په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١\٢٠١٤

پێویستە هەرێمی کوردستان ئەزموون لە یابان وەربگرێ؟!


ستار محەمەد قادر   


بە حەقیقەت ئیرەیی بە ووڵاتی یابان دەبەم کە لە سەدا هەشتای زەوی ئەو ووڵاتە بریتیە لە چیای سەخت کە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و کەرتی کشتوکاڵی ناشێ و خاوەنی هیچ جۆرە کانزاو سامانی سرووشتیەک وەکو نەوت و غاز نیەو بە هەوڵ و تێفکرین و کۆششی یابانیەکان ئەو ووڵاتە بووە بە کارگەیەک کانزاو سامانی سرووشتی لە ووڵاتانی دیکە دەکڕێ و هەموو ئامێرێکی پێ بەرهەم دەهێنێ و لە کۆتاییدا بە جیهانی دەفرۆشێتەوە، بەم شێوەیەیش یابان ووڵاتێکە لەسەر ئاستی جیهان ژمارەیەو خاوەنی دووەم هێزی ئابووریەو هیچ ووڵاتێک ناتوانێت ئاستی پێشکەوتنی ئەو ووڵاتە لە هەموو بوارەکاندا لەبەر چاو نەگرێت یان پەراوێزی بخات!


هەر وەکو هێڵنجیشم لە ووڵاتێکی وەکو عێراق دێتەوە، کە جگە لە دەریایەک سامانی سرووشتی و کانزای بەنرخ لە سەر خان و ژێرخانی خاکەکەیدایە، پانتاییەک زۆری زەوی بەپیتی هەیە کە دەشێت بۆ پەرە پێدانی کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵی و بەخێو کردنی ئاژەڵ و پەلەوەر سوودیان لێ بینێت، کەچی دەبینین ئەم ووڵاتە تەنها پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووەو لەسەر ئاستی هەرێمی پاشکۆی ئەویترەو لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیش لەنێو دوو کەواندایە، ئینسان ئەو شایەتیە بە حەق بۆ ئەم ووڵاتە بدات، لەِرووی شەڕو کووشتارو ماڵکاولکردن و بە هەدەردانی سامانی سرووشتی و سامانی مرۆیی، وێنەی نیەو دەکرێت ناوی بخرێتە پەڕتووکی گینسەوە!


بەراستی زۆر ئەوە بەلامەوە سەیرە کاتێک قسە لەسەر زەبەلاحی بوودجەی عێراق دەکرێت، بوودجەیەک تاکە سەرچاوەی دۆشینی ئەو سامانە سرووشتیە بێت کە لە هەناوی ئەم خاکەوە بۆ ساڵانێکی زۆر دەڕوات دەردەهێنرێ و بەکار دەهێنرێت بۆ دەوڵەمەند بوونی کەسانێک و تەقدیسکردنیان و هەژار خستنی میللەت و کڕینی چەک و درووستکردنی سووپای زەبەلاحی سەرکووتکەرو بەرجەستەکردنی نا دادپەروەری و کووشتنی ئیستاتیکای ژیان و بە مێگەل کردنی گەلانی عێراق و بێبەشکردنیان لە بچووکترین مافە سەرەتاییەکانی ژیان!


هەرێمی کوردستان دەبێت ئەزموون لە ووڵاتی یابان وەربگرێت، نەک چاو لە ووڵاتی عێراق بکات و هەموو قوورسایی خۆی بۆ وەبەرهێنانی نەوت خەرج بکاو پێشخستنی کەرتی پیشەسازیی و بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی و پاڵ پشتیکردنی کەرتی تایبەت و دەستگرتنی گوندنشیەنەکان لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی دێهاتەکان بە هەند وەرنەگرێ و خەم لەوە نەخوات کە حاڵی حازر کۆمەڵگەیەکی بەرخۆرمان هەیەو هەموو شتێک لە ووڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەکەین و ئەگەر ئەو لە سەدا هەڤدەیە نەبێت تووشی داڕووخانی مەعنەوی دەبین، لەبەر ئەوەی لەشکرێکی بێشومار مووچە خۆرن و بەڕاستی بارێکی قورس و گرانن بۆ سەر ئێستاو ئایندەی هەرێمی کوردستان!


هەر چەندە ئێستا هەرێمی کوردستان لە زۆر رووەوە عێراقی خستووەتە پەراوێزەوەو پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام وەکو دەبینین لەبەر ئەوەی کار بۆ بووژاندنەوەی ژێر خانی ئابووری هەرێمی کوردستان نەکراوە، حکومەتی عێراقی بە بەهانەی هەناردە کردنی نەوتەوە چۆن هەڕەشەی بڕینی لە سەدا هەڤدەکە دەکات، دەبێت ئەو هەڕەشەیە بە جیددی وەربگرین، چونکە ئەوان باش ئەو راستیە دەزانن، کە سیاسەتی ئابووری هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە سیاسەتی ئەوان، بۆیە بۆ ئەوەی نەوت نەبێت بە مایەی ئەوەی ببین بە کۆپیەک لە ووڵاتی عێراق، پێویستە بەشێوەیەکی تر کار بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی کوردستان بکەین، چونکە دەوڵەمەندی هەر ووڵاتێک وابەستە نیە بە ژێر خانی خاکەکەیەوە، بەڵکو پەیوەندی راستەوخۆی بە دونیا بینی و ئەجێنداو بەرنامەو پلان و کەللە سەری دەسەڵاتدارانیەوە هەیە؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک