٦\١٠\٢٠١٥
پەشێو لە نێوان
تووڕەیی (ئێرە)و غەریبیی (ئەوێ)دا.

سەدیق سەعید
لە ناوەراستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە بارودۆخێکی سیاسی و
کۆمەڵایەتی دژوار و نەبوونی ھیچ ئاسۆ و ئومێدێک بۆ ژیان، لەبەر بار
ودۆخی شەڕ، لە سەردەمی سەرکوتکردنی ھەموو دەنگە ئازادو سەربەخۆکان،
ئەوانەی ھەوڵی ژیانێکی تازەیان دەدا، شاعیرێک دەرەکەوێت، کە بە
ئەزموونێکی سادەی شیعر نووسینەوە دەستی پێکرد، بەڵام لەو کاتەوە تاکو
ئێستا، بوە ناوێکی دیاری شیعری کوردی و ھاوشێوەی شێرکۆ بێکەسی
شاعیر،بوونە سیمایەکی ھەرە دیار و جیاکەرەوەی شەستەکانی شیعری
کوردی.ئەو شاعیرە کە تاکو ئێستاش بەردەوامە لە نووسینی سەدان شیعری
سیاسی و شۆڕشگێڕیی ڕۆمانسی جوان، بەھەمان ئەو زمانە ئستاتیکیە
دەنووسێت، کە پێیەوە ھاتە نێو دونیای نووسینی شیعر.زمانێک سادە، وەلێ
جوان. زمانێک لە فۆڕمدا ساکار، کەڕەنگە زمانی زۆربەی ھەرە زۆرمان بێت،
وەلێ لە ناوەڕۆک تەژی لە وێنەو دەربڕین و مانای قوڵ و جوان. ئەمە یە
کێکە لەو خاسیەتە ئەدەبی و ھونەریانەی، ئەزموونی پەشێو لە ئەزموونی
شاعیرانی تر، بە شاعیرانی ھاوتەمەن و ھاوسەردەمی خۆشیەوە، جیا
دەکاتەوە. بەو پێیەی زمانی شیعر ئەو، لە ئاستێکدایە کە ھەمووان تێی
دەگەن. بەڵام کەسیش ناتوانێ وەکو ئەو، بە ھەمان ئەو زمانە سادەوە، ئەو
ھەموو جوانی و ماناو شیعریەتە و چێژە لە شیعردا، بەرجەستە بکات.
بەچوونی من، سیحری مانەوەی پەشێو، وەک ئەستێرەیەکی ھەمیشە درەوشاوە لە
ئاسمانی شیعری کوردیدا، زمانەکەیەتی. زمانێک کە بە دەربڕینێکی کورت،
جوانترین و قوڵترین وێنەی شیعری بەرجەستە دەکات.. زمان لە شیعری پە
شێودا، پردی پەیوەندییە بە خوێنەرو سەرەتای چوونە نێو ئەزموون و خەیاڵی
شیعریانەی بەرفراوانی ئەوە. کە مەحاڵە خوێنەر، بە درێژایی تەمەنی
دەستبەرداری بێت. ئێمە لەڕێی ئستاتیکای زمانەوە، دەچینە نێو ئەزموونی
پەشێوەوە. ھەر ئەو ئستاتیکایەشە، فاکتەری مانەوەی پەیوەندی خوێنەر بە
دەقەوە. پەشێو، ھەڵکری زمانێکە لە شیعرەکانی، کە تایبەتمەندییەکانی لە
سادەیی و ساکاری وجوانی دەردەکەوێت. زمانی پەشێو، زمانێکی ئاڵۆزو
تەمومژاوی نییە. بەڵکو زمانێکە، سادە بەڵام جوان. ساکار بەڵام قوڵ.
گرنگترین خەسڵەتی ئەو زمانە، چڕکردنەوەی وشەیە لە وێنەیەکدا. بەرجەستە
کردنی وێنەیەکی شیعریانەی جوانە، لە فۆڕمێکی سادەدا.پەشێو لە سەرەتای
ئەزموونی شیعریەوە، تا دوایین دەقی، ھەمان ئەوزمانەی لە شیعرەکانیدا بە
رجەستە کردوە. بۆیە زمانی شیعری ئەو شاعیرە، لە پاڵ ھەڵوێستە نەتەوەیی
و شۆِرشگێڕی ونیشتمانیەکانی، بەو پێیەی نەکەوتە ژێر کاریگەریەتی ھیچ
ئایدۆلۆژیایێکی حیزبی و شیعری بە باڵای ھیچ حیزبێک و بەرپرسێک
ھەڵنەدا،بوونە ناسنامەی نەمری ئەو شاعیرەو شیعرەکانی بە درێژایی مێژووی
ئەدەبی کوردی. پەشێو ھەر لە سەرەتاوە، ھێڵێکی نەتەوەییانەی دوور لە
ھەموو جۆرە پەیوەستبوونێکی حیزبیانە، لە شیعرەکانیدا گرتە بەر. بۆیە
ئێستاش فەرھەنگی شیعری ئەو شاعیرە، سەدان شیعری نەتەوەیی و نیشتمانی
تێدایە.بێگومان ئەزموونی پەشێو، کە لە ناوەراستی شەستەکانی سەدەی
ڕابردوەوە دەست پێدەکات، ئەزموونێکە ھەڵگری گوتارێکی نەتەوەییانەو
نیشتمانییە. لە پاڵ ئەمەشدا، پەشێو دەیان شیعری ڕۆمانسییانەی جوانی
نووسیوە، کە ھێمایە بۆ عەشق و خۆشەویستیەکی نەمر. ئەزموونی ئەو شاعیرە،
لە ڕووی نووسینی شیعر و زەمەنی دەقەکانەوە، بە سەر دوو زەمەنی جیا
دابەش دەبن. کە ئەوانیش ئەزموونی کوردستان و ئەزموونی مەنفان. واتە بە
شێک لە شیعرەکانی لە کوردستان نووسیون و، بە شێکی دیکەشیان لە
ھەندەران. پە شێو تا ئەو کاتەی سەفەر بۆ دەرەوە دەکات، چەند دەقێکی
شیعریانەی جوانی نووسیوە، کە بەشێکیان شیعری سیاسین، کە ھەڵکری گوتاری
سەربەخۆیی و خەونی دەوڵەتن. بە شێکی دیکەشیان، بە تایبەتیش شیعرەکانی
بتی شکاوو فرمێسک و زام، شیعری ڕۆمانسی و خۆشەویستین. لە سێیەم کۆمەڵە
شیعریدا، بە ناوی ڕۆژ نییە لێتان تووڕە نەبم، شەو نییە خەونتان پێوە
نەبینم، پە شێو دەکەوێتە نێوان ئەزموونی کوردستان و ئەزموونی مەنفا لە
نووسینی شیعردا. ئەگەر لە کوردستاندا، پەشێو جۆرێک لە بەریەککەوتن و
تووڕەیی و نامۆبوونی ھەبێت، بە رامبەر کۆمەڵگەو دەورو بەرو ژیان بە
گشتی، ئەوا لە مەنفادا بە پێچەوانەوە، جۆرێک لە غەریبی دایدەگرێت
بەرامبەر نیشتمان. تەنانەت ھەر خودی ناونیشانی کۆمەلە شیعرەکەش،
دەلالەت لە دۆخێکی سایکۆلۆژی ژیانی شاعیر دەکات. بەو پێیەی لە
کوردستاندا، ڕۆژ نییە تووڕەنەبێ لە ئەوان، لە مەنفادا شەو نییە خەونیان
پێوە نەبینێت.ئەگەر بەوردیش سەرنج لە شیعرەکانی بدەین، ھەست بەو
جیاکاریە شیعریەو گۆڕانکاریە سایکۆلۆژیە دەکەین، کە بە سەر ژیانی
شاعیردا دێت لە مەنفادا. ژیانێک کە ھەڵگری خەمەکانی نیشتمان و
نوستالۆژیای گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو. ئەم ھێڵە لە شیعری پە شێودا، لە
شیعری ئەگەر ھاتی تەنیا وەرە، دەست پێدەکات، درێژ دەبێتە تا دوایین
شیعری. بۆیە ئەگەر بەرلە سەفەر و تێ ئاوارەبوون، پەشێولە نیشتماندا
جۆرێک لە تووڕەیی و بەریەککەوتنی ھەبێت لە گەڵ واقیع و کۆمەلگەدا، ئەوا
لە مەنفادا ئەو بارودۆخە پێچەوانە دەبێتەوەو ئەمجارەیان شاعیر لە بڕی
ئەوەی لە نیشتمان تووڕە بێت غەریبی نیشتمان دەکات.بۆیە شیعرەکانی
مەنفا، گوتارێکی نوستالۆژیانەیان بە سەردا زاڵە. گەرچی نابێ ئەوەشمان
بیر بچێت، کە پە شێوی شاعیر، لە ئاوارەییشدا، ھەر بەتاسەو ھەناسەکانی
نیشتمان دەژیت. بۆیە کۆی نیشتمان، بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە، دەھێنێتەوە
نێو شیعر. وەک ئەوەی لە دەقی(ئەگەر ئەمجارە بێمەوە) دەیبینین.
شیعرەکانی پە شێو لە ئاوارەییدا، ئەوەندی وەسفی کوردستان دەکەن،
ئەوەندە ڕەنگدانەوەی جوانییەکانی مەنفا نییە. بە پێچەوانەوە بە ڵکو وا
ھەست دەکات، ھەموو بووەکانی ئێرە، بۆنی نیشتمانی ئەویان لێدێت. ھەروەک
خۆشی لە شیعرێکدا دەڵێت:_(واھەست دەکەم لە چیاکانی منڕا دەست پێدەکەن
ھەموو چیاکانی دنیا). بەڵام جیاوازییەکە لێرەدا ئەوەیە، کە لە
شیعرەکانی شەونییە خەونتان پێوەنەبینم،قوڵتر و کاریگەریانەتر، لە
شیعرەکانیدا نیشتمان بەرجەستە دەکات. دیارە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بارودۆخی
ئاوارەیی و ژیانی غەریبی شاعیرە. ھەر کەسێک شیعرەکانی پەشێو
بخوێنێتەوە، ھەست دەکات ئەم شاعیرە، بە قەد گەردێکیش لە نیشتمان
دانەبڕاوە. بەڵکو ھەمیشە نیشتمانی لە ناخ ودڵ و دەروونی خۆی ھەڵگرتووە.
نیشتمان دواجار ئەو ناسنامەیە، کە ھێمای بوون و ناسینەوەی شاعیرە، لە
ئاست ئەوانیتردا. بۆیە کاتێ ڕوو لە دەرەوەی وڵاتیش دەکات، نیشتمان
ئەوەندەی تر، جوانتر و خۆشەویستر دەبێت لای پە شێو. دیارە ئەم گوتارەش،
لە ساتی چوونە دەرەوەو ماڵئاوای لە کوردستانەوە دەست پێدەکات، تا بە
ئێستامان دەگات. لەنێوان ئەو شیعرانەی نێو شیعرەکانی ڕۆژ نییە لێتان
تووڕە نەبم، لە گەڵ شیعرەکانی شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم، ھەست بە
دوودنیابینی جیاواز دەکەین. دنیابینیەک کە ڕەنگدانەوەی واقیعی نێو
نیشتمانە. دنیابینیەکیش کە ڕەنگدانەوەی ئاوارەییە. بۆیە لە شیعرەکانی
کوردستاندا، پەشێو باس لە واقیعێکی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی دەکات، لە
مەنفادا باس لە واقیعێکی تر.ئەمەش بە ڕوونی بە شیعرەکانەوە دیارە.
پەشێو لە شیعرێکیدا، کە لە نیشتمانەوە نووسیویەتی دەڵێت:
ئەو منداڵەی ئێوارە دیم..
لە سێبەری مزگەوتێکا..
برسیەتی لە خۆی لولدابوو..
پەشێو لەو کۆپڵە شیعریەدا، وێنەی منداڵێکی ھەژار وبێ لانەمان بۆ
باسدەکات، کە لە سێبەری مزگەوتێکا، لە برسانا خۆی گرمۆڵە کردووە.
کەواتە ئەوە یەکێکە لەو دیمەنە دڵتەزێن و تراژیدیانەی، کە ئازاری
شاعیری داوە. ئەمە نموونەیەکی بچووکی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و
پەروەردەیی کۆمەلگە، پانۆڕامای ژیانی منداڵانی نیشتمانی پە شێوە، کە لە
چەندین شعری دیکەشیدا(وەک نزیک تاڤگەی بابەگور گورلە برسا مرد) ئاماژەی
پێداوە. ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە شاعیر ڕووبەڕووی خۆی و ھەمووشسمان
دەکاتەوە،کە بۆچی دەبێ منداڵێک برسیەتی لە خۆی لولبدات؟ لە کاتێکدا
وڵات پڕە لە سەرمایە. ئەمە پەیوەندی بەو ھەموو چەوسانەوەو نادادپەروەری
و نەبوونی ژیانی مرۆڤەکانەوە ھەیە، لەو وڵاتەی کە نێوی عیراقی عەرەبیە.
چونکە ئەو شیعرەی پەشێو، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا نووسراوە.
پەشێوی شاعیرلە پەراوێزی ئەو کۆپڵە شیعریەوە، مێژووێک لە نەھامەتی و
مەینەتییەکانی ژیانی مرۆڤ باس دەکات، کە تەنانەت منداڵانیشی نەبواردوە.
ئەمە لە کاتێکدا منداڵ ئەو بوونەوەرە پاکەیە، کە شایستەی خۆشترین و
جوانترین ژیانە، بەڵام ئەمە لە شوێنێک دەکرێت، کە بێ بەھاترین سەرمایە
تیایدا مرۆڤ بێت؟ ئەو مێژووەی پەشێو نیو سەدە زیاتر لە شیعرەکانیدا
باسی دەکات،ئێستاش بوونی ھەیە. ئێستاش منداڵانی ئێمە لە برسان دەمرن و
کاردەکەن و لە سادەترین مافی ژیان بێبەشن. ژیانی منداڵێک ئەو واقیعە
دژوارەیە کە جۆرێک بەریەککەوتن و کاردانەوەی لە دیدی پەشێو، وەک مرۆڤێک
و شاعیرێکیش دروستکردوە. ئەم وێنەیە، بەتەنھا وێنەی منداڵێک نییە،
بەڵکو گوزارشتە بۆ زەمەن و شوێن و وڵاتێکیش، کە ھێشتا منداڵەکانی
برسین.لەمانا قوڵ و جوانەکانی دنیای منداڵی خۆیان بێبەشن. لە کۆپڵە
شیعرێکی دیکەیدا پەشێو، باس لە نەبوونی ئازادی و کۆت وبەندکردنی وشەو
کوشتنی دەنگە سەربەخۆ و قەڵەمە ئازادیخوازەکان دەکات. کەدیسانەوە
ھێمایە بۆ ئەو شوێن و وڵاتەی خودی شاعیر تیایدا دەژیت.بۆیە ئەمجارەیان
دەڵێت:
خۆشەویستم...
خاوەن وشە لەم وڵاتە ھەمیشە ھاتی نەھاتە...
دەیانەوێ وشەکانمان کۆت و زنجیر بۆ پێیان بێت...
دەیانەوێ بنووین..بخۆین..بنووسین..بڕۆین...وەک ئەوان.
پەشێو لەو کۆپڵە شیعریەدا، ئاماژە بۆ یەکێ لەپرسە ھەرە گرنگەکانی ژیانی
مرۆڤەکان دەکات، کە ئەویش نەبوونی ئازادی و سەربەستیە. بۆیە چارەنووسی
ھەموو ئەوانەی دەیانەوێت خاوەن وشە بن، بنووسن، چارەنووسێکی نادیار و
تراژیدیە. لە کۆمەڵگە ڕۆژھەڵاتیەکاندا، بە ھۆی نەبوونی ناسنامەی
تاکایەتی وئازادییە کەسییەکان، ھەمیشە مرۆڤەکان ھەوڵئەدەن یەک شوناس و
یەک تێڕوانین و یەک ژیانیان ھەبێت.لەو کۆمەلگایانەدا، بەھۆی ستەمی
سیاسی و نەتەوەییەوە، مرۆڤەکان لە سادەترین ماف بێبەشن. بۆیە
ھەردەنگێکی جیاواز، ھەر دەنگێکی یاخی، ھەر دەنگێکی ئازادو سەربەست،
چارەنووسی لە نێوبردنە. پەشێو لە دەرەوەی ئەو جۆرە بیرکردنەوانەیە،
بۆیە وەک خاوەن وشەیەک نایەوێت وەک ئەوان بژیت. بەدەبڕینێکی تر، ئەو
نایەوێت ژیانێک بژیت، کە بە سەری سەپێنراوە. بەڵکو دەیەوێت ژیانێک بژیت
کە خۆی ھەڵیبژاردوە. بێگومان ھەموومانا جەوھەرھیەکانی ژیانی مرۆڤیش
لەوە دایە،کە ژیانێک بژیت کە خۆی دەیەوێت. بەڵام ئەمە لە کۆمەلگا
ڕۆژھەڵاتی و دواکەوتووەکاندا، ئەو کۆمەڵگایەی پەشێو لێی دەژیت،
ئاساییە؟ بێگومان نەخێر. بۆیە پەشێو دەزانێت، ئەوەی وەک ئەوان نەژێت و
بیر نەکاتەوە، دەبێ ڕووبەرووی مەرگ و خوێن ببێتەوە. ھەروەک خۆشی لە
شیعرێکی دیکەیدا، ئەمجارەیان دەڵێت:
بۆم نانووسرێ..بەخوێن نەبێ بۆم نانووسرێ..
من ڕاھاتووم خوێن بکەمە مەرەکەبی شیعر نووسین..
پەشێو باکی بە بیر کردنەوەی ئەوان و ترسی ئەوان نییە. بۆیە بە ئاشکرا،
باس لەوە دەکات کە خوێن و مەرەکەبی شیعر نووسین تێکەڵاو دەکات و لە
پێناو ئازادی و سەربەستی نەتەوەکەیی و ژیانێکی شکۆمەندانەتر بۆ
مرۆڤەکان، ئامادەیە قوربانی بە خۆی بدات.قەڵەم بۆ ئەوەی بە ئازادی
بنووسێت، دەبێ بە گژ جەلادو چەوسێنەرەکان وستەمکاران دابچێتەوە. ئەو
بەگژداچوونەوەش، بە بێ قوربانیدان و خوێن ڕشتن نابێت.بۆیە قەڵەمی
ئازادو سەربۆخۆ و یاخی، لە وڵاتە ھاتی و نەھاتەکاندا، ھەمیشە چارەنووسی
مەرگ و خوێنە. بێگومان ئەو سێ کۆپڵە شیعریە، کە لە نێو شیعرەکانی ڕۆژ
نییە لێتان تووڕەنەبم بڵاوکراونەتەوە، گوزارشتن لە قۆناغێک کە پەشێو
ئەو شیعرانەی تیادا نووسیوە. ئەو شیعرانە، ئاماژەنە بۆ زەمەنێک کە
زەمەنی برسیەتی و نەھامەتی و چەوسانەوەی نەتەوەیی بوە. بە تایبەتیش لە
شەستەکانی سەدەی ڕابردووی کۆمەڵگای کوردیدا. ئەو زەمەنی کە تیایدا پە
شێوی شاعیر، لە ھەموو شتێک تووڕەو نیگەرانە. خودی کۆپڵە شیعریەکانیش،
دەلالەتی ئەو تێگەیشتن و دۆخە سایکۆلۆژیەی ژیانی شاعیرن. چونکە ئەگەر
بەوردی سەرنج لە شیعرەکان بدەین دەبینین، فەزای شیعرەکان، جۆرێک لە
نیگەرانی و تووڕەیی پێوەدیارە.بەدەربڕینێکی تر،جۆرێک لە یاخیبوون و
ھاتنەوە بە گژ، واقیعی ژیانی ئەو کات بە سەر شیعرەکاندا زاڵە. بۆیە
دیدگای پەشێو لەو شیعرانەدا، دیدگایەکی ڕەخنەییە، کە خەونی گۆڕینی ئەو
ژیانە کلاسیکی و نادادپەروەریەی ھەیە، کە مرۆڤەکان تیایدا دەژین. ئەو
دنیابینیە لە شیعری پەشێودا، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئامادەیی دەبێت، تا
ئەو کاتەی شاعیر، ڕوو لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران دەکات. لوێ گوتارێکی
دیکە لە شیعرەکانیدا ڕەنگدەداتەوە، کە خاسیەتی ھەرە دیاری گەڕانەوەیە
بۆ ئەو نیشتمانەی کە ئەو پێشتر لێی تووڕە دەبوو. ئەمجارەیان بە
پێچەوانەوە خەون بە گەڕانەوە بۆ ئەو نیشتمانە دەبینێت. نەک ھەر ئەمە
بەڵکو دەکروزێتەوەش بۆ ئەو نیشتمانە. ئەو گۆڕانکاریە لە دنیابینی شیعری
پەشێودا، پەیوەندی بە جێھێشتنی کوردستان و ژیانی ئاوارەیی وغەریبیەوە
ھەیە. کە ئەمە ھەمیشە گوتارێکی ھەرە دیاری شیعری کوردییە، لە ئەزموونی
شاعیرانی مەنفادا.ئەو گوتارە، کە نوستالۆژیای گەڕانەوە بۆ
نیشتمان،بنەمای ھەرە سەرەکیەتی، لە شیعری پە شێودا، لە یەکەم چرکە ساتی
چوونە دەرەوەدەست پێدەکات و تائێستاش لە شیعرەکانی پەشێودا،
ڕەنگدانەوەی ھەیە. بۆیە کەم شیعری ئەو شاعیرە دیارەی کورد ھەیە
لەمەنفادا نووسرابێت و نوستالۆژیای گەڕانەوە بۆ نیشتمان، تیایدا بوونی
نەبێت. شیعرەکانی پە شێوە لە وێدا، گوزراشتن بۆ غەریبی نیشتمان و
گەڕانەوە بۆ ڕابردوو.بۆیە ئەگەر لە کوردستاندا، گوتاری شیعری پەشێو،
گوتارێکی ڕەحنەیی بێت و لە بەریەککەوتن و ڕەتکردنەوەی واقیعی ژیان
دابێت لە نیشتماندا، ئەوا لە مەنفادا ئەو گوتارە پێچەوانە دەبێتەوەو
ئاوێتەی نیشتمان دەبێت. پەشێوی شاعیر لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٣ و
بەدیاریکراویش لە کۆتایی ھاوین و سەرەتای پاییزی ئەو ساڵە،نیشتمان
جێدێڵێت و ڕوو لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران دەکات.چونکە ئەگەر بە پێی
ڕێزبەندی مێژووی نووسینی شیعرەکان کە لە کۆمەڵە شیعری(پشت لە نەواو
ڕوولە کرێوە بێت)کە شیعرەکانی ساڵانی نێوان
١٩٦٥تاکو١٩٧٩لەخۆدەگرێت،ئەوا پەشێو یەکەم شیعری کە لە دەرەوە نووسیبێت،
شیعری(ئەگەر ھاتی تەنیا وەرە) کە مێژووی ١١/٩/١٩٧٣شاری(ڤەڕۆنێژ)ی بە
سەرەوەیە، کە شارێکە لە خوارووی روسیا لە سەر ڕووباری ڤەڕۆنێژ.ئەم
شیعرە لە چوارچێوەی ئەو شیعرانە دایە، کە لە دوو توێی شیعرەکانی
شەونییە خەونتان پێوە نەبینم، بڵاوکراونەتەوە. کە خودی ناونیشانی گشتی
شیعرەکان، دەلالەت لە جۆرێک لە غەریبی و پە شیمانی دەکات بۆ نیشتمان.
لێرە بە دواوە گوتاری شیعری پەشێو لە ئاستی فۆڕم و زماندا،گۆڕانی بە
سەر دانایەت، بەو مانایەی پەشێو بە ھەمان ئەو زمانە ئستاتیکیە شیعر
دەنووسێت، کەوەک سیمایەک ئەزموونی ئەوی پێ دەناسرێتەوە. بەڵام لە ئاستی
ناوەڕۆکدا، شیعری پەشێو، دەلالەت لە بابەتێکی دیکە دەکات، کە ئەویش
گەڕانەوە بۆ نیشتمان و ژیانی غەریبیە لە مەنفادا. لێرەوەش ئەگەر پەشێو
لەنیشتماندا لە کەسانێک تووڕە ببێت، ئەوا ئەمجارە خەونیان پێوە
دەبینێت. ئەگەر لە نیشتماندا، بە شێوەیەک لە شێوەکان، دیاردەیەک ببێتە
مایەی تووڕەیی و دڵگرانی پەشێوی شاعیر، ئەوا ئەمجارەیان،بە پێچەوانەوە،
نیشتمانی بە ھەموو ناشرینیەکانەوە خۆشدەوێت.تەنانەت گڵ و
قوڕەکەشی.ھەروەک خۆشی لە شیعرێکدا دەڵێت:
ئەگەر ئەمجارەش ڕێم بکەوێتەوە بێرکۆت..
لێشم بدەی لێشم حەرامکەی شیری خۆت..
من بە تەشیەکەی مناڵیما دەڕێسمەوە..
داربەرد گڵ قوڕ..چیم بێتە ڕێ دەیلێسمەوە...
ڕادەی غەریبی پەشێو بۆ نیشتمانەکەی و لە نێو نیشتمانیشدا، بۆ زێدی
ڕەسەن و شوێنی لە دایک بوونی خۆی کە گوندی بێرکۆتە، دەگاتە ئاستێک کە
ئامادەیە گڵ وقوڕی گوندەکەش بلێسێتەوە، بەو مەرجەی ئەگەر ئەو جارە
بێتەوە. پەشێو لە مەنفادا بیری گوندەکەی دەکات و سەردەمی منداڵیەتی بیر
دێتەوە. بۆیە ئێستا کە لە گوندەکەی دوورە، پەشێو، بەھەمان سەردەمی
منداڵییەوە بیری بێرکۆت دەکات و گل وقورەکەی دەخوات. کە ئەمەش دەلالەتی
پیرۆزی نیشتمان و خۆشەویستی شاعیر بۆ زێدو شوێنی لە دایک بوونی خۆی
دەردەخات. پەشێو دەزانێت لە مەنفادا، گەڕانەوە بۆ نیشتمان لەو کاتدا
مەحاڵە. بە تایبەتیش لەو سەردەمەی کە شاعیر نیشتمانی جێھێشتوە، بە ھۆی
ھەڵومەرجی سیاسییەوە، بەتایبەتیش لە نیوەی دووەمی ھەفتاکان. بۆیە
ھەوڵئەدات بە خەیاڵ لە مەنفادا نیشتمانێک دروست بکات، کە بۆنی نیشتمانی
ئەوی لێبێت. پەشێو، ھەموو دیاردەکانی مەنفا، بە چاوی نیشتمان دەبینێت.
بۆیە ھەوڵی ئەوە ئەدات سەرلەبەری ئەو شوێنەی لە غەریبیدا تیایدا ئەژیت،
بە نیشتمانی بکات. تەنانەت سروشت و شاخ و داخیش.بۆیە لە دێڕە شیعرێکی
دیکەدا دەڵێ:
واھەست دەکەم..
لە چیاکانی منڕا دەست پێدەکەن چیاکانی ھەموو دنیا..
پەشێو نەتەنھا چیاکانی ئەو شوێنەی تیایدا دەژیت، بەڵکو چیاکانی ھەموو
دنیا دەبەستێتەوە، بە چیاکانی کوردستان. تاسەی پەشێو بۆ گەڕانەوەو
غەریبی بۆ نیشتمان، گەیشتۆتە ئاستێک کە واھەست بکات ھەموو چیاکانی
دنیا، لە چیاکانی نیشتمانی ئەون. ئەمە لەلایەکەوە دەلالەتە لەوەی، کە
چیاکانی غەریبی ھاوشێوەی چیاکانی نیشتمان، جوان و سەرنج ڕاکێش نین بۆ
پەشێو.بۆیە سیمای چیاکانی کوردستان، بە چیاکانی ئەوێ دەدات. لەلایەکی
ترەوە پەشێو، ئەو پە یامە دەگەیەنێت، کە ئەو تەنانەت لە ھەندەرانیش،
بیری ھەر لای چیاکانی نیشتمانە. بۆیە کە چیاکانی ئەوێ دەبینێت، بە
خەیاڵ ئەو وێناکردنە لای خۆی دروست دەکات کە لە بنەڕەتدا، ئەو چیاکانی
کوردستان دەبینێ، نەک چیاکانی مەنفا. کە بێگومان سروشت و جوگرافیاو
تۆپۆگرافیایەکی جیاوازتریان ھەیە، لە چیاکانی کوردستان. بەڵام
مەبەستەکە لێرەدا نیشتمانە. چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێ کە چیاکان بە
شێکن، لە جوگرافیای نیشتمان. بۆیە کە چیاکان دەبینێ، لەڕاستیدا ئەو
نیشتمان دەبینێ. ھەروەک لە شیعرێکی دیکەیدا دەڵێت:
چیاکانیش دێن دەرگای ژوورە غەمگینەکەم
دەکەنەوە..
پەشێو ئەگەر چی بە جەستە، لە مەنفا دەژیت، بەڵام بەڕوح، بە خەیاڵ و
بیرکردنەوە، خەیاڵی ھەر لای نیشتمانە. ئەو ئەگەر نەتوانێت، بگەڕێتەوە
نیشتمان، ئەوا نیشتمان، بە ھەموو بوونەکانیەوە، دێنێتە نێو ناخی خۆی.
بۆیە ھەموو ئەو کاتانەی لە مەنفایە، ھەست ناکات لەوڵات دوور
کەوتۆتەوە.بەڵکو ھەر بە خەیاڵی ئەو کاتانە دەژیت، کە لە نیشتمان بوە.
بۆیە کاتێ موژدەی ئەوەی پێ ئەدەن ڕۆژێک دێت دەگەڕێتەوە نیشتمانی
خۆی،ئەوسا ھەموو شتێک لە پێشوازی دەبێت و بە پیریەوە دێت. پەشێو بە
پێچەوانەوە، واھەست ناکات نیشتمانی جێھێشتووە. بەلکو بە درێژایی ئەو
ھەموو ساڵ و مانگەی لە دەرەوە بوە، ئەو نیشتمانی لە خوێنی خۆی
ھەڵگرتووە. وەک ئاماژە یەک کە تاکو مردن نیشتمان لە ژیانی ئەو
جیانابێتەوە. چونکە خوێن ھەمیشەو بەبەردەوامی لە جەستەی مرۆڤەکاندایە.
بە مردنیش ئەو خوێنە دەوەستێت. بۆیە پەشێو لەوەڵامی پرسیاری
گەڕانەوەیدا دەڵێت:
چۆن شتێک بە پیرمەوە دێ..
کە ئەو ھەموو ساڵ ومانگە.. لە بڕبڕەو پشت و خوێندا ھەڵمگرتبێ..
لێرەدا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەگەرچی پەشێو بە جەستە لە نیشتمان
دوورکەوتۆتەوە، بەڵام بەر وح، بە بیرکردنەوە، بەیادەوەری، خەیاڵی ھەر
لای کوردستانە. بۆیەشە لە گەڵ سەفەری خۆیدا، نیشتمان بە ھەموو
بوونەکانیەوە، لە بڕبڕەی پشت و خوێنی گیانیدا، ھەڵگرتووە.لێرەوەش
ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە تەنانەت ئەو ساڵانەشی کە پەشێو لە غەریبیدا
بوەو دووربوە لە نیشتمان، بۆ چرکەیەکیش وڵاتەکەی لە بیر نەکردوە.بە ڵکو
ھەمیشە بە خەیاڵ و یادەوەری ئەو ڕۆژانەژیاوە کە لە نیشتمان بوە.تەنانەت
ھەموو جوانییەکانی مەنفاش نەیانتوانیوە، خوڕەی ئاوی زێیەکی ئەم
کوردستانە و گوڵەگەنمێکی نیشتمانی ئەوی لە بیر بەرنەوە. ئایا لە مەنفاش
گوڵە گەنم و خوڕەی ڕووبار نییە؟ ئەی بۆ پەشێو خەیاڵی ھەر تەنھالای
سروشت و کانی و کارێزەکانی کوردستانە؟ ئەگەر ئەمە ئەو پەڕی خۆشەویستی
خاک و نەتەوەو نیشتمان نەگەیەنێت. بۆیە لە شیعرێکی دیکەیدا دەڵێت:
زستانی پار لەگەڵمابووی..
ھاژەو خوڕەی زێی سیروانم..لەگەڵ دابوو..
گوڵەگەنمێکی گەرمێن وکلوەبەفرێکی کوێستانم لەگەڵ دابوو...
پەشێو تەنانەت لەنێو ھەموو جوانییەکانی سروشتی ڕوسیاشدا، بیری ھەرلای
زێی سیروان و گوڵەگەنمەکانی مەنفایە.کە ئەو دووتوخمە بەشێکن لە سروشت و
خاکێکی گەورەتر، کە ناوی کوردستانە.ئەو خاکەی پەشێوی شاعیر تەنانەت لە
مەنفاشدا، لە نێو خوێنی شادەمارەکانی خۆی ھەڵیگرتووە. بێگومان ئەگەر
بەراوردی ناوەڕۆکی ئەو کۆپلە شیعریانە بکەین، کە لە دووزەمەنی جیادا،
کە ئەوانیش ھەولێر و مۆسکۆن، نووسراون. ھەست بەوە دەکەین، کە دنیابینی
پە شێوی شاعیر،لە شیعرەکانی ڕۆژنییە لێتان تووڕەنەبم، دیدگایەکی
ڕەخنەیی و تووڕەیی و یاخیبوونی لە نیشتمانەوە پێوە دیارە. ئەمەش
دەرەنجامی ئەو بەریەککەوتنەی شاعیرە لە گەڵ زەمەن و سەردەمی ئەوکات. کە
سەردەمێکی دژواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بوە. بە پێچەوانەوە،
دوای جێھێشتنی نیشتمان،دیدگای پەشێو لە دیدگایەکی ڕەخنەیی و
تووڕەییەوە، دەبێتە دیدگایەکی پەشیمانبوونەوەو ئاشتبوونەوە.
ئاشتبوونەوە لەگەڵ نیشتمانێک،کە ئەو لە سۆنگەی چەندین دیاردەوە جێی
ھێشتووە. لە غەریبیدا، بە پێچەوانەوە پەشێو بەردەوام شەو، خەو بە
ئەوانەوە دەبینی لە کاتێکدا لە نیشتمان لێیان تووڕە ئەبوو.بیریان ئەکاو
یادیان دەکاتەوە. تەنانەت بە تاسەو چاوەڕوانیەکی قوڵیشەوە، ئەو چرکە
ساتانەی ژیانی بەڕێدەکات، بە خۆزگەی ئەوەی جارێکی تربە نیشتمانی شاد
بێتەوە. بۆیە لە نێوان تووڕەیی ئێرەوە غەریبی ئەوێدا، پەشێو غەریبی
نیشتمان دەکات و ھەمووشەوێک خەونیان پێوە دەبینێت و تووڕەییەکەی لە یاد
دەکات. بەمەش خۆشەویستی و سۆز بە سەر تووڕەییدا زاڵدەبێت....
sadiqrwandze@yahoo.com
|