١٨\٩\٢٠٢٠
پێویستە ''بەرھەم
ساڵح و مستەفا کازمی''
لە بری سەرماچکردن
دەستبەجێ داوای لێبوردن بکەن!

عەلی مەحمود محەمەد
١٧ ساڵی تەواوە، لە پای ئەو تاوانانەی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە خەڵکی
کوردستان لە رابردوودا ئەنجامی داوە، داوا دەکرێت سەرۆک کۆماری عێراق
وەک رەمزی باڵای وڵات داوای لێبوردن بکات، ئەرکی جەنابی تاڵەبانی و
بارزانی و فوئاد مەعسوم بوو پێشتر ، " بارزانیش مانگێک بووە سەرۆک
کۆمار"دەبوایە ئەو ئەرکەیان جێبەجێ بکردبایا، دەیان جار ئەم داوایەی
بەرەو رویان کرایەوە، وەڵام ھەر نەبوو، ئەوان نەیانتوانی بە ئەرکی
ئەخلاقی خۆیان ھەڵبستن و سەروەریەک بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو تۆمار بکەن،
تەنھا بۆ کورد نەبوو بەڵکە بۆ مرۆڤایەتی بوو، ناویان لە ریزی ئەوانەدا
تۆمار بکرێت لە وڵاتانی خۆیان بەو شێوە ھەڵوێستە ھەڵستاون،مێژوو لە
یادیان ناکات، چەندین بۆنەیە، ھەمان داوا لە دکتۆر بەرھەم ساڵحیش
دەکرێت ، جارێکی دیکە بە جوتە ھەمان داواکاری دەخەینە بەردەست
ھەردوکتان ، ئێمە پێویستمان بە وتەی سۆزداری و کردەی پۆپۆلیستی نییە،
ئێمە دەمانەوێت لە گەڵ مێژووی ئەم وڵاتە ئاشتمان بکەنەوەو دڵنیاشمان
بکەنەوە ، ئەوجۆرە تاوانانە دوبارە نابنەوە، بەوەی داوای لێبوردن لە
گەلی کورد بکرێت ، بەڵگەنامە شاراوەکان ئازاد بکرێن، تۆمەتباران
دادگایی بکرێن، عێراق ببێتە ئەندامی ئای سی سی، قەرەبووی قوربانیانیش
بکرێتەوە.
لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە کە ناوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی
ئێمە کە ناوی کوردستانە، شوێنێک پنتێک نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەکان،
روباری خوێن، دنیایەک ھەڵە، وەحشیەت بونەتە بەشێک لە کلتوری ئێرە.،
بۆیە دان نان بە راستییە تاڵەکان و داوای لێبوردن کردن بەشێکە لە
ساڕێژی برینەکان.
مێژوویەک ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە لە ناو خوێن و ئێسک و پروسکدا
غەرق بووە، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە دادپەروەرییە، لێ
دادپەروەری و ئاشتەوایی پێکەوە گرێدراون، بە بێ یەکەم ئەنجامدانی دووەم
زەلالەتە و ھەرگیز بەدی نایات، وەک ئەوەی سیاسییەکانی کورد لەمڕۆدا
دەیکەن، لێبوردەیی ھەموو کات دوای دان نان بە راستیەکانی تاوانەکان و
دادپەروەریەوە دێت، تاوانبار و قوربانیەکان لە ئاوێنەی دەرخستنی
ھەقیقەت و راستیەکانی رابردوەوە وەک ئەوەی ھەن دەردەکەون نەک وەک ئەوەی
لە تاوانەکانی رابردوو بشورێنەوە، کارێکی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا
لە قوربانیانی تاوانەکان بکرێت ئاشتەوایی بکەن، لە کاتێکدا ھێشتا
دادوەری بە ڕۆڵی خۆی ھەڵنەسابێت و دان بە راستیەکان و ھەقیقەتی
تاوانەکان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەکرابێتن لە پێناو رزگار
نەبوون لە سزاو بە دکۆمێنت کردنی تاوانەکان و دەرخستنی راستیەکان و
نووسینەوەی روداوە تاڵەکان!!
لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە فێر بین کە "باسکردنی سەرچاوەی
تاوانەکان، دانپێنان، قەرەبووکردنەوە، دان نان بەو تاوان و ئەو
کارەساتانەی لە رابردوو روویان داوە، ھەندێک جار زۆر پڕ بایەخترە لە
زانینی حەقیقەتەکانی بابەتەکە، ئەگەر چی مەرج نییە ھەموو ئەو کەسانەی
کە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن کردن ھەبێت بەشێوەیەکی
ڕەسمی تا ناکۆکیەکان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێکۆڵینەوە لە
پرۆسەی لێخۆش بوونی "کۆمسیۆنی حەقیقەت و پێکھاتنەوە لە باشووری ئافریقا"
ئەوە پیشان دەدات کە قەبوڵکردنی سەرەنجامەکان تا ئەندازەیەکی زۆر زیاد
دەکات، کاتێک قوربانیان ی ان کەسوکاری قوربانیەکان دانپێنانێک و داوای
لێبوردنێکی شەرعییان پێ دەگات. "پێکھاتنەوە چارلس ڤیلا ڤیسیستۆ".
قەرەبووکردنەوە تەنھا پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە
قوربانیان کەوتووە، بەڵکە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێکەوە
دەبینێتەوە، ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنکردن
بێت لە قوربانیان یاخود ھەردووکیان پێکەوە، نابێت لە یادمان بچێت کە
بژاردن ھەم قەرەبووکردنەوەیە و ھەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەکردنەوەی
تاوانەکانی ڕابردوو لە ئایندە، ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان
بەمەیان زیاتر کە روداوەکان رابردوو دوبارە نەکرێنەوە، وەک دەبینین
بەردەوام لەناو بازنەکەداین، لە کاتێکدا نە قەرەبو کراوینەتەوە نە
داوای لێبوردنیشمان لێکراوە، نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو
دەوڵەتی، بۆیە روداوەکان لە ژینگەیەکی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە، وەک
بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داھاتووشدا بۆ
ناوەکانی دی، راستە ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان
ناگەڕێننەوە، وەلێ ژیان بۆ داھاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەکەن.
قەرەبووکردنەوە کەرامەتی مرۆڤایەتی و ھەندێک لە زیانە مادیەکان
دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان، بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل کراوە، بۆیە مافی
قەرەبوو مافێکی بێ ئەملاو ئەولای سازش ھەڵنەگرتنی قوربانیانی
کوردستانە، کەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بکات ئەگەر لە
ترۆپکی دەسەڵاتیش بێت، دەبێت تەنھا خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی
پێیان گەیشتووە بەم کارە ھەڵبستن.
دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان کە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی کارەکانی
ڕابردووی تاوانەکان ھەلبَێت، عێراقی ئێستا کە داوای لێبوردن دەکات و
قەربووی قوربانیان دەکاتەوە، لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و
ھەڵەکان ڕابردووی سەدام، بەڵکە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی
گشتییەوە و کارکردنیەتی بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی قوربانیەکان
بەکۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی کەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی
عێراقی داھاتوو ئەوەی رابردوو نییە، لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش
ھێنانەوە، لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە ھاتۆتە سەر واژۆکەرانی پەیمانامە
نێودەوڵتیەکانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەکان، تا ئەمانە
نەکات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەکات و ساتدایەو ھیچ گۆڕانکارییەک
نەکراوە.
بە داوی لێبوردن کردن بەرپرسیارێتی ھەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە
ڕابردوودا ئەنجامدراون ، تاکە زەمانەتی ھاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی
قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانکاران، دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە
ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و کاری فەرمانڕەواکانی پێشووی خۆی، ئەو
بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت، بەڵکە خۆ پاککردنەوەو
شۆردنەوەیە لێی، پاککردنەوەی دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە
خوێناوییە پڕ لە تاوانە کە لەم وڵاتە رویانداوە، ئەمە لە باشووری
ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانکاری تیایاندا
ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیزم ئاپارتاید و دیکتاتۆریەت پەیرەو کر،
کوردیش چاوەڕوانی دەکات لە ئێراقی نوێ کە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆک و
سەرەک وەزیرانین ببێتە پرنسبێکی دەسەڵاتداریەتی داھاتوو.
سەرۆکی شیلی لاگۆس ھەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو ھێنانەوەی کەسی یان
داوای لێبوردنکردن بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی
پێشوو بە سەرکردایەتی بینۆتشە، ئەم پرۆسەیە لە ساڵی ١٩٩٦ ەوە بۆ ٢٠٠٨
درێژەی کێش، کەچی خۆی و بیروباوەڕەکەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە
بوون کە تاوانی ئەنجام دابوو، ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم قوربانیان
ئەویان نەکردە تاوانبار، بەڵکە نامەکانی وڵاتی لە تاوانەکانی بینۆتشەی
تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەکانی پاککردەوەو خۆشی بردە ریزی سەرکردە
مەزنەکانەوە، بۆیە دەبێت عێراق لە تاوانەکانی سەدام حوسێن بشۆردرێتەوە.،
بۆ ئەوەی ئەوکارە بکرێت پێویستمان بە مرۆڤی مەزنە بۆ مێژوو.
قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش، لە پاڵ قەرەبووی مادی، ھەر
یەکەیان نامەی سەرۆک کۆمار "یوھانز راو" یان پێگەیشت، کە لە نامەکەیدا
داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی ھیتلەر کردبوو."تعویز
العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی "، لە دوا
ھەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەکان کە زۆرینەیان لە فەرەنسا
دەژێن ، ئەوانەی لە مەحرەقە رزگاریان بووە، ھەر یەکەیان بە ٢٣٠٠ ئیرۆ
قەرەبوو بکرێنەوە ، ھەروەسا سەرۆکی ئەڵمانیا یواکیم غاوک دانی بەوەدا
نا کە ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی بەشێک لە جینۆسایدی ئەرمەنی دەکەوێتە
ئەستۆ.
لە تەیموری ڕۆژھەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیرکاریشی کردەوە لە
دەسەڵاتی ئەندەنوسی لە پاڵ قەرەبووی پێشێلکارییە گەورەکان، ئەمەش بۆ
کورد جێگای ھەڵوێستەیە و پێویستە وانەی لێ وەرگرترێت، لەوکاتەی زەمەنی
سزادانی بکەرانی داگیرکاری وەک کۆیلەداری ئێستا دوای جۆرج فلۆید ھاتە
پێشەوە، کە لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر کراوەو سامانەکەی
تاڵان کراوە. ، دەبینین ھەنووکە وڵاتانی کاریبی تەنھا بە داوا
لێبوردنکردن رازی نابن، لە پاڵیا داوای قەرەبووش دەکەن لە وڵاتانی
بەریتانیاو فەرەنساو پورتوگال لە ھەمبەر سەردەمی کۆیلەداری.
شیراک سەرۆکی کۆچکردوی فەرەنسا داوای لێبوردنی کرد لە بەرامبەر گرتنی
١٣ ھەزار جولەکە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی ١٩٤٢ لە میانی جەنگی
جیھانی دووەم و پاشان بە کۆمەڵ کوشتنیان لە لایەن ھیتلەرەوە، ھەرچەندە
ئەو وەک بیروباوەڕ و پرۆسە لێی بێبەرییە.
ھەرچەندە ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە ئینکار کردن
وە نە داوای لێبوردن کردن، لێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە ٨ی شوباتی
٢٠١٨ بڕیاریدا ھەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی ١٩٥٤ بۆ ١٩٦٢ کە لە
جەزائیر دەژیان لەو کاتەدا قەرەبو بکرێنەوە، ھەرچەندە ھێشتا فەرەنسا
دانی بە ھەقیقەتی یاسایی تاوانەکانی خۆی لە جەزائیر نەناوە کە ملیۆن و
نیوێک قوربانی لێکەوتۆتەوە ، تەنانەت جەزائیریەکان نەک داوای لێبوردن و
قەرەبووی تاوانەکانی سەردەمی داگیرکاری دەکەن، بگرە داوای
قەرەبووکردنەوەی روداوی تاقیکردنەوی چەکی ناوکی لە ناوچەی رقانی وڵاتیش
دەکەن ، کە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ھەژماریان کردووە، کەلە لایەن
فەرەنسیەکانەوە ئەنجامدراوە.
لە سیرالیۆنیش لە ساڵی ٢٠١٠ سەرۆکی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی
لەو ژنانە کرد کە قوربانی ململانێ چەکداریەکان بوون، لە کەمبۆدیا
سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی
کەمبۆدی بڵاو کرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێکر، لە ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١١
ەش ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری
دەوڵەتی تورک بە شێوەی زارەکی داوای لێبوردنی کرد، بەڵام داوای
لێبوردنەکان پێویستە بە نوسراوبن و بڕیاری فەرمییان بۆ دەرچێت و
ھەڵوێستەکان دوربن لە بەرژەوەندی سیاسی، لە ویژدانەوە دەرچوبێت، ئەگەر
مامەڵە وەک تاوان دەکات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەکانیش
بنێت و کۆتایی بە نکۆڵی کردن بھێنێت، کۆتایی بەو شەڕە سەختەی
لەبەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی کۆمەڵکوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەر،
ملکەچی حەقیقەتە مێژویەکان بێت، تۆنی بلێر سەرەک وەزیرانی پێشوی
بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی کۆیلەداری و ماندێلاش داوای
لێبوردنی لە قوربانیانی کردارە سەربازییەکان لەسەردەمی خەبات دژ بە
ئاپارتاید کرد.
لە ساڵی ١٩٩٨ دا بیل کلنتۆن لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی
کرد لە رواندیەکان، بەھۆی ھەڵوێستی حکومەتی ئەمەریکاەوە لەو گەل
کوژیانەی لەو وڵاتە رویان د، شینزۆ ئەبی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، رەتی
کردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبوردن لە کۆریەکان
بکات، وەلێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە ١٥ی ئۆگستسی ١٩٩٥
بە بۆنەی ٥٠ ساڵەی کۆتایی جەنگی جیھانی دووەمەوە لە بەیاننامەیەکدا
داوای لێبوردنی لە ھەموو ئەوانە کرد چ وڵاتەکەیانی داگیر کردووە وە یان
وڵاتەکەی لە میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون، ژاپۆن و کۆریای باشور
پەیوەندی بەرزی ئابووریان ھەیە، ساڵی رابردوو بازرگانی نێوانیان گەیشتە
٨٠ ملیار دۆلار، بەڵام شەڕیان لەسەر یادەوەریەکانی رابردووە، ئەمەش
کاری لەسەر ئەو پەیوەندییە ئابووریە زەبلاحە داناوە، کێشەی ژنانی
رابواردن بەردەوام سەر ھەڵدەداتەوە، ھەرچەندە لە ساڵی ١٩٦٥ لەسەری
رێکەوتوونە و ژاپۆن بە بڕی ٩،٣ ملیۆن دۆلار قەرەبویانی کردۆتەوە،
کۆریەکان داوای قەرەبوو بۆ ئەو کرێکارانەش دەکەن، کە ژاپۆنیەکان بە
سوخرە کاریان پێکردوون، ھەرچەندە ئەو کرێکارە کۆریانەی بردران بۆ کاری
زۆرە ملێ لە ژاپۆن، دواجار بونە ناوکی گەشەی ئابووری کۆری،لەو بارودۆخە
زۆر شت فێر بوون.
لە فبرایری ٢٠٠٨دا سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا داوای لێبوردنی کرد
لە ھەمبەر تاوانێک کرد کە بەرامبەر ھاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە
تایبەت دزینی ١٧٠٠٠ لە منداڵەکانیان، لە کەنەداش پەیکەری یەکەم سەرەک
وەزیران جۆن مەکدۆناڵد شکێنر، بەھۆی سیاسەتی پڕ لە زەبرو زەنگی
بەرامبەر بە ھاوڵاتیانی رەسەنی کەنەد، کە لە نێوان ١٨٦٣ بۆ ١٨٩٦ سەرەک
وەزیرانی کەنەد بووە، بە زۆر ١٥٠٠٠٠ منداڵی لە ھاووڵاتیانی رەسەنی
کەنەدی لە خێزانەکانیان سەندووەو ناردویانیەتە ١٣٠ قوتابخانەی
تایبەتەوەو لە بەشی ناوخۆیی زیندانیانی کردووە، زۆریان ئەشکەنجە دراون،
تەنانەت ھەندێکیان مردوونە، ناوی ٢٨٠٠ کەسی لەو قوربانیانە ئاشکرا
کراوە ، زمانی رەسەنیان قەدەغە کراوە و کلتوریشیان یاساغ، ساڵی ٢٠٠٨
سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی کەنەدا ستیفن ھاربەر داوای لێبوردنی لێیان کرد،
ھاوکات قەرەبووی قوربانیانیش لە روی مادیەوە کرایەوە بە ٢،٣ ملیار
دۆلار، لە ساڵی ٢٠١٧ سەرۆک وەزیران جاستن ترۆدۆ داوای کرد پاپای
ڤاتیکانیش ھاوشێوە داوای لێبوردن بکات، بەھۆی ھەڵوێستی ئەوکاتی
کەنیسەوە ، لێ سەرۆک وەزیرانی نەمسا سیباستیان کۆرتز داوای لێبوردنی
کرد سەبارەت بە پێشوازیکردنی وڵاتەکەی لە سوپای ھیتلەر.
بە پێچەوانەی نموونەکانی سەرەوە حکومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای ٣ ساڵی
دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەکان بە ھاوبەش دادەنێن لە تاوانی ھۆلۆکۆست و
دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەکە، ئەمەشیان بە داکۆکی لە کەرامەتی
نیشتمانی دان، بۆخۆی ئەمەش داکۆکیە لە ھاوبەشانی تاوانەکانی نازیەت،
ئەمەو نموونەی زۆری دیکە لە بەردەستدان و نموونەکانیش لە زیادبوندان.
ئەو قەرەبووە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشکرا کردنی ڕاستیەکان و داوای
لێبوردنکردن لە لایەن دەوڵەتی بکەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەک خوێن بایی
و ھەوڵی کڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەکرێت لە بڕی سڕینەوەی رابردووی
خوێناوی ، کورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە، بەڵکە چاوەڕوانی
ئەوەیە دەوڵەتی بکەری تاوان بە فەرمی لە رێگای بەرپرس و سەرۆکەکەیەوە
بە بڕیاری رەسمی داوای لێبوردنی لێ بکات، بەڕێز بەرھەم ساڵەحیش کە
ھەنووکە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە و کازمیش سەرۆک وەزیرانە
ئەرکە لەسەریان بەمکارە ھەڵبستن، وەک ئەو سەرۆک وەزیران و سەرۆکانەی
ئاماژەمان بە ناوەکانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەک بە
یەکی قوربانیانی جینۆساید لە کوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم
قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی بنێریت، ئەمە وەک
تاک وەک نەتەوەش داوای لێبوردن لە کورد و تورکمان و ئاشور و کلدان و
شیعە و کریستان و ئێزیدی و سائیبە .... بکرێت، ھیوادارم بەم ئەرکە
ھەڵبستین و ھەڵەکانی تاڵەبانی و بارزانی و مەعسوم و عەلاوی و عەبادی و
مالکی و عادیل مەھدی دوبارە نەکەنەوە.
چاوەڕوانین ھەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی و پێشێلکاری گەورە لە کوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆک و
سەرۆک وەزیرانەوە نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەد،
ئەوە گەورەترین پەیام و بەرزترین دڵنەوایی و چاکترین ھەنگاوی
پاککردنەوەی رابردووە، ئەگەر بەو ئەرکە ھەڵنەستن بە ئەرکی ئەخلاقی و
ویژدانی خۆتان ھەڵنەستاون.
داوای لێبوردنکردن بەشێک لە برینەکانی قوربانیان سارێژ دە کات،
چاککردنی پەیوەندی تەنھا بە داوای لێبوردن کردن و دادگاییکردنی
تاوانباران و قەرەبووکردنەوەو زەمانەتی دووبارە نەکردنەوەی تاڵییەکان
دەبێت، نەک بەناوچەوان ماچکردن.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|