په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٧\٢٠١٧

پێش ئەوەی بۆ منداڵان بنووسی.

ئاکۆ محه‌مه‌د سابیر  

 

لە جیهاندا نووسەرانی منداڵان پێگەو سەنگی زۆر تایبەت و گرنگیان هەیە بە تایبەتی کیشوەری ئەوروپا بەتایبەترین وڵاتانی ئەسکەندەنافیا دیارترین وڵاتیان وڵاتی سویدە زۆر باش گرنگی و بەهای بەرهەمی منداڵان دەزانن، چەند ئەرکێکی گرانە ئیش کردن لە جیهانی جگەرگۆشەکانو نەوەی داهاتوو، نووسەرانی گەورەکان زۆرن لە جیهاندا ، بەڵام نووسەرە سەرکەوتووەکانی منداڵان بە پەنجەی دەست دەبژێردرێن، ئەدەبیاتیو هونەری منداڵان بە تایبەتی هۆنراوەو چیرۆک وێنە کێشان ومۆزیک تەنها جوانی ونمایشکردن نی یە وەک پێداوی ستی یەکی پەروەردەیی و دەرونی هەر لەسکی دایکەوە پێش لە دایک بوون، دایکان یان باوکان چیرۆک هۆنراوە بۆ منداڵەکە دەخوێننەوە ئاشانای دەکەن بە گۆرانی منداڵان ، واتە وەک پێویستیەک بۆ گەشەکردنی ، تا لە پاش لەدایکبوون وەک زەمینە سازکردنێک ئاسان تر چێژی لێوەرگرێت وکاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر نەشونما ی هەستەوەراکانی دروست بکات ،وەک ئەرکێک چۆن منداڵەکە خاوێن دەکەیتەوە خۆراکی دەدەیتێ شیری دەدەیتێ ئاوی میوەی دەدەیتێ دەبێت جیرۆکی بدەتیێ هۆنراوەی بدەیتێ کاسێتی گۆرانی مۆزیکی بدەیتێ وێنەی پیشان بدەیت پێنووس و کاغەزی بدەیتێ ئاشنای کەیت بەڕەنگەکان بەلەرەو ئاوازو گۆران یەکانی دنیای خۆی.لەزۆر بەی ماڵەکانی سوید پەرتووک زیاترە لە کەرەستەکانی تری یاری وەک بوکە شوشەو میکانۆو ماشێنو تۆپ وشتی تر، ئەوە باخچەی ساوایان هەر لەهۆڵەکانەوە تا پۆلەکان وەک گوڵ و گوڵدان و پەرتووک و نامیلکەی منداڵان دانراون. بەرهەمە جوان و بەپێزەکانی نووسەرەکان خۆیان فەرز کردووە شوینیکی گەورەیان لە سیستەمی پەرەوەردە داگیر کردووە وەک بناغەیەک بۆ پەروەردەو فێربوون.


ئێمە نووسەرانی کورد لە کوردستان ڕوو بەڕووی پرسیار گەلێکی زۆر دەبینەوە ؟ ئایا نووسەرانی ئێمە بۆ نەیانتوانیوە لە دنیای منداڵان هێندە نزیک ببنەوە ؟ کە زۆر بەی زۆری بەرهەمە جیهانی یەکان بەزمانەکانی دراوسێکانمان بە عە رەبی و تورکی و بەتا یبەتی فارسی ئامادەن ، وە بەشێکیان وەرگێردراونەتە سەر زمانی کوردی بەڵام نەک منداڵان نووسەرەکانیش پێی ئاشنا نین،بەڵگەشم ئەوەیە کە ئەوبەرهەمانەی نووسەرە خۆماڵی یەکان دەینووسن هیچ تازە گەریی و دا‌هێنانانی نوێی تیا نابینیت.


ئێمە کێشەی نووسەری منداڵانمان هەیە بۆیە من زیاتر دەمەوێت لەسەر ئەو کێشەیە درێژە بە نووسینەکەم بدەم ڕووی پێنووسەکەم بکەمە نووسەرەکانو بڵێم پێش ئەوەی بنووسیت بۆمنداڵ دەبێت تۆ شارەزای ئەدەبی مناڵ ناسی ئیمڕۆژی بیت، ئاگاداری ئەو نووسینانە بیت کە ئەمڕۆ لە جیهاندا بۆمنداڵان دەنووسن پەرتووک و بەرهەمی نووسەرە دیارو شارەزاکان بخوێنیتەوە خۆت ماندوو کەیت پاشخانێکی ئەدەبی منداڵان وەدەست خەیت ، هەموو پەرتووکە وەرگێڕاوەکان بە وردی بخوێنیتەوە بۆ نموونە گەر چیرۆکەکانی، ڕینە گۆسینی، بەتایبەتی چیرۆکی نیکۆلای چکۆل.. بخوێنی تەوە تەواو تێ دەگەیت دنیای منداڵ چی یە و دەتاباتەوە بۆڕۆژانی ڕابوردی منداڵی و زۆر بەی وێنە راست و چەوتەکانی ژیان دەخاتەوە پێش چاو منداڵی خۆتت پێ دەناسێنێتەوەو پێت دەڵێت ئاسایی یە تۆ ئەوهەموو هەڵەو پەڵەو بزێو یەت ئەنجامداو چێژت لێوەرگرت لە بەر ئەوەی تۆ منداڵ بویت منداڵی ئاوایە زۆر جاران پێکەنین و گریان تێکەڵ دەکات دروست و نادروست پێکە وە گرێ دەدات لە ساتێکدا ئارامو ژیرە لەساتێکدا پێچەوانەیە؟

 

لە کوردستان زۆربەی نووسەرەکان مامۆستان، کێشە کە ئەمەنی یە کە مامۆستان خۆی خودی مامۆستابوون مانای نزیکی یە لە دنیاو جیهانی منداڵان، کێشەکە ئەوەیە مامۆستا نووسەرەکانی ئێمە بەو سیستەمی پەرەوەردەیەی کە خانەی مامۆستایانیان تەواو کردووە ئەدەبی هۆنراوەو چیرۆکی منداڵانی پێ لە قاڵب دەدەن، بۆ نموونە ئەوان لە چیرۆک و هۆنراوەکانیاندا بۆ منداڵێک دەنووسن یان دە خوازن ئەو منداڵە ، زۆ بە ئەدەب بێت، پاکو خاوێن بێت، لەپۆلدا فزەی لێوە نەیەت. بەرابمەرتەختە ڕەشەکەی پۆل قیت دانیشتبێت، نوزوەی لێوە نەیەت، منداڵێک شەڕناکات، درۆناکات، تەواو جدی یە گاڵتەو گەپ نازانێت، دەی ئەوە منداڵ نی یە، تۆ لە بەرهەمەکانتا وێنای دەکەیت ئەوە ڕۆبۆتە یان فریشتەیە،نووسەرە ناودارەکانی جیهان بە پێچەوانەوە دەنووسن بۆمنداڵانێک دەنووسن ،کەتن دەکات شت ئەشکێنێت ،چێژ لە گەمەو گاڵتەو گەپ دەبینێ درۆش دەکات شەڕیش دەکات نووسەر دەتوانێت لەزمانی پەپولە ومانگ و ماسی و سمۆرەوە مامۆستاودایکو باوکەوبگەڕێت بۆ چارەسەر بە هونەری ڕەنگاو ڕەنگی پڕلە خەیاڵی چیرۆکو هۆنراوە نەک زمانی ئامۆژگاری ڕۆژانە ، نووسەرانی خۆمان هەر بە رهەمەکانیاندا دەزانیت بێ ئاگان لە دنیای ئەمڕۆی ئەدەب و نووسینی منداڵان ، ئایا کاکی نووسەر هەر بەڕاستی کاتێ کە خۆت منداڵ بویت ئاوا فریشتە بویت ؟ گاڵتەت بە مامۆستاکەت نەکردووە ، لەگەڵ هاوڕێکانت بەشەڕ نە هاتویت. بەلای باخو ڕەزو میوەیەکدا تێپەڕیویت دەستت بۆ نەبردووە؟


نووسەری منداڵان نابێت تەنها لە گۆشەنیگایەکەوە بۆ منداڵان بنووسێت، دەبێت هەموو دنیای ڕاست چەوتی منداڵ وەک خۆی ببینێت، تۆ لە هەر بۆ نەیەکدا هۆنراوەیەکی کاکەی فەلاح یان ع.ع. شەونم هەڵگێڕیتەوەو بە شێوازێکی تر دایڕێژیتەوەو ، هەموو نەورۆزێک، یان هەموو بەفر بارانێکی زستان ئارەزوی شیعر نووسینت ببزوێتو بێ ئەوەی شتێکی تازە بە منداڵانی ئەمڕۆ ببەخشیت، هەموو جارێک ئەم قاوانە لێ بدەیتەوە من نامەوێت ناوی هیچ نووسەرێکی منداڵان لێرەدا بێنم، گەر ناویان بێنمو ئەو بەرهەمە کاڵو کرچانەیان دەبێت دێڕ بە دێر شی بکەمەوە ئەوە پەرتووکێکی دەوێت، جگە لەوەی ئێمە ڕەخنەگری منداڵانمان نی یە وەک پێویست و من ڕەخنە گرنیم، وێڕای دەست خۆشی لە مامۆستا حەمە فەریق حەسەن کە توا نیوەیەتی خۆی لە بواری ڕەخنە بدات و کڵۆڵی نووسەرانی منداڵانی ئێمە وەک خۆی نیشان بدات، نووسەرەکانیشمان ئەزموونی قوبڵ کردنی ڕەخنەیان نیە ، تا ئێستاش پێیان وایە نووسین و بەرەهەمی نووسەرە ڕۆ ژئاوایی یەکان ڕەوشتی منداڵانی کورد خراپ دەکات.لەکاتێکدا ئەو بەرهەمانە یەکێکن لە هۆکارە بەهێزەکانی پێشکەوتنی مرۆڤی ڕۆژئاوایی. هە موو نووسەرێکی منداڵانی کورد پێش ئەوەی بنووسێت دەبێت خاتوو (ئاسترید لیندگرین) نووسەری سویدی بناسێت بەرهەمەکانی بخوێنێتەوە کە بەزمانی کوردی هەن تا بزانێت دنیای منداڵان چینو چۆن؟ نزیک دەبیتەوە لێی، چۆن؟ چێژ دەبەخشیتە منداڵان بە نووسینەکانت ، کە ئەم خانمە سویدیە لەڕێگای چیرۆکی منداڵانەوە شۆرشێکی نوێی بەرپا کرد بۆ ناسینی منداڵو خەون و خولیاکانی، هەر چەندە لە سەرەتادا بەربەستو کێشەی زۆریان بۆ دروست کردوو تۆمەتی خراپ کردنی ڕەوشتی منداڵانی خرایە پاڵ بەرهەمەکانی بەڵام دوا جار بە سەرکەوتنێکی گەورەوە توانی هەموو بەربەستەکان تێک بشکێنێت بەرهەمەکانی بە هەموو ولاتانی جیهاندا بڵاوبێتەو ئێستا وێنە ی ئەم خانمە بوێرە لەسەر دراوی بیست کرۆنی سویدی چاپ کراوە ، دوایی کۆچکردنی ماڵە کەی وەک مۆزەخانە یەک سەردانی دەکرێت.


دنیای ڕەنگاو ڕەنگی منداڵان تێکەڵە بە شادی وبە گریانو پێکەنین و نەخۆشکەوتن و سەمارماو گەرمای ژیان ئەوەی پێویستە لە نووسینەکانی تۆی نووسەردا گەشبین یو چێژی منداڵانە ی پێ ببەخشیت و هەموو وێنەکانی ژیانی وەک خۆی بۆ بکێشیت تا وەک ڕاهێنا نێکی ئاسایی لە ژیان تێبگات، تێبگات ئەوکاتەی قوڕگی دێشێت ئەودەرمانەی دەیخوات تاڵە بێزار کەرە، وە نووسینەکان دوربن لە گیانی تۆڵە سند نەوەو کینە، بۆ نموونە تۆ وێنە یەکی پشیلە ی لە چیرۆ کو هۆنراوەکەتدا وا پیشان بدەیت. کە سپڵەو ناحەزە دەبێت بەند کرێت ، ڕق و تۆڵەوسزادانی تیا زیات دەکەیت لە کاتێکدا پشیلە ئەمڕۆ لە زۆربەی ماڵەکاندا هەنو منداڵ خۆشی دەوێت،منداڵان سەرنجیان وردەو پرسیاری سەیر سەیر دەکەن کاتێک چیرۆکێکی ئەفسانەی بۆ دەخوێنی تەوە و پاڵەوانەکە بە فەرشە ئەفسونا ویە کە دەفڕێت و دەگاتە لای مانگو ئەستێرەکان ئیتر ئەو جێژی منداڵانەی خۆی لێ دەبینێت و تێدەگات کە فەرشە کەی ماڵی خۆیان نافڕێت ئەوە تەنها چیرۆکێکی خۆشە فێری ئازایەتی دەکات وێڕای ئەوەی هەندێک جار هەندێک پرسیاری بۆ دروست دەبێت وڕاشکاوانە پرسیاری خۆی دەکات و نای شارێتەوە.


بۆ پێشکەش کردنی بە رهەمێکی جوانو دروست دەبێت ماندوبیت. ورد بیتەوە بگەڕێیت بکڕیت بخوێنی تەوە گەشتێک بکەیت بۆ ئاسمانی فراوانی پەرتووک و نامیلکە و بەرهەمی نووسەرانی جیهانی ئەمڕۆ.


منداڵ ئەو بێچووە مرۆڤە بزیو یاخی و سەرکێشەیە خشتیلە و جوانەیەهەمیشە دەبزوێت وپرسیار دەکاو لاسایی دەکاتەوەو وەک پشیلە دەمیاوێنێ و وەک بەرخۆلە دەباعێنێ ووەک ئەسپ غاردەداو وەک کەڵە شێر دەقوقێنێ و وەک و ڕێوی شت دەفڕێنێ و وەکو شێر هێرش دەباو دەنەڕێنێ. شت ئە ڕژێنێ وشت ئەشکێنێ ،ئەگری کە یاریەکە ئەدۆرێنێ کە ئەیباتەوە پێ ئە کەنێ، دە یە وێت هەموو شتێک تاقی بکاتەوە بەدەم ڕێگاوە گۆرانی دەڵێت شەق لە بەرد و دار دەدات زۆر جار ژیرە و ژیرانە خۆی دەنوێنێ بە دەست خۆی نییە لەبەر ئەوەی منداڵە منداڵێتی وا دەخوازێت چاک خراپ خۆی نمایش دەکا و خۆی دەنوێنێ تا ئەو قۆناغی منداڵی یە تەواو نەکات هیچکەس ناتوانێت لەو کردارو گفتارە شیرینانەی بی وەستێنێ.


منداڵ حەزدەکات کە نوێژ دەکات لە نوێژەکەیدا پێ بکەنێت. لەپۆلدا زمان لە هاوڕێکە دەربێنێت. لای مامۆستاو لای بابو دایکی خۆی ژیر بنوێنێت. دەخوازیت هەموو خۆشمان بوێت. بە خەندەوە سەیری کەین گرنگی بە پرسیارەکانی بدەین. لە خۆشیدا باڵ دەگرێت کە دیاری پێشکەش بکەین. گوێ مان بۆ دەگرێت بە قسەمان دەکات لە بیری دەچێتەوە. لە قسەمان دەردەچێت خوشکاو برا گچکە کەی ماچ دەکات شتی بەش دە دات و شتیشی لێ دەسەنێت ،دەیخاتە پێکەنین، دەشی گرێنێت.


کاکی نووسەری منداڵان تۆ بۆ ئەم بونەوەرە ناسکو ئاڵۆزە دەنووسیت دەشتەوێت ماندوو نەبیت؟
____________________________
سەرچاوەکان:
نیکۆلای چکۆل، نووسینی: ڕێنەگۆنسی، وەرگێڕانی: هیواشەمسی بورهان.
ژیاننامە و پەرتووکی جوجەڵەی گۆرەوەی دڕێژ ..پیپی، خاتوو ئاسترید لیندگرین.

 

ماڵپه‌ڕی ئاکۆ محه‌مه‌د سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک