١٥\٩\٢٠١٠
پەشتەماڵچى حەمام
و
هەڵوەشاندنەوەى
(دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان).

هیوا رەش
کۆمەڵە زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان کە لە سەرەتاى ساڵانى نەوەدى
سەدەى ڕابردوودا بە ناسنامەیەکى سەوزەوە هاتە مەیدان بەو مەبەستەى
داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان بکات و پاشان بە تێپەڕ
بوونى کات لایەکى زەرد کرا ، دەرکەوت کە لە ئاستى ماف و داخوازییەکانى
زیندانییاندا نیە و دەسى بە دەسى بە زیندانییان ئەکەن و بە ناوى
ناسنامە نوێکردنەوەوە ماوە نا ماوەیەک گیرفانى بەتاڵیان بەتاڵتر
ئەکەنەوە و جاش و باش تێکەڵ ئەکەن و ئیمتیازات بە خزم و ئەحباب ئەبەخشن
، لە بەرهەمى ئەو هەموو کار و کردە گەندەڵى و وابەستەیى حیزبەدا تا
ئەهات لەبەر چاوى زیندانییە سیاسییە ڕاستەقینەکان قێزەونتر ئەبوون ،
بۆیە ( دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان ) هاتە
بوون .
دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان ، بە دەست لە
پشتدانى حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە لایەن کۆمکارى زیندانییە
سیاسییەکانەوە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ گوشار و فشاریان ئەخرایە سەر و تەنانەت
وەکو دوژمنیش چاویان لێ ئەکرا لەبەر ئەوەى دەستەکە داواى کۆنگرەیەکى
بێغەوشى دوور لە دەست تێوەردان کردبووە ئامانج و دروشمى خۆیان بۆ
هەڵبژاردنێکى ئازادانەى نوێنەرانى ڕاستەقینەى زیندانییە سیاسییەکان بە
دوور لە هەیمەنەى پارتى و یەکێتى و شاگردە تەعینکراوەکانیان ، بە
تێپەڕبوونى کات و لە ئەنجامى چالاکییە بەردەوامەکانى دەستەى داکۆکى ،
زیندانى گەلێکى زۆرى سیاسى کوردستان لە دەورى کۆ ئەبوونەوە ، ئەمە واى
کرد بە جدى بیر لە پلان و پیلانگێڕى بکرێتەوە دەرهەقیان ، مانگرتن و
خۆپیشاندان و ڕێپێوان و یاداشت پێشکەشکردن و بەیان دەرکرد ن و لە
دەرگادانى دامودەزگا بەرپرسەکان و چالاکییە شارستانییەکانیان ، سەرجەم
چالاکى ئەو ماوە کورتەى تەمەنى دەستەکە بوو بۆ وەدیهێنانى مافە ڕەوا
زەوتکراوەکانى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان ، ئەم جموجۆڵە نەپساوانە
کۆمکارى ناچار کرد وەخۆ بکەون ، بۆیە میدیا و ڕاگەیاندنەکانى حیزبە
دەسەڵاتدارەکانیان بۆ خرایە سەرپشت تا پەرە بە دژەچالاکى خۆیان لە
بەرامبەر دەستەى داکۆکى بدەن و هەر جارە و بە شێوازێک یان بە بەڵێنێکى
درۆ بۆ زیندانییەکان و بوختان هەڵبەستن بۆ دەستەى داکۆکى تەواوى
تواناکانى خۆیان خستە گەڕ کە بێسوود بوو بۆ خۆ دەرباز کردن لە ئیحراج
بوون .
دەستەى داکۆکى بێگوێدانە کۆمکار ، سات لە دواى سات چالاکییەکانیان
گەرموگوڕ تر ئەکردەوە ، بە تایبەتى لە دواى ئەوەى کە ئاشکرا بوو –
حکومەتى هەرێم – مل بۆ یاساى ژمارە 4 ى پەسەندکراوى پەرلەمانى عێراق
نادات بۆ فەراهەم کردنى داخوازى زیندانییە سیاسییەکان کە بریتییە لە
بڕینەوەى 500 هەزار دینارى مانگانە و چەندین ئیمتیازاتى تر ، تا لەم
هەڵبژاردنەى ساڵى پار وەکو بەخشش و دەمچەور کردن و شاڵاوى ڕاگەیاندنى
هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان ، وەکو خێر لە لایەن – عیماد ئەحمەد –
ەوە بڕیارى پێدانى 390 هەزار دینارى مانگانە بۆ هەندێک لە زیندانییەکان
دەرچوو بە تایبەتى بۆ ئەوانەى لە ژێر ڕەشماڵى کۆمکارن و یان ئەگەڕێنەوە
ژێر ڕەشماڵەکەیان و بە سیاسەتى ( قەرز کۆن ئەبێ و ئەشفەوتێ ) ئەو هەموو
بڕە پارەیەى لە ڕابردوودا بۆ زیندانییە سیاسییەکان تەرخان کرابوو خرایە
نێو چمکى لێفەى حیزبەوە .
دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان ، وەکو
ڕێکخراوێکى نحیزبى هاتە مەیدان و بە بێجیاوازى لە پێناوى بەرژەوەندى
زیندانییە سیاسییەکان خۆى سەپاند و کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ تەواوى
دامودەزگا حیزبى و حکومییەکان و لەو نێوەدا چەندین بەڵێنى
جێبەجێنەکراویان پێدرا کە ئەمە وا ئەخوازێت دەستەکە تۆکەتر بکرێت و
شیلگیرانەتر پەرە بە کارەکانى خۆى بدات کەچى بە پێچەوانەوە هەندێک
ڕۆبۆتى پەڕپوت خەریکى بنکۆڵ کردنین .
ساڵى پێرار لە دانیشتنێکى دۆستانەدا هەندێک لە برادەرانى دەستەى داکۆکى
لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان لە سەر نووسینێکم کە بە
ناڕاستەوخۆ لەسەر برادەرێکیان کە لەو دەمەدا لەگەڵیاندا ئیشى ئەکرد
ڕەخنەى توندیان لێگرتم تا ئەگات بە سەرزەنشت کردنیشم ، چونکە تێیدا
بەیانم کردبوو کە ئەو زاتە ئەیەوێت پەلکێشى لاى نەوشیروان مستەفامان
بکات و دەستەکەش بکات بە دیارى دەستى لە پێناوى وەدیهێنانى هەندێک
دەسکەوتى توڕەهاتى شەخسى خۆى ، دواى هەر چالاکییەکى دەستەکە ناوبراو
ئەبووە میوانێکى دەمگەرمى سەر ڕۆژنامەى ڕۆژنامە و کەناڵى کەى – ئێن –
ئێن ، من ئەمەم زۆر پێناخۆش بوو چونکە خۆمان ڕەخنەى زۆر توندمان لە بە
حیزباندنى کۆمکار ئەگرت و وا ئێستا ئەیانەوێت هەمان سیناریۆمان بەسەردا
تێبپەڕێنن ، مخابن ئەو ڕیشسپى و دەمسپى و زاتە بەڕێزە ئەو بوارەى بۆ
نەڕەخسا و ڕێگەکەى پڕ بوون لە ئێمەومانانى – دڕک – ئاسا - ، کەچى لەم
دواییەدا هەمان دەمسپى و هەمان ڕیشسپى و هەمان زاتى بەڕێز و هەمان فێرە
باوەشى حیزب و هەمان هەلپەرست و هەمان نازیندانى سیاسى 180 پلە
وەرسوڕاوە و بەوەش دڵى ئاو ناخواتەوە کە ئاراستەى دەستەکە بەرەو ئامێزى
گەرمى ئەم بەرپرس و ئەو لایەن ببات بەڵکو بێئەوەى شەرم بکات ئەیەوێت
لەسەر دەستى ئەم و ئەو و لەسەر ئاشکرا بوونى نازیندانى بوونى خۆى
ئیدیعاى ئەوە بکات کە :
1 – دەستەکە هەڵوەشاوەتەوە !
2 – پرۆژە یاساى 22 خاڵى داڕشتووە پێشکەش بە پەرلەمانى کوردستانى ئەکات
!
سەیرەکە لەوەدایە ناوبراو :
1 – ناوى لە زنجیرە 4 ى لیستى ئەو زیندانییانەدایە کە پێشکەش کراوە بۆ
دابین کردنى مافەکانیان بەڵام بە داخەوە دواى لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە
ناوبراو زیندانى سیاسى نیە و هێڵ بەژێر ساختەکارییەکەیدا هێنراوە و
ئێمەى شەرمەندە و خۆشى ڕووزەرد کرد !
2 – ئەگەر یەکێک زیندانى سیاسى نەبێت زۆر زۆر سەیرە جورئەتى ئەوە بکات
بە ناوى زیندانییە سیاسییەکانەوە پرۆژە یاسایەکى 22 خاڵى پێشکەش بکات (
خوا خراپتر نەدات ) !
3 – نازانین دەستەکە بۆ هەڵوەشاوەتەوە ، دواى ئەوەى لە نەوشیروان
مستەفا نائومێد بوو کە شتێکى دەست بکەوێ خوا ئەزانێ ئێستا کام بەرپرس
بەڵێنى باشترى داوەتێ ؟ !
4 – ناوبراو ئەڵێت گوایە پرۆژە یاساکەى هیچى کەمتر نیە لە یاساى ژمارە
4 ى پەرلەمانى عێراق ، ئەدى نەئەکرا جەخت لەسەر یاساى ژمارە 4 بکاتەوە
بە بێئەوەى خۆى بە پرۆژە یاساکەیەوە سەرقاڵ بکات ، نازانم ئەمە میزاجى
شەخسییە یان حیزبییە ؟ !
5 – هەموو ئەمانە ئەوە دەرئەخەن کە ( گیرفان بەتاڵى لە باوک مردن
خراپترە ) .
6 – تۆ بڵێى ناوبراو هێندە چاپوک بێت ئەوەى بە دەستەکە و کۆمکار
نەکراوە بەو بکرێت و نزیکەى 134 ملیار دینار بۆ زیندانییە سیاسییەکانى
کوردستان لە حکومەتى هەرێم وەر بگرێتەوە یان ( ئۆخەى ئۆخەى ، هەر کەس
بۆ خۆى ) دروشمیەتى !
7 – هەموو ئەمانە ئەمانگەیەنێتە ئەوەى پێى بڵێین ( عادت حلیمە الى
عادتها القدیمە ) .
8 – دەرکەوتووە ناوبراو زیندانى سیاسى نیە بۆیە ئەکرێت داوا لە
دەسەڵاتداران بکەین متمانە بە پرۆژە یاساکەى نەکەن و ئەگەر زۆریش
خۆشیان ئەوێت با مووچەیەکى حیزبیى بۆ ببڕنەوە و لە بەرۆکى زیندانییە
سیاسییەکانى بکەنەوە .
9 – داواشم لە دەستەى داکۆکى هەیە لە کارکردندا وریا بن تا پیاوى حیزب
و خەڵکى نازیندانى نەخزێنە ڕیزەکانیەوە و ئەو ڕەخنانەى لە کۆمکار
هەیانە ئاراستەى خۆیان نەکرێتەوە .
10 – ئەمەیە ئەڵێن ( تا خاوەن ماڵ دزى گرت ، دز خاوەن ماڵى دایە دادگا
) ، کاکى پرۆژەچى هەقى وایە بەر لە بڕیاردان لە هەڵوەشانەوەى دەستەى
داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان ، بڕیارێک لەسەر ئەو
مادەیە بدات کە حوکمى پێدراوە تا بۆمان ڕوون بێتەوە کێ خاوەن ماڵە .
بەهەرحاڵ ، پێم ناخۆش بوو ئەو برادەرە ئازیزەى باسى ئەکەم هێشتى
پێوەرەکەم ڕاست دەرچێت بەرامبەرى ،خۆزگە ئەوم وەکو نازیندانى و پیاوى
حیزب نەناسیبایە و چش لە نووسینەکانى من با درۆ دەرچووبایە ، بەڵام
دیارە سوێندى خواردووە کە هەتا لە ژیاندا مابێت ناهێڵێت بۆ تەنها جارێک
بە درۆ بکەومەوە ، ماڵى ئاوا و گیرفانى پڕ بەرەکەت .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|