په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پێش هەڵبژاردن، لەکاتی هەڵبژاردن و ئێستا.


سەلام عەبدوڵا  


لە1/4/2008، لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی گۆڤاری(نێوەند)کە لە رۆژنامەی(کوردستان راپۆرت)دووبارە بڵاوکرایەوە، وتم:
(بەداخەوە لە کوردستان، منیش دەبینم جۆرە سستی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاری هەیەو هەر ئەمەشە وای کردووە رەوتگەلی کۆنەپەرەست و ئیکسپایەر جەماوەریان هەبێت: ئەگەر کۆمونیست و چەپەکان بە ئەرکەکانیان هەڵنەستن، ئەوا زیانەکەمان دووبەرابەر دەبێت و دەبین بە عیبرەتی مێژوو!


بەبەرچاوی هەموومانەوە، لەسەر ئاستی شەقامی کوردستان ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان هەیە دژ بە نەهامەتییەکانی بازاڕی ئازادو بەرەڵاو بێویژدانی بەڕێوەبردنی بازرگانی و هەموو جۆرەکانی گەندەڵی و ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی، گرانی، بیروکراسی، بێکاری، گرێبەستی کاتی، وێرانی ژیانی جووتیاران و ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان، کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، خەڵکی ناوچە بۆردومانکراوەکان لەلایەن ئێران و تورکیا وناڕەزایەتییەکان دژ بە کێشەی کارەبا و ئاوی پیس چەند نموونەیەکن کە چەپەکان دەیانتوانی تێیاندا رۆِڵی کاریگەرو چالاکتر ببینن. هەروا نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی، بەکاڵاکردنی فێربوون لە زانکۆ ئەهلییەکان یان بوونی چاش و بەعسی و موستەشار لەدامودەزگا حزبی وحکومییەکان، هەوڵی بەرتەسککردنی ئازادی رۆژنامەوانی و حزبی وەک قەدەغەکردنی پارتی چارەسەری دیموکراتی بوارگەلێکن کە دەبێ چەپەکان لەدژیاندا لەپێشی پێشەوە دەنگ هەڵبڕن.


بەداخەوە چەپ بەگشتی رۆڵی چالاکانە نابینن، بۆیە جەماوەر تا نووسینی ئەم دێڕانە سزامان دەداو وەک کارێکی خۆکوژی روو لە لایەن و بیروڕاکانی وەهم و بازرگانە هەڵپەرستەکانی فکرو خزمەتچییەکانی سەرمایە دەبەن!
حەقانییەتی بیروباوەڕی کۆمونیزم بەتەنها وەک شتێکی جوان و درەوشاوە لەشوێنی خۆی دەمینێتەوە ئەگەر لەئاستی عەمەلی و رۆژ بەرۆژ خەریکی رێکخستنی ناڕەزایەتییەکان نەبین و خیتابی تر نەگرینە بەر. راستییەکی لەبەرچاوە کە ئیمڕۆ چەپ بەگشتی لەپاشی پاشەوەی گۆڕانکارییەکانەو لەوانەیە بۆ چەند ساڵی داهاتوویش بەم شێوەیە بمێنێتەوە(هیوادارم وانەبێت)و ئەمە نهێنی راستەقینەی برەوی حزب و رۆشنبیری و بیروباوەڕەکانی تاوان و هەڵپەرستی! کاتێ ئێمە لاواز دەبین، بیرمەدەکانی سەرمایە و کۆمەڵکوژی وەک بەڕێز نیتشەو حزب و کتێبە ئاینییەکان و جادوو و سیحرو جنۆکەو وێنەو فیلم و گۆڤاری سێکسی بازاڕیان دەبێت.


جیهان لەبارودۆخێکی زۆر مەترسیدارەو کۆبوونەوە جیهانییەکانی حکومەتە سەرمایەدارەکان وئەو هەوڵانە کە لەراگەیاندنەکان دەیانبینین و دەیانخوێنین لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکە، مادەی بێهۆشکەرن و زۆر لە راستییەوە دوون، بۆ نموونە خەرجکردنی سەدان ملیارد دۆلار بۆ بانقەکان قەیرانەکە قوڵتردەکاتەوە؛ بێکاری، گرانی، جەنگ و پێکدادانی زیاتر بەڕێوەوەیەو کوردستانیش زیاتر لە ئیمڕۆ دەگرێتەوە، بۆیە دەبێ چەپ زیاتر بیر لە ئەرکە مێژوویەکانی بکاتەوە، خۆی ئامادە بکات و ئەرکەکانی لەئەستۆ بگرێت...چەپ بەرپرسیاری یەکەمەو زامنی ئیمڕۆ و دوارۆژی گەشەکردنە بۆ خەڵکی کوردستان...)
هەڵبژاردنەکەی 25/7/2009بۆچوونەکەمی پشتڕاستکردەوەو خۆزگا بەو شێوەیە نەبوایە.

لە کاتی هەڵبژاردن: (ما فی الجبە الا الشیوعییە)!

راستە من ئیلتزامی حزبیم نییە، بەڵام چۆن حەلاج دەڵێ(بێجگە لە خودا، هیچ لەناو جبەکەمدا، نییە)، منیش لەبەر ئەوەی تا ئەم چرکەساتە هیچ فەلسەفەیەک نەیتوانیوە جێی مارکسیزم لەق بکات، دەڵێم(بێجگە لە کارو هیواو ئومید بۆ بەرگری و سەرخستنی شوعییەت، هیچم پێ نییە).
جەماوەر لەبەر ئەوە دەنگیان بە بەرەی چەپ نەدا، چونکە گەندەڵ، دز، بازرگان و فێلبازو سەختەچین، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو، حزب لەناو بارەگاکان دانیشت، لە راگەیاندنەکەیدا، زیاتر خیتابی حکومی بەسەریەوە زاڵ بوو، بەبێ ئەوەی حکومەت بە گوێی بکات و نەبوو بە سەکۆی ناڕەزایەتی و هاوارو رەخنەو گازندەی جەماوەری خەڵک(گوێی لە ترپە ترپی دڵیان نەبوو!)، بۆیە نەک هەر جەماوەر، بگرە ئەندامانی حزبیش وەک چەند بەرپرسێکی حزب لە خانەقین، لە هەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی شارەکانی ئێراق، دەنگیان بە لایەنی تر دا.


سەیر ئەوە بوو، حکومەت سیاسەتی لیبڕالیزمی نوێ پەیڕەو دەکات، کەچی حزب، بۆ کۆبوونەوەی حزبە چەپەکانی کوردستان، زۆر لە کەسایەتییە چەپەکانی کوردستان، پشتگوێ خست و لەبریاندا مێوانداری سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، کرد!
لەراستیدا دەبوو ئەو کۆبوونەوەیە بکرابا بە کۆبوونەوە دیالۆک و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان و ئاهەنگێکی گەورە بۆ حزب و گروپە چەپەکان! ئەوانەی بەو شێوەیە بیردەکەنەوەو پێیانوایە جەماوەر و شیوعی و چەپەکان ئاگایان نییە لەوەی چی لەپشت پەردەکان دەگوزەرێ و حزب بەرەو چ ئاقارێک دەبەن زۆر بە هەڵەدا چوون. هەوڵدان بۆ سیسکردن، پەراوێزخستن، کپکردن و تەنانەت هەوڵی تێفیەو کوشتنی فکرو ئەرکی شیوعییانە لەئارادا هەیە. راستە من لە ئاواییەکی کناری خانەقین دەژێم، بەڵام تا رادەیەکی زۆر ئاگام لە خیتاب و ئەداو هەواڵ و شێوازی نووسین لە بڵاوکراوەکانی حزب هەیە!


لەلایەکی تر حزب دەبوو بەبێ چەندو چۆن کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم هەبوایەو لەم پێناوە دەیان کەسایەتی تێکۆشەرو لێهاتوو ودڵسۆز و نێوداری هەیەو هیچ بیانو و پاساوێک لە حزب قبووڵ ناکرێت بۆ کاندید نەکردنی یەکێک لەو کەسایەتییانە. چەپەکان هیچیان لە هیچ کەسایەتییەکی ئەم کوردستانە ئەگەر گەورەتر نەبن، بە هیچ شێوەیەک کەمتر نین و لەدڵەوە دەڵێم ئەم خاڵە بووە هۆی ئازارو توڕەیی و بێزاریکردنێکی زۆر بۆ من. کاندیدکردنی کەسایەتییەکی چەپ بۆ سەرۆکایەتی هەرێم هیچ پەیوەندی بە بێڕێزییەوە نییە بۆ هیچ کاندیدێکی تر. ئێستاش نەمبینی رۆژنامە یان تەلەفزیونی دوو حزبە زلهێزەکە هەواڵ، چالاکی حزبی شیوعی بڵاوبکەنەوە، کەچی راگەیاندنی خۆمان بە بەردەوام هەواڵەکانی سەرانی ئەوانی بڵاودەکردەوە. ئاخر کێ لە کێ گەورەترە؟!


بە کورتییەکەی: باری حزب بەم شێوەیە بوو(نە بەڕاستی بەشێک لە خاوەن بڕیارو نە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک)، بۆیە دەرئەنجاممان لە هەڵبژاردنەکە بە پشتیوانی6حزب نەگەیشتە1% !

ئێستا چی بڵێین و بکەین؟!

شوعییەکان لە هەموو کۆمەڵگاکان، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە دەسەڵاتیشیان بەدەستەوە بووە، کەمینەیان پێکهێناوەو شکستهێنان لە قۆناغێکی دیاریکراو بۆ هیچ حزب و بزووتنەوەو حکومەتێک عەیبەیەک نییە، بە پێچەوانەوە بەوپەڕی سەرڕاستییەوە دەنگ بەرزدەکەین و دەست بۆ یەک بە یەکی کەمترخەمی، هەڵە، نوقسانی، پشتگوێخستنەکان...هتد درێژدەکەین و لە هەمان کاتدا درێژە بە ئەرکەکانمان دەدەین. ئەوانەی بۆ شکستیمان هەڵدەپڕن، دەتوانن درێژە بە خۆشییەکەیان بدەن، بەڵام دەبێ بزانن کە ئێمەش زیاتر لە جاران هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بەم هەموو رسواییە بەسەر خەڵکی ستەمدیدی کوردستان هاتووە، دەدەین.
ئێمە بەهۆی ئەم شکستییەوە، پەندگەلێکی گەورەمان بەدەستهێنا: 1-قەوارەی خۆمانمان بینی و دەتوانین خۆمان بە بێ رتووش بە روونی بناسین. 2- جارێکی تر نابێ بەشداری لە حکومەت و وەرگرتنی پۆستی وەزارەتێک لەسەر حیسابی سیاسەتی حزب و ئەرکەکانی دالڕێژرێت. ئەم خاڵە یەکێک لە هەڵە کوشندەکان بووەو خەتا دەکەین لەبەرامبەر مێژووی تێکۆشانمان ئەگەر ئەم هەڵەیە دووبارە بکەینەوە.
3-حزب دەبێ ئەوپەڕی رێزو خزمەت و حورمەت لە تێکۆشەران بگرێت و لەگشت گەورەو بچوکێک راوێژکاریان بکات، بەڵام کاتێ مەسەلەکە دەگاتە پرسیاری ئەوەی کێن دەتوانەی دەتوانن ئەرکە مێژووییە زۆر قورسەکانی سەرشانی کیانێک بەناوی حزبی شوعی لەئەستۆ بگرن، ئەوا دەبێ بەبێ موجامەلە، پێوەری زۆر ورد بەکاربهێنرێت بۆ دیاریکردنی کەسانێک کە لە هەموو بارێکەوە بۆ ئەم ئەرکە گونجاوبن. قوربانیدانی فڵان هاوڕێ بۆ حزب یان فیسارە خێزان یان چەند ساڵ لە ریزەکانی حزب چالاکە یان تەمەن...هتد نابێ رۆڵ لە دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەی مەرکەزی و مەکتەبی سیاسی و سکرتێری حزب ببینێ. هەروا بۆ نموونە لەوانەیە هاوڕێک لەبواری کشتوکاڵی زۆر زیرەک و بەتوانا بێت، بەڵام مانای ئەوە نییە لە بواری کیمیا و فیزیاش بلیمەتە!


4- لەبواری کاری جەماوەری رۆژانە، حزب وەک بڵێی بەجارێک خاوبووەوەو لە بواری کارکردن(خۆپیشاندان، مانگرتن، بەیاننامەنووسین و بڵاوکردنی لەسەر شەقامەکان، رێکخستنی کۆبوونەوەی گشتی...هتد دژ بە بێکاری، موچە، گرانی، دامەزراندنی کاتی، وێرانکردنی گوندەکان، بە پۆلیسکردنی جووتیاران یان داواکردنی یاسای کار، دامەزراندنی قوتابیان، دژ بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، داواکاری زیندانییە سیاسییەکان، کێشەی نیشتەجێبوون) و لە دەیان بواری تر، شوێن پەنجەی دیارنەما.
دوو نموونەی دڵتەزێن: ماوەی دوو مانگ زیاتر هەوڵمدا بۆ ئەوەی داخوازی بەتاپۆکردنی خانوەکانی ئیدارە مەحەلییە لە خانەقین و داواکردنی رەگەزنامە بۆ کوردانی رۆژهەڵات کە30ساڵە لە شارەکە دەژێن و فۆرمی ناو و ئیمزاو ژمارەی تەلەفۆنەکانیان بگاتە فراکسیونی سوور تا بخرێنە بەردەم پەرلەمان، کەچی سوپاسنامەیان بۆ من نارد! ئاخر من سوپاسنامەم بۆ چییە؟ ئێمە چاوەڕوانی ئەم رستەیە بووین: لە رێگای کوردستان بەم شێوەیە بڵاوبکرێنەوە: فراکسیونی سوور داخوازییەکانی خەڵک پێشکەش بە پەرلەمان کرد. لەبارەی ئەم هەوڵە و هەوڵی دامەزراندنی لیژنەیەک بۆ کۆمەککردنی هەژاران)، یەک وەڵامیان هەبوو: ئەم هەوڵانە کاری حکومەتە!


5= شوعییەکان نموونەی دەستپاکین ودەبێ دارایی حزب بۆ بەرژەوەندی باڵای حزب و چالاکی و گەشەپێدانی تەرخان بکرێت. بەداخەوە لە ریزی ئێمەشدا کەسانێک هەن لەژێر کاریگەری چاوچنۆکی موڵکایەتی تایبەتین. ئایا هۆی ئاشکرا نەکردنی دارایی حزب چییە؟ لەچی دەترسین؟ بۆچی ئەم خاڵە بکەین بە بنێشتە خۆشەی دەمی ئەوانەی بۆ شکاندنی شیوعییەت رەخنە لە حزب دەگرن؟ لەم بارەیەوە ئەگەر هەڵە و کەموکوڕییەک هەیە با راست بکرینەوەو دوژمنانمان لەم بارەیەوە بێمنەت بکەین!


6- ڕ=راگەیاندنی حزب لەئاستی(هەموو راستییەکان بۆ جەماوەر....تەنها راستی تا سەر شۆڕشگێڕە)نییەو دەکرێ و لەتوانامانیشدا هەیە هەنگاو بەرەو ئەو ئاراستەیە بنێین. ب= لە(رێگای کوردستان) بیروبۆچوون و رۆشنبیری سەرمایەداری رەنگی داوەتەوەو تەنانەت پانتایی بۆ کەسانی دژ بە شوعییەت فەراهەم کراوە، گوایە ئەوانە"رۆشنبیری سەربەخۆن"و بابەتگەلێکی فاشیستیش لە رێگا بڵاوکراوەتەوەو بەئامادەبوونی(ئە. ک)و هاوڕێیەکی تر بەچاوی خۆم بینیم، بۆ نموونە(بابەتێک لەبارەی سلۆدەردایک لەلایەن بەختیار عەلی یان لەبارەی نازییە نەمساوییەکە لەلایەن فەهەد گردەوانی یان وتارێکی کارەسات لەبارەی کرێکارە بیانییەکان). دەبێ رێگای کوردستان هەفتەنامەی کرێکاران و جووتیاران و رۆشنبیرە شیوعییەکان بێت و چالاکی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و هەوڵەکان لە کوردستان، عیراق و جیهان لە یەکەم لاپەڕە شوێنیان بکاتەوەو بەگشتی تەنها رەنگدانەوەی ئەدەب و فکرو چالاکی و رەوشتی شوعی و دیالۆک لەگەل چەپەکان بێت نەک شتێکی تر.

گرنگی رێکخستنی دژ بە لیبڕالیزمی نوێ.

لەپەیوەست بەم خاڵە، پێشنیار دەکەم: وەک زەرورەتێکی هەنوکەیی، کار بۆ رێکخستنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری دژ بە لیبڕالیزمی نوێ بکەین(واتە گرانی، بێکاری، دامەزارندنی کاتی، بێبەشبوون لە بیمە کۆمەڵایەتییەکان، کەرتی تایبەت...هتد). ناڕەزایەتییەکان لە ئارادایەو پێویستی بە رێکخستنە. ئەمە مەسەلەیەکی نوێ نییەو لە زۆربەی وەڵاتانی جیهان بوونی هەیە و تۆری خۆیان دامەزراندووەو هەموو ساڵێک کۆبوونەوەی جیهانی رێکدەخەن. لەو بڕوایەدام ئەنجامدانی ئەم ئەرکە لەسەر ئاستی جەماوەر تەکانێک بە رۆڵ و پێگەی حزب دەدا.


شکستیمان لە هەڵبژاردن یەکەم شکستمان نییەو ئەگەر بەهێزو گڕوتین وتوانایەکی نوێ و وەک شوعییەک رەفتارو کرداری رۆژانە ئەنجام نەدەین(چالاکی رۆژانەو لەناو خەڵک)، لەمەش خراپترمان بەسەر دێت، بەڵام شوعییەکان لە هەر لایەنێکی تر زیاتر دەتوانین سوود لە هەڵە و کەمترخەمییەکانیان وەربگرن و با بۆ پێشەوە هەنگاو بنێین.

___________________________________
تێبینی: لەبری ئەوەی بۆ پێشەوە هەنگاو بنێن، هەنگاوێکی تری بەرەو پاشکەوتنیان دانا:
لە حکومەت بەشداری دەکات و بەم هەنگاوە مسداقیەتی سیاستی شیوعییانەی لەدەستداو ئەوەندەی تر خۆی لاوازکردو زەحمەتە بتوانێ پێگەگەی لەناو جەماوەر بەهێز بکات. خەتا دەکەم ئەگەر بێدەنگ ببم و گشت راستییەکان نەخەمەڕوو و تاقە مەبەست تەنها بەهێزکردنی خەبات و ئەدەب و رێکخستن شیوعییەتەو گەمژەیە ئەوەی بەشێوەیەکی تر بۆ ئەم بۆچوونە بڕوانێت و داوا لەگشت هاوڕێیان دەکەم بە جورئەتەوە دەست بۆ کارو بۆچوون و سەقەتانە بکەن کە پەیوەندی بە ئەقڵ و فکری شوعییەوە نییە.


16/10/2009
07701929872
dwaroj@yahoo.de