١٦\١\٢٠١٣
پێشنیارێک بۆ
بەردەم کۆنگرەی پێشمەرگە دێرینەکان.

رابەر رەشید - ئەندامی
کۆنگرە
با حیزبی
(زەحمەتکێشان) و (ئاییندە) وەکو دوو حیزبی سەربەخۆ لە کۆنگرەدا
بەشدارببن، نەک ململانێیان پێبکرێ.
لە بەراییدا بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی دووەمی کۆمەڵەی پێشمەرگە
دێرینەکانەوە، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم هاوڕێیان و هەڤاڵانی
تێکۆشەر –پێشمەرگە دێرینەکان-ی سەرجەم ئەو حیزبانە دەکەم کە ئەندامی
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستانن و هیوای سەرکەوتنی کۆنگرەکە لە
دەرچوون بە چەندین بڕیارو راسپاردەی واقیعی و گونجاو دەخوازم لە پێناو
ئێستاو ئاییندەی ئەم توێژە ماندوونەناسەی نەتەوەکەمان کە شەهیدە
زیندووەکانن.
دەمەوێ وەکو ئەندامێکی کۆنگرەو لە سۆنگەی هەستکردنم بە بەرپرسیارێتی
رەوشتی و مێژوویی بۆ سەرجەم ئەو تێکۆشەرانەی کە لە رۆژە سەختەکانی
شۆڕشی شاخدا گیان لەسەردەست و بەردەبازی گەیشتن بوون بەم رۆژی
ئازادییەو بەوپێیەی کە کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتی گۆڕانکاری و بڕیاردانی
لە هەموو شتێکی کۆمەڵەدا هەیە، پێشنیاری ئەوە بخەمە بەردەم لێژنەی
سەرپەرشتیکردنی کۆنگرە، بەو ئومێدەی بە چاوی بایەخەوە سەرنجی لێبدرێت و
بەهەند وەربگیرێت، چونکە ئاییندەی کۆمەڵێک پێشمەرگەی ماندوونەناسی
پێوەبەندە. پێشنیارەکەشم بریتییە لە:
١. حیزبی ئاییندەی کوردستان بکرێتە ئەندام لە کۆمەڵەی پێشمەرگە
دێرینەکانی کوردستان و وەکو حیزبێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و
بۆ سەرجەم ناوەندەکانی کۆمەڵە، بەپێی قەوارەی خۆی و هاوشێوەی حیزبەکانی
دیکە نوێنەری هەبێت. نەک نوێنەرانی ئەم دوو حیزبە لەناو
هەڵبژاردنەکاندا ململانێی یەکترییان پێبکرێت و گرژییەکانی نێوانیان
قووڵتر بکرێتەوە، وەکو لە پرۆسەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی
کۆنگرەدا بینیمان و لە ناخیشەوە ئازاریداین.
٢. هۆکاری پێشنیارەکەشم ئەوەیە کە ئێمەی کورد تا ئێستا نەگەیشتووینەتە
ئەو ئاستە دیموکراسییەتەی کە بێگوێدانە رابردوو مامەڵە لەگەڵ
ئێستاماندا بکەین، وردتر مەبەستم ئەوەیە کە سبەینێ لە یەکێک لە لقەکان
ئەگەر هات و نوێنەری حیزبی زەحمەتکێشان دەرچوو، یان بە پێچەوانەوە،
ئەوکاتە پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێک لەو دوو حیزبە (زەحمەتکێشان و
ئاییندە) چۆن روو لە نوێنەری لایەنەکەی دیکە بنێت بۆ کارێکی پێویست
پشتگیری پێبدات کە پێشتر هەردووکیان پێشمەرگەی یەک حیزب بوون و لە
ئێستادا بوون بە دوو؟ وەکو هەڤاڵانی یەکێتی و گۆڕان، بزووتنەوەی
ئیسلامی و کۆمەڵ و...تاد
پێموایە ئەم پێشنیارەشم نە دژی پەیڕەوی ناوخۆو نە دژی یاساو رێساکانی
کۆمەڵەیە، چونکە دەکرێ ئەو گۆڕانکارییە لەناو کۆنگرەدا بە دەنگی
ئەندامانی کۆنگرە بڕیاری لەسەر بدرێت.
لەگەڵ رێزی دووبارەو بە هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی کۆنگرەی دووەم.
١٤\١\٢٠١٣
- پردێ
ماڵپەڕی رابەر رەشید
|