١٣\٥\٢٠١٢
پەشێو، ھەڵوێستێکی
باڵابەرز و شیعرێکی نەبەرد..

حەمەی ئەحمەد رەسوڵ
مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٢ بوو،
بەندە لە شاری قامیشلی بووم و کاتێک زانیم شاعیری گەورەمان لە مۆسکۆوە
گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و سەفەرەکەی بە سوریادا ئەنجامدابوو. مانگی
رەمەزان بوو، پێکەوە چەند شەوێکمان بردەسەر و لە چایخانەو جگەرخانەکانی
شارە جوانەکەی قامیشلی پێکەوە دادەنیشتین و باسی دونیای غەریبی و
سەفەرو ھەندەران و شیعرو شاعیرانی بۆ دەکردم، باسی سیاسەتمەدارەکانی
کوردی بۆ دەکردم و ناوبەناو شیعرێکی زۆر نایابی خۆی بۆ دەخوێنمەوە،
بەڵام ئەو سەردەمە ناوبانگی شیعری (ماچ)ی پەشێو گەیشتبووە عەرشی عەزیم
و زۆرینەمان کۆپیمان کردبۆوەو لەبەر یەکتر نووسیبومانەوەو ھەندێکمان
ئەزبەرمان کردبوو.
زۆجار، ئێواران یان شەوانەی ئەو دیدەنییە گرنگەمان، لە شارەکەی قامیشلو،
لەسەر شۆستەکانی ئەو شارە بەسەر دەبرد چونکە شەوانی رەمەزان بوو، زۆر
قەرەباڵغ بوو، جێگەمان لەسەر کورسی یان قەنەفەی چایخانەو رێستۆرانتە
میللیەکان دەست نەدەکەوت.. دوای ئەوەی لەسەر دەفتەری بیرەوەرییەکانم
ناوو ناونیشان و تەلەفۆنی خۆی بۆ نووسیم، ئیتر دوای سێ رۆژی بیّوێنە
ئەو بەرو کوردستان سەفەری کردو، منیش دوای ھەفتەیەک بەرەو لوبنان
رۆیشتم، ئیدی وەکو بینین نەمبینیەوە، بەڵام ھەواڵ و کاسێتی شیعرەکانی
ئەوم دەگەیشتەوە دەست، ئەو دەفتەرەشم ھەتاکو کەمپەکانی پەنابەری لە
ئەڵمانیا پێمابوو، بەڵام داخیگرانم لێم ونبوو..
ئەمساڵیش جارێکی دیکە ئەو زاتە گەورەیەم بینیەوە، بەڵام لە شاشەی
تەلەفزیۆنەوە، کەناڵی ھەولێری ئاسمانی شیعرەکانی پەشێوی بێجگە لە شیعری
(سەردەشت عوسمان) شیعرە پایەبەرزەکانی پەشێوی گواستەوەو بەوەش چاوی من
و دەیان ھەزاری وەکو منی پێ شاد بۆوە، دڵمان ئاوی ساردی پیادا کراو،
فێنک بووینەوە.. دەروونمان بەو شیعرو گووتەو ھەڵوێستە نەگۆڕەی ئەم
پیاوە مەزنە گەشبۆوە.. چونکە پەشێوی مرۆڤ و شاعیرو خاوەن ھەڵوێست وەکو
رێژەی نەگۆڕی ٧٪٢٢ وایەو ناگۆڕێت.. ئەم پیاوە، وەکو فایەق بێکەسی نەمرو
پیرەمێردو قانیع، خاوەنی ھەڵوێست و مەردایەتی و کوردایەتی و پیاوەتیە..
پەشێو، ھێشتاکە لەسەر ھەمان ھزرو بیروبۆچوونی سەردەمی ھەرزەکاری و
خوێندنی زانکۆو دکتۆرایە.. ھێشتاکە قوتابی قوتابخانەی شۆڕشگێڕی و
نیشتمانپەروەریە.. پەشێو ھێشتاکە خوێندکاری ئەو شاعیرە مەزنە نەمرەیە
کە ناوی فایەق بێکەسەو لەگەڵ ھاتنی جۆنزدا بۆ سلێمانی، شیعرە بەرزەکەی
بیستوحەوت ساڵەی خۆی بە دەنگێکی زوڵاڵەوە بۆ خوێندەوە.. پەشێو لەمڕۆدا
مەزنترین شاعیرێکە کە دەنگی نەنوساوەو ھێشتاکە لاوێکی نەبەردی بوێرەو
قوڕگی زۆر زوڵاڵە.. ئەم پیاوە پێناسەی شاعیرێتی خۆی بە قەدو باڵای
پیاوەتی و ویژدان و مەردایەتی خۆی و میللەتەکەیەوە گرێداوە.. ئەو
پیاوەتی و ویژدان و مەردایەتییەی کە ئەمڕۆ ئەوەندە کاڵ بۆتەوە.. دەبێت
بە زەڕەبین و میکرۆسکۆب و تێلسکۆب بۆیان بگەڕێیت..!!
پەشێو لە شیعرەکانی ئەمساڵیدا، چەمکە گرنگەکانی ژیانی ھاونیشتمانان و
ھاوڵاتیانی خۆی بەسەر کردەوە، پەشێو، دڵی ھەموو ھەناسەساردو
ھەشبەسەرەکانی ئەم نیشتمانە ھەتیوەی ئاوڕشێن کرد.. زۆرینەمانی لە پشێوی
و نیگەرانی و خەمۆکی و دڵتەنگی قوتارکرد.. ئێمەی بردەوە بۆ زەمەنی
شەھید ئارام و مامە ڕیشەو زۆرێک لەو شەھیدانەی کە دووبارە نابنەوە..
ئێمەی پڕ کردەوە لە شیعر، بەڵام شیعری راستەقینەو راستگۆ، دوور لە
ریایی و ماستاو و ستایشی درۆزنانە.. بە دەنگێکی بێپەرواوە ھاواری دەکرد،
نیشمانتان فرۆشت.. کەرکووکتان بەشوودا، کەمتیارتان نارد سەردەشت عوسمان
شەھید بکات.. نەوت و گاز و غازو شۆفڵ و شیش و ئاسن و بڕغوی کوردستانتان
ئاودیو کرد.. ماددەی پەنجاو ھەشت و سەدو چلیشی بیرنەچوو بوو..
دابەشکردنی کورسی و پۆستەکان بەسەر کوڕ و کەسوکار و بنەماڵەدا لە
شیعرەکانی پەشێوی ئەمساڵدا جمەیان دەھات.. کورسی دوورین بە پاشەڵەوەو
واز نەھێنان لە دەسەڵات، چەمکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گرنگ بوون لە
ناوەرۆکی شیعرەکانی پەشێودا.. ناشەفافیەت و نادیمۆکراسیەت و نادادوەری
ئەو دۆزو بابەتانە بوون کە پەشێو چەندین ساڵەو لە دووری وڵاتەوە،
بوونەتە خەمی رۆژانەی ئەو و لێی نابنەوە..
پەشێو ناتوانێت دەستبەرداری فۆرم و ناوەرۆکی ئەو شیعرانە بێت کە
لەناوجەرگەی میللەتەکەیەوە ھەڵدەقوڵێت.. کە لەنێو ویژدانی
مرۆڤدۆستانەوە سەرچاوەی گرتووەو ھەمیشە بێھەدادان، بەرەو شەپۆلەکانی
ژیان سنگ دەکوتێ.. سمکۆڵی شیعرەکانی پەشێو لەپێناو ئاھی دڵی کچان و
گەنجانی کوردستاندایە، نرکەیان دێ لە حەژمەت حەسرەتی پیرە پیاوان و
پیرەژنانی لاکۆڵان و بن گوێسوانەی ماڵە ھەژارەکانی ئەم نیشتمانە..
شیعرەکانی پەشێو، ھەردەم و ھەموو وەرزێک دەبنە پەپوولە بۆ سەر خەندەی
مناڵە نەدارە دەستگێڕەکانی سەر شەقام و نێو کۆڵانە تۆزاویەکانی ئەم
کوردستانەی داھاتەکەی لە ئوردون زیاترە.. شیعری پەشێو لەم زەمەنە دەم
رووتەشدا، کە بەزەیی و میھرەبانی لەدەستداوە، ئومێدێکە بۆ زۆرینەی
گەنجە بێکارو بێئومێدەکان..
ئەم پیاوە بەرزەی ناوی عەبدوڵا پەشێوە، خۆی نەفرۆشتووەو نەبوەتە شاعیرو
نووسەری دەرباری سوڵتان و سەرۆک و سەرکردەو زەعیمە زۆرو زەوەندەکانمان،
نەبوەتە شمشاڵێک لایلایەی شاژنەکان و شازادەکان و میری دزانی وڵات بکات،
نەبوەتە موچەخۆرێکی بێفەڕی ئەم کوردستانە کۆڵەوارە، ھێشتاکە بارگاوی
نەبووە بە شەپۆلەکانی گەندەڵی و گزی و فزیەوە، بۆیە شیعرەکانی وەکو
ھۆنراوەی پیرەمێرد و فایەق بێکەس و قانیع و نازم حیکمەت و محەمەد ماغوت
و موزەفەر نەواب و چەندان شاعیری نیشتمانپەرەوەری دیکەی جیھان، بە
نەمری و زیندوویی و بە سەربەزی دەمێننەوە.
لەکۆتاییدا دەمەوێت سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوەش رابکێشم کە رەنگە لێرەو
لەوێ، ھەندێک قەڵەم بەدەستی چەورخۆری ژێر سێبەری دەسەڵاتی کوردی،
ئەمجۆرە شیعرانەی پەشێویان بۆ ھەرس نەبێت، بە شیعری کۆن و بەسەرچوو یان
سەلەفی و دووبارەی ناوزەد بکەن، پێی بڵێن شیعرەکانی تۆ، مۆدێرن نین و
لە شیعری فروخزاد و سوھراب و ئەدۆنیس ناچن بۆیە ناچنە خانەی مۆدێرنیتەو
پۆست مۆدێرنیتەوە، ناتوانرێت رەخنەی بونیادگەرییانەی ئاراستە بکرێت و
خوێندنەوەی فەلسەفیانەیان بۆ بکرێت، بۆیە وەکو ھەندێک نوسەر نایکەنە
ئەستێرەو ستاری ھۆلیود.
یان وەکو ئەو بونەوەرەی کە ناوی نووسەری لەخۆی ناوەو لە سایتێکی
جنێوفرۆشەوە، دوو کۆلکە نوسینی لەسەر ئەم کەڵە شاعیرە نوسیوە کە گوایە
چۆتە سەر گۆڕی زامدارەکەی ھەولێرو نەچۆتە سەر گۆڕی سەردەشت عوسمان،
ھەروەھا گوایە ئەم شاعیرە پایە بەرزەمان لە ئەمەریکا پیاوانی سەر بە
حزبێکی کوردستانی خۆمانی بینیوەو خۆی پێفرۆشتوە.!! ئەمانە گوناھو کوفرن
سەبارەت بەم پیاوە بەھەڵوێستەی تاکو مردن دەکرێت، ئەم پیاوە بێوێنەیە
قەڵەمە گرانبەھاو بەبڕشت و مەزنەکەی خۆی نافرۆشێت بە گەوھەرو ئاڵتوونی
دزراوی ئەو کەسانەی وەفایان بۆ کوڕەکانی خۆیان نییە..
ئەمەوێت سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوەش رابکێشم کە ھەرچۆنێک بێت شیعرەکەی
عەبدوڵا پەشێوم لەسەر شەھیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان چنگ کەوت و حەزمکرد
بکەوێتە بەرچاوی زۆرینەی خەڵکەوە، ئیدی ئەگەر پەشێو نەچێتە سەر گۆڕی
ئەم شەھیدە جوانەمەرگەش، ئەوا بۆ ھەتاھەتایە ملوانکەی زێڕینی خستۆتە
ملی سەردەشت و ھەزاران شەھیدی دیکەی جوانەمەرگەوە، کە مەگەر تەنیا
مێژوو خۆی بزانێت، کام کەمتیارو دڕندە شەھیدی کردون!؟
شیعرەکەی
پەشێو بۆ سەردەشتی شەھید:
لەو
ساتەوە کە ھاتن و دار چنارە شیکەکەیان لولدا و ڕفاند
لەو ساتەوە کە ھاتن و گوڵە جۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند
کۆتری خەم ھەتا ئێستاش ھەر گمەی دێ
کۆڕی پرسەی ھەموان تەواو
پرسەکەی من بەردەوامە و ھەر جمەی دێ
داخی ئەوەم لە دڵدایە
نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم
ئاگادار بە لەم وڵاتە ئەوەی قەڵەم چۆڕە چرا و ئاورگی بێ
دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قورگی بێ
نە دەزانم نە دەشپرسم کێ بوون دابارینە سەری
ئیدی بۆ من وەکو یەکە بنیادەم بوون یان کەمتیار
بەچی ھاتن
بە جام ڕەشێک یان بە جام ڕوون
بێ نمرە بوون یان نمرەدار
ئیدی بۆ من وەکو یەکە
بەڵام پرسیم
پرسیم و دیسان دەپرسم
ئەو سبەینەی نرکەو بۆڵەی ئەو ھەورەیان متوکڕ کرد
ئەو سبەینەی ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد
ئەوێ ڕۆژێ یاسای سەروەر
بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چوو بۆ کەمین
گیرفانی کێی دەپشکنی
لە ئاسمان بوو یان لە زەمین
ھەر پرسیم و پرسیمەوە
ھەندێک دەڵێن
یاسای سەروەر مایەسیری گیری دابوو دوورە دەستبوو
ھەندێک دەڵێن زۆر سەرقاڵ بوو
شورەی دەوری کۆشک و سەرای ھەڵدەچنی خەمی خەست بوو
ھەندێک دەڵێن ئاسمانی ژوور باخەکەی خۆی تەلبەند دەکرد
لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو
ھەندێک دەڵێن نەخێر
بێشکەی حکومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی
ناوە ناوە دایبیەکی لەپێ دەکرد
ناوە ناوە دایبیەکی دادەکەنی
ھەندێک دەڵێن
نا ئەو ڕۆژە
بە شەرابی زەماوەندی بە شودانی کەرکوک مەست بوو
ھەندێک دەڵێن لە بانکێکا پارەی دەژمارد
لە بەرچاوی (ڕژدیاندا زڕ و زڕت و) لەسەر ھەست بوو
منیش دەڵێم کەس نەیزانی
یاسای سەروەر
سکچووی لێبوو لە ئاودەست بوو.
١٠\٥\٢٠١٢
- سلێمانی
ماڵپهڕی
حهمهی ئهحمهد رهسوڵ
|