په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٠\٢٠١٩

    پەساپۆرتی سەفەرێکی نامۆ.

شەونم مەحمود

دەنگێک لە ناخەوە: ''ئێوارەیەکی نامۆیە و''،
هەموو شتێ لەبەرچاوتا.. نامۆ دیارن
هەر خۆتی و
لە نێو چوار دیواری ژوورەکەتا
بە دیار تەرمی هیواکانتا
فرمێسکی سوور هەڵدەڕێژی... و
هێدی هێدی...
بە سەر ئەم تەرزە مەرگەت
چرکەکانی کاتژمێری عومری بەهار نەدیوت
دەژمێری و میلی کاتژمێری ژوورەکەت
بە ئاوازە خەمناکەکەی ناخت
هاوبەشی ئەم خەمەتە...
تۆش بێ هوودە
یادەکانت.. لە ناو دڵتا دەنێژی
تابلۆی داهاتووی رەشت.. وا لەبەرچاوە و
چاک دەزانی
هەر ئەم شەوەت بە دەست ماوە....
سبەی ئازارستانێک
دوورگەیەکی ئێجگار نامۆیە و
چاوەڕوانتە....
هەر ئەم شەوەت بە دەست ماوە
ئەم ئازارستانە نامۆیە نامۆیە.. چاوەڕوانتە...
بێ ئەوەی ''ڤیزەی ئەم سەفەرەت'' بڕیبێ
پەساپۆرتی کۆچکردنت لە دەستایە...
پەساپۆرتی کۆچکردنت لە دەستایە و
ئۆقرەت نەماوە....
چاک دەزانی
گەر دڵت هاواری کرد
پەردەی بێ دەنگیی دڕی...
''چەقۆی ئازار'' سێبەری لێ کردوویت و
بە تۆمەتی یا خیبوونت
دڵی پڕ سۆزت.. شەق دەکات
ناچار
چارەنووست دەدەیتە دەست قەدەری شوومی
لێک دابڕان
رووەو هەواری خەم...
چەپکێک ئازاری تر و ''کۆتەڵی خەمی نوێ''
سەرباری خەمەکانت دەبێ،
تا هەتایە.. لە ''دوورگەی ئاوارەیی''
بە پەساپۆرتی ئەم سەفەرەت
دەگۆڕیەوە ''خەونت، هیوات..''
ئەسەف ''کچی ناسۆر'' چ سەردەمێکە؟
''خەون و هیواکانت'' بە پەساپۆرتی ئەم سەفەرەت
دەگۆڕییەوە....
چ سەردەمێکە ''کچی ناسۆر''
لە یاخیبوون.. بسڵەمیەوە؟
گەر ئەمڕۆ یاخی نەبیت
سبەی بێ شک.. نامۆتر دەبیت...
نەکەی ''کچی ناسۆر''
کڕنۆش بۆ ''وەرزی وەرین''
ببەی....
نەکەی
بەم رازیبوونەت ''دەرگای رەهایی''
بە رووی هیواکانت داخەی...
نەکەی
دوورگەی نامۆ
بکەی بە هەواری تازەت....
تۆش مرۆڤیت
خاوەن هەست و چاو و دڵ و بیری خۆتیت...
ببە بە دەنگ
بە زریانی تووڕەیی
دنیا پڕکە بانگی سەربەستیی
ورە بەرز.. هەنگاو بنێ....
ببە بە رەنگ
بە ''نیگای خۆرێکی گەش''
شەوی تاریک راوبنێ.


٨\٣\١٩٩٩ - هەولێر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک