په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠١٧

شانۆ:

پەشێمانیی.


عەلی حەمەڕەشید   

کەسایەتییەکان:
باوان …………….. قوتابی یەکی زیرەکە
ئاری ……………… قوتابی یەکە حەز لە خوێندن ناکات
دارا ………………. قوتابی یەکی زیرەکە
سۆران ……………. قوتابی یەکە گوێ بە خوێندن نادات.
دیاری…………….. قوتابی یەکە وەکو سۆران.
کانی ………………قوتابی یەکی زیرەکە
ڤانیا………………. قوتابی یەکی زیرەکە
نیگا ………………. قوتابی یەکی زیرەکە
ئازاد ……………… قوتابی یەکی زیرەکە


شوێن: باخچە تازە دروست کراوەکەی گەڕەکەکەیانە.‌.
(باوان لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی تریدا سەرو دەفتیەریان پێیە ‌و کۆشش دەکەن و باسی قوتابخانە دەکەن)
باوان: من لەبەرمە…….. ئەی ئێوە کامتان لە بەرتان کرد؟
دارا: (روِودەکاتە ڤانیا) من دوو دێڕم ماوە ئەی تۆ؟
ڤانیا: من ھەموویم لەبەرە حەز دەکەی بۆم بگرە با بۆت بڵێم .
باوان: دەی من و تۆ پێکەوە دەیڵێین…
لە مامۆســـــتاوە فێر بـــووم
یەکــــەم پیت یەکـــــەم وانە
نەمـــــــامی دەســــــتی ئەوم
ڕێزی لەســــــــەر چــــــاوانە
مامۆســـــــتا وەک و خـــــۆرە
خـــــــاوەنی چـــــــاکەی زۆرە
دوژمــــــــنی تاریــکــــــی یە
دەزانێ ســـــــــــــودی نی یە
بۆیە ھــــــــەر نیشـــــتیمانێ
ڕۆڵـــــــــەی ڕێزیان نـــەزانێ
ھــــــــەمیشە دواکەوتــــووە
تاریکــــــــی تیا زاڵ بــــــووە
نەزانین و نــــــــەخـــــــۆشی
دووری خســتوون لە خـــــۆشی
زانیــاری و خــــــــوێندەواری
گەل دەخـــاتە بەخــــــــتیاری
دارا: باشە خۆ دوێنێ مامۆستا بۆی نووسین زۆر بە زوویی ئێوە لەبەرتان کردووە ……..
باوان: من دایکم و باوکم یارمەتیم دەدەن ھەر کەچوومە ماڵەوە یەکسەر جانتاکەم پێ دەھێنن و یەکە یەکە تەماشای کتێب و دەفتەرەکانیشم دەکەن….
ڤانیا :منیش وەکو تۆ وام.
کانی: من ڕۆژانە چیم لەسەر بێت کەچوومە ماڵوە جێبەجێی دەکەم ، ھەرگیز کاری ئەمڕۆ ناخەمە سبەی .
کۆرس:
نایخەمە سبەی کاری ئەمڕۆی خۆم
تاکو بتوانم
جێبەجێی دەکەم ھەتا زۆر نەبێ
ئەرکی سەرشانم
***
ئەمڕۆ چییان وت ئازانە دەیکــــەم
زۆر بە خێرایی
تا تێکەڵ نەبێ و نەبێت بە کۆمەڵ
بۆ ڕۆژی دوایی
***
ئەگەر وا بڕۆم سەر دەگرێت کارم
دوا ڕۆژ ڕوون دیارە
باخی ھیواشم پڕ گوڵی گەش و
جوان و بۆندارە
***
ھەر کەس وەک من بێت ڕێی ھیوا دەگرێت
بە چاک و ڕاستی
مرۆڤی سستە کە ڕێگای ھیوا
ونە لە ئاستی
کاڵێ:خۆ گوێتان لێ بوو :مرۆڤی سستە کە رێگای ھیوا ونە لە ئاستی.
ڤانیا:زۆر راستە ھەرگیز کاری ئەمڕۆ ناخەینە سبەی.
(ئاری لە دوورە وە دەردەکەوێت و دارلاستیکێکی پێ یە و بەملاو لای خۆیدا بەرد ھەڵدەدات..بەردەکان لە کاغەز دروستکراون..ئەم گۆرانی یە دەڵێ):
ئاری:
ئەم دارلاســــــتیکی منە
بۆ چۆلەکە کوشـــــــتنە
بەیەک بەرد ھەموو جـارێ
دووان ھەڵدەدەمە خــوارێ
باوان:ئەوە تۆی ئاری؟دیسان دارلاستیک؟
ئاری:بۆچی؟چی یە گیانە دارلاستیک چی یەتی؟
باوان:ئەوە چەند جار وتیان دارلاستیکەکەت فڕێبدە چونکە کارێکی پەسەند نی یە.
ئاری:بڕۆ ……بڕۆ بەلای ئیشتەوە(کالێکی پەسەند نی یە)
….لاسای دەکاتەوە… جەنابی ئامۆژگاریم دەکات.
دارا:ئاری ……باوان راست دەکات.
کاڵێ:باشە ئەی ئەوە دیار نیت لە قوتابخانە؟
ڤانیا :نزیکەی مانگێک دەبێت رۆژ نا رۆژێک دێیتەوە و ھەفتەیەکیشە بە تەواوی نایەیتەوە؟
ئاری :بۆ ئێوە بەڕێوەبەرن….مامۆستان دایکم و باوکمن چین ئاوا کردووتانە بە رۆژی خۆتان….چیتان لە من دەوێت؟
باوان:چیمان لە تۆ دەوێت؟ھیچمان لە تۆ ناوێت ،تەنھا دڵسۆزیمان بۆت دەردەبڕین تا بگەڕێیتەوە بۆ قوتابخانە.
کاڵێ:چونکە خوێندن لە ئەمڕۆدا دەمانگەیەنێت بە ھیواکانمان.
ڤانیا:تا مرۆڤی خوێندەوار لە ھەر وڵاتێکدا زۆر بێت پێشکەوتن و ئاسوودەیی مسۆگەرە.
ئاری:وا بزانم ئێوە توشی شەڕم دەکەن…من بە نیازم جارێکی تر بە لای قوتابخانەدا نەڕۆم ،ئێوەش خەریکن باسی قوتابخانەم بۆ دەکەن.
دارا:بەڵێ….بەڵێ چونکە دەزانین قوتابخانە ماڵی دووەمی ھەمووانە ،دەبێت خۆشمان بوێت و بە خۆشی و خۆشەویستی یەوە باسی بکەین.


کۆرس:
قـــوتابخانە قـــوتابخـانە
بۆنی گــــوڵی ئەم ژیـــانە
روبارێکی لە بن نــایــــەی
بۆ پێشکەوتن پایە و ســایەی
بۆ نیشتمان و گـەل و خــاک
سەرچاوەیەکی پاک و تــاک
جـــێگای زانین و زانــیاریت
لانەی کــۆتری بەخـــتیاریت
بۆ دواڕۆژ و چـــــــاوەڕوانی
ئاسوودەیت کامــــــــەرانی
بۆ رێی ھیوا و ئاواتمان گشت
لەلات توێشوو دەگرینە پشت
کاروان بەرە و شـــــاری ھیوا
لای تۆوە دەردەچـــێ و دەڕوا


ئاری:بڕۆن بەلای ئیشتانەوە ئەو ھۆنراوەیە لە بەر بکەن کە مامۆستا بۆی نووسیون ،منیش گۆرانی یەکەی خۆم دەڵێم.ئاھا گوێ بگرن:
ئەم دارلاســـــتیکی منە
بۆ چۆلەکە کوشـــــــتنە
بەیەک بەرد ھەموو جـارێ
دووان ھەڵدەدەمە خــوارێ
ڤانیا:جا خۆ ئەو ھۆنراوەیەش کە مامۆستا بۆ نووسیوین ھەردوو ئەوەندەی دەبێت،ئیتر بۆچی لێت بووە بە تەیارە؟
کاڵێ:راست دەکات ئەو وشەکانی خۆشتر و ناسک تر و ئاسان تریشە…..لەگەڵ ئەوەشدا شتیشی لێوە فێر دەبین.
ئاری:ئێستا ئێوە پێم ناڵێن چیتان لە من دەوێت؟دەبڕۆن بەلای ئیشتانەوە و وازم لێ بێنن.
(ئەمان ناچار دەڕۆن لەو لاوە سۆران دەردەکەوێت ئەمیش گۆرانی دەڵێ:
ئاری:ئەم دارلاستیکی منە…………
سۆران:ھەلە…….ھەلە ئاری گیان ئەوە لە کوێ بووی بە قوربان……..ئەملاولای یەک ماچ دەکەن…..دەزانی لەکەیەوە بە دواتا دەگەڕێم.
ئاری:ھەر لەم ناوەم……..رۆژی دوو پەنجەرە و چوار گڵۆپ نەشکێنم دڵم ئاو ناخواتەوە.
سۆران:ئەی چۆلەکە بە قوربان؟
ئاری :تۆ واز لە چۆلەکە بھێنە ….داخی دارا و باوان خەریکە مێشکم دەتەقێت.
سۆران :بۆ؟ چی بووە؟
ئاری:تازە دەیانەوێت بمنێرنەوە بۆ قوتابخانە.
سۆران:ئەی تۆ چیت پێ وتن؟
ئاری:لێیان تووڕە بووم و رۆیشتن.
سۆران:دەستت خۆش بێت،جا ئەوانە چین تا بە گوێ یان بکەیت.
((دیاری لە دوورەوە دەردەکەوێت))
دیاری:ئەوە خۆ ئاری و سۆرانە …ئەوە لە کوێن کوڕینە لە بەیانی یەوە بە دوای ئێوەدا دەگەڕێم…کۆڵانەکان …ھەمووی گەڕام کەچی ئێوەش لێرەدان..ئەوە خەریکی چین؟
ئاری:خەریکی چی بین؟
سۆران:دارا و باوان و ھاوڕێکانی تریان ھاتوون ئامۆژگاریم بکەن.
دیاری:ھی کێ؟
ئاری:ھی من.
دیاری :بە راستتە.
ئاری:نەخێر بە چەپمە….ئەرەوەڵا بە نیازن بچمەوە بۆ قوتابخانە.
دیاری:پێت بوتنایە قوتابخانە ھەر بۆ ئێوە باشە دەڵێی بولبولن ،مامۆستا چی وت دەیڵێنەوە.
سۆران:دیاری منیش پێش تۆ ھاتم تۆ وەرە پێشەوە بزانم چەند جگەرەت پێیە؟
دیاری:خەمت نەبێت بەشی تا ئێوارەم پێیە.ئەوە ئاری دارلاستیکەکەی پێیە؟
ئاری:بەڵێ پێمە و گوێ بگرە چۆن گۆرانی یەکم بۆ داناوە.
ئەم دارلاستیکی من……بۆ چۆلەکە…….
((ئازاد بەرەو رویان دێت))
ئازاد:تو خوا ئەوە گۆرانی یە….خەڵکی خەریکی خوێندنەوە و کۆششکردنن…گۆرانی بۆ گوڵ و پەپوولە و ماسی و خاک و نیشتمان دەڵێن….تۆش تازە ھاتووی ئەم کارە دەکەیت و گۆرانی بە باڵای دارلاستیکدا دەڵێی.
ئاری:بۆ؟چی یە ؟بە دڵت نی یە؟
ئازاد:چیم بە دڵ بێت!دارلاستیک …ئەی ئەوە چی یە بە دەستتەوە…جگەرەیە؟
دیاری:بەڵێ…خاڵە….جگەرەیە…..بۆ تۆش لێمان قەدەغە دەکەی.
سۆران:بەڵێ…بەڵێ..جگەرەیە..بۆ نایبینیت؟
ئازاد:با دەیبینم چاکی دەبینم.
ئاری:جا کە جەنابت دەیبینی بۆچی دەپرسی ئەوە چی یە بە دەستتانەوە.
ئازاد:بە داخەوە من حەزم دەکرد لە جیاتی ئەو دارلاستیک و جگەرەیە شتێکی بە سوود بە دەستتانەوە بووایە
ئاری):بە پێکەنینەوە ) شتی بەسوود!
ئازاد:بەڵێ شتی بەسوود ….تو خوا حەیف نی یە ئەو پەنجە ناسکانەتان…..ئەو لێوانەتان..سی یەکانتان بە جگەرە رەش و بۆندار بکەن؟
( ڤانیا و باوان و کاڵێ و دارا و چەند ھاوڕێ یەکی تریان دەردەکەون)
ڤانیا:ئازاد راست دەکات پێویستە پەنجەکانمان بە شتی جوانەوە ماندوو بکەین.
نیگا:بەڵێ پێویستە ئێمەی منداڵ…پەنجەکانمان ….تواناکانمان ..بیرکردنەوەمان بە شتی جوان و بەکەڵکەوە خەریک بکەین.
باوان:بەڵێ لە ھەمووی گرنگتر پێویستە کاتەکانمان بە فیڕۆ نەدەین.


کۆرس:
بە نرخ و پــــــیرۆزە کـــات
نابێت بە فـــــــیڕۆی بدەیـن
دەبێت بۆ کاتەکـــــانمــــــان
بەرنامە دروست بکــــــــەین
سەرکەوتوو ئەو کەســـــەیە
بۆ گشــــــت کاتەکانی خــۆی
بــــــە وریایی و زانــــــایی
بەرنامـــــــەی داناوە بـــــۆی
بە رۆژانــــــــــــە دایناوە
کـــات بۆ یاری و بۆ وەرزش
بۆ خەو و خـــواردن و کــــار
بۆ خوێندنەوە و کــــۆشــش
کات بۆ خـــولیا و ئارەزووی
بۆ ســـــــەردان و بۆ گەڕان
بۆ پشـــــوو حـــــــەوانەوە
بۆ دیداری ھـــــــــــاوڕێیان


سۆران:بە خوا ھەر ئێوەمان مابوو ئامۆژگاریمان بکەن .
نیگا:نە ھاتووین ئامۆژگاریتان بکەین.
ئاری:ئەی بۆچی ھاتوون؟
نیگا: ھاتووین پێتان بڵێین تەنھا خوێندن رێگا چارەیە بۆ دەرباز بوون لە گشت کارێکی زەرەرمەند.
کاڵێ:بەڵێ ھاتووین پێتان بڵێین دارلاستیک و جگەرە و کۆڵانەکان..
دواتان دەخات لە گەیشتن بە ئاواتەکانتان .
ئازاد:ھاتووین پێتان بڵێین قوتابخانە تەنھا ھۆیەکە کە ھەمووان بەرەو ئاسۆی گەش و بەختیاری دەبات.
ئاری:ئەوە چی یە؟دەڵێی دەرسمان دادەدەن.
ڤانیا:ئەمانە راستین پێویستە بیزانن.
ئازاد:ئێوە راست دەکەن ھاوڕێیان ئەمانە راستین..ئێمەی منداڵ لە قوتابخانە لەگەڵ ئەوەی زانیاری و خوێندنەوە و نووسین فێر دەبین تواناکانیشمان لە رێی مامۆستا دڵسۆزەکانمانەوە گەشە دەکەن.
دارا:بەڵێ ئێستا پێویستە پەنجە ناسکەکانمان پەڕەی گۆڤاری رەنگاوڕەنگی منداڵانی بە ھێمنی پێ ھەڵبدەینەوە .
ئازاد:بۆ ئەوە باشە ئەو پەنجانەمان لەسەر کیبۆردی کۆمپیوتەر دەست بە پیتەکاندا بنێین و ھۆنراوە و چیرۆکی خۆشی پێ بنووسین.
باوان:بەڵێ بۆ لێدانی کەمان و عود و پیانۆ باشە تا خۆشترین ئاوازی پێ دەربھێنین و سروودی ئاشتی و خۆشی لەسەرشانۆی ژیان پێ لێبدەین.
سۆران:ئاری…..دیاری…ئەم برادەرانە یاری یەکەیان ناخۆش کرد تازە با بڕۆین.
کاڵێ:یاری چی ؟ئێمە بە راستی قسەتان لەگەڵ دەکەین ؟
دارا:ئەمە چەند رۆژێکە ئێوە نایەنەوە بۆ قوتابخانە ھەرسێکتان نیازی چیتانە؟
ئاری:بۆ تۆ چیت؟
دارا:من ھاوڕێ و ھاوپۆلتانم دڵسۆوتانم دەزانم بەردەوام بوونتان لەسەر ئەم کارەتان دوارۆژتان دەخاتە مەترسی یەوە .
ڤانیا:دارا راست دەکات ئێمە ھاوپۆلتانین و حەز دەکەین بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و خوێندن.
سۆران:جا ئەوە پێنج رۆژە من نەھاتوومەوە ماڵەوەشمان نازانن.
دیاری:منیش ئەوە ھەفتەیەکە …نەشم ھێشتووە باوکم بزانێت.
باوان:دەزانین ناوێرن لە ماڵەوە باسی بکەن.
ئازاد:بەڵێ ناوێرن باسی بکەن چونکە ئێستا ئێوە کوڕی کۆڵانەکانن.خۆ ئەمڕۆش نەبێت سبەینێ ماڵەوەتان ھەر دەیزانن.
ئاری:ئاگاتان لە خۆتان بێت من رازی نابم بەو قسانە و ھەرگیز قبوڵی ناکەم.
باوان:جارێ لەگەڵ دیاری و سۆرانمانە ،با لای ئەوان وەڵام وەربگرین ،ئەوسا قسەش لەگەڵ تۆ دەکەین.
ئاری:چووزانم؟
کاڵێ:ئەگەر بەڵێن بدەن بگەڕێنەوە بۆ خوێندن ئێمە دەتوانین لای مامۆستاکان و بەڕێوەبەر ئەم کێشەیەتان باس بکەین .
ئاری:ئەوە خۆ کردیان بە راست،من مانگێکە خەریکم تا ئەو دووانەم رازی کرد کە واز لە خوێندن بھێنن،کەچی ئەمان دەیانەوێت بە ئاسانی پەشیمانیان بکەنەوە.
دیاری:ئاری ئەمان دڵسۆزن ،ئەمان راست دەکەن من ئەم ماوەیە کە نە چوومەتوە بۆ قوتابخانە ….ھەر ئەو کاتانەی کە لەگەڵ ئێوەدابووم تۆزێک پێدەکەنم ،ھەر چوومە ماڵەوە زۆر بێتاقەتم.
سۆران:ئەی من بۆ ناڵێی شەویش خەوم لێ ناکەوێت،چونکە دەزانم کە خوێندن کارێکی ھێندە بە سوودە بۆ مرۆڤ یەڵام نازانم چۆن بە قسەکانی ئاری ھەڵخەڵەتام.
کاڵێ:ئەگەر دانتان بە ھەڵەکانتاندا نا و جارێکی تر دووبارەتان نەکردەوە سەرکەوتوو دەبن،ئێمەش ھاوکاریتان دەکەین.
دیاری و سۆران:ھاوڕێیان ئێمە لە ئێستاوە بڕیار دەدەین کە جارێکی تر ئەو ھەڵانە دووبارە نەکەینەوە سوپاسی دڵسۆزیتان دەکەین.
ئازاد:سوپاسی ناوێ،ھاوڕێیان ئێمە بە ئەرکی سەرشانمانی دەزانین.
نیگا:ئێمە سوپاسی ئێوە دەکەین کە ئێمەتان بە دڵسۆزی خۆتان زانی و پەشیمان بوونەوە.
باوان:ئێمە ھاوڕێین پێویستە ئەگەر یەکێکمان ھەڵەیەکمان کرد کە ئەوی ترمان پێی وتین،بە سنگ فراوانی وەریبگرین .
(لەم کاتەدا کە ئەمان ئەم قسانە دەکەن ئاری لە گۆشەیەکەوە وەستاوە و بیر دەکاتەوە)
ئاری:باشە من و ئەوان چ جیاوازی یەکمان ھەیە ؟بۆچی ئەوان ئافەرین و زۆر باشە وەربگرن و منیش بەم چەشنە بم..دەزانم مامۆستاکان رۆژانە ئامۆژگاریم دەکەن بە تەنھا بەڵام من بە گوێم نەکردوون…ئەی باوکم…ئەی دایکم…خوشک و براکانم..ھەر ھەموویانم ئازار داوە لە رویان نایەت بێن بۆ قوتابخانە پرسیارم لێ بکەن با خۆم بگۆڕم چی تیایە…ئەوە سۆران و دیاری ھەر زوو بەڵێنیان دا کە بگۆڕێن ….با منیش لە ئێستاوە دەست پێ بکەم .
(بەرەو لای ھاوڕێکانی دەڕوات)
ئەوە دارلاستیکەکەم لەت و پەت دەکەم و پەشیمان دەبمەوە…چونکە بە بێ ھاوڕێ ناتوانم بژیم.
ئاری:ھاوڕێیان داوای لێبوردن دەکەم …تا ئێستا من ھەڵە بووم
ئازاد:ھەموو مرۆڤێک ھەڵە دەکات لە ژیاندا ..بەڵام ئازا و سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە زوو ھەست بە ھەڵەکانی بکات و پەشیمان ببێتەوە و بەردەوام نەبێت لە سەری.
دارا:ئێمە زۆر جاری تر پێمان وتوون بەڵام ئەمجارەیان وامان بەباش زانی ھەموومان پێکەوە باس لەو ھەڵانە بکەین.
ئاری:من سوپاستان دەکەم کە بەم شێوەیە لەسەر دڵسۆزی خۆتان بەردەوام بوون ،ھەرچەندە من ھەندێک جار بە قسەی ناخۆش وەڵامم داونەوە.
نیگا:ئێمە چونکە ئامانجمان راستکردنەوە و پەشیمان بوونەوەی ئێوە بووە،گوێمان نەداوەتە ئەوانە.
ڤانیا:راست دەکات ئەوانە کۆتایی دێت و بیر دەچنەوە.
باوان:بەڵام بەردەوام بوونتان لەسەر ھەڵە مەترسی یە.
ئاری:من ئەمجارەش سوپاستان دەکەم ھاوڕێ دڵسۆزەکانم،خۆزگە ھەموو ھاوڕێ یەک وەکو ئێوە بوایە.
((((لە یەکتر نزیک دەبنەوە)))))
ئازاد:باشە بۆچی دەست نەکەین بە پاک کردنەوەی ئەم باخچەیە چونکە پاک و خاوێنی کارێکی تا بڵێی جوان و باشە.
دارا:ئەی بۆچی سروودەکەی ئەو رۆژە نەڵێین کە مامۆستا لەسەر خاوێنی بۆی نووسین…بۆچی نەیڵێین و لەگەڵیدا دەست بکەین بە کارەکەشمان.
ڤانیا:بەڵکو لەگەڵ وتنی دا ئاری و سۆران و دیاری لەبەری بکەن.
سۆران:بەخوا ئەوە شتێکی باشە.
دیاری:منیش زۆر حەز دەکەم.
ئاری:ئەی من بۆ ناڵێن.


کۆرس:
چەندە خــــۆشە خاوێنی
لە گــــشت لایەک بنوێنی
لەمـــــــاڵ و قـــوتابخانە
لەو شـــــەقـــــام و کۆڵانە
کــــــە پسکیتێکت پاکــکرد
کاغەزەکەی دەســــت وبرد
زۆر چــالاک وگـــورج وگۆڵ
بیبە بیکــــــە سەتڵی خۆڵ
کـــــەســـێکت دی لەڕێدا
کـــــــــاغەزێکی فـــڕێدا
تۆ پێی بڵێَََ ھـــــــــەڵەیە
چونکە جێگای خۆی ھـــەیە
بیبە بیکە جێگای خـــــــۆی
تۆ ڕێنیشاندەر بە بــــۆی
ئیتر ئەویش لەســـەرخــۆ
بەرپرسیار دەبێ وەک تـۆ
چونکە ھەموو بەرپرســین
ژینگــــــــەمـــان بپارێزین.

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------

 

 

هۆنراوە:

جەژن.

 

عەلی حەمەڕەشید

ئەمڕۆ جــــەژنە منداڵان
با ئەمساڵیش وەک ساڵان
جلی جوان بکــــەینە بەر
ھەمـــوو لە ماڵ بێینە دەر
یاری بکــــــەین دڵخۆشین
شــــادی و خۆشی بنۆشین
دەڕۆین پێکــــەوە ھەموو
بە دڵی پرَ ئــــــــارەزوو
بۆ ئــــــەو باخ و بن دارە
دیمـــــــــــەنێکی نازدارە
ڕازاوەی گــــــــوڵی جوانە
پڕ لە ھیوای ژیـــــــــانە
تاوێک گـــــــــۆرانی وتن
تاوێک دیلانێ کــــــــردن
تاوێک یاری چاو شەرکێ
تاوێک شایی و ھەڵپەڕکێ
تاو تاوێکیش شەڕە ئـــاو
ئاو پرژێنی دەم و چــــــاو
ھەر منداڵێک ماندوو بــوو
دادەنیشێت بۆ پشــــــــوو
ئارەزووی لە ھەرچی کــرد
دەیکڕێ بە دەسـت وبــــرد
چون جــەژنانەی لە ماڵێ
ھێناوە گشــــــــت منداڵێ.

 

ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک