٢٥\٣\٢٠١٧
پێش ئاوابوون.

ئاکۆ محەمەد سابیر
ئێرە ماڵێک نییە
بۆ مانەوە
شوێنێکە بۆ جێهێشتن
ئێرە دونیایە دونیا
ویستگەیەکە بۆ سەفەر
ئەمەوێت ئاشتت بکەمەوە
پێش توانەوە لە دوتۆی خاکدا
کە ئاوابووین بەختی هەڵهاتنەوەمان نییە
ئازیزم چاو لە سیاسیەکان مەکە
ئاڵای رەگەزپەرستی داگرە
کات بێزارە لە کینە
ئاڵایەکی سپی سپی
وەک دوا پۆشاکی ماڵائاوایی
بە بانیژەکەدا هەڵبواسە
ئامیزتبکەوە و
بە ئەسپایی بڵێ
من خەڵکی شوێنێک نیم لە چەقبەستوویی
هیچ شوێنێک هی من نییە و
منیش هی هیچ شوێنێک نیم
دڵێکم هەیە بۆ ئاشتی و
گەروویەکم هەیە بۆ لایلایە و
دوو لێوان بۆ زەردەخەنە
ئازیزم
ئەمەوێت ئاشتت کەمەوە
سەر بنێم بە سەرتەوە و
بە گوێتا بچرپێنم
ئێمە ئەبەدی نین
ئێمە خۆر نین
دوای ئاوابوون هەڵبێینەوە
ئیوارەیەک پێش ئاوابوون
وەک ڕووبارێکی بێگەرد
پیاسەیەکی نەرم و شل
بە گۆڕستانی سەیواندا بکە
تا چاو بڕکات سپی دەکاتەوە
لە کێلەکان ورد بەرەوە
پڕن لە حکایەتی ئاوابوون
ئەوسا دەزانیت
کۆشکی سوڵتانەکان
مەکر و شانازیی شازادەکان
سەرابن تەنها سەراب
ئازیزم ئێرە ماڵێکە بۆ کۆچکردن
سەفەرێکە بێ هەگبە و بێ پریاسکە
بە دوو دەستی بەتاڵ هاتین
هەرواش دەڕۆین
ئەوەی لەگەڵ خۆمان دەیبەین
تەنها دڵێکە دڵێک
با سەوزی کەین بە خۆشەویستی.
ماڵپهڕی ئاکۆ محهمهد
سابیر
|