابـەتـێک جوانیی لەخـۆی گـرتـووە.

(کۆنفـۆشیۆس) دەڵێت:"هەمـوو شتـێک بـڕێک جوانیی هـەیە، بـەڵام هەمـوو کەسـێک ناتـوانێت بیبیـنێت".
(سیگمۆند فـرۆید) دەڵێت:"جوانیی بە گەلێک شێوە لەدایک دەبێت.. تەنیا سووچەکەت بگـۆڕە، لە هەمـوو شـوێنێکـدا دەیبیـنیت"
(شکـسپـیر) یش دەڵێت:"جوانیی و ناشـیرینی نیـیە، بەڵکـو بیرکـردنەوەی مـرۆڤـە، کە جوانیی و ناشـیرینی لێکـدەداتـەوە".
(مستەفا سوباعی) دەڵێت:"جوانیی کـراسـێک نییە کە بمانـڕازێنێـتەوە، جوانیی، جوانیی زانسـت و ئـەدەبـە".

هەر یەکە لە ئێمەش بۆچـوون و هەڵسەنگاندنی جیاوازمان. لە بارەی جـوانییەوە هەیە.


ئەوەی بە لای منەوە جوانە، دەشێ بە لای تۆ یا ئێوەوە جوان نەبێت، یا بە پێچەوانەوە، چونکە لە هەسـت و روانین و خـۆشی و چـێژوەرگـرتن لە جوانیی وەکـو یـەک نین. گەر وانەبوایە هەمەڕەنگەیی و و هەمەچەشنەیی نەدەهاتنە ئاراوە. گەر من حەزم لە رەنگی وەنەوشەیی بێت، دەشێ تۆ حەزت لە رەنگی قـاوەیی بێت، ئەو حەزی لە رەنگی سـەوز بێـت،... هـتد. گەر بە چـاوی گەشبینییەوە لە بـوون بـڕوانین، دەبینین جوانیی لە هەموو گەردیـلەیەکـدا هـەیە. تەنانـەت لە ناشـیرینیـشدا، جوانیی دەبینین.

ژیان بەبێ جوانیی و هونەر، وەکو زەوییەکی قـاقـڕ وایە. دەبینین کەسانی دارا پارەیەکی زۆر لە دیکـۆری دەرەوەی ماڵـەکانیان و باخچەکـانیان خەرجـدەکـەن. بۆ ئـەوی چـێژی جوانیی و خـۆشی بە خۆیـان و بە بینەرانیان ببەخـشن. گوزایـشتیشە لە جوانییخوازیان.

پەروەردەی منداڵ بە جوانییخوازی، لە ماڵەوە و لە خێزانەوە دەست پێدەکات، گەر دایک و باوکێک جوانییخـوازبن. هەست و چـێژی جـوانییـان هـەبێت، لە دیکـۆر و رازانـەوە و سـتایـل و رێکخستنی ناومـاڵ و شتومەکەکانیانةدا دەردەکەوێت، شوێـنی پاک و جـوان و گونجاوی شتەکان پێکەوە، گوزارشتە بۆ کەسانی جوانییخواز. ئەم جـوانسازییە هـەر لە منـداڵییەوە کاریگەرییـان لەسەر منـداڵانی بچـووک هـەیە. دایـکان و بـاوکانی هـۆشـیار، هەر لە کۆرپەییەوە منـداڵەکانییان هـۆگری جوانیی دەکەن و بە خۆشی و چـێژی جوانیی پەروەردەیـان دەکـەن و رایـان دەهـێنـن. دەبیـنین دایکانی جوانییخواز بـە کەمەرەکـانی لانکەکـانی کورپەکانیانـدا، موورووی جـوان و رەنگـاوڕەنگ هەڵـدەواسن، یا بازنـگ و ملوانکەی رەنگاوڕەگیان لە دەست و ملیان دەکـەن. یا ژووری منـداڵەکانیان بە جۆرەها شتی رەنگ گەش و جـوان دەڕازێننەوە. ئەمانە کارێکی ئەرێنین بۆ روواندنی هەست و چـێژی جوانیی لە دەروونی منداڵە کـۆرپـەکـانیان.

کۆمپانییەکانی دروستکردنی بابەتەکانی یاریی منـداڵان، بۆ سەرنجڕاکێشانی منداڵان بە لای بابەتە دروستکراوەکـانیان، بە رەنگی گـەش و جـوان بابەتەکـان دروست دەکـەن.


لە دوای ماڵـیش، باخچـەی منـداڵان رۆڵێکی گـرنگی هـەیە، لە گەشەکـردنی هـەست و چـێژی منـداڵان بۆ جوانیی. لە میانـەی پـرۆگـرام و بەرنامەی داڕێـژراوی فـێرکـردنـدا.


بەداخـەوە، لە بەشـێکی زۆری باخچـەکانی ساوایـان و لە قـوتابخـانە سەرەتـاییەکـانی کوردستانـدا، هـێـندەی خـەریکی پەسـتانـدنی زانـست و زانیـارین لە مێـشکی منـداڵانی کوردمانەوە، لایەنی گرنگی و پێویستی جوانییان پشتگوێخستوون. بەڵام زۆر پێویستە کە سروشت و جوانیی تێکەڵی فـێرکردن و زانست بکـرێن و بە وانەکانەوە گرێ بدرێن. تێکـەڵی خـۆشی و گـۆرانی و مـوزیـک و یـاری و جـووڵـە و زەردەخـەنـە و پێـکەنـین بکـرێن. زۆر جـاریش فـێربوون و داهـێنانی منـداڵان، لـە رێی ئەنـدامە هەستییەکـانەوە دێنەدی و گەشەدەکـەن، نـەک تەنیـا لە رێی بیـرکـردنەوەوە.

توێژەران و پەروەردەکاران، زۆر باسیان لە سوود و گرنگییەکانی پەروەردی جوانیی بۆ فـێرکردن و پەروەردەکردن بۆ ژیـانی ئەمـڕۆ و داهاتووی منـداڵان کردوون. بە تایبەتی لە تەمەنی بەرایی منـداڵـیدا. کاتێکیش منـداڵان هەست بە جوانیی دەکەن و لایـان گەشە دەکـات. کە بە ژینگەیـەکی جوانیی دەوردرابـن.

کەواتا شێوازی فێرکردن و راهێنان لە ساڵە بەراییەکانی تەمەنی منداڵاندا، زۆر گرنگە. بە شـێوەیەکی راستەوخـۆ کارتێکـردنی لە گەشـەکـردن و پێـشکەوتـن و فـێربـوونیـاندا هەیە. بەڵکو فاکتەرێکی یەکلاییکەرەوەیە بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی داهـاتووی منداڵان.


هەر منداڵێکیش رێگای جیاوازی بۆ فـێربوون هەیە. پێویستە لە بوارەکانی فـێربوونی جیاواز و بواری جوانییدا، هەلی دۆزینەوە و داهـێنان و تاقیکردنەوەیان بۆ بڕەخسێنین.


دەکرێت لە شێوەی هـونەری شـێوەکـاری و موزیـک و سەما و هەڵـپەڕکێ و گـۆرانی و درامـاوە، هەستی جوانیی لە منـداڵانـدا بورووژێـنرێـت. لەوێـشـەوە هەسـتی جوانیی لای منـداڵان سەرهەڵـدەدات، کە شوێنە ناڕێکەکان، ماڵ و شەقام و سەیرانگاکان و ژینگەی سروشتی و قوتابخـانەکان و پۆلەکـان پیسکـرابن، خـراپە و ناشـیرینی دەدەنـە پـاڵ ئـەو کەسانەی کە پسیان کـردوون بە پیـس و چەپەڵـیان دەزانـن. جوانییش لە جوانیی مـاڵ و باخچەی منـداڵان و قـوتابخـانەکـان و پـۆلەکـان و سەیـرانگـاکان و ژینگەی سروشـتیدا بەدی دەکەن. شانازی و پێزانینیش ئەمەش بۆ کەسانی دڵسۆز و پاکـیخواز و جوانییخواز و خۆشەویست و نیشتمان پـەروەر و ژینگەپـارێـز دەگەڕێنـنەوە.

هەموو خەڵکی هونەرمەندن، منداڵان بە سروشتی و رەمەکی جوانییخـوازن و حەزیـان لە هـونەر هەیە. بەڵام مەترسی لەوەدایە کە پەروەردەکاران لە پەروەردەکردنی منداڵان و قوتابییەکانیاندا، شێوازێکی لـۆژیکی وشک و بێتام بگـرنەبەر، ئەوە پشتگوی نەخەن کە خۆشیی و جوانیی کە بە رەمەکی لە گەڵ منداڵانـدا هاتووە. زۆر لە مامۆستایان هـەن، لە رووی زانست و زانیاری و شارەزایی بابەتەکانی وانەکانیان باگکـراونـدێکی باشیان هەیە. بەڵام لە رووی هـونەری و شێوازی وتنەوەی وانەکانیانـدا نابەڵـەدن. وانەکانیان وشـک و بێ چـێژن و قـوتابییەکـانیان، لە وانەکـانیان بێـزارن و چـێژیان لێـوەرناگـرن.

جوانییـش مـەرجی زۆرە، گـرنگـترینیان زەردەخـەنەیە.

ئامانجی پەروەردەکردنی منداڵان بە جوانییخوازی، گەشەکردنی هەست و سۆزدارییەکی تەوای جوانییە لە دەروونیاندا. لە میانەی زانینی بایەخی جوانیی و رێزگرتن لە جوانیی.


هانـی منـداڵان دەدات بـۆ دۆزینـەوە و داهـێنان، گـەربێـت ئـەم ئامادەییەیـان تێـدابێـت.


پەروەردەی جوانیی، ململانێ لەگەڵ جۆرەکانی تری پەروەردەکردندا دەکـات، لە رووی هۆشی و رەوشتی و جەستەییەوە. کە کاردانەوەیەکی ئەرێنییان لە ژیانی منداڵان هەیە. پـەروەردەی نوێـش، بە چـاوێکی گـرنگی و رێـزەوە لە پـەروەردەی جوانیی دەڕوانێـت.


بە لای (تـۆڵستۆی) یەوە:"هـونەر هـۆیەکە بۆ گواستنەوەی هەستەکـان بۆ کەسانی تـر. هۆیەکە بۆ کۆکردنەوەی یەکهەستی، کە لە ژیاندا وەکو تاک و کۆمەڵ یارمەتییان دەدات بۆ پێشکەوتنێکی باڵاتر و لەبارتر. کارێکی جوان و ئەرێنییە کە دایکان و باوکان لەگەڵ منداڵەکـانیان بچـن بۆ بینـینی نمایـشێک یا شانـۆیـەکی تایبـەت بـۆ منـداڵان. یا سەردانی پێشانگا هونەرییەکان بکـەن. یا گوێگـرتن لە چەنـد پارچە موزیکـێک و گـفتوگـۆکـردن دەربـارەی مـوزیـک. لەمـانەش جـوانـتر ئامـادەکـردنی منـداڵانە بـۆ وەرگـرتـنی جوانیی. بۆ شیرینکردنی خۆشەویستیان بۆ قـوتابخانە کە بۆیان بووە بە تەواکەر و ئەڵتەرناتیڤی ماڵـەوەیان. گـرنگـترین ئەرکەکـانی قـوتابخـانەش هـەل رەخسانـدنە بۆ قـوتـابییەکـانیان، بە هەمـوو هـۆیـەک و رێگـایەک، گـەر بکـرێـت، جوانیی دروسـت بکەن، رێـزگرتـن لە هـێزی جوانیی بزانـن و گەشە بکات لای قوتابیان.

(بـستالـۆزی) دەڵێت:"سروشت پـڕە لە دیمەنی ئەفسووناوی، بەڵام قوتابخانەکان هـیچ شتێکـیان نەکـردوون تا ئـەم سـۆزدارییە لە منـداڵان راچـەنـێنن".

کەواتا گرنگی پەروەردەی منداڵان لەوەدا قەتیس نەبووە، تەنیا ئەوەبێت کە منداڵان، بە زانست و زانیاری و داب و نەریتی باش و پەسەنـد پابەنـدبن. بەڵکو گـرنگی پەروەردە ئەوەشـە کە بایـەخ بە گەشەکـردنی پـێزانین و چـێژ و خۆشـیش لە هەمـوو جـوانیـیەک وەربگرن. لەئەدەب یا موزیک یا وێنەگرتن بێت. بۆ مرۆڤ تەنیا ئەوەش بەس نییە، کە پارووی بژێـوی هەبێت. بەڵکو پێویستە خۆشی و چێژیش لە جوانیی ژیـان وەربگرێت.


٣\٢\٢٠٢١ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک