٢٨\٥\٢٠١٢
پێشنیارێک بۆ (پرۆژەى
دیارکردنى رۆژى پێشمەرگە).

هیواڕەش
کۆنفراسێک لەمەڕ دیارکردنى ڕۆژى پێشمەرگە بە سەرپەرشتى سەرۆکی
هەرێمى کوردستان و ئامادەبونى گەلێک لە سەرۆک
فراکسیۆنەکان و وەزیر و کەسانى پەیوەندیدار ساز کرا ، لەوێدا بە
پێشنیارى سەرۆکی هەرێم و سەرلەقاندنى - کاوە
مەحمود -ى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى ڕۆشنبیرى و ئینجا
ئەندامى مەکتەبى سیاسى حیزبى شیوعى، وا بە باش زانرا سەرەتاى دەسپێکى
شۆڕشى ١١ى ئەیلول بە ڕۆژى پێشمەرگە دیارى
بکرێ، منیش وەکو پێشمەرگەیەکى دێرین و دانەبڕاوى حیزبى شیوعى بە
پێویستم زانى پشکم هەبێ لە دیارکردنى ڕۆژى بەرزڕاگرتنى ناوى پێشمەرگە
ڕاى خۆم بدەم.
١ - تکام وایە نە لە دوور نە لە نزیک بۆ
بەشداریکردن لە دیارکردنى ئەو ڕۆژەدا ڕێگە نەدرێ (جاش و جاسوس و
مەلەفدار و ئەنفالچى و خائین و خوێڕیى بەردەسوپێکەوتووى دوژمن) ،
تەنانەت ئەوانەى بۆ چرکەیەک هاوکارى دوژمن بوونە بەشدارى و ڕایان هەبێ
لەو ئەرکە پیرۆز و بەهادارە نەتەوەییەدا.
٢ - من پێم باشە ئەو ڕۆژەى کە بۆ یەکەم
جار وشەى پیرۆزى - پێشمەرگە - کەوتۆتە نێو فەرهەنگى ئەدەبیاتى
شۆڕشى گەلەکەمان بە ڕۆژى پێشمەرگە دابنرێ، بۆ ئەمەش لە دیوانى - تاریک
و ڕوون - ى مامۆستا و شاعیرى پایەبەرزى نەتەوەپەروەر - هێمن موکریانى -
سەربوردەى چۆنێتى داهێنانى وشەى - پێشمەرگە - باسکراوە.
٣ - دیارکردنى ئەو ڕۆژە بە ڕۆژى پێشمەرگە
جگە لەوەى ڕێزلێنانێکى گەورەى شەهیدان پێشەوا و هاوڕێکانى و سەرجەم
شەهیدانى بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلەکەمانە و بەرزڕاگرتنى یەکەمین کۆمارى
ساواى کوردستانیشە و لە هەمان کاتدا پێکەوە گرێدانى شۆڕشەکانى کوردە و
مانابەخشى یەکگرتوویى بەشە لێکدابڕاوەکانى کوردستانیش دەگەیەنێ.
بە هیوام وەکو پێشمەرگەیەک کە بۆ چرکەیەک لە خاک و خەڵک و شۆڕشى
ڕزگاریخوازانەى گەلەکەم دانەبڕاوم ، ئەگەر خاڵى دووەم و سێهەمیشم بە
هەند وەرنەگیرێن ، ئومێدەوارم خاڵى یەکەمم ڕەچاو بکرێ بۆ ئەوەى بنچینەى
دانانى ئەو ڕۆژە پیرۆزە لە سەر زبڵ و پیسیی بنیات نەنرێ.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|