١٩\٣\٢٠١٠
پێشکەشە بە
شازدهی سێ،
-
هەڵەبجە تۆ
لانکەمان بووى ..... -

هیواڕەش
بەدەستى خۆمان نەبوو ، بەخۆشى خۆمان نەبوو ، بەتۆبزى و زۆرەملێ بوو ،
بەزمانى چەک و زەبرى سەربازى بوو ، لە دۆڵى ئەحمەدئاواوە چەندین فرسەخ
بە نەرمە هەورازا دەزناین ، بە لیرەواڕ و دارستان و گوێ چەما ، بە
سێبەرى دارگوێز و هەنارەکانى کەنارى زەڵما ، دەڕۆییشتین تا شەکەت
دەبووین ، کە شەکەت دەبووین بەووشکاییەکى بێ ئاو و بێ دار و پڕبا
یەکانگیر دەبووین کە سەرەتاى هەورازێکى ڕک و دژوار دەبوو بە دواقۆناغى
گەییشتنمان بە کەڕەجاڵ ، ئەو کەڕەجاڵەى لوولەى چەکى براکوژى و شیرى
دوودەمى دوژمنانى ئێراق و ئێران کردبوویان بە نیشتمانى ئێمەى شیوعى .
هێزێکى هیلاک لە ژێر فەرماندەیی سەرکردایەتییەکى هیچ لەبارا نەبوو ،
هێزێکى پێکهاتوو لە بژاردەیەک لاوى خوێنگەرمى شاران ترینجابووینە دۆڵى
کەڕەجاڵەوە ، کەڕەجاڵ مەڵبەند و زێد و نیشتمانمان بوو ، لە دواى
سازشەکانى پشتاشان و دێوانەوە ووڕ و کاس ، بەڵام ڕق ئەستوور و بە هیواى
دەرکەوتنى ترووسکەوە لە ئاسۆمان ئەڕوانى ، لەو دەمانەدا ، لەو ژیانە
مەرگەسات و مان و نەمانەدا ، بە جەستەیەکى ماندووى دڵ پڕ ئومێدەوە بە
چیادا هەڵدەشاخاین ، نیوەڕۆ دواى نانخواردن لە نێو بەردەڵانەکانەوە بە
دووربین بست بە بستى ئەو دەر و دەشتەمان تەى دەکرد ، پێش ئەوەى تاریک
دابێت شۆڕ دەبووینەوە ، بەکێڵگەى مین دا هەنگاوەکانمان تێکەڵ بە
مرخەمرخى بەرازو هیواکانمان بە تاریکى شەو دەسپارد ، لەولاشەوە تاک و
تەراى تەقەى چەکدارە زارەترەک چووەکانى ڕەبایەکان لەناو دۆڵەکەدا دەنگى
ئەدایەوە ، بەتڵى شەومان پێکەوە گرێ دەدا و لە دووى خۆمانەوە جێمان
دەهێشتن .
لەشێکى تەڕى شەڵاڵ لە ئارەقە و باران ، هەناسەیەکى سوارى پڕ لە هەڵمى
گەرم تێکەڵ بە هەواى ساردى زستان ، جلوبەرگى لە قوڕ هەڵکێشراو ، دەست
بە قایش تفەنگ گرتووى سەر پەنجە ڕچاو ، دەگەییشتینە خاکێکى لیتاوى پڕ
لە قوڕاو ، بەدەشتى شارەزوورا هەنگاوەکانمان دەکەوتنە پێشبڕکى لەگەڵ
چرکەى کاتژمێرەکانى دەستمان ، هەنگاوى پەلەیان دەهاویشت بەبێ وەستان ،
بەر لەوەى دوا بەتڵى شەو ڕادەستى تاڵە دەزووى سپى و ڕووناکى ڕۆژمان
بکات خۆمان دەگەیاندە بەر دەرگاى ماڵە هەڵەبجەییەک ، ئەوانیش ڕاهاتبوون
دەرگا دانەخەن لە هیچ پێشمەرگەیەک ، ئاسایى بوو لەو ناوەختەدا پێشمەرگە
لە ئامێز بگرن ، ڕاهاتبوون لە جیاتى ئەوەى بپرسن کێیە ؟ یەکسەر
دەرگایان واز دەکرد و بە بەخێربێن پێشوازییان دەکردین .
هەڵەبجە دایکمان بوو و لە لانکەى سۆزى خۆى دا ڕایدەژاندین ،
هەڵەبجەییەکان چاومان بوون و ڕێنماییان دەکردین ، هەڵەبجە ئاوس بوو بە
نەعرەتەى شۆڕشگێڕانە ، هەموو دنیا قەرزارى مێژووە و مێژووش قەرزارى
هەڵەبجەى شەهیدانە ، ئیدى چۆن گلەیى لە دوژمن بکرێت ، ئەگەر لە
فەرهەنگى خۆى دا هەڵەبجە خڵتانى خوێن و خاپوور بکات ، یا بیەوێت
هەڵەبجە لە سەر نەخشە مەحو بکات ، هەڵەبجە سەردانانەوێنێ ، هەڵەبجە
ستەمکار دەتۆقێنێ و ستەم لێکراو دەلاوێنێ ، ئاخ ه ە ڵ ە ب ج ە
_____________ تۆ دەروازەى وورە و گیانى شۆِڕشگێڕى نەتەوەیەک بووى ، تۆ
قیبلەگاى پێشمەرگە و یاخى بووانى ستەم بووى ، لەم یادى شەهیدییەت دا ،
لەم ڕۆژە مەرگەساتبارەى تۆدا هیچم پێ ناووترێ چونکە زمانم جەڵەمە بووە
، هیچم بۆ نانووسرێ چونکە قامکەکانم سڕ بووە ، هیچم لە دەست نایەت ،
چونکە غەمى تۆ کەنەفتى کردووم ، تەنها ئەوەندە ئەڵێم نەفرەت لەوەى لە
یادت ئەکات ، نەفرەت لەوەى پشت گوێت ئەخات ، نەفرەت لەوەى جیاکارى
دەخاتە نێوان ڕۆڵەکانتەوە ، بە کاکەیى و هاوارى و موسڵمان و مەسیحى و
جولەکەکانتەوە ، بە کورد و عەرەب و فارسەکانتەوە ، چونکە ژاربارانەکەى
بەعس کەسى لە کەستان جیا نەکردەوە .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|