په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پێویستە ئاوڕێک لە پاشەڕۆی کارگەی چیمەنتۆی کەرکوک بدرێتەوە؟!!


ستار محەمەد قادر


شتێکی ئاشکرایە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا کاتێک رژێم بیری لە چۆنێتی پاکتاوکردنی نەتەوەی کورد دەکردەوە، جۆرەها شێوازی گردە بەر تا ئەو ئاواتەی وەدی بهێنێت، یەکێک لەو بەرنامە داڕێژراوانەی کە رەهەندیی درووستکردنی جۆرەها نەخۆشی کووشندەی لە کەرکوکدا لە خۆی دەگرت، کردنەوەی کارگەی چیمەنتۆی کەرکوک بوو لە پانتاییەک کە تا ئەو ساتەی ئەو کارگەیەی لێ درووست نەکرابوو، بە رێژەیەکی زۆر هەوای پاک(ئۆکسجین) ئاسمانی ئەو ناوچەیەی تەنیبوو، لێ دووای ئەوەی رژێم تووانی سوود لە هاوکێشەی سیاسیی ئەوسای نێوان هەردوو بلۆک لە جیهاندا ببینێت، تووانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال لە سەر ئەرزی واقیع پراکتیزە بکات، ئەو پرۆژەیەیش کە نەک لە پێناو دانیشتووانی رەسەنی کەرکوکدا درووستی کردبوو، بەڵکو وەکو دەروازەیەک لە پێناو تەعریبکردنی زیاتری کەرکوک و دێهاتەکانیدا بەرهەمی هێنابوو، کۆمەڵێک شێخ و سەیدی سەر بە دەزگا سیخووڕیی و هەواڵگرییەکانی نیشتەجێی ئەو ناوچایە بکات.


ماوەیەک بەر لە ئێستا هاوڕێیەکی خۆشەویستم کە لە ساڵی 1986 ەوە دانیشتووی وڵاتی سوێدەو لە دووای پرۆسەی ئازادییەوە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، بە یارمەتی برادەرێکی کە پسپۆڕە لە بوواری ژینگە، ئامێرێکی پێوەری ئۆکسجینییان لە ناو ماشێنەکەیان بەستبوو بە تەلی بەهێزکردنی پەخشی رادیۆکەیەوە، هەموو کەرکوکیان تەی کردبوو شوێنێکیان نەدۆزیبووەوە کە رێژەی ئۆکسجینی بە شێوەیەک بێت مرۆڤ بتوانێت هەوایەکی پاک هەڵبمژێت، کاتێکیش کە بەرەو لای لەیلان دەڕۆن، برادەرەکەی کە پسپۆڕە لەو بووارەدا بە هەردوو چەپۆک کێشاویەتی بە سەری خۆیداو وتوویەتی لە ئایندەیەکی نێزیکدا ئەوانەی وا لە نزیکی ئەم کارگەیە نیشتەجێ دەبن، تووشی جۆرەها نەخۆشی دەبنەوە، چونکە لەوان وایە ئۆکسجین هەڵدەمژن، بەڵکو لە شوێن ئۆکسجین، یەکپارچە تۆزی چیمەنتۆیە!


کارەساتە بۆ شارێکی وەکو کەرکوک کە شوێنێکی تیادا نەبێت هەوای پاک لە خۆی بگرێت، ئەمەش لە لایەک هۆکاریی بۆ ئەو جەنجاڵی قەرەباڵغییەی شار دەگەڕێتەوە، لە لایەکی ترەوە کارگەی چیمەنتۆی کەرکوک ئەو هۆرکارەیە بۆ پیسکردنی ژینگە لەم شارەدا!


هەر چەندە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چییەتی و سوودی ئەو کارگەیە لەم شارەدا، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە لە سەردەمی رژێمدا تەنها کرێکارییەکەی بەر دانیشتووی رەسەنی ئەم شارە کەوتبوو، بەڵکو خێرو بێری بۆ خەڵکانێک بوو کە لە پارێزگاکانی تر نیشتەجێ بوون، ئەمڕۆش لە دووای پرۆسەی ئازادیی ئێراق کە بەڵێندەرە بەعسییەکانی سەردەمی رژێم روویان لە وڵاتانی دەورووبەر کردووە، هەندێک کەس نەبن کە لەو رەوشە سوود مەندن دەنا کارگەی چیمەنتۆی کەرکوک باوەڕناکەم لە پیسکردنی ژینگە زیاتر هەژارێک و لێ قەوماوێکی بەرماوەی زوڵم و ستەمی بەعس هیچ جۆرە سوودێکیان لێ بینیبێت، بۆیە من پێم باشە رێکخراوەکانی دەرەوە بە تایبەتیش (چاک) بە تەنگی ئەم داواکارییەوە بێ و لێژنەیەک لە کەسانی پسپۆڕ لە بوواری ژینگە پارێزی بنێرن بۆ کێوماڵکردنی ژینگەی شوێنە نێزیکەکانی کارگەی چیمەنتۆو بە چاوی خۆیان ببینن کە بوونی ئەو کارگەیە تا چەند سوودوو زیانی هەیە بۆ دانیشتووانەکەی، یان ئەوەتا بڕێکی چاک لە داهاتەکەی بۆ پرۆژەی خزمەتگووزاریی و تەندرووستییەکان بخەنە گڕ بۆ کەرکوک ، یانیش با ئەو خێرەی کە کەسانێکی لە ماوەی چوار ساڵدا گەیاندووەتە لووتکەو کۆمەڵێک شەریکی ماسکدار لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا قڕو قووپیان لەو پاشا گەردانیی و زیانە کردووە، کە بە هۆی دەرخەری پاشەڕۆی ئەو کارگەیەوە لە ناوچەکە دەکەوێت، نەبێت گەلێک چاترە! یان کارگەکە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێک کە کاریگەریی سلبی نەبێت بۆ سەر تەندرووستی مرۆڤ و ژینگە، یانیش بیر لە میکانیزمێکی تر بکرێتەوە! چونکە ئێمە وەکو کورد تا ئێستا تا چەند سوود مەند بووینە لەو نەوتەی کە لە سەر زێدی ئێمە دەر دەهێنرێت، هەر ئەوەندەش لە کارگەی چیمەنتۆ سوودمەند دەبین!!

 


Star_qadr@yahoo.com