١۴\٦\٢٠١٠
پێویست بوو کاک (کۆسرەت
ڕەسول) بە تەزکیە ببێتەوە ئەندامى سەرکردایەتى ؟!

هیوا ڕەش
کااتێک ئەم چەند دێرە دەنووسم گوێ لە هەواڵێکى سەیرى ناو کۆنگرەى
سێیەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان کە لە تەلەفزیۆنى ئاسمانیى گەلى
کوردستانەوە پەخش کرا، دەگرم .
مام جەلال بە کۆى دەنگى ئەندامانى کۆنگرە بە سکرتێرى گشتیى یەکێتى
نیشتمانى کوردستان هەڵبژێردرایەوە و بە پێى ئەو دەسەڵاتەى کە پەێڕەوى
ناوخۆ دەستى واڵا کردووە بۆ دەست نیشان کردنى جێگرەکانى خۆى ، مام
جەلال هەردوو جێگرە کۆنەکانى پێشووى خۆى دووبارە بۆ جێگریى دەست نیشان
کردەوە ، بۆیە داواى لە ئەندامانى کۆنگرە کرد پێشوەخت دەنگ بەو دوو
هەڤاڵە بدرێتەوە بۆ کردنەوەیان بە ئەندامى سەرکردایەتى ، لەبەر ئەوەى
دەبێت جێگرەکانى لە ئەندامانى سەرکردایەتى بن و بەم شێوەیە وەکو پیشەى
هەمیشەیى حزبە شمولییەکانى ڕۆژهەڵات ئەندامانى کۆنگرە بە چەپڵەڕێزان
ناولەپى خۆیان سوور کردەوە!
ئەم هەواڵە جگە لە دەرخستنى ناهۆشیاریى ئەندامانى کۆنگرە هیچى تر بە
دەستەوە نادات ، چونکە :
1 – ملکەچیى نەریتى باوى سکرتێرسالارى و خۆسەپاندنى ویستى تاکە کەسیى
پێوە دیارە .
2 – کۆنگرەیەک بە کۆى دەنگ ، دەنگ بە سکرتێر بدەنەوە و هەڵى بژێرنەوە ،
ئەمە زیاتر لە بەیعەتى گروهێکى ئیسلامیى توندڕەو دەچێت نەک هەڵبژاردن
لە کۆنگرەى حزبێکى سۆشیال دیموکرات .
3 – سەرۆکى پێشووى عێراق لە بەیعەت پێدانى خۆیدا 99 ، 99 % ى دەنگەکانى
بۆ خۆى مسۆگەر کرد ، ئێمە ، هێز و حزبە شۆڕشگێڕ و دیموکرات و
پێشکەوتووخوازەکان بە یەکێتى نیشتمانى کوردستانیشەوە تەپڵى دنیامان لە
دژى سیناریۆکەى لێدا ، بەڵام ( هل من المعقول ؟ ) ئێستا سکرتێرى یەکێتى
نیشتمانى کوردستان بە کۆى دەنگ و بێ – پۆینت – تێکڕاى دەنگەکان بە دەست
بهێنێت ! هەرچەندە هەموو پێوەرەکان لە ژیاندا ڕێژەیین نەک ڕەها .
4 – دیارە لە کۆنگرەدا کەس ، نەک ڕاى جیاواز بەڵکو هیچ ڕایەکى نەبووە و
ڕا دەربڕین لە بەرامبەر سکرتێردا ( فعلا ) هێڵى سوور بووە و نە کەس
بەزاندوویەتى و نە کەسیش دەتوانێت بیبەزێنێت .
5 – چۆن دەکرێت جێگرەکانى سکرتێر کە دەبێت لە ئەندامانى سەرکردایەتى بن
، بەر لە هەڵبژاردنى کۆمیتەى سەرکردایەتى دابنرێن ؟ ئەمە پێشێلکارییەکى
ئاشکراى خودى سکرتێرە دەرهەق بە بنەماکانى دیموکراسى ، چونکە کێ دەڵێت
ئەو دوو جێگرە دەنگى تەواوى خۆیان بۆ گەییشتن بە سەرکردایەتى بە دەست
دەهێنا ؟ ! بۆیە دەکرا دواى هەڵبژاردنەوەى کۆمیتەى سەرکردایەتى ئەو
پرۆسەیە ئەنجام بدرایە .
6 – نازانرێت ئەم کۆنگرەیە بۆ ڕوخاندنى ترس بوو لە نوێ بوونەوە یاخود
ڕەواندنەوەى ترس بوو لە داڕمانى دەسەڵاتى کۆن ؟ !
7 – ئەندامانى کۆنگرەى حزبەکانى کوردستان بۆچى هەمیشە خۆیان کەمتر
ئەبینن و لە خۆیان ناپرسن جگە لە مەسعود بەرزانى ، جەلال تاڵەبانى ،
محەمەدى حاجى مەحمود ، قادر عەزیز ، سەڵاحەدین بەهادین و عەلى باپیر و
کەسوکار و دەستوپێوەندەکانیان بترازێت کە حزب و دەزگاکانیان لە مستى
خۆیاندا لوول داوە ، ئایا کەسى تر شایستە نیە بۆ جێگە گرتنەوەیان ؟ !
بێگومان ئەم نەریتە لە سەردەمى دەسەڵاتى – عەزیز محەمەد – ى سکرتێرى
حزبى شیوعیشدا پێڕەو کراوە .
8 – تا کەى دەبێت کۆنگرەکان هەر موخالیفانى سەرۆک و سکرتێرەکان بداتە
لاوە و دۆستەکانیان ئەستێرەیان بدرەوشێتەوە ؟
9 – کەى ڕەوایە کۆنگرەکان لە چێوەى ئاهەنگى چەپڵە ڕێزان قەتیس بن و
ئەندامەکانیشى تەنها چەپڵەکوت بن .
10 – پێویستە ئیدى لە کۆنگرەکاندا برەو بەوە بدرێت و بسەلمێنرێت کە
نابێت سەرۆک و سکرتێر لە دوو خول زیاتر خۆیان هەڵبژێرنەوە بۆ
پۆستەکانیان و ڕێگە نەدرێت ( مدى الحیاە ) تاپۆى ڕەشى حزبەکان لە
گیرفانیاندا بێت .
لە کۆتاییدا ، زۆرم پێ ناخۆش بوو کۆسرەت ڕەسول بە چەپڵە و مەرحەمەت بۆ
سەرکردایەتى دابنرێتەوە نەک هەڵببژێردرێتەوە ، چونکە ئەو پیاوە بە
هەموو کەموکوڕییەکیەوە جگە لە ناو یەکێتى ، جەماوەرى زۆرى تایبەتى خۆى
هەیە لە دەرەوەى ڕیزەکانى یەکێتى و دەبوو ئەوەى قبوڵ نەبوایە .
بە هیوام ئەمە نامەیەک بێت و ئەندامانى کۆنگرەى ئاییندەى حزبى شیوعى
کوردستان سوودى لێ ببینن .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|