په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٩\٢٠١١

پەتای دادگە!

کازم قادر     

دەربارەی سکاڵاکەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان.


بێگومان تاوانی 14.07.2000لە لایەن یەکێتییەوەو بەرامبەر بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، خوێن ڕشتنی پێنج کرێکاری کۆمۆنیست بە بەرچاوی شارێکەوە،کردەیێکی بێڕادە چەتەگەریی و دڕندانە بوو. لە هەمانکاتیشدا زەنگێکی ترسناک بوو و وێنەی دەسەڵاتێکی خوێنڕێژو ستەمگەری بە کۆمەڵگە نیشاندا کە ئەمڕۆ هەموومان بە چنگ و پلی خوێناوییەوە دەیبینین.هەروەها هیچ گومانیش لەوەدا نییە ئەگەر هەر ڕۆژێک و هەر سەردەمێک هێندەی سەرە دەرزییەک داد بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بگەڕێتەوە،پێویستە بکەرانی ئەو تاوانە دادگەیی بکرێن.بەڵام گومانی من لە نەبوونی ئەو دڵۆپە دادەدایەو هەر ئەوەشە منی پەلکێشی ئەم چەند دێڕە کرد!واتە ئەوە کە تاوانەکە چۆن بووەو کێ بوون بابەتی ئەم نوسینە نییە،نەک لە بەر ئەوە کە ئەو تاوانکاریی و چەتەگەرییەی یەکێتیی بەرامبەر بە کۆمۆنیزم و ئازادیی بە کەم بگرم،نا،بەڵکو لە بەر چەند هۆکار:یەکەم دادگە لە کوردستاندا نییە(ئەگەر دادگەیێکی کارتۆنییش هەیە ئەوە هێندەی گۆپاڵێکە بەدەست مەکتەب سیاسییەکانەوە،واتە بەدەسەت هەمان ئەو جەلادانەوە کە تاوانی 14.07.ئەنجامدا هێند پەیوەندیی بە کایەی دادگەرییەوە نییە).دووەم دەسەڵاتی کوردیی لە پێشیانەوە داگەو دادوەرانی هێندە بۆگەنیان کردووەو هێندە ڕاوایەتییان لە دەستداوە،هەر پەنابردنێک بۆ ئەو دەسەڵاتەو دادگە بێسەرەکەی لەلایێک ڕاوایەتیی دانەوەیە بەو دەسەڵاتەو لایێکیش خۆ بچوککردنەوەو بێنرخیی کردنە بە ‌قوربانییەکان. دەسەڵاتی کوردیی شەش مانگ بەر لە ئێستا دەکرا داری بەسەر بەردەوە نەمایە،بەڵام لەبەر هەر هۆیێک هێشتا هەناسەی بۆگەناویی خۆی دەدات،کەچی حیزبی کۆمۆنیست تازە دێت و پەنا بۆ جەلادانی دەبات تا مافی بۆ بگێڕێتەوە!


لەم ڕوناگەیەوە،بەبۆچوونم حیزبی کۆمۆنیست دەستی بۆ گەمەیێکی بێبنەما بردووە،گەمەیێک هەر لەسەرەتاوە دیارە بە دەستی بەتاڵ لێی دێتە دەرەوە.حیزبی کۆمۆمیست نە یەکەم قوربانییە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ڕەشی پارتیی و یەکێتییدا و نە دواهەمین.تاوان پرۆسەیەکە ڕۆژانە بە خەڵکی کوردستان دەکرێت،سکاڵای حیزبی کۆمۆنیست دەبوا لە کۆی ئەو سیستەمە ستەمگەرە بوایە،واتە لە پاڵ ئەو هەزاران دەنگەی کە خوازیاری هەڵپێجانی یەکجاریی ئەو دەسەڵاتەیە خەریکی کاری ئامانجدارانەو هۆشیارانە بوایە،کار بە ئاراستەی جۆشدانی ڕاپەڕین و شۆڕش کە ئێستا لە هەر سەردەمێک زەمینەو ڕەگەزەکانی ڕسکاوترە.


خاڵێکیتر بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە،دەبێت حیزبئ کۆمۆنیست زۆر وریابێت کە نەکرێتە ئامرازی فشارو سات و سەودا بە دەست دەسەلاتەوە بۆ سەر بزوتنەوەی گۆڕان،چونکە ئەوە گەمەیێکە زەمینەی بابەتیی هەیە.پێشوازیی کردنی ئەو کەیسە بە هەر ڕادەیێک و لە لایێن دەسەڵات و دادگە بێسەرەکەیەوە هیچ پەیوەندیێکی بە دادگەریی ئەو دادگەو دەسەڵاتەوە نییە،هێندەی بە پەیوەندیی بە فشارەوە هەیە بۆ سەر بزوتنەوەی گۆڕان.هەڵبەتە خەمی من بۆ ئەو بزوتنەوەیە نییە،هێندەی پەنجەخستنە سەر یارییەکە کە چەندین ڕەهەندی هەیە.لێرەدا شتێکیتر بە بیر بهێنمەوە ئەوەیە نابێت حیزبی کۆمۆنیست بە ئامانجی تۆڵەکردنەوە بە دوای یەکلایی کردنەوەی ئەو کێشەیەوە بێت،فەرهەنگی تۆڵەکردنەوە فەرهەنگێکی قێزەونەو پێویستە کۆمۆنیزم پێوەی نەگلێت.


دوا قسەو پرسیارم بۆ حیزبی کۆمۆنیست ئەوەیە:ئایە یەک لە سەد باوەڕتان بەو دادگەیە هەیە ئەو کەیسە بە قازانجی قوربانییەکان یەکلایی بکاتەوەو سزای تاوانباران بدات؟ئەگەر هەیە چۆن و ئەگەر نیشتانە بە بۆچوونم دەست لەو سکاڵایە هەڵبگرن و خۆتان لەو دادگە گاڵتەجارە بە دوور بگرن...!


٢٨\٩\٢٠١١
ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک