په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

      پێشکەشە بە (( ................ )).


هیوا ڕەش

ئەمن ئەبەد سڵ ناکەم لە توانج و تەشەر
ئەم ڕێیەم هەڵبژاردووە و ئەیگرمە بەر
کەى عەیبە لە خزمەت بووەستم لە سەر سەر.
 
*   *   *   *   *
درۆیە ئەمن چۆن چۆنى باوەڕ بکەم
لە ئەسڵ دا دێیتەوە سەر جنسى بەشەر
خوێنیشم لە پێناوى تۆدا ببەخشم
بۆ ئەچێت بە فیڕۆ ؟ قەت ناچێت بە هەدەر
گەر من لە عەشق و ئەوینت موویەک لادەم
موستەحەقم پارە پارەم کەن بە خەنجەر
ژینم ببێت بە فیداى گەرد و تۆزى پێت
پێڵاوت نەدڕێ ، بۆچیمە تاجى سەر ؟ !
من بۆچیمە ئەو بەهەشتەى باسى ئەکەن ؟
شیلەى دەمت خۆشترە لە ئاوى کەوسەر
گشت میوەهاتى بەهەشتى بە قوربان بێ
ئەو لیمۆیانەى لە سینەت هاتوونە دەر
فیردەوس پێشکەشى سۆفى و شێخ ومەلا بێ
من لە پەرستنى تۆ قەت ناکەم زەرەر ؟ !
چاوى گەشت ئاسمانى ساف و بێگەردمە
هەم ئەستێرەن و هەمیش خورشید و خاوەر
حەفتا هەزار ساڵ ژینى بەهەشتم ناوێ
ببێتە فیداى ئەو ساتەى هەڵئەبڕى سەر
بەردى ڕەش و بەیتول مەقدەس جا بە من چى
قیبلەمە تەنورەى ڕەش کە ئەیکەیە بەر
گوللە بەنى شێخەکان ئەنێمە پێناو
ئەو پشتێنەى تۆ توندى ئەکەى لە کەمەر
دەنگى ناسک و چپەدووى تۆ وەستا بێ
چیمە لە بانگى بەرزى ئەڵڵاهو ئەکبەر
ئەکەم بە قوربانى جێگەى پێڵاوەکەت
*   *   *   *   * سەر تا سەر
پیرۆز ترە خشتێکى دیوارى ماڵتان
*   *   *   *   *
گۆرەوییەک تۆ هەڵى بکێشیتە پێت
بەهادار ترە لە ملیۆن کەشیدەى سەر
حاجییان ئەچنە خزمەت لە بۆ حەجێ
من لە خزمەت تۆ ئەوەستم دەستە و نەزەر
بفەرموو فەرماییشتت بە جێیە ئەگەر
ویستت بخوازى ڕوح و گیان ، دڵ و جگەر
بۆچى گوێ بە قسەلۆکى خەڵکى بدەم ؟
ئەوان بۆ خۆیان سیر خۆرن و زوڕنا لێدەر
بەیانى ئەکەم بۆ کەسێک بمکات لۆمە
من ناوەستم لە وەسفى جوانیى تۆى دلبەر
هەموو کەس بڕواى هەیە ، من تۆ بڕوامى
ئیتر بۆچى ئەکەن قسەى بێسەر و بەر
چاوەکەم گەر ساتێک لە یادت دەر بکەم
هەردەم میوانم بن مەینەت و دەردى سەر
من کە ڕووماهى ڕوناکى تۆ ئەبینم
ئەقڵ و هۆش و بیرم لە مێشک دێنە دەر
بۆ ساتێک خۆش بەختى تۆ گیانى شیرینم
لە ئاو و ئاگر سڵ ناکەم ، ناکەم حەزەر
بۆ ئەوەى نەهێڵم دڵى تۆ بڕەنجێت
ئامادەم لە هەزار تیرە بگرم سەنگەر
ئەچمە ئاسمان و ەک خۆر خۆم ئەسووتێنم
ئەگەر تۆ لە ئاسمانا ببیت بە قەمەر
گەر تۆ ببیت بە خێرەومەند و بکەى خێر
من بۆت ئەبم بە هەتیوێکى بێ پدەر
ناونیشانیشم کوێرەوە ئەکەم بۆ تۆ
بە مەرجێ تۆ لە ئاستم هەڵبێنى نەزەر
تۆ بفەرمە تا منیش شەرمەزار بکەم
داستانى لەیلا و مەجنون ، خورشید و خاوەر
خوێنى خۆم هەرزان فرۆش ئەکەم بۆت ، بەڵام
تۆ دوور بیت لە موسیبەت و قەزا و قەدەر
قژى خاو و سۆماى چاو و دەمى گوڵاو
بە فیداى بن موڵکى کەیکاوس و قەیسەر
بە خزمەتکارى بەر دەرگاکەتان ئەگرم
هەزار شۆخى وەک مادۆنا و هولیا ئافشەر
دانى سپى و نینۆکى سەر پەنجەکانت
خەجاڵەت ئەکەن مرواریش و زیو و زەڕ
لە بۆ ماچێکى کوڵمى سوور و ئاڵى تۆ
ژین لە گرەو ئەنێم باببم شار بە دەر
تاڵى زەردى زیوینى خۆرى ئێوارە
نۆکەرە بۆ تاڵە موویەکت کە وا لە سەر
ئەم گشت وەسفە دڵۆپەیەکن لە بەحرێ
چونکە عەشقى پیرۆزت هێندە کاریگەر
هەتا دێ لە ناخ و دەروونم ڕۆ ئەچێ
بۆیە وا بۆت شێت بوومە لە ڕادە بە دەر
سەد کەڕەت خۆم ئەکەم بە قوربان جەمالت
بە سەرى خۆما ئەکەم خۆڵ و خاکە سەر
خۆ تۆش کفرى خودا ناکەى تەشریف بێنى
ماچێک بدەى بە بەندەت بێ مەئوا و بێ دەر
بە دەستى خۆم نى یە گەلێک پێم خۆشترە
بۆنى ئارەقت لە بۆنى میسک و عەنبەر
گەر چاوى تۆیان بدیبایە شاعیران
نەیان ئەکرد وەسفى چاوى باز و سەقەر
مێژوو نووسان بێ ڕەحمى تۆ پێ بزانن
لا ئەدەنە لاوە سەفحەى مێژووى هیتلەر
بۆچى قەتڵ و عام پیشەتە بەرامبەرم ؟ !
نەبووە سەردەمى مەغۆل و تەتەر
من ئەوەندە سووتاو و پەرێشانم بۆت
لە گەڵ غەم و خەفەتا بوومەتە هاوسەر
کەى هەیە عاشقێکى شەیدا چەشنى من بێ
گشت ژیانى پڕ بێ لە کارەسات و کەسەر
لە یەکەم ڕۆژ کە عەشقى تۆى نازەنین بووم
بۆ تەلیسمى چاوت دڵم کردە سوپەر
بێ بەزە چاوى خومار و پڕ تەلیسمت
پێکاى دڵى زەعیفم بە تیرى نەشتەر
بۆیە لەوساوە خوێنى دڵم هەڵئەچێ
قوڵپ ئەدا وەکو ئاوى سەر سەماوەر
فەوتاندووتە ئەم دڵەى پڕ لە زارى من
بە بەرقى گەردنى سپى چەشنى مەڕمەڕ
هەرگیز کەسم نەدیوە وەک تۆ ئوستاد بێ
لە ئەڤینا شارەزا و لێزان و ڕابەر
گەر ئەپرسیتەوە لە هیواى بێ هیوا
تاکە هیوامى ، بەس تۆ بۆم بووى بە هاندەر
وا نەبێ ژینم بۆچى باشە بە بێ تۆ
بمرم باشترە با لێى ببم بێ خەبەر
شێخى شێخانى ، شازادەى کوردستانى
ڕۆژى سەد هەزار جار بۆت ئەبم سەوداسەر
شێخ زادە نەبووە دیوانى خۆى نەبێ
ئامادەم لە دیوانتا ببم بە نۆکەر
لە ئەزەلا بە خەڵات خولقاوم بۆ تۆ
ئارەزووتە چیم لێ ئەکەى وەکو جۆکەر
عەینەن کەشتى وەهایە لە ناو دەریادا
عەشقت لە ناخى دڵما گرتوویە لەنگەر
ڕەنگە بە کوشتن ڕزگارم بێ لەم دەردە
پف کە لە چرام ، شەوقى نەیمێنێ ئەسەر
هەتا تۆ وا بێ بەزە بیت بەرامبەرم
ئەبەد نابینى دارى عومرم بێتە بەر
بەسیەتى واز بێنە توخوا لە دڵ ڕەقى
مەدوورە بە باڵاى ژینم بەرگى خەتەر
وەرە با وەکو ئاشقە و ماشقە تێک ئاڵێین
ئەى دەم بە پێکەنین ، بەژن و باڵا عەرعەر
لێم گەڕێ تاوێک دەم بنێمە ناو دەمت
با دەم شیرین کەم بە لێوى وەکو شەکەر.

___________________________
تێبینى :- تا ئێستا نەکەوتۆتە بەر دیدى هیچ کەسێک.

ئەیلوولى 1991 زیندانى ئەبوغرێب

07701309524
Hewarash1@yahoo.com