|     
			پێویستە دەسەڵات و 
			ئۆپۆزسیۆن یەکتر قبوڵبکەن. 
			
			  توێژەرى کۆمەڵایەتى:
 
			حەمەى ئەحمەد رەسوڵ   
			لەمێژە کۆمەڵناسی مەزن: عەلى وەردى 
			وتویەتى:" کۆمەڵگاکەمان نەخۆشە بەپەتاى کۆنەپارێزى و  خێڵەکى و  
			دواکەوتنەوە، کولتوورى ستایشکردن باڵادەستە و  شەخس و  زاتى 
			ناودار دەپەرستین، دەبێت هەموومان وەکو یەک رەفتار بکەین و  
			جیاواز نەبین. ئەو وتە بەنرخە هەتاکو ئەمڕۆش برەوى هەیە و  هۆکارى 
			هەرە گرنگ لەقبوڵنەکردنى جیاوازیدا، پەروەردەى کۆمەڵایەتی - خێزانییە، 
			رۆحى جیاوازى لەپرەنسیپە گرنگەکانى بیرکردنەوەى کۆمەڵایەتیمانە، 
			جیاوازى رەگەزیی (نێر و  مێ)، نایەکسانى مامەڵەکردن بەرامبەر بە 
			جێندەر و  تەمەن و  رەنگ و  سامان و  زیرەکى و  
			تەمەڵى و  حیزبی و  ناحیزبی و ... تاد. ئامادەیە لەنێو خێزان 
			و  خێڵ و  کۆمەڵگ و  دامودەزگاکانماندا، بووەتە کولتوور 
			و  فەرهەنگى کۆمەڵگاى کوردى، بەدرێژایی مێژوو پیادەکراوە و  
			بەرجەستە بووە لەنێو هەست و  نەستماندا، بووەتە پێکهێنەرى 
			عەقڵییەتمان.! بەدرێژایی مێژوو، هەڵگرى خەسڵەتەکانى جیاوازى (وەکو 
			نەتەوە ، ئایین، زمان) بووەتە هۆکار بۆ کوشت و  کوشتار، ئەمەش ترس 
			و  بێ متمانەیی لاى تاکى کورد دروستکردووە و  لەهەست و  
			نەستیدا کەڵەکەبووە، بۆیە پەیوەندییەکى تەندروست لەپێکەوە ژیانى 
			جیاوازەکاندا نەخەمڵیووە، بەپێچەوانەوە لەئەرزى واقیعدا بۆتە فاکتەرێک 
			بۆ بەکارهێنانى توندوتیژى و  زەبروزەنگى.! بۆ پاسادانى ئەم 
			قسەیەشمان بڕوانە مێژوو کەسیخناخە لەحیکایەتەکانى شەڕ و  کوشتن و  
			کاولکارى..!  
			رەنگە نەزانى و  نەخوێندەوارى و  جەهالەت کە هۆکارن بۆ 
			دروستکردنى مرۆڤێکى غەریزیی دەمارگیر کە فەرهەنگى شارستانى و  
			مەدەنى و  پێکەوە گونجانى قبۆڵنەکردووە.. هەروەها بیروباوەڕى 
			ئایینى پەڕگیر و  مەزهەبی خۆسەپێن، فەرهەنگێکن جێی قبوڵکردنى 
			جیاوازییەکانى تیادا نابێتەوە ، شەڕو شەڕانگێزى و  بەکارهێنانى 
			توندوتیژى سروشتى کولتوورى ئەم توێژ و  چینەن لە کۆمەڵگادا، کە 
			بەردەوام سڕینەوە و  تەفروتووناکردنى جیاواز پیشە و  
			کاروکردەوەیەتى..!
 
			تۆڵەسەندنەوە و  لێکنەبووردن ستراتیژى هەمیشەیی ئەمجۆرە توێژ و  
			چینانەن، لە کۆنەوە پەندە ناودارەکەى حاموڕابی" دانێک بە دانێ چاوێک 
			بەچاوێ " دروشمى ژیان بووە و  وەکو یاس و  رێسا، ئەتنى و  
			ئایین و  مەزهەب و  نەتەوە جوداکانى ئەم کۆمەڵگایانە وەکو 
			دابونەریتێکى سوونتە؟؟ پێروز گەرا کاریان پێکردووە.!!
 
			هۆکارێکى دیکەى قبوڵنەکردنى جیاوازى، ئەوەیە کە کوردستان ساڵانێکى دوور 
			و  درێژ لەژێر رەحمەتى شەڕ و  کاولکارى و  وێرانبووندا 
			ژیاوە کەشێواندنى کەسێتى و  وێرانبوونى دەروون و  تێکچوونى 
			رەفتارى مرۆڤانەی دەستەبەر کردووە.. شەڕ، مرۆڤ لە سروشتى هیومانیستى 
			دێنێتە دەر و  سروشتى ئاژەڵانەى پێدەبەخشێ، لە کەشوهەواى 
			ئاشتییانە و  هێمنانەى دوور دەخاتەوە، کە فاکتەرى سەرەکى جیاوازى 
			قبوڵکردن و  پێکەوە گونجان و  رق و  کینەن، کە بناغەن 
			بۆ لێبووردەیی و  نەهێشتنى بیرۆکەى تۆڵەسەندنەوە!
 
			بەڵام لەکۆمەڵگاى هاوچەرخى کوردیدا، هەتا ئەمڕۆکەش زەمینە زۆر خۆشە بۆ 
			ئەوەى فەرهەنگى خێڵەگەرایی و  مەزهەبی و  ئەقلیمگەرایی و  
			بنەماڵەخوازیى و ئەتنیخوازى و  دەڤەرخوازى سەردەست و  
			باڵادەست و  خوازراو بن بۆ بەهێزکردنى توێژ و  چینێک دژ بە 
			ئەوانەى دیکەى جیاواز، بۆیە ستایشکردنى کاریزماى سیاسی یان کەسێتییەکى 
			ئاینیى یان خێڵەکى یان حیزبی یان ئەتنى و  مەزهەبی یان رۆشنبیرى و  
			مەعریفی.. کردەوە گەلێکن لەم رۆژگارەدا برەوى پێدەدرێن و  زەق و  
			گەورە کراونەتەوە..
 
			زەمینە خۆشەو ئامادەباشی لە ئارادایە بۆ ئەوەى تاک بە جەماوەر و  
			بە کۆمەڵ بیر بکاتەوە و رەفتار بنوێنێ، بۆیە ستایشکردن و  
			پیاهەڵدان دەکاتە فەرهەنگ و کولتوور..
 
			وەک ئایدیۆلۆژیستێک، فوو دەکات بە جەستە و  لاشەى (کاریزما) یەکد 
			و  شێخ یان ئاغا یان سەرۆک خێڵ  و  حیزب یان نووسەرو 
			بیرمەندو مونەزرێکى سیاسی دەکاتە فریادڕەس و  ئاسوودەبەخش، دواجار 
			بنووس و نوسەری دەربار و  ستایشکار و  ئینشانووس و  
			پیاهەڵدەر، بە سەدان و  هەزاران هەوادار کۆدەکەنەوە بۆ پاراستنى 
			رۆحى فووتێکراوى ئەم کاریزمایە.. هەروەها بە هەزاران دوژمنى وەهمى بۆ 
			هەڕەشە لە پاراستن و  مانەوەى کاریزم و  نەتەوەکەى 
			دروستدەکەن، ئیدى ئەم دۆزە ئەوەندە موقەدەس و  پیرۆز دەکرێت، کەس 
			ناتوانێت دژ بەم شەپۆلە مەلە بکات، یان بدوێت و رچەشکێن و  یاخى و  
			سنوور بەزێن و  بوێر بێت، کەس رێپێدر و  نابێت دژەباوبێت، 
			یاخود رەخنەگرى ئەو رەوشە دیماگۆگە بێت چونکە بە جووداکار و  
			جیاواز حسێبی بۆ دەکرێت، بە یاخى و  ئانارشیزم و  گێرەشێوێن 
			و  تێکدەر و  تیرۆریست ناوزەد دەکرێت، بە دوژمنى سەرسەخت و  
			باوەکوشتەى نەتەوە و  ئاسایشی نەتەوەیی و  کۆمەڵگ و  
			نیشتمان لەقەڵەمدەدرێت، بەخایینى گەورە و پلە یەک تاوانبار دەکرێت.. بە 
			نەخوێندەوار و  کاڵفام و  جوانکوژ و  کافر و  
			کۆنەخواز دادەنرێت.!
 
			هەرچەندە بانگەشەى جیاوازى قبوڵکردن و  دیالۆگ و  دێبات و  
			ئارگومێنتخوازى دەکرێت لێرەو لەوێ ، بەڵام لەراستیدا وانییە ، دروشم و  
			هیتاف و  قسەى زل زل دەکرێت بە مانشێت و  بە باج و  
			ئارم و  لافیتە و  تایتڵ و  بە نێوچەوان و  
			سەرسنگەوە بریقەیان دێت، بەڵام لە واقیعد و  لە کۆنەست و  
			کۆهۆشیارى زۆرێک لەم هێزانەدا، دیوە ناشرین و  دزیۆ و  
			قێزەونەکەمان لێوە دیارە و  رەفتارى بزێو و  بڕیارى 
			دزێوترمان لەگەڵدا دەکات!
 
			مەخابن و جەخار، هێشتاکە لە نەستى هەموو لایەکماندا رق و  کینە 
			گرد دەکەینەوە، بە رۆحى شەڕانگێزییەکى داپۆشراوەوە بیردەکەینەوە، بە 
			گیانى نالێبوردەیی و  تۆڵەسەندنەوەوە رەفتار دەکەین، بە تایبەتى 
			لەگەڵ ئەوانەدا کە ئاوێنەن و  وێنەى تێکشکاوى خۆمان و  
			دەروونمان و  کردەوەکانمان نیشان دەدەنەوە.
 
			توندوتیژین بەرامبەر بەوەى کە جارێک لە جاران وشەى (نا)مان بەرامبەر 
			بەکاردێنێ و  چیدیکە پێی لۆژێک و  رەوا نییە وشەى ( ئەرێ و  
			بەڵێ) بەدرێژایی ژیان و  خۆى بەکاربێنێ!
 
			کولتوورى یەکڕەنگى و  یەکدەنگى و  یەکحیزبی و  
			یەکتەوەریی مێژووییەکى درێژى هەیە لاى ئێمەى کورد.. ئەم توێژو چینە یان 
			ئەم تەرزە هزرو بیرکردنەوەیە (لە دەسەڵات) فەرمانڕەوا بوون، بە ئاگر و  
			ئاسن بەربەرەکانیی رەنگ و  دەنگى جیاوازى کردووە، هەرگیز دەرفەتى 
			نەداوە کە مینبەر و  سەکۆیەک بۆ دیالۆگ و  ئاخاوتن دابین 
			بکات، هەمیشە پێناسەیەکى زل و  وەهمى بۆ خۆى کردووە پێکهاتە و  
			ستراکتۆرى توێژ و  چین و  کۆمەڵى خۆى بە موقەدەس و  
			هیلال هەڵگرێکى پیرۆز وێنا کردووە، هەردەم هێزێکى توندبووە بەڵام 
			ترسیشی هەبووە لە گووتنى راستى و  هەقیقەت.. لە ئاشکراکردنى 
			قەیران و  کێماسی و  گەندەڵییەکاندا..
 
			بۆ ئەوەى ئەو وێنە و  هەیبەتە شکۆدارە (وەهمییەش) نەشێوێت، پەناى 
			بۆ بەکارهێنانى توندوتیژى و  تۆڵەسەندنەوەو سڕینەوەى ئەویترى 
			جیاوازو ئۆپۆزسیۆن بردووە، میکانیزمەکانى بەربەرەکانیی دژ بە 
			ناستایشکار و  رەخنەگران و  جووداخوازان بە شێوازى زەبر و 
			زەنگى بەکارهێناوە!!
 
			بە حوکمى خۆسەپێنى دەسەڵات: کۆمەڵگایەک چێبووە کە هەمیشە رێژەى نەگۆڕ 
			7/22 بوون کە هەوادارى کوێرانە و  ستایشخواز بگرنە ئامێز و  
			لە بەرامبەریشدا جیاوازى و  رەخنە و  دەنگى جووداییان پێ 
			قبوڵنەکرێت.... بە حوکمى خۆسەپێنى دەسەڵات: کۆمەڵگایەک هەتا سەر هێسک 
			پڕە لە ئیشکالییەت و  نەخۆشی و  دیاردەى کۆمەڵایەتى دزیۆ و  
			ناشرین.. برەو بە یەکتاپەرستى و  کاریزماپەرستى دەدات، تاکەکانى 
			نەخۆش بن بە پەتاى نێرگسی و  سادیزم و  خۆپەرستى و  
			ئایدیاى دۆگمایی..
 
			بە حوکمى خۆسەپێنى دەسەڵات: دیماگۆگیزم چێبووە کە هەڵگرى بیرۆکەى 
			موقەدەسە بە یەک ئایین و  شارستانى و  کولتوور.. هەستى 
			مرۆڤایەتی و هاونیشتمانیى کاڵتر کردۆتەوە.. نایەکسانى و  
			نادادوەرى کۆمەڵایەتى و  ناتەبایی چێبووە.. نائومێدى باڵى کێشاوە 
			بەسەر کایەکانى ژیانیاندا... خۆشەویستى و  بەهاى بەرزى مرۆڤ و  
			کولتوورى لێبوردەیی و  ئاشتى تیایاندا نادیار و  غایبە..!
 
			بە حوکمى خۆسەپێنى دەسەڵات: فەرهەنگى خێڵەکى و  بنەماڵە و  
			پلە و پایە و  ساماندارێتى و  هێز و  دەسەڵات دەبێتە 
			پێوەر بۆ قبوڵکردنى بەرامبەر و  ئەویترى جوودا بۆ پێکەوەگونجان و  
			پێکەوەژیانێکى شێواو و  لەرزۆک و  نابەردەوام..!
 
			کەواتە لەم چرکەساتەوە: لە کوردستانى ئەمڕۆدا پێویستمان بەپەروەردەى 
			مەدەنى - شارستانى - هیومانیستییە.. کە خۆشەویستى و  رێزگرتنى 
			ئینسان وەک مرۆیەکى شکۆدار بکاتە پێوەر بۆ هاوڵاتیبوون، کە کولتوورى 
			لێبووردەیی و  ئاشتیخوازى و یەکتر قبوڵکردن بەهێزى یاس و  
			دەستوور دەستەبەر بکات.. کە دواجار بتوانێت سەرلەنوێ ئاسوودەیی دەروونى 
			بۆ تاکى کوردى خاوەن ئیرادە دەستەبەر بکاتەوە، کە هەموومان پێکەوە: 
			دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بتوانین بە ڕەوشت و  ئەخلاق و  
			عەقڵییەتێکى مەدەنییەوە، ئاین و  مەزهەب و  نەتەوە و  
			ئەتنى و حیزب و بزووتنەوەى جوودا قبوڵ بکەین..! ئەگەرنا ئەوا ئەگەرى 
			بنیاتنانەوەى دیکتاتۆرى و فاشییەت لە ئارادایە.
 
           |