په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پێشبڕکێی پاشکەوتن!!


ستار محەمەد قادر


دەنێو میللەتان و ئەتەکێتی وڵاتەکاندا، وا باوە پێشبڕکێ لە پێناو دەرخستنی توانای بەشداربووانی لایەنەکانی نێو ئەو پێشبڕکێیەدا ئەنجام بدرێت، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان کێ بەرکێ و پێشبڕکێ لەهەر بووارێک لە بووارەکاندا چ: وەرزشیی، ئابووریی، سیاسیی، ئیداریی، پەروەردەیی، زانستیی، کۆمەڵایەتیی، دیمۆکراسیی، ئەدەبیی بەهەموو ژانرەکانییەوە، دبلۆماسیی، دادوەریی... هتد، بوونی هەیەو مرۆڤ زۆر بەسانایی دەتوانێت لەڕێگای بەراوردکرنەوە لەلای خۆیەوە ئاستەکان دیاری و دەستنیشان بکات.


ئەوەی جێگای داخە تا ئێستا پێشبڕکێیەکان لەسەر بنەمای (باش، باشتر، باشترین) ئەنجام دراون و دەدرێن، هەرگیز بیر لەوە نەکراوەتەوە کێ بەرکێیەک لەسەر بنەمای (خەراب، خەرابتر، خەرابترین) ئەنجام بدرێت، ئەگەر چتێکی لەو شێوەیە هەبوایە وابزانم وڵات و میللەتی ئێمە ژمارەی پێوەرییمان دەبەزاندو و بۆ هەتا هەتایی لەسەر ئاستی هەرە خەرابەکان پلە یەک دەبووین و لەسەر زەوی هیچ هێزێک نەدەبوو ئەو شوێنەى پێلەق بکردینایە!


میللەتانى جیهان لەگەڵ هاتنی هەموو سەری ساڵێکدا خۆیان سازو ئامادە دەکەن بۆ ئاهەنگگێڕان بەمەبەستی پێشوازیکردن لەساڵی نوێ و لەبەرچاوگرتنی ئەو ساڵەی لەگەڵ خۆیدا زۆرێک لە یادگارییە خۆش و ناخۆشەکانی لەژیانی رۆژانەیاندا تۆمارکردووە، لەلای ئەوان ساڵی نوێ ماناو واتاو بەدیدێکەوە لێی دەڕوانن کە ئەدگاری ساڵی نوێ لە رۆحیاندا چێژی خۆی هەیە، لەبەرنامەیاندایە ساڵی نوێ، ساڵی تازەگەری و بەدیهێنانی خەون و ئەندێشەکانیان بێت، گەڕانەوە بۆ رابردوویش، لەزەینی ئەواندا پێداچوونەوەو ئەنجامدانی ریفۆرمە لە ئێستاو داهاتوویاندا، لێ ئەوەی لە جیهانی ئێمەدا دەبینرێت، جیاوازیی ئاسمان و رێسمانی هەیە، میللەتێک بەهای کات نەزانێت، بەکات ئیش نەکات، ئیشی بەکاتیش نەبێت، چۆن دەتوانێت لەبەهای ساڵ بکۆڵێتەوە و بینرخێنێت، چونکە ساڵ بریتییە لە کۆی کاتەکان، ئەو کاتانەی کە ئێمە بەدرێژایی ژیانمان بەهەدەریان دەدەین، بریتین لەو ساڵانەی کە تەنها لەکاتی هەژماردنی تەمەنماندا وەبیرمان دەکەونەوە!


ئەگەر سەرنج بدەینە هەموو سەری ساڵەکان، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە هێندەی لە پێشوازی چتی لاوەکیدا بووینە، نەمانتوانیوە لە چەمکی ساڵ بگەین، تا جاران بوو میللەتی ئێراک هەموو سەری ساڵێک لە چاوەڕوانی بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی شۆڕشدا بوون تا زیندانییەکان بە سەددەقە لەلایەن کۆشکی کۆمارییەوە بەبڕیارێک ئازاد بکرێن، یان بڕە پارەیەکی زۆر کەم بۆ مووچەخۆران زیاد بکرابایە، یان نیو غرام شەکر بچوبایەتە سەر بەشە خۆراکەکە، یانیش لە چاوەڕوانی شەڕێکی چاوەڕوان نەکراودا بووینایە، سەری ساڵی ئەمساڵیش لەگەڵ خۆیدا دابەزینی دۆلاری لە 125000هەزار دیناری چاپی بریمەرەوە بۆ 117000 هەزارو واقسەیشی لێدەکرێت گوایە تا100000هەزاردینار ئەوجار جێگیر ببێت، ئەمە لەکاتێکدایە پارە چاپەکەی بریمەر هێزی کڕینی لەگەڵ دابەزینی دۆلاردا زیاتر بەرەو لاواز بوون دەڕوات و راستەوخۆ کاردەکاتە سەر بژێوی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک و بازاڕ لەجم و جۆڵ دەخات.


لەراستیدا من بۆیە ئەو مانشێتەم بۆ ئەم وتارەم هەڵبژارد، چونکە بەڕاستی گوزارشت لەم واقیعەی ئێراک دەکات، لەبیرمە کاتێک کە دیکتاتۆر کورسی دەسەڵاتی وەرگرت، سەر شەقامەکانی ئەم وڵاتەی بەدرووشمە وەهمییەکان پڕ کردبووەوە، یەکێک لەو درووشمانە کە مرۆڤی تووشی شۆک دەکرد:"دە ساڵ ئێراک پێش دەکەوێت"! کە لە دواجاردا گۆڕا بۆ (ئەل لالە وەل فانۆس من مونجەزات سەورە 17 عەشەرە من تەمووز) بەعس و نموونەی بەعس تا لەبارتەقایاندا بوو هیچ قسوورێکیان نەدەکرد لەڕاگرتنی میللی کاتژمێرەکان لەم وڵاتەدا، ئێستاش ئەگەر لەبەرنامەی کارو پلانی حوکومەتەکەی مالیکیش بڕوانین لەبوواری بەڕێوەبەرایەتیدا هەمان ئەو دەساڵە وەهمییانەمان دەبیر دەخاتەوە، حوکومەتێک ئەگەر بەرنامەی تۆکمەو پلانی سەرکەوتووی نەبێت لە پێناو بەهێزکردنی هێزی کڕینی دراوی وڵاتەکەیدا، بەهەزار پڕووپاگەندەی بەرزکردن و داگرتنی دراوە بییانییەکان، ناتوانێت یەک هەنگاو ئابووریی وڵاتەکەی بۆ پََشەوە بەرێت.

 
رەنگە دابەزینی دۆلار لە روئیای ئەوانەوە سەرکەوتنێکی گەورە بێت، لێ کارەسات لەوێدایە کاتێک کە دۆلار دادەبەزێت، بازاڕ گڕ دەگرێت، کەواتا بەرزبوون و دابەزینی هێزی کڕین و فرۆشتنی دۆلار هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بنەڕەتی نییە بە دراوی ئێراکیی چاپی بریمەرەوە، بەڵکو هێندەی ئەو هەڵبەزو دابەزەی دۆلار لەگەمە دەچێت، گەمەیەک ئەوە دووپات دەکاتەوە، رەنگبێت ئەو حوکومەتەی لەم وڵاتە کورسی دەسەڵات وەربگرێت، بیەوێت ئەتەکێتی یارییەکی دی بخاتە سەر خەرمانی پێشبڕکێ و کێ بەرکێیە جیهانییەکان، ئەمان لەخۆیان دڵنیان کە ژمارەی پێوەریی لەدونیادا دەشکێنن، بۆیە حەزیان لەپێشکەوتن نییە، خۆیان مەڵاس داوە بۆ وەدەستهێنانی نازناوی یەکەم لەسەر ئاستی خەرابترین یەکەی بەڕێوەبەرایەتی لەجیهاندا!

 

 15/12/2007
که‌رکوک

Star_qadr@yahoo.com