١٠\٨\٢٠١٨
پێش ٥٣ ساڵ لەم
رۆژەدا گیرام.

ئهحمهد رهجهب
ئەم رووداوە لە دەربەندیخان بە رووداوی
تانکەکە ناسراوە.
لە تێکۆشاندا لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکانی گەل و دوارۆژێکی پرشنگدار بۆ
گەلانی ترو مرۆڤایەتی پێشکەوتوخواز ژمارەیەکی زۆر خۆیان بەخت ئەکەن و
ئەبنە قوربانی و شیوعییەکان و چەپەکان لەو بوارەدا رۆڵی سەرەکییان
نواندووەو پێشەنگ بوون.
لە درێژەی کاروانی تێکۆشانداو، لە گەرمەی ئیشوکاری رێکخراویی حزبداو،
لەم رۆژەدا پێش {٥٣} ساڵ لە لایەن ئیستخباراتی کەتیبەی (٣٢) ی سوپای
عێراق بە ھاوکاری بەریوبەرایەتی ئاسایشی دەربەندیخان و، لە ماڵی
کەسایەتی نیشتمانی و شیوعی ناسراو تێکۆشەر { حسەێن حاجی کەریمی زۆراب،
بابی شەھید (رەفیق ) لە دەربەندیخان گیرام.
لەو رۆژانەدا بەرپرسی رێکخراوی دەربەندیخان بووم و، رۆژێکیان ھاورێی
تێکۆشەر عەبدوڵلای مەلا فەرەج قەرەداغی { مەلا عەلی} نامەیەکی بۆ ناردم
لە گەڵ پسووڵەی گواستنەوەی محەمەد ناوێک ( رەیس عورەفا) لە کەتیبەی
(٣٢) لە دەربەندیخان.
پسووڵە تایبەتییەکەی محەمەدم وەرگرت و، بەشیوەیەکی زیرەکانە چاومان
بەیەکتر کەوت و، دیار بوو محەمەد زێتەڵ و وریایە، بۆیە پێش ئەوەی
بیخەینە ناو رێکخراوی تایبەتی سەربازەکانی تر لە کەتیبەی ٣٢ و
بەتالیۆنی دەربەندیخان، داوای زانیاری زیاترم لە مەلا عەلی کرد.
دەربەندیخان بە ھوێ بەنداوەکەو شاخە بەرزکانی لە رووی سەربازییەوە
شوێنێکی ئیستراتیجی گرنگ بوو، کەتیبەی ٣٢ بە فەرماندەیی موقەدەم کەمال
ئەحمەد ئەلراوی و، بەتالیۆنی دەربەندیخان بە فەرمانەیی جەمیل ئەلشێخلی
تیادا جێگیر بوو بوون و، سەبارەت بە ھاتنی محەمەد گوماناوی بوو، دڵنیا
نەبووم بخرێتە ناو رێکخراوی سەربازەکان و، ھەر لە چوارچێوەی ئەو
بارودۆخەدا لە رۆژی ٧/٨/١٩٦٥ گیرام.
ئێمە وەک حزبی شیوعی عێراق لە چەند شوێنێکی کوردستان لە شۆرشی
ئازادیخوازانەی کورد بەشدار بووین و، لقی {١٠} ی تێکۆشەر لە قەرەداغ
بوو، نزیکترین ھێزی پێشمەرگەی حزب بوو لە ناوچەکەدا، ھاورێ مەلا عەلی
بەرپرسی یەکەمی رێکخراوەکانی حزبو، ھاوکات سەرلقی لقی {١٠} بوو.
لقی {١٠} وەک ھێزێکی پێشمەرگە پێویستی بە زۆر شتومەک و کەرەستە ھەبوو،
وەک دووربین و تەقەمەنی و تفاقی سەربازی و، بۆ ئەو مەبەستە قسەمان لە
گەڵ رەیس عورفا محەمەد کردو، ئامادەیی پێشاندا بەرامبەر نرخێکی کەم و،
لە کۆبوونەوەی داھاتوو لە برواری ٧/٨/١٩٦٥ ھەندی شتومەکی ھێناو، بە
ھاوری حسەێن رەوانەی جییەکی ترمان کردو، بە ھاوری حسەینم وت لە مامرستا
غەریب حەمە سەعید ئەندامی لێژنە لە دەربەندیخان ھەندێ پارە لە بری ئەو
شتومەکانە بێنێت.
لە گەڵ دەرچوونی ھاوری حسەێن لە ماڵەوەو، لە پاش ماوەیەکی کورت ھێزێکی
سوپاو ئەفسەرێک و، تاقمێکی ئاسایش و مفەوەز غالب و، موختاری شار شیخ
محەمەد مەلا قادر بانیخێڵانی ھەڵیانکوتا سەر ماڵی ھاورێی تێکۆشەرو،
یەکسەر ئەفسەرەکە زلەیەکی کێشا بە بەناگۆێی رەیس عورەفا محەمەدو کەوتە
لێدانی و، فەرمانیدا بە سەربازەکانی بە مردووی بێبەنەوە بۆ کەتێبە و،
لە منی پرسی نەخشەی چیتان ئەکێشا؟ منیش وەڵامم نەدایەوەو، زانیم رەیس
عورەفا محەمە توانی خوێ بخزێنەتە ناو رێکخراوی حزبمان و، ئەفسەرەکە
کێشای بە سەرمداو پرسیارەکەی دووبارە کردەوە و، منیش زۆر بە ھێمنی وتم:
من بەرەو ماڵەوە بۆ کەمپی خوار ئەرۆیشتم و ئەو کابرایە کە لە گەڵ
سەربازەکانت بۆ بارەگای کەتیبە ناردتەوە وتی: ئەمەوێ لەم ماڵە {
بێستانەکەی تێکۆشەر حسەێن} تەمانەو بامیەو سەوزە بکرم ئەتوانی یارمەتیم
بدەی لە وەرگێران چونکە کوردی نازانم.
ئەفسەرەکە وتی: کوا ئەو شتومەکانە کە رەیس عورەفا محەمەد بۆتانی ھێنا؟
و، بە سەربازەکانی وت: ماڵەکە ببشکێنن و، سەربازو موختارو ئەمنەکان
کەوتنە بشکنین و ماڵەکەیان ژێروبان کردو تووشی شۆک ھاتن و ھیچیان
نەدۆزییەوەو، ئەفسەرەکە تووشی شڵەژان بوو و، داوای کەرەستەکانی ئەکرد
بۆ ئەوەی بیگێرێتەوە بۆ کەتیبە و، لە باوەرەدا نەبوو شتەکان بەو خێرایە
گواسترا بێتەوە بۆ شوێنێکی ترو، لەوێ ( زانیم نەخشەی شانۆگەرییەکی
کرچوکاڵیان دارشتەوە بۆ گرتنم و نھێنییەکانی حزب بدرکێنم) کاتێک زانی
وەڵامم نییە کەوتە لێدانم و بە توورەییەوە بە تاقمەکەی وت: لێدەن و
بیبەن بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەو، لە ماڵ حاجی حسەێن ھاتینە دەرەوەو، بە شەق
و زللەو بۆکس بە تەنافەکانی گەرماوەکەی حاجی تالیب کۆکسی دەست و
قاچەکانم بەسترانەوەو، بە راکێشان تا لای زیلەکە کە لە بەردەم یەکەمین
مزگەوتی ئەوسای دەربەندیخان وەستا بوو بردمیان و، فرێیاندامە ناو
زیلکەو دەم وچاوو روومەتم سووتاو، لە بەر ئەوەی لەشم و قاچ و دەستەکانم
بەسترابوونەوە نەمتواتی لە گەرمای پلێتی زیلەکە رزگارم بێتو، بەو
شێوەیە تا کەتێبە مامەوە.
لە کتیبە بردمیانە ژورەکەی فەرماندە ولەوی موقدەم کمال الراوی وتی:
ئەمناسی؟ وتم: گرنگ نییە بتناسم یان نەتناسم بەڵام ئەمەوێت بزانم بۆ
منتان گرتووە؟ فەرماندە پێکەنی و وتی: ئەگەر یارمەتیمان بدەیت و لە
گەڵماندا راستگۆ بێت یەکسەر بەرەڵات ئەکەێن و، نەوەستاو پرسیاری کردو
وتی: ئەندامانی رێکخراوی حزبەکەتان لەم شارە کێن؟ مەبەستم رێکخراوی
حزبی شیوعی عێراقە؟ و، ئەندامانی ھێڵی عەسکەری کێن؟ پەیوەندی بە کێوە
ئەکەێت؟ ناو بەرپرسەکەت چییە؟ ئەرکی ھێزەکەتان لە ناو بزوتنەوەی ""یاخیبووی
کورد چییە""؟ جموجوڵ و چالاکی لقی {١٠} چییە؟ و، ھەندی پرسیاری تریش
و، لە وەڵامدا وتم: من بە رێی خۆم ئەرۆیشتم لە پر رەیس عورەفایەکم دی
و، وتی ئەتوانی یارمەتیم بدەی لە کرینی تەماتەوەوسەوزە بەڵام تۆ لە
بارەی رێکخراوەکانی حزبی شیوعی عێراق پرسیار ئەکەێت ، من ھیچ
زانیارییەکم نییەو نازانم لقی {١٠} چییە.
موقەدەم کمال الراوی وەک گای تۆر لە شوێنەکەی خوێ ھەڵساو بە نەرم ونیان
وتی: من ئازادت ئەکەم ئەگەر بڵێت: ئەو ( ماڵە جێی خراپەکارییە) و، منیش
یەکسەر تەقیمەوە وقیراندم و وتم: کمال الراوی ئەزانێت کام ئافرەت
خراپکارو سووکە؟ جارێکی تر وەک شێت و بە توورەییەوە وتی: کێیە؟
منیش وەک لاوێکی خوێن گەرم و راشکاوانە وتم: ژنی ئەو ئەفسەرانەی کە
دێنە کوردستان بۆ کوشتنی گەلێکی بێوەی، لەوێدا عروبەچی کمال الراوی خوێ
پێنەگیراو، بە دەمانچەکەی ھات بە سەروگوێلاکم و خوێن بە ناوچاوانمەوە
ھاتە خوارەوەو، بانگی رەیس عورفا محەمەدی کردو وتی : بیبەن بیکوژن و،
ھەر لەوێ بە لولەی تانکێک ھەلیانواسیم و، بە شوڵ بە سەرپەرشتی محەمەد
کەوتنە لێدانم و، پاشان دەستمیان بە ئۆتۆمبێلک و قاچەکانم بە
ئۆتۆمبێلێکی تر بەستەوەو بۆ ترساندنم، کراسەکەیان لە بەرم داکەندو، لە
پاش لێدانم و بۆ پشوودان جگەرەکانیان لە سەر پشتم و جاروبار سێنگم
دائەنا ( باشترین تەپڵەک) یان دۆزێیەوە، لە پاش چەند ۆرژێک ڵیدانی
وەحشیانە بە رەتڵێکی عەسکەری (قافڵە) لە دەربەندیخان گواستمیانەوە بۆ
جەلەولاو پاشان بۆ سەربازگەی سەعەد لە باقوبە و بەغدا و کەرکوک و
سلێمانی.
زیندانی سلێمانی لە چاو بەغداو کەرکوک وەک (بەھەشت) وابوو، لە سلێمانی
ئاگادار کرامەوە لەگەڵ مام ھوسەینی ھوسەینی ھۆرێنی و حاجی محەمەدی
کەریمی زۆراب ئەدرێن بە دادگای عەسکەری و ، ئێمکانە من سزای لە
سیدارەدان بدرێم ئەگەر بەڵگەیان دەسکەوێت کە من لە گەڵ حزبەکانی دژ بە
رژێم ھاوکار بم، بە ھوێ شەرکردن لە گەڵ یەکێک لە سەرسەرییەکان بەناو (عمر
بەھاو) و خاینێکی روورەش بۆ کەرکوک گواستمیانەوەو، زیندانی کەرکوک (تەویلەکە)
بە پێی راپۆرتی ڤێتەنەری ( بیگرە) دەستنادات وڵاخ تیادا بژێ کە چی
(٦٠٠) کەسی تیا بوو.
کمال الراوی دەرکەوت سیخوری ئیسرائیلە لە تاقمەکەی یوسف زەڵخا، لە
بەرەکانی شەر لە سوریا بە جلی خەو (پیجامە) ھێنایانەوە بۆ بەغدا و ولە
پاش سزادانی گوللە باران کراو، لاشەکەیان لە مەیدانی ئازادی (باب
الشەرجی) لە ناوەراستی بەغدا ھەڵواسی.
نەمری بۆ تێکۆشەر حسەێن حاجی کەرێم زۆراب. سەربەرزی بۆ تێکۆشەری بێ
ھاوتا رابیعە خان داێکی شەھید رەفیق.
مردن بۆ دوژمنانی شیوعییەت.
٧\٨\٢٠١٨
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|